کەرکوک دواى 28 ساڵ

Wednesday, 27/03/2019, 18:40

4815 بینراوە


1
ئەو بەرە بەیانەى 19ى مانگ کە چووینە ناوکەرکوکەوە ، هێشتا بانگى بەیانى نەدابوو ، لە باروتخانەو لاى نەخۆشخانەى ئازادى تەق و تۆقێکى زۆر بوو ، بەڵام کچ و ژنى کەرکوکى سەدانیان لە سەر جادەکە پێشوازیان لەئێمە کرد ، بە ئاوو شیرینی و هەڵهەڵەو گریانەوە شتێک بوو لە شێوەى حەشرى بچوک ، کچێک کە شیعرى  قژزەردى گۆرانى بیر دەخستمەوە ، هاتەبەردەمم و بە دەم قوڵپى گریانەوە وتى بڕۆن براکانتان ڕزگار بکەن ، مەبەستى ئەو سەدان گەنج و لاوخاسە بوو کە چەند رۆژ پێشتر حکومەت لە ترسى خۆپیشاندان رەشبگیرى کردبوون ، هەردووک کەمێک بەسەر یەکدا گریاین و شەهید فاخیرى برام لە ناو باروتخانە لە شوێنێکەوە تەقەکرا ، ئەویش بە تەقەکردن و بە راکردنەوە بەرەو شوێنى تەقەکان رۆیشت قیژاندم بەسەریداو زۆر لێى توڕەبووم ، وتم خۆ خۆت نەدۆزیوەتەوە ، چەند رۆژدواتر کاتێ لەسەربازگەى خالید بریندار بوو چەکەکەیان دزى .
2
لە هەموو لایەکى کەرکوکەوە تەقە بوو ، ئێمە لە شۆڕیجەوە بەرەو خوار بووینەوەو دواتر هاتینەوە بۆ ئیسکان و تا رۆژ بوەوە لەوێ بووین ، بەیانى ، بەیانیەکى تاڵ بوو ، بەیانیەک نەبوو ، بۆنى سەرکەوتنى لێبێت ، سەرەڕاى دڵخۆشى خەڵک ، بەڵام لە زۆر شوێن شەڕو تاڵان بوو ، مەسئولى زۆر زلم بینى لە بەنزیخانەکەى شۆڕیجە بەنزینى دەدزى ، سەرەڕاى ئەوەى کەرکوک ئازاد کرابوو، لێ من خەمێکى قوڵ دەیکرۆشتم ، راستیەکەى هیچ دیسپیلینێک نەبوو ، کەس بە کەس نەبوو ، سەرەڕاى هەوڵى پەیتا پەیتاى نەوشیروان مستەفا بۆ چارەسەرى دۆخەکە ، بەڵام بەر بە دزى و تاڵان نەگیرا .
3
ئاگرى نەورۆز لە کەرکوک بە ئازادى کرایەوە ، خەڵک لە نێوان شین و پێخەنیندا لە داهاتوى خۆى رامابوو ، نەتوانرا هەموو کەرکوک رزگار بکرێت ، نەتوانرا بازنەى پاراستنى کەرکوک دابنرێت ، نەتوانرا سنورێک بۆ ئەو تاڵانە بەربادە ناشرینە دابنرێت کە هەموو سنورێکى بەزاندبوو ، کەرکوک ئەو رۆژگارە دووجۆر عاشقى هەبوو ، عاشقێک  کە بۆ ئازادى کەرکوک و خەڵکەکەى گیانى دەبەخشى و عاشقێکى ترى تاڵانچى ، ئەوەى بە هیچ تێرى نەدەخواردو هەرچى دەستدەکەوت ئاودیوى دەکرد .
4
سەبارەت بەو تاڵان و دزیە بەناوى خوازراوى مام ئاگرەوە شیعرێکى درێژم نووسى ، زۆر بەرپرس بە دوایدا دەگەڕان نەبوو ، 10 رۆژ کەمتر دواى رزگارى دیسان بەرەبەیانێک تەق و تۆق و قرمژنى گولە دەستى پێکرد ، تومەس لە ئێوارەوە تاڵانچیەکان هەڵدێن و گیان بازەکان ماونەتەوەو شەڕدەکەن ، لە هەڵاتنا دەیان شەهیدو بریندارمان جێهێشت ، بە زەحمەت توانیمان دەربچین ، کوڕە لاوێکى برینداریش بووبە توشمەوە ناچار ئەویشم لە گەڵ خۆمدا دورخستەوە ، موجاهیدى خەلق باروتخانەیان لێگرتبووین ، شکان لە کەرکوک شکان بوو لە هەموو کوردستان کۆڕەویش لە هەناوى ئەو شکستەوە لە دایک بوو ، ئێستا شۆڕش و دەسەڵاتى کوردى و تاڵانچیەکانیش قەرزارى کەرکوکن ، قەرزێک کە دانەوەى ئەستەمە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە