دزەیی بی یان دڕەیی،هەر ئەوەیت کە هەی

Thursday, 04/04/2019, 21:29

32821 بینراوە


هۆمەر دزەیی وەك کاری هەمیشەیی خەریکی ماستاو کردنە نەك تەنها بۆ جەلال تاڵەبانی کاتێ زیندوو بوو، وا ئێستا خەریکی هەمان شتە لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق(بەرهەم ساڵح) بەوەی ئەرکی خەرجی –پەی(کەری)ەکەی خستۆتە ئەستۆی خۆی و بە یارمەتی بابەکر دڕەیی بەڵایەکی تریان لەشاری سلێمانی ، قووت کردەوە بەبێ ئەوەی خەڵکی ئەم شارە هیچ گەرم  و گووڕیەکی بۆی هەبوبێ. ئاخر خۆ لەخۆڕا نیە خەڵکی چارەی ئەم بەناو هۆمەرە چاوچنۆکەیان ناوێ کە دوای ئەو هەموو ساڵەی لە ئەمریکا و تێگەیشتنی بۆ ژیانی ڕۆژئاوا کەچی هیچ پێی شەرم و نەنگی نیە و ئەوەی پێوستە بدرایە بە خەڵکی هەژار و ئەنفال و قوربانیانی هێرشی کیمیایی و پێشمەرگەی کەم ئەندام،ئەم برسیە بۆ پارە و دۆلار و ڤێلای بەلاش ئەڵێ؛ بەڵێ مام جەلال لە دێی –سیتەك- ٥ دۆنم زەوی پێدام و کردی بە خانوو و ئوتۆمۆبێلێکی پێ بەخشیم.

ئەم هۆمەرە گچکە لە کەسایەتی کە سەرو ژێر زمانی کورد و کوردستان و نەتەوەی کوردە نەهات بڵێ باشە مام جەلالێك کە خۆی ووتەنی کاتێ بمرین ئەبێ شارەوانی بمان نێژن ئەم هەموو زەوی و پارەیەی لە کوێ هێناوە تا وەك نوقڵ و گەزۆی شەوی بەرات بەسەر ئەم و ئەودا ، بیبەخشێ! ئێ نابێ بڵێ زۆر سوپاس من پێوستم پێی نیەو بیدەن بەیەکێ لەمن زیاتر لەم کوردستانە خزمەتی کردبێ! یان ئەمانە کوردستان وەك کەلاکێکی  تۆپیو ئەبینن و وەك داڵە کەر خۆرە هەریەکەو بەشێکی لێ ئەبا. بەداخەوە میلەتان هونەرمەندانیان و سەرمایەداریان هەرچی هەیانە لە ڕێگای کاری خێرخوازی و خۆبەخشیەوە سەرفی ئەکەن، کەچی ئەوانەی لای ئێمە بەهیچ شتیك پڕ نابنەوە و لەوەش خۆشتر ئەوەیە ئەڵێ ؛ئێمە بەگزادەین و هەرجی موڵك و ماڵمان هەبوو هی دزەییەکان بوو. باشە کاکی دزەیی ئەگەر چی ئەوەی هەتان بوە هەموویتان هی دزیی بوە و ڕەنگە دزەییش هەر لە پەسنی(وەسف) دزیی هاتبێ، هەر بۆیە تێرخواردنتان نیە و دوای ئەوە هەموو موڵك و پارەی ئەمریکاتان چونکێ سواڵکەر ئاسا هیچ شتیك بەشتان ناکا ئاواش هەرچی جەلال تاڵەبانی دزیوێتی و ئەیدات بەتۆ، تۆش هیچ لاریت نیە و لرفی لێ ئەدەی.

کورد ئەڵێ(مەنجەڵ گەڕا سەرقاپی خۆی دۆزیوە). هۆمەر دزەیی ماستاو بۆ کەسێکی وەك بابەکر دڕەیی ئەکا و ئەڵێ ئێمە شتێکی ڕۆحی لەنێوانمادا هەیە ئەویش؛ گەر ئەو پیتی (ڕا)کەی بگۆڕێ بە(زا)کەم من ئەوا ئەبێ بە بابەکر دزەیی و منیش ئەبم بە هۆمەر دڕەیی. لەڕاستیدا هەرواشە هەردووکتان یەك مەعدەنن ، ئەوەتا بابەکر دڕەیی بە چەپکە گوڵێکەوە ئەچێ پێشکەشی پیرێژنە هێرۆی بکات و کەچی هێرۆ لەبەریشی هەڵناسێ و حسابی توورێکی قوڕاوی بۆ ناکا. بەهەمان شێوە هۆمەر لەکاتی نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی چەند هەوڵی دا نان و پیازێك بەو حاڵەی تاڵەبانیەوە بخوا، نەیان هێشت و ئەوەندەی تر سووکیان کرد.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە