بەرەو هەرێمی ئەمنستان

Thursday, 04/04/2019, 20:31

6059 بینراوە


کوردستان لەبەردەم گێژەڵوکەیەکی خێرا و کورتی سیاسی و خۆڵبارینێکی خاو و درێژخایانی ئاسایشیدایە؛ کە سەرەتا هەبوو، کۆتاییش حەتمییە،،،.
یەکێک لەو خەو و فەنتازیایەی سەری دوا پاشای ئێرانی خوارد، گەڕانەوەی خەونی ئاریامهر و دەسەڵاتی مەزنی لە دەستچووی پارس بوو، کە محەمەد ڕەزا شا لە کۆتایی کورسییەکەیدا هەوڵی بۆ ئەدا. هیتلەریش بۆ خۆبەزلزانی ڕەگەزی ئاری و ئەڵمانیای مەزن، هەم خۆی و هەم ئەڵمانیای بە فەنا و فەلاکەت برد.
ئەردۆگانیش لە خەوی بوون بە سوڵتان و گەڕانەوەی دەوڵەتی عوسمانیی کێج کەوتوەتە کەوڵی، ئەنجامەکەشی کاتی زۆری نەماوە کە چۆن خۆی و تورکیا تار و تابو ئەکات.  تا ئێرە سەرمان سام نابێت، چونکە ئەمانە دەوڵەت بوون و مێژوویەکی دەسەڵاتداری و باکگراوندێکی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتییەکی دێرینیان هەبووە، بەڵام پەرچو ئەوەیە لە پارچەیەکی بچوکی پێنج ملێۆنی عێراقێکی هەمیشە عارەقڕژ، لەباتی خەوی ئازادی و سەربەخۆیت هەبێت بۆ گەلە ژێردەستە (تاکە نەتەوەی بی وڵات لە سەر زەوی) کەی کورد، کەچی لە هەوڵی خەوی دیکتاتۆریانە کەڵەکە بکرێت لەسەرت.
لە دوا وەڵامی بارزانی بۆحەیدەر عەبادی لە مەڕ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، کاک مەسعود بارزانی نە بە ناوی سەرۆکایەتی هەرێم، نە بەناوی سەرۆکی پ.د.ک، بەڵکو بە ناوی بارەگای بارزانی بەیاننامەی دەرکرد، کە ئاماژەیە بە خەونی گەڕانەوەی دەسەڵاتی باوکی لە 1961- 1975 کاتێک کە بارەگای بارزانی دوا مەنزڵگە و مەرجەعی بڕیار بوو لە تەواوی هەرێمی کوردستانی عێراق. 
هەروەک نمونەکانی سەرەوە ئەمیش  خەو و خولیای تاکە دەسەڵاتییە، ئەگینا بارەگا ( شوێنی بار و بارکردن)، کامە دەسەڵاتی یاسایی و سیاسی هەیە لە ئێستادا، بەو مانایەش دێت؛ ئیتر لە ئێستاوە سەرۆکایەتی هەرێم و وەزیران و پەرلمان و تەنانەت حیزبیش ناخوات.
ئەم حکومەتەش کە کوڕەکەی دروستی ئەکات، بە هاوکاری ئیخوان و خانەنشینەکانی گۆڕان، هەڵپەی چەسپاندنی یاسای سەرۆکایەتییانە، بێ یەکێتی ئەیخەنە سەر ڕێ. بەڵام پێم وایە ڕۆڵی گۆڕان  لە حکومەتەکەی پارتی، هەمان ڕۆڵ ئەبێت کە پارتی لە 1970-1974 لەگەڵ حکومەتی بەعسدا بینی.
هەم ئەندامەکانی کڕان، هەم لە کۆتایشدا ڕێکەوتنامەکەی ئازار بە ئاشبەتاڵی پارتی کۆتایی هات. چونکە بە 25 کورسی دەرگای پەرلەمانیان پێداخرا، بە 12 کورسییەوە پەروباڵیان بێ دائەخەن.
خۆشە مرۆڤ وانە لە مێژوو وەرگرێت، بە 73 ساڵی تەمەنی پارتی، لە سایکۆلۆژی خێلەکی و بنامەڵەیی، هێشتا تەقەی سەرت بێت.
قۆناغی دەوڵەتێکی ئەمنی و پۆلیسی بەڕێوەییە، کە هەر هەفتەی سینارێو و بەزم و بالۆرییەکی هۆلیۆدئاسا ئەکرێت بە قوڕگی خەڵکی کوردستان، ئاخر سەرۆک وەزیرە تازەکە (دیسان بارزانی)، پسپۆرییەکەی ئەوەیە خۆ عەیبەی تێدا نییە، ئاخر نازم گوزاریش هەمان پسپۆری هەبوو.
هەم نێچروان هەمیشە وەک نێچیرێک تەڵە و داوی بۆ دائەنرێت، هەم بۆ دۆست و نزیک و هاوکارەکانی نێچیروانی(نیوە سلێمانەیی) وەک قوباد تاڵەبانی و دکتۆر بەرهەم، تیر و تانە ئەوەشێنرێت.
یەكیتی وا باشترە لەم دوو شەڕەی ماڵباتی بارزانی خۆی دووربخاتەوە:

یەکەم: فەنتازیایی گەڕانەوەی بارەگای بارزانی.
دووەم: کێشەی مەسرور و نێچیروان.

ئەگەر نەوەی نوێ  و کۆمەڵ و یەکگرتوو، وەک یەکێتی هەڵوێست وەرگرن، ئەوا دوو ساڵ نابات، حکومەتەکەی پارتی بە پاشگری گۆڕان، سەری خۆیان ئەخۆن.

کەواتە مەترسییەکان و فەنتازییەکان لای یەکێتی ڕوون و ئاشکرایە، هەر بۆیە بەشداری لە حکومەتدا نەکەن باشترە، وە لە ماوەیەکی کورتدا هەم  جەماوەرەکەی یەکێتی بەهێز ئەبن، هەم خەڵکی کوردستانیش گەمە و پلانە شاراوەکانیان بۆ دەرئەکەوێت.
لە میژووی سیاسی کورد، قەد ئەوەندە شانس نەهاتوەتە بەردەم هیچ هێزێکی سیاسی کورد، وەک ئەوەی ئێستا لە بەردەم یەكێتیدایە، کەواتە ئۆباڵی پاشەڕۆژی ئەم میللەتە لە ئەستۆی یەکێتیدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە