11هەزار شەهید

Monday, 25/03/2019, 18:29

4972 بینراوە


-
1
بڕواکردن بەوەى داعش کۆتایى هاتوە ، جۆرێکە لە نائاگایى ، داعش تەواو نەبووە ، هەر نا لەبەر ئەوەى هێشتا هاوکارەکانى داعش لە هەندێ وڵات لە دەسەڵاتان ، هێشتا بیرو بۆچوونى داعشى لەم سەر تا ئەو سەرى دنیا بوونى هەیە ، بیرو بۆچوونى داعشى بەو مانایەى کە پێویستە هەموو جیاوازیەکان لە پێناوى گروپێکى توند ڕەوى ریزپەڕى مرۆڤایەتى نەهێڵرێت .
داعش کۆتاى نەهاتووە ،لەبەر ئەوەى لە شەڕى ئەواندا خوێنێکى زۆر ڕژا ، قوربانى زۆر دراو زۆر شارو شوێنەوار کاولبوون ، داعش دیاردەیەکى تاریک و نامۆى ئەم سەردەمەبوو ، کە دەست و وڵاتى زۆرهاوکاریان بوون ،هەرگیز ناشێ داعش بێ هاوکارى وڵاتان و سوپاى وڵاتان بەو خێراییە گەشە بکات و بتوانێت نیوەى عێراق و سوریا داگیر بکات ، ئەوە جگە لە شەڕەکانى لە میسرو شوێنەکانى تر .
2
ئەوەى لە سەر کورد بوو لە شەڕى داعشدا کردى ، تەنها لە سوریاو رۆژئاواى کوردستان ، کوردو هەسەدە 11 هەزار شەهیدیان داوە ، 11 هەزار شەهید ئەگەر ناوى سیانیان بنوسرێت 33 هەزار وشە دەکات ، واتە کتێبێک ، ئایە ئەوە بەس نیە بۆ ئەوەى ئەمەریکاو رۆژئاوا بەگشتى مامەڵەیەکى ئاکارى دەرهەق پرسى کورد بگرنە بەر ، باغۆز بە خوێنى سەدان شەڕڤان رزگار کراو لانى کەم لە سەر ئەرز شوێن و جێپێیەک نەمایەوە بە ناوى جێپێ و شوێنى داعش ، ئەمەش بۆ سێ مانگى یەکەمى 2019 گەورەترین ڕوداوى دیرۆکە ، مرۆڤ جارێ نازانێت ئایندە چ جۆرە داعشێکى ترى بۆ گۆى زەوى هەڵگرتوە ، بەڵام ڕوداوەکەى نیوزیلەندا بە ئێمە دەڵێت مەرج نیە دواى داعش دنیا ئارام بێت .
بۆ ئێمە 11هەزار شەهیدەکە مایەى هەڵوەستە لەسەر کردنە ، هەڵبەت ژمارەى قوربانیەکان بە گشتى زۆر لەوە زیاترن ، ئێمە قسەمان لە سەر سوپایەک شەهیدە ، سوپایەکى 11 هەزار کەسى کە بوونەتە قوربانى مرۆڤایەتى ، ئەوان گەورەترین داستانى ئەم سەدەیەیان تۆمار کرد ، لێ هێشتا کەس و کارەک و نەتەوەوخەڵکى ناوچەکەیان لە دڵە راوکەو نیگەرانیدا دەژین  .
3
باسى شەهیدەکانى باشور ناکەم ، باسى ئەو هەزاران سڤیلە شەهیدە ناکەم ، کە لە چەند ساڵى رابردودا بوونە قوربانى ، باسى شەهیدەکانى عەفرین ناکەم کە بە دەستى جەندرمەو چەتەکانى ئاکەپە شەهید کران ، باسى بەخشینى  11 هەزار شەهیدى شەڕوان دەکەم بۆ تەناهى مرۆڤایەتى ، ئەوەى لە سەر کورد بوو کردى ، ئێستا ئیتر کاتى ئەوەیە ئەوانى تر چاکەى کوردەکە بدەنەوە ، ئەمە هەر من نایڵێم تەنانەت ، ئەمە زۆر سیاسى خاوەنئاکارى ئەمەریکاو فەڕەنساو ئەوروپا بە گشتى دەیڵێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە