سوریالیست

Sunday, 24/03/2019, 1:50

7906 بینراوە


ئەندرێ بررۆتۆن، سەرۆکی سوریالیستەکانی فەرەسا، لە ساڵی 1930 ئەڵێت ؛ ( گەورەترین ئەکسیۆنی سوریالیستی ئەوەیە کە بێیتە سەر جادەو بە چواردەوری خۆتا دەستڕێژ بکەیت ). ئەم وتەیەش دەچیتە خانەی تێۆری سوریالیستەکانەوە کە لەو سەردەمەدا پەیڕەویان دەکرد کە مرۆڤ دەبێت ئەوەی لە ناخیدا شاراوەیە ئازادی بکات، سەردەمی شیکاری نەفسی و تیۆریەکانی فرۆید بو. ئەو سەردەمەبو کە مرۆڤ دەیویست بزانێت چی بە مێشکیدا تێ دەپەڕێت لە کاتێکدا کە بێ دەنگە، بزانێت ئەو وەک ئۆمۆساپیانێک بەرەو کوێ دەچیتو ئامانجی چیە، کە مرۆڤ هیچ شتێک لەخۆی نەشارێتەوە، تەنانەت هەندێک درەگیشیان دەخوارد بۆ هروژاندنی ئەو هەستو ئارەزوانە، بەڵکو بەو بۆنەیوە لەناو دەزولەکانی مێشکۆلەیاندا نهێنیەکانی خۆیان بدۆزنەوە، ئاواتەکانیان، مەبەستی بونیان. ئەو سەردەمەش بو کە کاتێک مرۆڤ شتێکی نویی دەدۆزیەوە ئیتر وای باوەربو کە ئەوانی رابوردو هەمویان هەڵەو بێ مانان، ئەو سەردەمەی کە گیتاری ئەلەکتریکو پیانۆ جێگای هەمو ئالەتە مۆسیقاکانی تری گرتبویەوە، ئەو سەردەمەی کە مۆسیقاریکی ئێرانی وتی ؛ کاکی برا پیانۆ ئالەتێکی پیرۆزە، بتهۆڤنو مۆزارت بەکاریان هێناوە بەلام با ئالەتەکانی خۆشمان لەبیرنەبەین. هەر ئەندرێ برۆتۆنیش لە کۆتایی ژیانیدا دەچو بۆ لای بودیستەکان هەتاوەکو بتوانێت کە چۆن مردن قبول بکات .

هیچ کامیش لەم سوریالیستانە نەهاتنە سەرجادەو خەڵکی بکوژن، لەبەر ئەوەی کە ئەوان مرۆڤی هۆشمەند بون، بەلام ئەو ئارەزوەیان لەناخی خۆیاندا هەڵێنجا؛ کاتێک خۆت بەرامبەر بە کۆمەڵگەو بە سیستەمەوە دەبینیتەوە، سەرنجی مێژوی خوێناوی مرۆڤایەتی ئەدەیت، دەرئەنجام هەمو شتێک بێ نرخو بێ هودەیە، یان دەبێت گێل بینو پێکهاتەی بێۆکیمیاویمان ئەو توانایەمان پێ نەدات کە درک بەو تەنگژی و ئەشکەنجە و هاوارانە بکەین، شیکار بۆ چەمکەکان بکەینو هەمو شتێک وەک خۆی و بەبێ تەنگژە وەربگرین، یان ئەوەیە کە تۆ مرۆڤێکی هۆشمەندی و ڕێگە بەخۆت نادەی ئەو تاوانە بکەیت. سەتەیەک دوای ئەو قسەیەی ئەندرێ برۆتۆن چەندەها گەنج، بەتایبەتی گەنجی ئەمریکیمان بینی هاتنە سەرجادەو بە چواردەوری خۆیاندا دەستڕێژیان دەکرد، ئەگەر هەندێک گەنج هۆکارێکو بیانویەکی ڕاستەوخۆ دەکەن بە دەلیلی ئەکسیۆنەکانیان بەلام لە راستیدا دەچنەوە سەر هەمان چەمکی سوریالیسەتەکان.

لێرەدا تەنها باسی هۆش دەکەم، ئەوکاتەی کتو]ڕ هەمو جوانیەکان تاڵ دەبن، ئەوکاتەی کە ئیتر قاقای پێکەنینت نایەت، کە ناتوانیت جارێکی تر سەربکەیتە سەر سەرین بەبێ خەم، ئەوکاتەی لەتاریکیدا خێوی پرسیارەکانت ئێخەت دەگرن، ئەو کاتەی کە ئیتر حوکم ناتوانیت بدەیت، ئەو کاتەی ئارتیور ڕامبۆ دەڵیت ؛ ئێوارەیەک جوانیم لەسەر ئەژنۆم دانا، تاڵ بو لەبەر چاوم. هۆش ؛ ئەو دیاردەیەی کە ئەنکیدۆی پەشیمان کردەوە لە شارستانیەتو ئاواتی بەو کاتانە دەخواست کە لەو دەشتەدا لەگەڵ ئەژەلاندا بەبێ خەم دەهاتو دەچو. کە گەلگامشی نە گەیاندە ئاستی خواوەنەدەکان لەبەر ئەوەی هۆش ترسی خستبوە دەرونیەوە، ناچار پاشاکان سەری خۆیان بە ئاژەلان دەچواند، ئەو ئاژەلانەی کەنازانن هۆش چیەو ترسیش بەو هۆیەوە.

کاتێک گابریەل؛ یەکەم مرۆڤ، دەهاتو دەچو، فڕەی باڵی دەهات لەم سەری دەریاوە بۆ ئەو پەری دەریا بەبێ خەم، دەنگێک لەسەروی خۆیەوە پرسیاری لی دەکات ؛ تۆ کێیت ؟ من کێم کە دەتدوێنم ؟ گابریەل گاڵتەی بەو پرسیارانە دەهات، هەتاوەکو ئیزدان سێ جاران بالەکانی دەسوتێنێت، ئەوسا گابریەل کتوپڕ بە هۆش خۆیدا دێتەوە. بەگوێرەی تیۆری یارسانەکان ئێزدان بە پیشاندانی جوانی و قەشەنگی، گابریەل هۆشمەند دەکات. بۆ من هۆش وەک هەرەسی بەفرێک بەسەرما داڕما، چەندەها جار لەژێر ئەو هەرەسەوە سەرم دەرهێنایەوە، وەک گابریەل کتوپڕ بالەکانم سوتێنران، کتوپڕ هەناسەم لێ براو توشی شۆک بوم، بەجۆرێک شۆک جێگای چڕنوکی خۆی لە ناخمدا داکوتا، کە ڕۆژێک لە ولاتی مەغریبدا لەمالیکدا بوم، لە ژورێکی نسرمدا، هەرچەندە دەرەوە هەتاوێکی بەتین بو بەلام وەک هەمو خانوە کۆنەکانی شاری ئەفەز پەنچەرەکانیان بچوکو بەبەرزیەوەن، هەتاوەکو بێگانە نەزانن تۆ چ دەکەیت، یان بۆ ئەوەی کە خۆت لە خوا و لە راستی بشاریتەوە، وەک ئیزیدیەکان لە ئەشکەوتا، پیرەژنێک لە کونجوڕی ژوری ئەو خانوەدا بەلاچاو تێی دەڕوانیمو لێم وردئەبویەوە، هەستم کرد کەدەمێکە کەسێک تێم دەڕوانێت، سەرنجم ئەدات، چەند خۆشە کاتێک کەسیک سەرنجت ئەدا. پیرەژنەکە داوای لە کچەزاکەی کرد کە پێم بڵیت کەمن مرۆڤێکم توشی شۆکێکی گەورەبوم لەژیانمدا، منیش پرسیارم لێ کرد کە چۆن دەزانێت شۆک بناسێتەوە لە چاوی مرۆڤێکدا ئەگەر خۆی لەو شۆکەدا نەژیابێت.

کانت ئەی وت؛ کە گوایە کاتێک سەگێک ئەقروسکێنێت، مەبەستی ئەوە نیە کە ئازار دەچێژێت، ئەو قروسکەیە شتێکی میکانیکە و ئاژەڵ نازانێت ئازار چیە، زانستی ئەو سەردەمە بە سەلماندن نەبو، بە تێروانینو بۆچون بو، تەنانەت هەتا سالانی هەفتاش زانست زانیاری هەلەی ئەدا، ئەمڕۆ بەهۆش خۆمانەوە هاتوینو ناتوانین شتێک بڵیین بەبێ سەلماندن، ئەمانە هەموی بەرهەمی هۆشن. بەڵام خۆ لە دێر زەمانەوە مرۆڤ هۆشمەنەدە بە هاوارو نائومێدی خۆی، دەزانێتو ئاشنایە بە تەنگژیەکانی. ئێستاکە کە ئێمە ئاشناین بە باری ژیانی خۆمان، ئێستاکە کە توانامان هەیە خواردن لەمسەری دنیاوە بە ماوەیەکی کورت ببەین بۆ ئەو پەڕی دنیا، کە زۆر لە نەخۆشی چارەسە ر دەکەین بەلام کەسانێک هەن لە برسا دەمرن، کەسانێک هەن کەتوانایان نیە چارەسەری تەندروستی خۆیان بکەن. کاتێک لەسەفەرێکمدا لە ئۆتێلێکی گرانبەهای تورکیا بوم کە مەلەگاو دەریاکە تێکەل بەیەکتری بوبون، هەرچەندە ئەو هۆتێلانە ستایلی ژیانی من نینە بەلام ژیان وەهای بڕیاردابو کە لەویادابم. هەمو ئێوارەیەک بەبەردەم مەلەگاکەدا تێپەڕ دەبوم ئەو هەمو خەڵکەم دەبینی شیرینی هەمەجۆر بەتەنیشت مەلەگاکەوە دەخۆن. هۆتێلەکەمان، سینیە شیرینیە هەمەجۆرەکەمان، دو سەد کیلۆمەتر بە فڕەی باڵندە لە سوریاوە دوربو، بیرم دەکردەوە کە کاتێک ئێمە ورگمان پڕدەکرد لە شیرینی، ژنو منداڵ لەو بەرەوە لەبرسانا جرجیان دەخوارد و شەو بەترسو لەرزەوە لە ژێر خانوی داروخاودا دەخەوتن، من هێڵنجم ئەدا بەبینی ئەو شیرینیە گرانبەهایانە. هۆشمەندی ئەوەیە ؛ کاتێک لە دوری هەزاران کیلۆمەترەوە کەسێک ئازار دەچێژێت تۆ هەست بەو ئازارە دەکەیت، ئەگەر ئەمڕۆ تۆ ئارەزوی پێکەنینو هەڵپەڕکێت نەماوە پێ دەچیت ئەوە بێت هۆکاری خەمەکانت.
نۆسترا داموس لەمنو تۆ زیاتر نەیدەزانی پێشبینی داهاتو بکات، بەلام دەیزانی کە شتەکان دوبارە دەبنەوە، روداوەکان وەک خۆیان نا بەڵکو بە لۆژیکێک دوبارە دەبنەوە هەتاوەکو نەیان ناسینەوە، بەرگێکی نوێ ئەپۆشن، هەمو جارێک وەک بوکێکی ڕازاوە، بۆیە وامان باوەڕە کە شتێک گۆراوە، بێ شک وادیارە کە خوا یاریمان لەگەل دەکات.
چارەسەر ئەوەیە کە یان دەبێت ئازارو ئەشکەنجەو نەهامەتی مرۆڤ وەک ئاوازێکی خۆش ببیستین، وەک هاوارێکی میکانیکی، یان ئەوەیە کەدەبێت سیستەمێک بهێنینە کایەوە کە کۆمۆنیست بێتو لەهەمان کات کاپیتالیست بێت، دیکیاتۆر بێتو لەهەمان کاتا دیموکراسی بێت هەتاوەکو بتوانێت هەستی ئاڵۆزی ئۆمۆساپیان تێربکات.

کە چویتە کەنیسەیەکەوە هەرگیز نابێت سکت پڕ بێت، باشتر وایە کە برسی بیت هەتاوەکو باش بیربکەیتەوە،چونکێ ناتوانیت تێ بگەیت کە بۆچی عیسا لەسەر ئەو خاچە لە خاچ دراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە