فریکس (freaks)، فیلمێکی نامرۆڤانە بۆ پیشاندانی مرۆڤگەلێک

Sunday, 03.24.2019, 19:50

3549 بینراوە


ئامادەکردنی: یاسین محەمەد
فریکس (freaks): فیلمێکی ترسناکی ئەمەریکی پێش قۆناغی کۆتوبەندە. ساڵی 1932 لە لایەن تۆد بڕاونینگەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. ڕۆڵەکان لە لایەن ئەوانەوە بەرجەستە کراون کە هەر لە زگماکەوە بە شێوەیەکی ناسروشتی و بە شێواوی دروست بوون. فیلمەکە جۆرێکە لەوەی لە پێی دەوترێت پیشانگەی شێواوەکان (freak show) یان سێرکی شێواوەکان (circus freaks) کە لە سەرەتای سەدەی شازدەوە لە ئینگلتەرە سەری هەڵداوە. لەو جۆرە پیشانگایانەدا ئەو شێوە مرۆڤانە پیشان دەدران کە لە مرۆڤی ئاسایی نەدەچوون و بە شێوەیەکی شێواو هاتونەتە دنیاوە. ئەمەیش شێوەیەک لە ڕابواردن و کاتبەسەربردن بووە بۆ کەسانێک و پارەپەیداکردنیش بووە بۆ ئەوانەی سەروکاری ئەوانەیان دەکرد. دواتر و لەگەڵ هەڵایسانی شۆڕشی پیشەسازی و خۆشگوزەرانی کەسانێک، جۆرێک لە مۆزەخانە هاتە ئاراوە بە ناوی مۆزەخانەی دایم (Dime museum) کە تیایاندا ئەو جۆرە مرۆڤە نامۆیانە پیشان دەدران. هێدیهێدی وای لێ هات ئەو بابەتە ببێت بە شتێکی ڕۆتینی و ئیدی ئەو کەسانە قسە لە بارەی ژیانیشیانەوە بکەن (پرسیاریان لێ بکرێت و وەڵام بدەنەوە.) بۆچوونی خوڕافییش هاتە ئاراوە لە بارەی هۆکاری دروستبوونی ئەو جۆرە مرۆڤانە، یەک لەو بۆچوونانە گوایە دایکیان لە کاتی دووگیانیدا لە شتێک ترساوە –بۆ وێنە لە جۆرە گیانەوەرێک- ئیدی شێوەی منداڵەکانیان چووەتەوە سەر ئەو شتە یان گیانەوەرە. بەو جۆرە بازاڕی پڕوپاگەندە بە دەم ئەو کەسانەوە گەرم بووە، وەک ئەوەی لە مەسەلەی جۆیس هێس (1756-1836) ڕوویداوە کاتێک لە تەمەنێکی پیریدا دەفرۆشرێت بە بارنوم -کەسێکی شارەزا لەو بوارەدا- بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەو خانمە ڕەشپێستە کۆیلەی باوکی جۆرج واشنتن بووە، لەو کاتەدا تەمەنی گەیشتووەتە 161 ساڵ. پاش مردنی جۆیس، بارنوم دەیەوێت بۆ ڕای گشتییش ئەوە بسەلمێنێت کە ئەو خانمە بەتەمەنترین بووە. توێکاری بۆ لاشەکەی دەکرێت کەچی دەردەکەوێت تەمەنی تەنیا 80 ساڵ بووە!
هەموو ئەو کەسانەی لەم فیلمەدا بە کار هێنراون شێوەی ڕاستەقینەی خۆیانە. بێگومان کەسانێکیشی تێدایە کە ئەستێرەی سینەمایین و خاوەن لەشولارێکی ئاسایین، بەڵام هەندێک لەوانە خاوەنی کەسایەتییەکی بەد و دەروونێکی نەخۆش و ناوەڕۆکێکی بۆشن.
 بە هۆی سامناکی هەندێک لە دیمەنەکانەوە لە کاتی خۆیدا گەلێک لە بینەران بە ئەستەم پڕکێشییان کردووە تەماشای هەموو دیمەنەکان بکەن. یەک لە بینەران ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لە کاتی بینینی فیلمەکەدا دڵی تێکەڵ هاتووە. تا ساڵانی شەستیش ئەم فیلمە لە بەریتانیا قەدەغە بووە. لەگەڵ بڵاوبوونەوەیشی لە ویلایەتی ئەتڵەنتای ئەمەریکا ڕێگە لە پیشاندانی گیراوە. فیدراسیۆنی ژنان داوای بایکۆتکردنی فیلمەکەیان کردووە. ئەمە لە کاتێکدا فیلمەکە بۆ خۆی 90 خولەک بووە و دەرهێنەر لە بەر ناچاری تەنیا 64 خولەکی هێشتووەتەوە. ئەوی تری تا ئێستایش نازانرێت چی لە خۆ گرتووە. 

لە دەسپێکی فیلمەکەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت هەر شتێک لە ڕابردوودا خواروخێچییەکی هەبووبێت بەستراوەتەوە بە بەدبەختی یان سەرچاوەگرتوو لە بوونێکی بەدەوە. ئەوان بە خواستی خۆیان نەهاتوونەتە جیهانێک کە تیایدا گاڵتە و سوکایەتییان پێ دەکرێت. بیهێنینە پێش چاو ئەگەر هەر کام لە ئێمە لە جیگەی ئەوان بووینایە یان ئەوەی لە ڕووداوێکدا هاوشێوەی ئەوان و خراپتریشمان لێ بێت. 
لە وتوێژێکی نێوان کورتەبنەکاندا، فریدا بە نیگەرانییەوە بە هانس دەڵێت: تۆ بۆ من پیاویت (مێردیت)، بەڵام بۆ کەلیۆپاترا (ئۆلگا باکلانۆڤا) ئامڕازێکیت بۆ پێکەنین. ئەڵبەت کەلیۆپاترا کە مرۆڤێکی ئاساییە ئەوەی خستووەتە مێشکی هانسەوە گوایە شووی پێ دەکات. دواتریش لە ئاهەنگێکدا بۆ بەزم و سەفای خۆی گاڵتەیان پێ دەکات. ئەوانیش بە پێکەنینەوە هەموو دەڵێن: کەلیۆپاترا یەکێکە لە ئێمە، ئێمەیش قبووڵی ئەکەین. پیاوە سسپێستە لەشساغەکەی هاوەڵی کەلیۆپاترایش بە لاقرتێوە پێی دەڵێت ئەوان دەیانەوێت بتکەن بە یەکێک لە خۆیان. دیسانەوە پیاوی سپیپێست باڵادەستی خۆی پیشان دەداتەوە! لایەنێکی جوانی ئەو دیمەنە ئەوەیە کە ئەوان بە مەستی ئەو قسانە دەکەن، واتە قسەی دڵی خۆیان دەکەن –شەراب مرۆڤ فێری ڕاستگۆیی دەکات. 
هەر کام لە فرۆسۆ و کەلیۆپاترا –دوو کاراکتەری سپیپێستی تەندروستی نێر و مێ- ڕکابەری ئەوە دەکەن دەست بەسەر سامانی ئەو بەستەزمانانەدا بگرن. بەڵام بەهۆی ناکۆکی ئەو دووانە و یەکگرتوویی کەسانی دیکەوە بۆیان ناچێتە سەر. دیمەنی کۆتایی فیلمەکە ئەوەیە پاش کوژرانی فرۆسۆ، کەلیۆپاترایش وەک ئەو مرۆڤە نامۆیانەی بەسەر دێت و لە پیشانگایەکدا خەڵک بۆ کاتبەسەربردن کەسانێکی دیکە تەماشای دەکەن.
ڕاستە ڕەنگە مەبەستێکی فیلمەکە بەکارهێنانی کەسایەتی و شێوەی دروستبوونی ئەو مرۆڤانە بووبێت بۆ ڕاکێشانی بینەر و دواتریش پەیداکردنی ناوبانگ و دواجاریش کۆکردنەوەی پارە و خەڵات (هەرچەندە پێم وانییە دەرهێنەر بە هیچ کام لەو مەبەستانە گەیشتبێت). بەڵام  دواجار فیلمەکە لە ئاستێکی باشدا کەمێک لە کۆژانی ئەو گروپە لە مرۆڤی پیشان داوین و نەک هەر تەنیا لە ڕەهەندە مێژووییەکەوە، بەڵکو بۆ ڕۆژگاری ئەمڕۆیش گرنگی خۆی هەیە. ڕەنگە لەگەڵ تەماشاکردیشیدا خەیاڵمان بۆ ئەوە بچێت ئاخۆ چارەنووسی ئەو مرۆڤانە چی لێ بەسەر هاتبێت. 
 گەر هەڵە نەبم فریکس تاکە فیلمە هێندە خەڵکی شێواو و نامۆی تیا کۆ بووبێتەوە. دەرهێنەر هەوڵی داوە زۆرینەی شێوەکان بەسەر بکاتەوە لە: ڕەگەز، شێوەی جەستە، باڵا، لایەنی عەقڵی، ئاستی گەشە، نەبوونی ئەندامەکان. 
دیوێکی مرۆڤانەی فیلمەکە پێمان دەڵێت ئەوانیش وەک ئێمە مرۆڤن، ئارەزووی ژیانێکی بەختەوەرانە دەکەن و توانای خۆشەویستی و هاوسەرگیریشیان هەیە. نەک ئەوەی بوونەوەرێکی بایۆلۆجی سەقەت بن کە شایستەی گاڵتەپێکردن یان تەنانەت لەناوبردنیش بن. بە تایبەتی ئەو شێوە بیروباوەڕانە لە سەرەتاکانی سەدەی بیست گەلێک بەربڵاو بووە و پاساوی ئایدۆلۆجی و ئابووریشی پێ دراوە –نازیزم بۆ نمونە. 
ئەم فیلمە بۆ خوێندکاران و پسپۆڕانی بواری بایۆلۆجی و مرۆڤناسی دەکرێت بایەخێکی زانستی هەبێت، بە تایبەت لە چوارچێوە مێژووییەکەیدا، بەوپێیەی هەر لە دۆکیومێنتارییەک دەچێت. 

زانیاری لە بارەی ئەکتەرەکانەوە:
جۆزفین جۆزیف (1891-1966): جەستەی دوو بەشە لایەکی ژنە و لاکەی تری پیاوە


جۆنی ئێک (1911-1991): مرۆڤێک بە زگماکی لە کەمەربەرەوخواری نەبووە

دوانەی پێکەوەلکاو دەیزی و ڤیۆلێت هێڵتن (1908-1969): دوانەیەکی پێکەوەلکاوی بەریتانین. هەردووکیان (بەجیا) هاوسەرگیرییان کردووە. 
  
جەین بارنێڵ (1871-نەزانراوە) ئەو ژنەی هاوشێوەی پیاو ڕیش و سمێڵی هەبووە. چوار جار هاوسەرگیری کردووە!

خێزانی بوکەڵە یان بوکەڵە سەماکارەکان: خێزانێکی ئەمەریکی بە ڕەگەز ئەڵمانی کورتەبنە بوون. لە ساڵانی 1910 تا خانەنشینبوونیان لە کۆتایی پەنجاکان ڕۆڵی بەرچاویان لە سێرکدا هەبووە. بەشداری فیلمی دیکەی وەک جادوبازەکەی ئوز (1939)یان کردووە. ئەوان چوارن لە حەوت منداڵی (سیانەکەی دیکە ئاسایین) دایک و باوکێکی ئەڵمانی. لەم کەسانە پێک هاتبوو: کارسیا دۆڵ ئێرڵز (1899-1970)، هاری دۆڵ ئێرڵز (1902-1985)، دەیزی دۆڵ ئێرڵز (1907-1980) و تاینی دۆڵ ئێرڵز (1914-2001).

شڵیتزە (1901-1971): نمایشکاری ئەمەریکی (سێرک). لە چەند فیلمێکیشدا بەشداری کردووە. 

 
جێنی لی و ئەڵڤێرا سنۆو

  

فرنسیس ئۆکۆنۆر (1914-1982): نمایشکارێکی سێرک، لە زگماکەوە باڵی نەبووە. قاچەکانی بۆ خواردن و خواردنەوە و جگەرەکێشان و تەنانەت چنین و درومانیش بە کار هێناوە. 

  
مینی وڵزی (1880-1960): قۆشمەچییەکی ئەمەریکی بووە. تەنیا لەم فیلمەدا بەشداری کردووە.
 
ئەلیزابێس گرین (1905-2001): خانمە نمایشکار یان ڕاییکار (performer)ێکی ئەمەریکییە. بەهۆی شێوەی قاچ و لووت و چەناگەیەوە نازناوی حاجی لەقلەقی پێ دراوە.  
 
پرینس ڕاندین (1871-1934): بە پیاوە مارەکە ناسراوە و چەندین نازناوی دیکەیشی هەبووە. لە زگماکەوە نیشانەکانی نەبوونی چوارپەل (Tetra-amelia syndrome)ی هەبووە. سەرباری کەمئەندامییەکەی زمانەکانی هندی، ئینگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسیشی زانیوە. هاوسەرگیریی کردووە و چوار منداڵی هەبووە. وەک لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت دەمی بە کار دەهێنێت بۆ داگیرساندنی جگەرەکەی. 

پیتەر ڕۆبینسن (1873-1947): ناسراوە بە پیاوە سیسەڵەکە یان پەیکەرەئێسکی زیندوو. کێشی تەنیا 26 کیلۆگرام بووە. لەگەڵ نمایشکاری سێرک بەیبی بەنی سمیس کە کێشی 212 کیلۆگرم بووە لە هەمان فیلمدا یەکتریان بینیوە و هاوسەرگیرییان کردووە. 

ئەنجیلۆ ڕۆسیتۆ (1908-1991): ئەکتەرێکی کورتەبنەی ئەمەریکی بووە. باڵای تەنیا 89سم بووە.  
 
سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە: 
1- فیلمی شێواوەکان بەرهەمی ساڵ 1932(freaks 1932)
2- سایتی ویکیپیدیا. 
3- وێنەکان و هەندێک زانیاری دەربارەی فیلمەکە و ئەکتەرەکان سوود لە سایتی    www.google.com   وەرگیراوە.  
4- What was cut from Tod Browning's infamous 1932 horror movie?
5- دەربارەی شێواوەکان، بڕوانە ئەو دۆکیومێنتارییە: 
Circus Freaks and Sideshows (Documentary)




(دەنگدراوە: 4 . زۆرباشە: 3/5)