خواستی کۆیلە بوون ... خوود کۆیلەی

Thursday, 04/04/2019, 21:12

15007 بینراوە


زۆرکات بابەتی کۆیلایەتی بە خواستی خۆت وروژێنراوە لەلایەن فەیلەسوفەکان و نووسەرەکان و بیرمەندەکان هەریەکەیان بە شێوازێکی جیاواز ناویان لێ ناوە ، وەک (( خۆ هەڵخەڵەتاندن ، خۆگەمژەگردن، خواستی ژێردەستەی ، کەربوون ، سووک بون ،...هتد )) پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە ئایا بەڕاست خواستی کۆیلە بوون ، بونی هەیە ؟؟!

هیچ کۆمەڵگەو نەتەوەیەک هەیە کە بە خواستی خۆیان کۆیلایەتی هەڵبژێرن ؟! ، خوود کۆیلەی چۆن خۆی دەخزێنێتە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵ و بڵاو دەبێتەوە ؟؟ ئایا هیچ ڕێگایەک هەیە بۆ دەرباز بوون لە کۆیلایەتی ؟؟ لە م بابەتەدا دەمەوێت تیشک بخەمە سەر ئەم پرسیارانە و وەڵامەکانیان ...

بیرمەندی فەرانسی ( ئاتیان دولا بویسی )) لە ئارتیکڵە مەزنەکەیدا بە ناوی ( خود کۆیلەی یاخوود خوود خواستی کۆیلایەتی ) کە لە ناوەڕاستی سەدەی ١٥ دا نووسیویەتی باس لەوە دەکات کە چۆن خوود خواستی کۆیلەی خزاوەتە ناو ڕیزەکانی گەل ، کە چۆن نەخۆشی سیاسی لە ژێر سایەی دەسەڵاتدارێکی سەرکوتکەر و خۆپەرست و بەرژەوەند خواز بڵاودەبێتەوە لە نێوان چینە یەک لە دوایەکەکان ، کە نزیک دەبێتەوە لە ژؿردەستە کردنی ٥ و ٦ و ئەم پؿنج و شەشە وەک نەخۆشیەک ٦٠٠ کەس ی دەسەڵاتداری پلە باڵا تووشی گەندەڵی و ژێر دەستەی دەکەن تا دواتر ئەم ٦٠٠'' کەسە ٦٠٠٠ کەسی چین مامناوەند یاخوود بەرژەوەند خواز تووش دەکەن تا وای لێدێت هەموو بەرژەوەند خوازەکان دەگرێتەوە ئەو بەرژەوەند خوازانەی کە وەک گیانداری ((تاریگاردا )) خۆیان لەگەڵ هەموو بار و دۆخێک دەگونجێنن ...هەر بۆیە ئەو چاوانەی کە تاغوتی سەرەکی یاخوود ستەمکاری سەرەکی دەیبینێت ئەو چاوانەیە کە کۆیلەکان خۆیان بوون بە چاو ڕاستی ، ئەو دەستانەی کە لێیان دەدات و دەکەوێتە گیانیان ئەو دەستانەیە کە کۆیلەکان لە نێوان خۆیاندا هەڵی دەبژێرێت بۆ لێدانیان ، گەورەکەیان هیچ دەسەڵاتێکی نیە تەنها بەو دەسەڵاتانە نەبێت کە کۆیلە شوێنکەوتووەکانی پێیان بەخشیوە ،...

هەر بۆیە کۆیلە بوونی گەل هۆکارەکەی ئەوەیە کە خۆیان بە دەستەوە داوە بۆ گەندەڵی و قبوڵی گەمژەی کردووە .

وە ئەو کۆیلەییەی کە (( لا بویسی )) ناوی لێناوە شایەنداری گەمژەی .. بیرمەندی جەزائیری ( مالیک بن نەبی ) ناوی لێناوە شایەنداری داگیرکراوی لە پەرتووکە مەزنەکەی بە ناوی ( مەرجەکانی هەستانەوە ) کە لە ساڵی ١٩٤٨ نووسیویەتی ، کە دەیەوێت داگیرکار لە داگیرکاریەکەی تێبگەیەنێت بەوەی کە خواستی داگیرکاری بە هۆکاری داگیرکراویەوە زاڵە بەسەریدا و وە نەتوانینیان لە بەڕێوبردنی کاروباری ژیانیان بە بێ ئەو خواستە ، وە خۆیان شایەنی ئەوەش نین کە فەرمانداری خۆشیان بەخۆیان بکەن هەر لەبەر ئەوە پێویستیان بەو داگیرکاریەیە ، وای دەبینێت کە کە قابیلیەتی داگیرکاری و ڕازی بوون بە داگیرکردن بە هۆکاری ملکەچبوونێکی دورو درؿژی داگیرکراوییە ...

هەروەها لەوەشە هۆکاری ئەو سیفاتە هزریه بێت کە لە ناو گەلێکی دیاریکراو بێت یا نەتەوەیەکی دیاریکراو بە هۆکاری دۆخێکی نەخوازراوی مێژووی کە هەست بە قەرزار باری بکەن لەئاست شارستانیەتێکی پێشکەوتووتر لە خۆیان ، لە لایەکی تریشەوە ئەو گەلە خواستی داگیرکردن و بە کۆیلە کردنی هەیە گەرچی داگیریش نەکرابێت .

هەروەها علی شریعەتی نووسەری دیاری ئێرانی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئەم بابەتەی ووروژاندوە لە پەرتووکەکەیدا بە ناوی ( درک و کەربوون ) و دواتریش ناوی لێنا کەربوون کە دەستەواژەیەکەی بە کاردێت بۆ گەمژەی گەلێک کە لە لایەن دەسەڵاتدارێکەوە کەر دەکرێن تا بەلاڕێدا بیان بەن و داوای مافەکانیان و داهاتی ووڵاتەکەیان نەکەن ، کە ئەمە بە کارهێنانی مرۆڤە بە شێوازی بەکار هێنانی کەر ،...

هەروەها ئەمە هەموو بە لاڕێدا بردن و وابەستە کردنی گەلێکە بە شتێک کەلە سەرەتاوە کاری ئەو نەبووە بیکات ، تا لەو ڕؿگەیەوە دەست بگرێت بەسەریدا گەر لە ڕووکەشدا ئەو کارە بە ئیجابی بێتە پێش چاو ، بە خەیاڵ کردن و مشوش کردنی مرۆڤ رێگایەکە لە ڕێگاکانی کەربوون یا کەرکردن ، کاتێک وا لە مرۆڤێک بکەین تا بە دنیای کۆتاییەوە سەرقاڵ بێت تا دەست بگرین بەسەر دنیای ئێستایان ، 

هوونەریش ڕێگایەکە لەرێگاکانی کەرکردن بەوەی گەنجەکان هەڵبخەڵەتێنین بە هونەری دەرەکی یاخوود ڕێگا خۆش بکەین بۆ هوونەری وروژێنەری ناوخۆی لە کاتێک ئەو کۆمەڵگەیە دواکەوتووە و تینووی ئەو هونەرانەیە تا وایان لێ بکەیت دوور بکەونەوە لە سیاسەتی ناوخۆی ووڵات یاخوود دووریان بخەیتەوە لە داواکردنی مافەکانیان .

هەموو ئەم تێگەیشتنانە لێک نزیکن و لە خاڵێکدا کۆکن ئەویش لە ( گێل کردن و سووکایەتی پێ کردن ) خۆی دەبینێتەوە وەک ئەوەی لە قورئانی کتێبی موسوڵماناندا هاتووه لەسەر فیرعەون و گەلەکەی ... (( فاستخف قومه فاطاعوه انهم كانوا قوما فاسقين )) ئەم گاڵتە پێکردن و سووکایەتی پؿکردنەی گەل لە لایەن فیرعەونەوە خۆ بە زل زانین و دەسەڵاتەی کە پێی درابوو لە ئەنجامی کۆیلەی خەڵکەوە گەیشتە ڕادەیەک کە ڕوو بکاتە گەلەکەی و بڵێت ئەی کۆمەڵە ((گا ! ))هیچ خوایەکی تر نییە جگە لە من هیچ دەسەڵاتێک نیە جگە لە دەسەڵاتەکانی من ..

بیرمەندی میسڕی و دامەزرێنەری فکری برایانی موسوڵمان ( سید قطب)) لە پەرتوکەکەیدا بە ناوی ( فی ظلال القران ) بۆ مان ڕوون دەکاتەوە کە گاڵتە پێکردن و هەڵخەڵەتاندن و سوکایەتی پێکرنی گەل لە لایەن دەسەڵاتدارە سەرکوتکەرەکان شتێکی سەرنج ڕاکێش و نوێ نیە ، کاری ئەم دەسەڵاتدارە تاغوتانە ئەوەیە کە خەڵک دا دەبڕێنن لە هەموو ڕێگاکانی دەست کەوتنی زانست و زانیاری دواتر ڕاستیەکانیان لێ دەشارنەوە تا بیریان دەچێتەوە بە دوای چیدا گەڕاون و خواستی چییان هەبووە و لە گەڕان دەکەون ، دواتریش فەرماندارەکانیان یاخوود سەرکردەکانیان بە ڕکێفی خۆیان دوور لە چاو و گوێ و هەستی خەڵک بەردەوامی بە کارە چەپەڵەکانیان دەدەن و بەردەوامی بە گەندەڵی و سەرکوتکردن ...

تێبینی : هەر سەرکوتکردنێک سیناریۆیەکی خەیاڵ بەر و هزر بەر بە دوای خۆیدا دێنێت کە وا لە گەل دەکات بیری بچؿتەوە ڕووداوە سەرە کیەکە چی بووە ...
بە نموونە شهید کردنی زەردەشت و سۆران و ١٦ ئۆکتۆبەر و شەنگال و ٣١ ئاب و ٦٦ هتد ... کە هەر یەکێک لەو ڕووداوانە سیناریۆیەکی بۆ داڕێژراوە کە ڕووداوە سەرەکیەکەی لە بیری کۆمەڵگا بردۆتەوە ...

واتای تێگەیشتن لە خوود کۆیلەی هەرچۆنێک بێت ئەوە بزانە کە خاڵێکی لێکچوو هەیە کە سەرکردە سەرکوتکەرەکانی پێ دەناسرێتەوە ،'' ئەویش ئەوەیە کە گەلەکەیان دەچەوسێننەوە و هەوڵدەدەن کە کۆیلەیان بکەن گەر سەرکەوتوو بون لەو قۆناغەدا ئەوا پلانی سەرەکیان سەری گرتووە ئەویش بناغە دانانە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان تا بەردەوامی بەو سەرکوتکاریە بدەن و لەهەمان کاتیش گەل نەوەیەک درووست دەکات کە نازانؿت ئازادی چیەو هەوڵیشی بۆ نادات بگرە کۆیلەیەتیەکە بە ئەرک دەبینێت ...(( بەناو سەرکردەکان و گەلی کوردستانی باشوور بە نموونە )) ''.

ئەمە ئەو خاڵە جەوهەریەیە کە(( لا بویسێ )) ، ٥٠٠ ساڵ پێش ئێستا لێی دواوە و دواتریش فەیلەسوفی میسڕی (( ئیمام عبدالفتاح ئیمام )) لە پەرتووکی (( طاغیة )) لە سەری دواوە کە دەڵێت هەموو سەرکوتکەرێک هەموو ڕێگاکان دەگرنە بەر بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و مانەوەشیان لە دەسەڵات بە نایاسایی دەبێت بەبێ ئەوەی ڕەچاوی یاسا و دەستوور بکەن و هەموو داهاتەکانی ووڵات بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی و خانەوادەکەی بەکاردەهێنێت ، هەرگیز خۆی ناچەمێنێتەوە و ملکەچی بابەتی لێپرسینەوە و چاودێری نابێت ، نزیک دەبێتەوە لەوەی کە خۆی بە تەنها گەورەو سەروەر بزانێت و هەندێک کات خۆی بە خوا دەزانێت ، هەردەم ئەم کەسایەتیانە کەسی کاسە لێس و بەرژەوەند خواز لە خۆی نزیک دەکاتەوە و کەسە ڕاستەکان و کەسە پاکەکان و کەسە پسپۆڕەکان دوور دەخاتەوە لە هەمان کاتیش گاڵتەجاڕی بە گەل دەکات و دەیان چەوسێنێتەوە و هەردەم کۆمەڵێک سیناریۆ درووست دەکات کە گەل پێویستی بەو بێت و وا لە(( گەل ! ))دەکات کە ببن بە کۆیلەی و گەلیش بیر لەوە ناکاتەوە کە ئەم کەسایەتیە هەڵبژێردراوی خۆیانە و هەر خۆشیان توانایان بەسەریدا هەیە کە لای ببەن بە هۆکاری ئەوەی گەل ی وا لێکردووە کە تەنها سەرکردە و تەنها کەس ئەو کەسایەتیەیە و جگە لەو کەس فریاد ڕەسیان نیە کەس نیە مەشخەڵی ڕووناکردنەوەی ڕێگای ژیانیان بە دەستەوە بگرێت بێ ئاگا لەوەی کە ئەو کەسایەتیە بچوکترە لە نەزانترین کەسی کۆمەڵگا .

'' نموونەی زیندووش مسعود بارزانی و کوڕەکانی و خانەوادەکەی بە گشتی . 
جلال تاڵەبانی و کوڕەکانی و خانەوادەکەی بە گشتی '' .

لە کۆتایدا ئەوە ماوەتەوە بیڵێین کە کۆیلەیەتی ناکرێت و نابێت خوود خواست بێت لەبەر ئەوەی لەگەڵ سرووشتی مرۆڤ خۆیدا ناگونجێت بە هۆکاری ئەوەی مرۆڤ تەنها زیندەوەرە کە هەموو جۆرەکانی هەستی هەیە بەوەی بە ئازادی و بە خۆشەویستی و بە ڕقەوە لە دایک ببێت و گەورە ببێت ، ئەوەی کە هەیە کۆیلەیەتی زۆرەملێیە کە ئاخۆ لە ڕێی زۆر لێکردن بێت یاخوود هەڵخەڵەتاندن یا بێ ئاگای کردن کە وا لە گەل دەکەن کۆیلە بن ، گەر گەلێک بێ دەنگ بوو لە کۆیلایەتیەکەی لە کاتی بەکارهێنانی زەبرو زەنگ لەسەری هەرچەند ئەو زەبر و زەنگ و چەوساندنەوەیە زۆر بێت دڵنیابن کە ئەو کۆیلایەتیە بەردەوامی نابێت و و ساتێک دێت کە بتەقنەوە لە بەرامبەر ئەو تاکە کەسەدا و بە سزای خۆی بگەیەنن ، تەتها لە یەک کاتدا نەبێت ئەویش ئەوەیە کە گەل لەلایەن ئەو کەسە نەزانەوە بە جۆرێک کۆیلە کرابێت و هەڵخەڵەتێندرابێت کە گەل سیفاتی مرۆڤ بوونی خۆی لە دەست دابێت و سیفەتی ئاژەڵ و کەربونی گرتبێتە خۆ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە