ئەوان بۆ خۆیان دەژین، ئێمەش بۆ ئەوان

Tuesday, 26/03/2019, 1:48

16165 بینراوە


یادەوەریی بریتییە لەو کارانەی کراون و لەو رووداوانەی روویان داوە، کە ئێمە بینیومانە، یان بەسەر خۆماندا هاتووە و لە هزرماندا ماونەتەوە، هەندێکی لە بیرناچنەوە، هەندێکیان شایانی ئەوەن، بنووسرێنەوە، لە هەندێک کاتیشدا دەبێتە بەڵگەی مێژوویی، هەندێکی دیکەیان تایبەت دەبن بە کەسەکە خۆی یان بەوانەی نزیکی خۆی، تەنیا لە نێوانیاندا نرخی یادکردنەوەی دەبێت، هەندێک یادەورییش هەن، کارەساتی ناخۆشن کار دەکاتە سەر کەسەکە و دەتوانرێت بگوترێت کاریگەریی لە سەر  دروست دەکات. تا ئیستا وەک خۆم کە گوێم لە دەنگی ناکاوی فڕۆکە دەبێت یەکسەر لە نائاگاییمەوە دەگەڕێمەوە بۆ ساڵی ١٩٧٤، ئەو رۆژەی کە فڕۆیەکی رژێمی بەعس بە نزمیی لە چۆمان بوردومانی پردێکی کرد، یان باسی راپەڕینەکە دەکرێت ساڵی ١٩٩٢م دێتەوە یاد، کە بە ئۆتۆمبێل لە کاتی گەڕنەوەمان بۆ کوردستان لە نزیک رانیە، کۆمەڵێک چەیتە و پیاوکوژ، پێیان وابوو پارەی زۆرمان لەگەڵ خۆماندا هێناوەتەوە، لە ناو پیکابێکدا ویستیان خۆم و چوار منداڵ و خێزانەکەم بکوژن، ئیستاش کە دێتەوە یادم یەکسەر موچڕکێک لە تەوقی سەرمەوە دێت تا بنی پێم.
لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم بە شێک لەو یادەوەرییانە، بوونەتە رابردوو، لەگەڵ خۆماندا هەڵیان دەگرین، لەگەڵ ئیستاماندا بەراوردی دەکەین باسکردن و قسەکردن لەسەریان، نرخی تایبەتیی خۆی دەبێت. خۆڕایی نییە ئەوروپییەکان و هەندێک خەڵکی وڵاتان زۆر بایەخ بە رۆژژمێریی گیرفانیان دەدەن، هەرچ شتێک رووبدات، لە شوێنی خۆیدا دەینووسنەوە، ئەمەش وا دەکات درۆکردن لە نووسینەوەی رووداوێکی مێژووییدا بۆ ئەو نەتەوانە ئاستەم بێت، کەس نەتوانێت بەتایبەتیی مێژوونووس درۆی تێدا بکات، چونکە رەنگە زۆربەی خەڵک لە رۆژژمێری گیرفانی خۆیاندا باسی ئەو سات و رۆژەیان کردبێت.
ئەو سەرنجە کورتانە کە بچوکتر تێبینییە لەسەر رووداوەکان راستگۆیی نووسینەوەی مێژوون، راستیی رووداوەکان بە وردی پیشان دەدەن، کە دەبێتە بەڵگە هەرچەندە کەمیش بن، بەڵام لە زمانی شایەتحاڵەکانەوە، وەڵامی زۆر لە پرسیارەکان لە خۆی دەگرێت، هەندێکیان کاریگەرییان لەسەر کەسێتییشمان دروست دەکەن. دەمەوێت لەوێشەوە دەستپێبکەم، کە رابردووی هەر یەکەمان گرنگە بۆ دروستبوونی ئەو کەسێتییەی  ئیستا هەمانە، بۆ داهاتووش رۆڵی خۆی دەبێت، ئەوانەی شانس و بەختیان هەبووبێت، لە تەمەنی منداڵییدا و لە قوتابخانە و دەوروبەر ئەو یادەوەریانە یارمەتیی باشیان دەدات. 
بە منداڵی لە سلێمانی لە ساڵانی ١٩٥٠کان من لە قوتابخانەی خالیدیە دەمخوێند. ئەو کاتە خالیدیە لە هەرە قوتابخانە بەناوبانگ و باشەکانی سلێمانی بوو، لە پاڵ خوێندنی وانەکاندا مامۆستاکانمان وانەی راهێنانیان لەسەر راستگۆیی، خاوێنی، خۆشەویستی نیشتیمان و کوردستانیان پێدەگوتینەوە. زۆربەی مامۆستاکان نووسەر و روناکبیری ئەو سەردەمە بوون، زۆر جار لەگەڵ خۆمدا دەدوێم دەڵێم رەنگە ئەوان نەبوونایە ئیستا من کەسێکی ترم لێدەربچوایە، چ لە رووی رەفتار، چ لە بیرکردنەوە، جگە لەوەش بۆ من یەکێک لەو مامۆستایانەی دەرەوەی قوتابخانە، کە هەمیشە لە بیرم نەچۆتەوە، مامۆستا مەلا نەجمەدین مەلا بووە.
قوتابخانەی خالیدیە ساڵی 1955

ساڵانی ١٩٥٠ی سەدەی پێشوو، ئەو کاتە میرمنداڵێک بووم، بە هۆی نالەباری ژیانئ ئەو سەردەمە، هەمیشە لە سلێمانی ماڵە و ماڵمان دەکرد و دەمانگواستەوە، چەند گەڕەکێکمان کرد، وەک لە بیرم بێت باوکم بۆ ماوەی دە - دوانزە ساڵێک بێ کار بوو، گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی پادشایی ئەو سەردەمە، کاریگەریی هەبوو، ئازادبوونی زۆربەی زیندانییە سیاسییەکان، بێکارییەکی زۆری لێکەوتەوە، بەتایبەتی لەسەر فەرمانبەران، ئاسان نەبوو هەموو کەسێک کاری دەستبکەوێت. لەو ماوەیەدا (گۆران)ی شاعیر، کە لە سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتی ناوخۆ (ادارة محلی) کاری دەکرد، باوکیشم لەو شوێنە کارێکی دەستکەوتبوو بەو بۆنەیەوە چەند جارێک پەلی دەگرتم و دەیبردم بۆ شوێنی کارەکەی گۆرانی شاعیریشم لەوێ دەبینی، وردە وردە لە رێگای پەیوەندییەکانی باوکمەوە بە کەسانی دیکەی وەک (کاکەی فەلاح)، (ساڵح دیلان)، (ع.ع.شەونم)، (مەدهۆش)، (کامەران موکری).. و کۆمەڵێک لەو شاعیر و نووسەرانەی ئەو سەردەمەم دەبینی و لەو تەمەنی منداڵییەدا ئاشنایان دەبووم، بە دوایدا باوکم پەیوەندیی باشی پەیدا کردبوو، چونکە وازی لە پێشەی موختاری هێنابوو، (جەمال شاڵیی پارێزەر)، کە گۆڤاری (رۆژی نوێ)ی دەردەکرد، باوکم بوو بە بەرپرسی دارایی ئەو گۆڤارە، وەک لە یادم بێت چەند کەسێکیان دامەزراندبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ دەرچوونی هەر ژمارەیەکی نوێی ئەو گۆڤارە، بەیانیان زوو بە ماڵەکانەوە دەگەڕان و ئەوانەی هاوبەشی گۆڤارەکەیان کردبوو، گەرماوگەرم گۆڤارەکەیان بۆ دەبردن، بە سیستەمێکی جوان بەڕێوە دەچوو، دوای ئەوە نازانم چ هۆکارێکی دیکە بوو، کە باوکم وازی لەوێ هێناوە لەگەڵ هاوڕێیەکی کۆنی خۆی، هەمان کاری لەلای ئەو دەستپێکرد، ئەویش پارێزەر کەمال میرزا کەریم (برای ئەمینی میرزا کەریم) بوو، لەو کاتەدا رۆژنامەیەکی دەردەکرد (ناوەکەیم لە بیر نەماوە) دوایی کردی بە گۆڤاری (نەورۆز). هەموو ئەمانە چەند ساڵێکی کەمی خایاند، دوای کۆدەتاکەی بەعس و تیرۆرکردنی عەبدولکەریم قاسم، ئازادییەکان بەرتەسک بوونەوە، زۆربەی گۆڤار و رۆژنامە کوردییەکان داخران.
با بگەڕێمەوە سەر باسەکەی خۆم، کە بۆ ماوەی چەند ساڵێکیش ماڵمان لە سلێمانی گواستەوە بۆ سەروی سابونکەران (سەدەکە). ئەو ناوە تازە خەریک بوو ئاوەدان دەکرایەوە، من هەر لە قوتابخانەی خالیدیە مابوومەوە، بە پێ  ئەو رێگا دوورەم دەبڕی دەچوومەوە بۆ قوتابخانەکەی خۆم لە بەرخانەقا. بۆ ماوەیەک لە کاتی پشووی سەری ساڵی قوتابخانەکاندا باوکم بردمی و لە قوتابخانەی کەشتی نوح، لای مامۆستا نەجمەدین مەلا داینام، نازانم چەند لەوێ بووم. 
ئەمڕۆ پاش تێپەڕبوونی کەمێک لە ٦٠ ساڵ، بیرەوەرییەکان تەنگم پێهەڵدەچنن، بیرکردنەوەکان دەمهەژێنن، کەوتوومەتە شەن و کەوکردنیان، تا بزانم کامەیان بە کەڵکی ئەوە دێت باسی بکەم، یان بینووسمەوە و نازانم چییە لێمناگەڕێت دەیەوێت ئەوەی لە یادم ماوە و بەکەڵکی باسکردن و نووسینەوە  دێن فریا بکەوم بینووسمەوە، لێ مەخابن ناتوانم دەستبەردانی هیچیان بم و هەر یەکەیان تەواوکەری ئەوەی دیکەیە، رەنگە کات و شوێنەکان جیاوازییان هەبێت، ئەمیان بۆ ئیستا و ئەویان بۆ کاتێکی دیکە هەڵبگرم.
ئەوەی هانی دام بۆ درێژەدان بە گێڕانەوەی ئەم یادەورییانە، مەبەستێکم تێیدا هەبوو، ئەویش ناساندنی مەلا نەجمەدین مەلایە، یان ئەو هەموو مامۆستا و مەلا و کەسە ئاینیانەی سەردەمی پێشووە، کە ئیستا بەراوردیان لەگەڵ ئەمانەی ئەمڕۆدا دەکەم زۆر لە یەکتر جیاوازن و لە یەکتر ناچن.
مەلا نەجمەدین مەلا وەکو لە وێنەدا دەیبینن، کەسێک بوو، ئەو پاروە نانەی خۆی کە دەیبرد بۆ دەمی بۆ ئەو رۆژەی بوو، نەک بۆ سبەی، تا خۆی دەوڵەمەند بکات بۆ پارووی سبەینێ، وەکو زۆربەی مەلاکانی ئەمڕۆ درۆزن و ساختەچیی نەبوو، لە حوجرەکەی خۆیدا کە ناوی (کەشتی نوح) بوو تێکەڵە بوو لە قوتابخانە و حوجرە، تامی هەردووکیانی دەدا، نیشتیمان و ئاین و بیروباوەرەکەی خۆی خۆش دەویست، هیچیانی لە یەکتر دوور نەدەخستەوە، بە ناوی ئاینەوە کاری سیخوڕی نەدەکرد، نیشتیمانی نەدەکرد بە قوربانی داگیرکەران، وەکو ئەم مەلا کەڵەکچیی و ساختەچیانەی نمونەی مەلا سەید ئەحمەد پێنجوینی نەبوو. قورعانی بە جوانی خەتم کردبوو، نەک وەکو مەلا کرێکار بە زمانە لوسەکەی کەسانی ساویلکەی پێ لە خشتە بەرێت و فەتوانی کوشتن و بڕین و توندوتیژی دەربکات،  وەکو مەلا و پێشنوێژ و خەتیبەکانی ئەمرۆ نەیدەگوت بڕۆن میزی حوشتر بخۆنەوە بۆ ئەوەی لە دەردوبەڵا لاتان بدات، جادوگەر و نوشتەگرەوە نەبوو، دەستی خەڵکی نەدەبڕی و لە ژێرەوە بە نگەخوێنی حەرامی لە ئافرەتی سادە و ساویلکە نەدەکردەوە. قین و ترسی لە دڵی کەسدا نەدەچاند و لە خۆشەویستی نەدەتۆراندن، ئاینی دەگوتەوە لە خزمەتی خاک و خەڵکدا بوو، نەک لە خزمەتی هەوەس و ئارەزویی شەخسیی و خزمەتی بێگانە، هەمیشە سەری زمانی و بنی زمانی خۆشەویستی نیشتیمان و کورد و کوردستان بوو، جلکی کوردی بە پیرۆز دەزانی، نەک ئەو بەرگەی مەلا و ئیمامی مزگەوتەکانی ئەمڕۆ، کە لەبەری دەکەن، هەر کەسێک منداڵەکەی ناوی کوردی بوایە دەستخۆشی لێدەکرد، نەیدەگوت حەرام و گوناحە، لەگەڵ ئەوەشدا مەلا نەجمەدین زۆر زیرەک و لێهاتوو بوو، وەکو ئەمانەی ئەمڕۆ لە خۆیانەوە تەفسیری قورعانی نەدەکرد، هانی خەڵکی نەدەدا لە بری دەرمان میز و پشقڵی وشتر بخۆن، ئاژەڵ دۆست بوو، هەمیشە پشیلە لە نێو کەشتی نوحدا هاتوچۆ و تەراتێنیان دەکرد، باسی پاک و خاوێنی دەکرد، هانی قوتابییەکانی دەدا، بخوێنن و زانست فێربن. لە رێگای عەقڵەوە زادە و تێگەیشتنی مێشکیان فراوانر بکەن، نەک عەقڵ دابخەن و روخساریان لەژێر ریشێکدا بشارنەوە. مەلا نەجمەدین مەلا خاوەنی کەسایەتییەکی دەرون تەندروست و خۆشەویست و سادە بوو، نووسەر بوو بە مانای روناکبیر و زانای ئەو سەردەمە، خۆی دەرنەدەخست. لە کۆتاییدا لە بیرم ماوە، کە بە منداڵی لە (رۆژی نوێ)دا باسێکی نووسیبوو کە چۆن دەتوانیت شوتییەک بهێنی و درزێکی تێبکەیت، کڵۆیەک شەکر بئاخنیتە ناوێوە، دوایی بە پارچە هەویرێک سەرەکەی بنێیتەوە، لە ماوەی چل رۆژدا دەبێت بە شەراب، باسێکی زانستیانە بوو، نەک دوورکەوتنەوە لەو ئاینەی کە بڕوای پێی بوو.
ئەم پێناسە کورتەی مەلا نەجەمدین مەلا تەنیا بۆ پێناسەی ئەو نییە، بۆ هەموو ئەو مەلا و پیاوە ئاینی و خواناسانەی ئەو سەردەمەشە، کە زۆربەیان رەفتار و رەوشت و کردار و بیرکردنەوەیان وەکو یەک وابوو، لە لای ئەوان ئاین فەلسەفە بوو، بۆ یەکێتیی و رێکخستنی کۆمەڵگا ، ئاین سیاسەت و سیخوڕی نەبوو بۆ خەلافەتیی نەتەوە سەردەستەکانی کوردستان، ئایدۆلۆژیایەک نەبوو، کە خائین و خۆفرۆشی تێدا دروست ببێت، دژ بە خاک و نیشتیمانی خۆیان بن، خەڵکیان لە خشتە نەدەبرد، بازرگانیان بە ئاین و خواپەرستییەوە نەدەکرد، لە رۆژانی هەینییدا قسەی هەلەق و مەلەقیان نەدەچڕاند، تا ئاستی وشیاری خەڵکی پێ بهێننە خوارێ و دوژمنانی کوردی پێی خەنی بکەن. ئەمڕۆ بە هۆی ئەم مەلا و پیاوە ئاینی و خەتیب و قورعانخوێن و پێشنوێژانەی ئاینەوە، خەریکە کورد لە ماڵ و نیشتیمانی خۆی تەرە دەبێت. واز لە خاک و خەڵک و خۆشیان دەهێنن، خۆیان داناوە لەو دنیا خاوەنی هەموو شتێک بن و بەختەوەر بن، لەم ژیانەشدا خاک و نیشتیمانەکەیان بدەنە دەست ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە ئیسلامیانەی کە بەراستی بۆ ئەم دنیا دەژین، ئەو داگیرکەر و دوژمنانەی دنیایان دەوێت و ئێمەی کوردیان ناوێت، بۆیە داعش و ئیسلامە سەلەفی و توندڕەوەکانمان بۆ دروست دەکەن، کە بمانکوژن و زوو بماننێرن بۆ دۆزەخ،  بەهەشتیش بە هی خۆیان دەزانن.
شێخ مەحمود حەفید، بە منداڵی لەگەڵ شێخ سەعیدی باوکی دەچێت بۆ ئەستەمبوڵ، پایتەختی ئەو سەردەمەی عوسمانییەکان، کاتێک شێخ مەحمود گەورەیی و جوانی ئەستەمبوڵ دەبینێت، کە سلێمانی لە چاویدا وەکو گوندێکی گەورە وابووە، سەری سوڕ دەمێنێت، لە باوکی دەپرسێت بۆچی شارەکانی ئێمە وایە و ئێرەش ئاوایە، شێخ سەعیدیش لە وەڵامدا دەڵێت: چونکە ئەوان بۆ خۆیان دەژین و ئێمەش بۆ ئەوان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە