نەمانی داعش سەرتایەکی دییە بۆ کورد و یەپەگە!

Thursday, 28/03/2019, 4:46

14608 بینراوە


پاککردنەوەی ناوچەکە و وەدەرنانی داعش لە کۆتا بنەکە و بارەگاکانیان لە سوریا،  لە لایەن زلهێزەکان و هێزە کوردیەکان بەتایبەتی یەپەگەوە کە تا کۆتایی لە ڕۆژئاوا بەلەخۆبردووی پێشەڕەوی ئەو جەنگەی کرد ڕاگەیاندرا. ٢٣/٣/٢٠١٩  لە مێژوودا بە ڕۆژی سەرکەوتن بەسەر داعشدا لە سوریا تۆمارکرا.

جەنگی داعش، ئەوەندەی جەنگی ڕوسیا و ئەمریکا و ئیران و تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا بوو، ئەوەندە جەنگی کورد نەبوو. زلهێزەکانی دنیا و ناوچەکە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ یەکلایی کردنەوەی گرفتەکانی نێوانیان لەسەر پارە و بەرژەوەندی، سنووردارکردنی ئەو هێز و میلیشیا و گروپە چەکدارانەی کە خۆیان قەبەیان کردبوون و بۆیان کۆنتڕٶڵ نەدەکران، بۆ ئەرزێکی بێ خاوەن یان وڵاتێکی لاواز دەگەران بۆ ئەوەی جەنگی تێیدا هەڵگیرسێنن، بۆ ئەو مەبەستە کوردستانی داگیرکراو هەڵبژاردەیان بوو. لە ئەنجامدا تێکڕای میللەتی کوردی ژێردەست بەرامبەر بە داعش تووشی شەڕێکی دەستەویەخە هاتن، باجێکی ئێجگار مەزنیان دا، کە شەهید بوونی هەزاران کەس و دەربەدەر بوونی هەزارانی دیی بوو، ناسەقامگیری ئاشتیی و ئاسایشی کوردستانیش سەرباری نەهامەتیەکان بوو.

شەڕی دژ بە داعش، جەنگی ڕزگارکردنی کوردستان و بانگەوازی سەربەخۆی نەبوو، ئەوەندەی شەڕی دەستەویەخە و دیفاع لەخۆکردن و شەڕی مان و نەمان بوو بەرامبەر بە ناڕەوایی هێڕشەکانی ڕاستەوخۆی  داعش بۆ سەر ماڵومنداڵی نەتەوەی کورد، کە هەمیشە تەنیا خواستیان ئەوەبووە لەسەر خاکی خۆیان ژیانێکی ئارام دابین بکەن و ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەیان بەرقەرار بێت، وێرای ئەوەش تا ئەو سات و کاتە یەپەگە توانی لەو بار و دۆخە سوودمەند بێت، وەک قەوارەیەکی سیاسی خۆی بناسێنێت، کە هەڵگری خواست و ئارەزووی مرۆڤایەتی، سیاسی، نیشتمانی و نەتەوەییە و ڕێبەری کوردانی ڕۆژئاوا دەکات. لەو دیدەوە، ئێستا قۆناغێکی دیی بۆ میللەتی کورد هاتێتە پێشێ، بەو مانایەی کە هێشتا ناسەقامگیری بارودۆخی کوردستانی لێ چاوەڕوان دەکرێت.

بەدرێژایی جەنگی سوریا و کوردستان، هەر چەند مانگێک جارێک لە ناوچەیەکی دیاری کراوی بەرەکانی شەڕدا، دەبینرا کە هەرجارێک لایەنێک یان وڵاتێک ئاڵای لایەنێکی دیی لادەبرد، ئاڵای خۆی لە شوێنەکەی دەچەقاند و سەرکەوتنی ڕادەگەیاند. ئەم جۆرە دیاردەیە زەنگێکی مەترسیدارە، دەیسەلمێنێت کە هێشتا ناوچەکە بە تایبەتی ڕۆژئاوای کوردستان و یەپەگە لەژێر هەڕەشەی ململانێکانن و هەموو لایەک دانی لێ تیژ کردوون.

ناکرێت بگوترێت کە داعش چی وەک ئایدۆلۆژیا، چی وەک هێزێکی توندڕەوی مەزەهەبی کاردانەوەی نەماوە و بۆ هەتا هەتایێ بنبڕ کرا. ئەو هێزە توندڕەوە بە لای کەمی بۆ ماوەی ٦تا ٧ ساڵ، ناوچەیەکی پان و بەرینی ٨٨،٠٠٠کم دووجای لە سوریا و عیراق داگیر کردبوو، حوکمی نزیک لە ٨میلیۆن مرۆڤی دەکرد. ساڵانە دەرامەتیان لە تاڵانی و دزی و فرۆشتنی نەوتدا بە بیلیۆنان دۆلار بوو، جگە لەوەی کە پارەیەکی زۆریشیان لەچەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە پێ دەبەخشرا، واتە خاوەن ئابووریەکی پتەون بەتایبەتی سەرانی داعش.  بێ گومان بە درێژایی ساڵانی دەسەڵاتیان لە نێو هەشت میلیۆن مرۆڤدا توانیویانە ژماریەکی باش لە خەڵک ڕێکبخەن، نواتێکیان لە نێودا دروست بکەن، بۆ سەرهەڵدانێکی دیی ئامادەیان بکەن، واتە بە دڵنیاییەوە داعش شانەی خەوتووی لە ناوچەکەدا هێشتا ماوە.

 لە ڕابردوویەکی نزیکدا داعش، لایەنگر و ئەندام و چەکداری خۆبەخشی لە ئەفغانستان، لیبیا، میسر، یەمەن، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، باشووری ئەفریقا تا دەگات بە سۆماڵ و چەند وڵاتێکی دیی هەبوو، کە بێ گومان لە ئەنجامی نەمانی داعش لە سوریا و عیراق  ئەگەری زۆرە کە وەک جاران پێگەی جەماوەرییان بەهێز نەمێنێت، بەڵام بای ئەوە ماون، هەروها ئەم دیاردەیە ئەوە دەگەیەنێت کە داعش  کاردانەوەی ئایدۆلۆژیای لەسەر خەڵکدا هەبووە، خاوەن پێگەیەکی جەماوەریی بووە، کەوا بە ئاسانی لەبەین ناچن. ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی پەنابەرانی تورکیا و سوریا و عیراق و ڕۆژئاوای کوردستان هەن. لە جەنگی شەرەڤانان دژ بە داعش سەرکەوتنی گەورە تۆمار کراوە، وێرای ئەوەش ژمارەیەکی ئێجگار زۆریان بەرەو بیابانەکان ڕایان کردوە. ژمارەیەکی زۆری دیل و زیندانی کراویان لە عیراق و سوریا و زیندانەکانی یەپەگە لە ڕۆژئاوانی کوردستان ماون. ئەو وڵاتانەی کە لە ڕابردوودا ژێربەژێر یارمەتیان دەدان، هەنوکە دووبارە بەهەمان شێوە داڵدەیان دەدەن، هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان لە مەترسیدا بێت زیندویان دەکەنەوە نمونە، تورکیا. 

 کۆمەڵێک گرفت و کێشەی سەرەکیی هەیە لە ناوچەکە هێشتا چارەسەری بنەڕەتی بۆ نەدۆزراوەتە. گرفتەکانی نێوان زلهێزە جهیانیەکان و ناوچەیەکان هێشتا لە سەرەتایە. تورکیا و ئیران و سوریا و ڕوسیا دەیانەوێت ئەمریکا لە سوریا دەرپەڕێنن بەڵام ئیسرائیل بەپێچەوانەوە. ئیران و ڕوسیا و سوریا و ئیسرائیل دەیانەوێت دەسەڵاتەکانی تورکیا لە ناوچەکە سنووردار بکەن و تورکیا سوریا بەجێبهێڵێت. دیمەشق و ڕوسیا و ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت ئیران و تورکیا لە سوریا بچنە دەرەوە.  ئیسرائیل هانی ئەمریکا دەدات بۆ ئەوەی دەست لە ئیران بوەشێنێت. تورکیا خۆی ئامادە کردەوە دوای جەنگی داعش پشکی شێری بەرکەوێت و پەلوپۆ باوێت. ئەردوغان چاوەڕێی هەلێکی گونجاو دەکات بۆ ئەوەی هەڵکوتێتە سەر کوردی ڕۆژئاوا بەتایبەتیی هێزی یەپەگە. ئەسەد چاوەڕوانە دەسەڵاتەکانی لە سوریایەکی یەکگرتوو بسەپێنێت، هێزی یەپەگە لە نێو سوپای سوریادا بتاوێنێتەوە و ددان بە مافی کورد دانەنێت. گرفتی نێوان میسر و تورکیا و قەتەر و سعودیە و ئیران لە پەڕەسەندنە.  ڕوون نییە ئەمریکا دەیەوێت لە سوریا هێزەکانی بکشێنێتەوە یان تەنیا کەمیان دەکاتەوە و هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد لە ڕۆژئاوا چۆن دەبێت. بەدەیان هێزی چەکدار و میلیشیاو گروپی چەکداری نافەرمی لە ناوچەکەدا ماون، کە هەر یەکە خواست و نیازی تایبەتی خۆیان هەیە و سەر بە وڵاتانی زلهێزی دنیا و ناوچەکەن و هێشتا هەندێکیان لە هەندێک ناوچەدا دەسەڵاتدارن.  هەموو ئەوانە ئاماژەن کە ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە هەموو لایەکیان کورد تووشی گۆڵمەزەیەکی دیی بکەن و دووبارە بیکەنەوە بە کەوا سووری بەر لەشکر.

لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە قۆناغێکی دیی هاتۆتە پێشێ کە لە قۆناغی ڕابردوو ئەرکەکەی ئەگەر لەو قورستر نەبێت ئەوە هەر وەک ئەو دەبێت و یەپەگە ئەرکێک و لێپرسراوەتیەکی مەزنتر و سەختتری مێژووی دەکەوێتە ئەستۆ.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە