PKK


گەشتە بێ ئاکامەکانی‌ سەرکردەیەک

Monday, 18/03/2019, 12:37

4511 بینراوە


سەرلەبەیانی‌ رۆژی‌ یەکشەممە پاش تەلەفۆنەکەی‌ من، هەروەک رێککەوتبوین لەسەری‌، فکتۆر پەیوەندی‌ کردبوو بەجۆنەوە، ئەویش هیچی‌ بەو نەگوتبوو تەنها هێندە نەبێت کە "ناونیشانەکەتم بەرێ بەئۆتۆمبێل دێم بەشوێنتا" پاش نزیکەی‌ نیو کاژێر جۆن گەشتبووە "کاوکاکی‌" ئەو گەڕەکەی‌ ئەسنا کە هاوڕێکەی‌ فکتۆری‌ لێدەژیا، جگە لەجۆن دوو کەسی‌ دیکەی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، جگە لەکچێکی‌ گەنج کە کاری‌ وەرگێڕی‌ بۆ ئۆجەلان دەکات. لەڕێگا جۆن بەفکتۆر دەڵێت کە ئۆجەلان لەڕاستیدا لەئەسینا بووەو پاش کەمێکی‌ دیکە ئەوانیش هەموویان بەفڕۆکە دەڕۆن.
جۆن تازە لەژوانێکی‌ خۆی‌ لەگەڵ BABIS STAVRAKAKIS بەڕێوەبەری‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان گەڕابۆوە، جۆن رۆژێک لەوەو پێش بەڵێنێکی‌ لە STAVRAKAKIS وەرگرتبوو کە ئەوان بۆ مەسەلەی‌ رۆشتنی‌ ئۆجەلان ئامادەکاریان رێکخستووەو ئامادەن لەو بارەوە لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆ بکەن و پلانەکە تاوتوێ بکەن، بەڵام ئەم بەڵێنە نەهاتە دی‌، بەڵکو لەجیاتی‌ ئەوە بە (جۆن) یان راگەیاندبوو کە لەکاتژمێر دوو نیوی‌ پاش نیوەڕۆ فڕۆکەیەکی‌ تایبەت لەفڕۆکەخانەی‌ سەربازی‌ ئەسینا ئامادە کراوەو دەبێت دەستبەجێ ئۆجەلان لەیۆناندا نەمێنێت. ئۆجەلان راستەوخۆ لە لایەن دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنانەوە بەرەو فڕۆکەخانەکە براوەو لەوێ لەگەڵ جۆن و کەسانی‌ دیکەدا یەکدەگرنەوە، فڕۆکە تایبەتە یۆنانیەکە بەپێی‌ رێکەوتنی‌ تازەی‌ نێوان جۆن و بەڕێوەبەری‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان هەموو نەفەرەکان راستەوخۆ بەرەو شاری‌ (MINSK) لەڕوسیای‌ سپی‌ دەبات، پاشان لەو شارەوە فڕۆکەیەکی‌ دیکەی‌ تایبەت کەجۆن پێشتر ئامادەی‌ کردووە لە RIGAی‌ پایتەختی‌ لاتفیاوە بەرەو رۆتەردام دەکەوێتەڕێ.
بەپێی‌ قسەکانی‌ فکتۆر، جۆن زۆر توڕەو نیگەران بووە، چونکە بەڕێوەبەری‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان دەیزانی‌ کەفڕۆکەکەی‌ RIGA هەتا کاتژمێر دە ناگاتە MINSK، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی‌ کەدەبێت هەر ئێستا لەئەسینا بەدەرکەون، ئەمەش مانای‌ ئەوە بوو کە ئەوان نزیک کاتژمێر پێنج و نیو دەگەنە شاری‌ مینسک و پاشان دەبێت هەتا کاتژمێر دە چاوەڕوانی‌ فڕۆکەکەی‌ دیکە بکەن، هەرچەندە حۆن زۆر پێداگیری‌ لەسەر ئەوە کردبوو کە ئەم ماوە درێژەی‌ چاوەڕوانیی‌ ژیانی‌ ئۆجەلان دەخاتە مەترسیەوە، بەڵام ئەو ئامادە نەبووە بۆ یەک کاژێریش چیە ئۆجەلان لە ئەسینا رابگرێت!.
بەمجۆرە پاش ئەوەی‌ کەفکتۆریان لەشوێنەکەی‌ خۆی‌ سەرخستووە هەموو گروپەکە پێکەوە رۆشتوون بۆ فڕۆکەخانە، فکتۆر لەگەڵ جۆن و وەرگێڕەکەی‌ ئۆجەلان بەرەو (منسک)و پاشان بەرەو رۆتەردام دەفڕن.
بەپێی‌ نەخشەکەی‌ جۆن ئەوان لەنیوەشەودا دەوروبەری‌ کاتژمێر یەکی‌ شەو دەگەنە رۆتەردام لەهۆڵاندا، لەوەڵامی‌ پرسیاری‌ ئەوەی‌ کە بۆچی‌ راستەوخۆ لەئەسیناوە ئەفڕین بۆ هۆڵەندا جۆن بەفکتۆری‌ راگەیاندووە کەیۆنانیەکان بەهیچ جۆرێک نایانەوێت ئەوە ئاشکرا بێت کە ئۆجەلان لەیۆناندا بووە!.
فکتۆر زیاتر گوتی‌: من خۆشم نەمدەزانی‌ چی‌ بکەم، کارەکان زۆر بە پەلەپڕوزێ دەکران، پێنج کەس ئاخنرابووینە ئۆتۆمبێلێکی‌ بچوکەوە، دوو یۆنانیەکە لەپێشەوەو ئێمەش هەرسێکمان لەدواوە، دوو پیاوەکەی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ بەدرێژایی‌ رێگاکە تەلەفۆنیان دەکرد، پێموابێت فەرمانیان وەردەگرت کە لەکام رێگاوە بێن خێراتر دەگەنە جێ و بەخێرایی‌ چەندە دەبێت ئۆتۆمبێلەکە بهاژوون، ئۆتۆمبێلەکە لەنێو شاردا بەخێراییەکی‌ یەکجار زۆرو لەسەر سەد دەڕۆیشت کەچی‌ ئەوان فەرمانیان پێدەکرا کە خێراتر بهاژوون! تەنانەت گوێشیان بەگلۆپە سوورەکانی‌ ترافیک لایتەکان نەدەداو هەر خێراتریان دەکرد، پاش بیست خولەک گەیشتینە بەردەم دەرگای‌ فڕۆکەخانە، لەوێ دوو ئۆتۆمبێلی‌ گەورەی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ بەژمارەیەکی‌ زۆری‌ پیاوانی‌ هەواڵگریەوە لەچاوەڕوانیدا بوون، لەنێو یەکێک لەئۆتۆمبێلەکاندا ئۆجەلانم بینی‌، ئەو کاسکێتێکی‌ لەسەردا بوو لەدواوە دانیشتبوو، کە ئێمە گەیشتینە ئەوێ یەکسەر دەرگا گەورەکەی‌ فڕۆکەخانەیان کردەوە، ئێمە چووینە ژوورەوەو دوو ئۆتۆمبێلەکەی‌ دیکەش بەدواماندا هاتن، کەمن لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دابەزیمە خوارەوە بینیم فرۆکەکە ئامادەکراوەو مەکینەکەی‌ ئیش دەکات، هەموو شتەکان دەبوو خێرا ئەنجام بدرێت "خێرا.. خێرا.. خێرا" فەرمان دەکرا، جانتاکەم لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا دەرهێناو بەسەر پلیکانەی‌ فڕۆکەکەدا سەرکەوتم و چوومە سەرەوە، جۆن و وەرگێڕەکەی‌ ئۆجەلان پاش من سەرکەوتن، پاشان بینیم کە ئۆجەلان هەر چوار لای‌ بەپیاوانی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ تەنراوەو راستەوخۆ ئەویش هێنرایە نێو فڕۆکەکەو لەپشت ئێمەوە دانیشێنرا.
ـ کەواتە ئێوە چوارکەس بوون لەناو فرۆکەکەدا، ئۆجەلان و وەرگێڕەکەو جۆن و تۆ؟
ـ نا، کەسێکی‌ دیکەشمان لەگەڵدا بوو ئەویش کارمەندێکی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان بوو، کابرایەکی‌ رێکوپێک بوو بەناوی‌ (SAVVAS) یان ناوێکی‌ لەو جۆرەو بێگومان دوو فڕۆکەوانیش.
ـ کە لەنێو فڕۆکەکەشدا بوویت تەلەفۆنت بۆ من کرد؟
ـ راستە، کە گەیشتینە نێوی‌، فڕۆکەکە دەستبەجێ کەوتە جوڵەو بەسەر جادەکانی‌ فڕۆکەخانەکەدا دەرۆیشت و بۆ فڕین خۆی‌ ئامادە دەکرد. من تەنها چەند خولەکێکم بەدەستەوە بوو تەلەفۆن بکەم، هەموومان بەهەمان شێوە حەزکان دەکرد تەلەفۆن بکەین، بۆیە من گونم با تەلەفۆنێک بۆ تۆ بکەم هیچ نەبێت لانی‌ کەم ئەوەت پێبڵێم کە ئێمە دەکەوینە رێگا، بەڵام بێگومان نەدەکرا زیاتر قسەت بۆ بکەم.
ـ ئێ پاشان؟ دەمەوێت بزانم دواتر چی‌ روویدا؟
ـ فڕۆکەکە بەرەو (مینسک) کەوتە ئاسمان، من لەپشتەوە لەتەنیشت SAVVAS پیاوەکەی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان دانیشتبووم، لەبەرامبەرمدا وەرگێڕەکەی‌ ئۆجەلان و لەپاڵ ئەویشدا ئۆجەلان خۆی‌، جۆن لەپێشەوە بوو راستەوخۆ لەپشت هەردوو فڕۆکەوانەکە..
SAVVAS کە جگە لەیۆنانی‌ تورکییەکی‌ باش قسەی‌ کردووە، سەبارەت بەئامانج و پلانی‌ گەشتەکە روونکردنەوەی‌ بۆ ئۆجەلان بەخشیوە، هەروەها باسی‌ ئەوەی‌ بۆ کردووە کە فکتۆر یەکێکە لەپارێزەرە هۆڵەندیەکانی‌ ئەو. لەوەڵامی‌ پرسیارەکانی‌ ئۆجەلاندا فکتۆر ئەوەی‌ روونکردۆتەوە چی‌ روودەدات پاش ئەوەی‌ دەگەنە رۆتەردام، کەرەنگە ئۆجەلان دەستگیر بکرێت و رەنگە پاش تێپەڕبوونی‌ ماوەیەک رەوانەی‌ ئیتاڵیا بکرێتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەرگیز رەوانەی‌ تورکیا ناکرێتەوە، ئۆجەلانیش لەڕێگای‌ وەرگێڕەکەیەوە ئەوەی‌ راگەیاندووە کە ئەو پێی‌ خۆشە بچێت بۆ هۆڵانداو متمانەی‌ تەواوی‌ بەسیستمی‌ یاسایی‌ هۆڵاندا هەیە.
نزیکەی‌ نیو کاژێر پاش ئەوەی‌ فڕۆکەکە بەئاسمانەوە دەبێت جۆن لەیەکێک لەفڕۆکەوانە یۆنانیەکەوە ئەوە دەبیستێت کە هەر ئێستا ئەوان لەڕێگای‌ تاوەری‌ چاودێری‌ فڕینی‌ ئەسیناوە پەیامێکی‌ کراوەیان بەدەست گەشتووە، پەیامەکەش لەسکرتێرەکەیەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی‌ یۆنان (SIMITIS) ئاراستەکراوە، ئەو وەزیرە کە لەکۆنگرەی‌ داڤۆسەوە بەرەو ئەسینا دەگەڕێتەوە پەیامەکەی‌ بەم دەقەو بەکراوەیی‌ بۆ ئاڕاستە کراوە (گرفتەکە چۆتە دەرەوەی‌ یۆنان و ئێستا بەڕێگاوەیە بۆ مینسک و پاشان بەرەو هۆڵەندا دەکەوێتەڕێ)، جۆن راستەوخۆ ئەوە تێگەیشتووە کە بۆچی‌ بەڕێوەبەری‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ هێندە پەلەی‌ بووە لەدەرکردنی‌ ئۆجەلان، چونکە ئەو فەرمانی‌ لەوەوە بۆ هاتبوو کە "بەرلەوەی‌ لەکۆنگرەی‌ داڤۆسەوە بگاتەوە یۆنان دەبێت سەرکردە کوردەکە لەئەسینا نەمابێت"، بەڵام جۆن ئەوەشی‌ بۆ دەرکەوتبوو کە ئەم پەیامە کراوە هاتووە کەواتە هەموو فڕۆکەکانی‌ ئەو دەوروبەرە دەتوانن بیبیستن بەمەش هەواڵەکە دەگاتە دەستی‌ دەزگا جاسوسیەکانی‌ دیکە بۆ نموونە (سی‌ ئای‌ ئەی‌) بەمەش هەموو نەخشەی‌ داڕێژراو بۆ گەشتنە هۆڵاندا دەکەوێتە مەترسیەوە! لەوەش زیاتر ئەوان دەبێت لەمینسک پتر لەچوار کاژێر چاوەڕێی‌ گەیشتنی‌ فڕۆکەکەی‌ RIGA بن، سەرباری‌ ئەوەی‌ کەبەڕێوەبەری‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان رۆژێ پێشتر بەجۆنی‌ راگەیاندبوو دەزگا جاسوسیەکانی‌ ئەمریکا پێشبینی‌ ئەوەیان کردووە کە ئۆجەلان لەیۆنانە، بۆیە بە لەبەرچاو گرتنی‌ هەموو ئەم راستیانە ئەو پەیامە ئاشکراو کراوەیە گرفتێکی‌ گەورە دروست دەکات، گرفتێک کە هیچ کەس تازە ناتوانێت چارەسەری‌ بکات.
پاش دوو کاژێر فڕین بەئاسمانەوە فڕۆکەکە گەیشتە مینسک لەفڕۆکەخانەیەکی‌ بچوک لەشوێنێکی‌ دەرەوەی‌ شار نیشتۆتەوە. فڕۆکەکە تازە لەفڕۆکەخانەکە دەنیشێتەوە کە راستەوخۆ پاسێکی‌ بچوکی‌ پڕ لەپۆلیسی‌ روس دێنە کن فڕۆکەکە، بێگومان لەمینسک زانراوە کەفڕۆکەیەک دەگاتە فڕۆکەخانەکە، بەڵام نەیانزانیوە کەنەفەری‌ ناو فڕۆکەکە کێن، لانی‌ کەم ئەمە هیوای‌ ئێمە بوو. سێ پۆلیس کەچاکەتی‌ فەروی‌ ئەستوریان لەبەردا بوو لەنێو پاسەکە هاتنە خوارەوە، هەریەکەیان ئەستێرەیەکی‌ سپی‌ لەسەر شان بوو بەئینگلیزیەکی‌ شەق و شڕ داوای‌ مۆڵەتنامەی‌ نیشتنەوەیان لەو فڕۆکەخانەیە کرد، جۆن و ساڤاس (پیاوەکەی‌ هەواڵگری‌ یۆنان) دەرگاکەیان کردەوەو ئەوەی‌ لەدەستیان هات کردیان بۆ ئەوەی‌ پۆلیسەکانی‌ روسیای‌ سپی‌ زیاتر نەتوانن سەر بێننە ژوورەوەو بزانن کێ لەناو فڕۆکەکەدایە.
ساڤاش ئەوەی‌ روونکردەوە کە ئەوان چاوەڕوانی‌ گەشتنی‌ فڕۆکەیەکن لە RIGAی‌ پایتەختی‌ لاتڤیاوەو ئەم فڕۆکەیە تەنها سوتەمەنی‌ پڕدەکات و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان، داخۆ تاوەری‌ چاودێری‌ فڕین لەمینسک دەزانێت کە چ کاتێک فڕۆکەیەکی‌ لەو جۆرە دەگاتە ئێرە؟ نەخێر. پۆلیسە روسەکان ئاگاداری‌ ئەوە نین کە فڕۆکەیەک لە RIGAەوە دەگاتە ئێرە، تەنها فڕۆکە لای‌ ئەوان تۆمار کرابێت و ئەم شەو بگاتە ئێرە تەنها ئەم فڕۆکە یۆنانییەیە کە چاوەڕێ دەکرێت، پۆلیسەکە پرسیاری‌ ئەوەی‌ کرد کە چەند نەفەر لەنێو فڕۆکەکەدایەو پاسپۆرتەکانیان سەیر بکات، کاتێک کەجۆن لەنێو فڕۆکەکە کەوتە کۆکردنەوەی‌ پاسپۆرتەکە دەرکەوت کە وەرگێڕەکە پاسپۆرتی‌ نیە تەنها بەڵگەنامەی‌ نیشتەجێ بوونی‌ ئەڵمانی‌ هەبوو کەروسەکان هیچیان لەبارەوە نەدەزانی‌، بەڵام خۆشبەختانە جۆن لەدەمی‌ دەرنەچوو باسی‌ ئەوە بکات، پۆلیسەکە پاسپۆرتەکان و شوناسەکەی‌ دایە دەست پۆلیسەکانی‌ دیکەو پێی‌ گوتن کە دوو فڕۆکەوان و پێنج نەفەرن کە یەکێکیان ئافرەتەو پاسپۆرتی‌ پێ نییە، جۆن لەوەڵامدا گوتی‌ "ئاخر ئەو کچە خوشکەزای‌ خۆمەو منداڵە هێشتا نەبووە بەهەژدە ساڵ بۆیە پاسپۆرتی‌ نیەو بەوکارتی‌ شوناسە سەفەر دەکات" پێدەچوو روسەکان ئاگاداری‌ ئەوە نەبووبن کە کێ لەناو فڕۆکەکەدایە بۆیە زۆر بایەخیان بەوە نەداو بەو چیرۆکە قایل بوون.
پاشان فکتۆر زیاتر باسی‌ رەوشەکەی‌ کردو گوتی‌ "پاش ئەوەی‌ گەیشتینە مینسک بارودۆخەکە زۆر نالەبار بوو، هەموومان تۆقیبوین لەترسی‌ ئەوەی‌ کە روسەکان پێبزانن و بۆیان ئاشکرا بێت کێ لەناو فڕۆکەکەدایەو پاشان چیرۆکی‌ ئەوەی‌ کە هیچ فڕۆکەیەک لە RIGAەوە بەرەو ئێرە بەڕێوە نیە. بێگومان نەشماندەزانی‌ چی‌ روودەدات، هەروەها نەشماندەتوانی‌ تەلەفۆن بکەین، چونکە کەفڕۆکەکەمان نیشتەوە هەموومان تەلەفۆنەکانمان داگیرساند، بەڵام کاری‌ نەدەکرد، چونکە لەم شوێنە تۆڕی‌ گرێدان نەبوو!.
ـ کەواتە لەبەر ئەوە بوو تەلەفۆنت بۆ من نەدەکرد؟ من خەیاڵم بۆ هەموو شتێک دەچوو، دەمگوت رەنگە دەستگیرکرابن یان خوا دەزانێ چیتان بەسەر هاتووە، بەڵام کەتەلەفۆنەکان لەبەر نەبوونی‌ تۆڕی‌ گرێدان کار نەکەن، ئەوەیان هەرگیز بەخەیاڵمدا نەدەهات. فکتۆر سەری‌ لەقاندو لەوەڵامدا گوتی‌:
ـ هیچ کەس لەئێمە خەیاڵی‌ بۆ ئەوە نەدەچوو کەلەمینسک تۆڕی‌ تەلەفۆن نیەو تەلەفۆنەکان لەوێ کارناکەن، ئەمەش بۆ ئێمە زۆر ناخۆش بوو، چونکە دەبوو ئێمە بزانین کە چی‌ روودەدات و بۆچی‌ فڕۆکەکە لە (ریگا)وە نەفڕیوە بەرەو ئێرە، بۆیە پاش نیو کاژێرێک بڕیارماندا کەجۆن لەگەڵ یەکێک لەفڕۆکەوانەکان بڕۆن بۆ تاوەری‌ چاودێری‌ هاتووچۆی‌ فڕۆکە بۆ ئەوەی‌ لەوێوە تەلەفۆن بکەن، ئێمەش لەنێو فڕۆکەکەدا ماینەوە..
ـ ئەی‌ ئێوە چیتان دەکرد؟
ـ ئێمە نەماندەتوانی‌ هیچ بکەین تەنها ئەوەندە نەبێت چاوەڕوان بین بەڕاستی‌ دەتوانم پێت بڵێم کە بارودۆخەکە مایەی‌ نیگەرانیەکی‌ زۆر بوو، جگە لەوەش ئەو دەڤەرە یەکجار ساردە پێموابێت پلەی‌ گەرما لەژێر بیستی‌ سەدیدا بوو، فڕۆکەکەش دەبوو مۆتۆڕەکەی‌ بکوژێنێتەوە واتە لەنێو فڕۆکەکەش گەرمکردنەوە کوژابۆوە، بۆیە لەگەڵ کوژانەوەی‌ مۆتۆڕەکەدا ناو فڕۆکەکەش ساردو سڕ بۆوە، روسەکان بەردەوام پرسیاری‌ ئەوەیان دەکرد کە بۆچی‌ ئێمە ناچین بۆ (هۆڵی‌ هاتووان)ی‌ فڕۆکەخانەکە، چونکە ئەوێ گەرمەو دەتوانین قاوەش بخۆینەوە، بەڵام ئەوە کارێکی‌ پڕ مەترسی‌ دەبوو، چونکە ئەگەری‌ ئەوە هەبوو کەسێک ئۆجەلان بناسێتەوە، روسەکان تێنەدەگەشتن بۆچی‌ ئێمە سورین لەسەر مانەوە، بەڵام دیاربوو پیاوەکەی‌ هەواڵگری‌ یۆنان (ساڤاس) چیرۆکێکی‌ دروست کرد بۆیان کە بۆچی‌ ئێمە نامانەوێت لەفڕۆکەکە دابەزین، من ئاگام لێنەبوو چ جۆرە چیرۆکێک بوو، بەڵام روسەکان بڕوایان کرد کەبۆچی‌ دەبێت ئێمە لەفڕۆکەدا بمێنینەوە..
ـ ئەی‌ پۆلیسەکان خۆیان چییان دەکرد؟
ـ ئەوانیش دوو کەسیان لەگەڵ جۆن و فڕۆکەوانەکە رۆشتن بۆ تاوەری‌ چاودێری‌ هاتوچۆی‌ فڕۆکەو تەنها دانەیەکیان مایەوە، ئەویش لەبەردەم فڕۆکەکەدا ئێشکگر بوو، هەر ئەمسەرو ئەوسەری‌ دەکرد بەڵام ئەویش پاش تۆزێک هات بۆ لامان و داوای‌ ئەوەی‌ کرد ماوەی‌ بدەین بێتە نێو فڕۆکەکە دانیشێت، چونکە دەرەوە زۆر ساردبوو!.
ـ بێگومان ئەمەش بۆ ئێوە بیرۆکەیەکی‌ باش نەبوو؟
ـ نەخێر بەڕاستی‌ خراپ بوو، بێگومان زۆر زەحمەتیش بوو بۆ ئێمە کەداواکەی‌ رەت بکەینەوە، لەو دەمەی‌ کەفڕۆکەوانەکە هەوڵی‌ کردنەوەی‌ دەرگاکەی‌ دەدا (ساڤاس) پیاوەکەی‌ هەواڵگری‌ یۆنان دەسەپاچی‌ نەوەستا، ئەو یەکسەر ئۆجەلانی‌ خستە شوێنەکەی‌ من و گڵۆپە کزەکەی‌ سەرەوەی‌ کە بۆ کاتی‌ خوێندنەوە بەکاردێت یەکسەر کوژانەوە، بەم شێوەیە ئەو بەهیچ شێوەیەک نەیدەتوانی‌ روخساری‌ ئۆجەلان ببینێت، بەڕاستی‌ ئەم کارەی‌ ساڤاس کردی‌ هێندە خێراو بەدەستوبرد بوو باوەڕ ناکەیت. پۆلیسەکە لەپێشەوە راستەوخۆ لەپشت فڕۆکەوانەکەوە دانیشێنرا، فڕۆکەوانەکە هەندێک ویسکی‌ پێبوو، بەمجۆرە ئێمە لەگەڵ روسەکەدا لەسەرماندا ویسکیمان دەخواردەوە، چونکە ئیتر ئێستا نێو فڕۆکەکە یەکجار سارد ببوو.
ـ ئەی‌ ئۆجەلان؟
ـ ئۆجەلان لەپشتی‌ پشتەوە بوو، لەتاریکیەکە، چاوی‌ داخستبوو، ساڤاس بەروسەکەی‌ راگەیاند کە ئەو خەوتووە، ئیتر پۆلیسەکە خۆشبەختانە هێندە سەرنج و بایەخی‌ بۆ ئەو نەبوو، من بیرم بۆ شتێک چوو ئەویش ئەوە بوو کە دەبێت رەوشی‌ ناو فڕۆکەکە هەروا بمێنێتەوە دەبێت من باسێک بکەمەوە بۆ ئەوەی‌ ئەو پۆلیسە سەرگەرم بکەم، ئەو تۆزێک ئینگلیزی‌ دەزانی‌، مینسک یانەیەکی‌ دوو گۆڵی‌ هەیە بەناوی‌ DYNAMO MINSK لەخەیاڵی‌ خۆمدا گوتم بەڵکو ئەم پیاوە حەزی‌ لەیاری‌ تۆپ تۆپێن بێت با بۆی‌ بکەمەوە، واش دەرچوو، ئیتر بۆم باسکرد کە من خەڵکی‌ ئەمستەردامم، ئەویش یانەی‌ AJAXی‌ دەناسی‌، تەنانەت ناوی‌ هەندێک لەیاریزانەکانیشی‌ لەبەر بوو، بەم جۆرە توانیم باش سەرقاڵی‌ بکەم.
بیخەرە بەرچاوی‌ خۆت چەندە دیمەنێکی‌ سەیرە: فڕۆکەیەک ئۆجەلانی‌ تێدایە، سەرما هێندە تیژە ناو فڕۆکەکەش بۆتە سەهۆڵ بەندانێک بۆ خۆی‌، شوێنەکەش جێگایەکە وەک تونی‌ بابا، فکتۆر لەگەڵ پۆلیسێکی‌ روسدا ویسکی‌ دەخواتەوەو باسی‌ یانەی‌ فۆتبۆڵێنی‌ ئەیاکس دەکات، بەڕاستی‌ سەیرو سەمەرەیە، ئەگەر بارودۆخەکە بەو جۆرە نائارام و هەستیار نەبوایە دەبوو مرۆڤ لەپێکەنینا بتریقێتەوە، بەڵام کەجۆن گەڕایەوە بارودۆخەکە هێندەی‌ تر دژوار بوو، چونکە بۆمان ئاشکرا بوو کە شتەکان وەک خۆیان بەئاسایی‌ لە RIGA بەڕێوەناچن، ئەوان هێشتا سەرقاڵی‌ ئەوەن مۆڵەتی‌ فڕین بەرەو هۆڵەندا وەربگرن، ئەگەر هەموو شتەکان بەئاسایی‌ بەڕێوە بچن ئەوە فڕۆکەکە لەنێوان کاتژمێر دە یاخود دەو نیو دەگاتە مینسک، بەڵام ئەمە بەدڵنیاییەوە وانەبوو بۆیە تەنها رێگا لەبەردەم ئەواندا ئەوە بوو کە دیسان چاوەڕوان بن.
لەم نێوەدا ئەو پۆلیسەی‌ کە لەنێو فڕۆکەکەدا دانیشتووە، نۆرەی‌ ئێشکگرتنی‌ تەواو دەبێت و پۆلیسێکی‌ دیکە دێتە شوێنی‌ کە پێویستی‌ بەوە نەبوو بێتە نێو فڕۆکەکەوە ئەمەش لەهەموو حاڵەتەێکدا مانای‌ ئەوە بوو کە مەترسیەکان لەئەگەری‌ ئاشکرا بوونی‌ ئۆجەلان کەمتر بۆتەوە، جۆن چەند جارێکی‌ دیکە سەردانی‌ تاوەری‌ چاودێری‌ فڕۆکەخانەکە دەکاتەوە بۆ ئەوەی‌ بزانێت داخۆ لەپایتەختی‌ لاتڤیا (ریگا)وە فڕۆکەکە دێت بۆ مینسک یان نا، بەڵام دیسانەوە هەمان وەڵام وەردەگرێتەوە تا بۆ دواجار لەنزیکەی‌ نیوە شەودا وەڵامی‌ یەکلاکەرەوەی‌ بەدەست دەگات: کارەکە بەهیچ شێوەیەک سەرناگرێت، مۆڵەتی‌ نیشتنەوە لەرۆتەردام وەرناگیرێت.
بەم جۆرە نەخشەی‌ هاتنی‌ ئۆجەلان بۆ هۆڵەندا دووجار لەماوەی‌ دوو رۆژدا سەری‌ نەگرت، بەڵام ئەمە هەموو شتەکان نەبوون، فڕۆکەوانەکە لە مینسک لەلایەن بەرپرسەکەیەوە لەیۆنان فەرمانی‌ ئەوەی‌ پێدرابوو کە دەستبەجێ دەبێت بگەڕێتەوە بۆ یۆنان، بەڵام جگە لەپیاوەکەی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنان (ساڤاس) باشتر وایە کەسی‌ دیکە لەگەڵ خۆیدا نەهێنێتەوەو هەموویان لەوێ بەجێبهێڵێت! جۆن دەستبەجێ هەست بەمەترسی‌ رەوشەکە دەکات و پەیوەندی‌ بە STAVARAKAKIS بەڕێوەبەری‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ یۆنانەوە دەکات، گفتوگۆو پێکهاتن لەسەر ئەم بابەتە زۆر ئاسان نەبوو بۆیە نزیکەی‌ یەک کاژێری‌ خایاند هەتا ئەو قایل بکات بەوەی‌ فڕۆکەکە بەتەواوی‌ سەرنشینەکانیەوە بەرەو ئەسینا بگەڕێتەوە.
کاتژمێر دوازدەو نیو بەکاتی‌ هۆڵەندا پاش شەش کاژێر چاوەڕوانی‌ لەمینسک فڕۆکەکەی‌ ئۆجەلان دیسانەوە بەرەو یۆنان کەوتەوە فڕین، کاتێ فکتۆر نزیک کاتژمێر دوو و نیوی‌ شەو تەلەفنی‌ بۆ من کردەوە تازە فڕۆکەکە لەئەسینا نیشتبۆوە. نەفەرەکان لەلایەن دەزگای‌ هەواڵگریەوە چاوەڕێدەکران و پاش گەشتنیان بەرەو نوسینگەی‌ فڕۆکەخانەکە بران، دوای‌ ئەوەی‌ جۆن دەزانێت کە ئیتر فکتۆر هیچ ئەرکی‌ لەسەر شان نەماوە ئەو بەرەو فڕۆکەخانە دەبات و بەیەکەم فڕۆکەو یەکەم گەشتی‌ ئەمستەردام دەگەڕێتەوە، چی‌ بەسەر ئۆجەلاندا دێت و چارەنوسی‌ بەرەو کوێ دەڕوات ئەو کاتە هێشتا دیار نەبوو، لەڕێگادا بۆ فڕۆکەخانە جۆن بەفکتۆری‌ راگەیاندبوو کە پێدەچێت رێگا بەئۆجەلان درابێت بۆ چەند رۆژێک لەیۆنان بمێنێتەوەو لەماوەی‌ ئەو چەند رۆژەدا ئەو چارەسەرێک دەدۆزێتەوە، ئەگەر پێویست بکات ئەوە جۆن بەتەلەفۆن پەیوەندی‌ بەمنەوە دەکاتەوە.
-----------------------
لەکتێبی‌ (گەشتە بێ ئاکامەکانی‌ سەرکردەیەک) نهێنیەکانی‌ دەستگیرکردنی‌ ئۆجەلان
نووسینی‌: بریتا بولەر (پارێزەری‌ تایبەتی‌ ئۆجەلان)
وەرگێڕانی‌ لەهۆڵەندیەوە: رێکەوت ئیسماعیل

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە