فەیسبووکەچیرۆك (بەشی یەکەم)

Saturday, 04.06.2019, 19:29

3781 بینراوە


گومانی تیادا نییە، کە سەدەی بیست و یەک، سەددەیەکە ژیان تیایدا ئاڵۆزە و مرۆڤ هەردەم هەڵپەدەکات بەدوای کاری رۆژانە و بژێوی ژیاندا، کار گەیشتۆتە ئەوەی کات بەشی ناکات، کورد واتەنی ( مرۆڤ کاتی نییە ، سەری خۆی بخورێنێت ) .
تەکنۆلۆژیا بەتایبەتی (ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و مۆبایل)، کارئاسانییەکی باش لە هەمو بوارەکانی ژیاندا (ئابوری / کۆمەڵایەتی/ سیاسی/ سەربازی / فەرهەنگی) دەکات بۆ مرۆڤ.
فەیسبووک یەکێکە لە بەرفراوانترین تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە جیهاندا، هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بە بێ جیاوازی دەتوانن بەکاری بهێنن، لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بێت یان مۆبایل.
یەکێک لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکانی فەیسبووک ، سەرهەڵدانی گێڕانەوەی بەسەرهاتی رۆژانەو ، کارەساتە سروشتییەکان و بیرەوەرییەکانی مرۆڤە بەشێوەی کورت و هەندێک جار تاڕادەیەک درێژ ،،بەشێوەیەکی سادە و رەوان دور لە خەیاڵ و ئەندێشە، کەسێک لە قاڵبێکدا دایدەڕێژێت تاڕادەیەک نزیکە لە کورتە چیڕۆک ، بەڵام هەمو بنەما سەرەکییەکانی کورتە چیڕۆکی تیادا نییە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، دەکرێت ناو ببرێت بە فەیسبووکە چیڕۆک.
مۆبایل تەرزێکی (مۆدێلێکی) نوێی لە بواری شیعردا هێنایە ئاراوە، کە ناو دەبرێت بە مۆبایلە شیعر، دەکرێت فەیسبووکە چیڕۆکیش ببێتە دەستە خوشکی مۆبایلە شیعر.

تایبەتمەندییەکانی فەیسبووکە چیڕۆک.
١/ زادەی روداوە ئانی و ساتییەکانە ، دەربڕین تیایدا واقعییە و دورە لە خەیاڵ و ئەندێشە.
٢/ وشەی سادەوساکاری تیادا بەکاردەهێنرێت، زوو مەبەست دەدات بەدەستەوە، بۆ تێگەیشتنی پێویست بە بیرکردنەوەی قوڵ ناکات، مرۆڤ بە ئاسانی لێی تێدەگات و مێشکی پێوەی ماندوو نابێت.
٣/ زمانێکی سادەو رەوانی تیادا بەکاردێت دور لە زاراوەی قەبە و قورسی ئەدەبی ، هەر ئەمەشە وایلێدەکات لە کاتی وەرگێڕانیدا بۆ سەر زمانی دووەم ، شارەزاییەکی زۆری زمانەوانی پێویست نەبێت.
٤/ مۆرکی ناوچەیی و شێوە زاری لۆکاڵی تیایدا رەنگ دەداتەوە.
٥/ کاریگەریی کلتووری نەتەوە جیاوازەکانی پێوە دیارە.
٦/ پابەند نییە بە خەسڵەتە بنچینەییەکان و بنەماکانی چیڕۆکەوە ، تا راددەیەک سەربەستە ، ئەمەش کارێکی ئاساییە ، هەروەک چۆن لە شیعردا پابەند نەبون بە کێش و سەرواوە ئاساییە.
٧/ کورت، یان تا راددەیەک درێژدەبێت ، ئەمەش دەوەستێتە سەر ، بابەت و سەلیقەی ئەو کەسەی دەینوسێت.
بفەرموون لەتەک دوو فەیسبووکە چیڕۆک:

سەرە سۆدە.
مێزی کۆمپیوتەرەکەم، لە تەنیشت پەنجەرەی ماڵەکەمە بەسەر باخچەیەکدا دەڕوانێت، ناو بەناو سەیری ئەو باخچەیە دەکەم، زۆربەی ئێواران، پیاوێکی پۆشتەو پەرداخی تەمەن ٦٠ بۆ٧٠ ساڵ دەبینم، سەرەسۆدە و شوشەی بەتاڵ کۆدەکاتەوە و دەیخاتە زبڵدانێکەوە، ئەمە بوو بوو بە مەراق بۆ من، ئەو پیاوە بۆ وا دەکات ! لەگەڵ خۆمدا دەمگووت کە گوناحە لەوانەیە لەبەر تەنیایی تێکچووبێت، ئەمڕۆ خۆم بۆ را نەگێرا ، دابەزیمە خوارەوە بۆ لای، ئەم دیالۆگە دروست بوو:

- سڵاو.
- سڵاو بەڕێزم.
- بۆ تۆ سەرەسۆدە و شوشەی بەتاڵ کۆ دەکەیتەوەو ، دەیخەیتە ئەو زبڵدانەوە ؟ - لەوە دەچێت بە شیتم تێبگەیت ! من مامۆستا بووم و ئێستا خانەنشینم، پاک و خاوێنی ئەم باخچەیە رادەگرم لەم رێگەیەوە ژینگەی وڵاتەکەم دەپارێزم، لەوە ناچێت تۆ دانیمارکی بیت .. خەڵکی کوێیت؟
- کوردستان.
- کام پارچەی کوردستان؟
من. بێدەنگیم هەڵبژارد ، کە وەڵامم نەدایەوە ، دور نییە بە شێتی زانیبێتم ، گەڕامەوە بۆ شوقەکەی خۆم بە تەنهایی بۆ خۆم و، وڵاتەکەم گریام.

...........

هەلی کار.
ماوەیەک بوو هاوسەرەکەی گیانی لە دەست دابوو، لەتەک کچە حەوت ساڵییەکەیدا ژیانی بەسەردەبرد.
ژیانی سێگۆشەیەکی یەکلابوو ، ماڵ - خوێندنگەی منداڵەکەی - کتێبخانە.
رۆژێک لە تابلۆی ئاگاداری کتێبخانە، چاوی بەم ئاگادارییەی خوارەوە کەوت:

ئاگاداری.
من، پیاوێکم، خاوەنی سەرتاشخانەم، کوڕوکچێکی حەوت ساڵان و هەشت ساڵانم هەیە.
پێویستم بە کەسێکە، منداڵەکانم ببات بۆ خوێندنگە و بیانهێنێتەوە و ئاگاداریان بێت تا دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە.

ناو .................

ناونیشان ............

..............

ژمارە تەلەفون ........
پاش خوێندنەوەی ئاگادارییەکە، بزەیەکی بۆکرد، ئەو ناونیشانە کۆڵانەکەی ئەودیوی ماڵی خۆمانە، ئەو ئیشە زۆر چاکە بۆ من.
دەستی کرد بە جانتا دەستییەکەیدا، سویچی ئۆتۆمبیلەکەی دەرهێنا و سلفی لێدا و بەرەو خوێندنگەی کچەکەی کەوتە رێ.
لە رێگەی گەڕانەوەدا بۆ ماڵەوە، بۆ کچەکەی گێڕایەوە، ئەویش بە پێکەنینەوە وتی:
منیش دەبم بە هاوڕێ ی منداڵەکانی.
هەر ئێوارەی ئەو رۆژە، دوای نانخواردن، زەنگی بۆ ژمارەکە لێدا.
بەڵێ فەرموو.
ئاگادارییەکی واتان بڵاوکردۆتەوە.
بەڵێ راستە.
ئەو ئیشە بۆ من گونجاوە، ئەگەر ئێوە رازی بن.
بۆ، نا، لەگەڵ سوپاسدا، سبەینێ کاتژمێر .... وەرە بۆ دوکانەکەم تا زیاتر باسی لێبکەین.
بۆ رۆژی دواتر، لە کاتی دیاریکراودا گەیشتە شوێنی مەبەست، پاش بیست خولەک لەسەر جۆر و کاتی ئیش و موچە رێککەوتن.
رۆژ بە رۆژ کچەکەی و کوڕ وکچی خاوەن کارەکەی زیاتر هۆگری یەکتری دەبوون.
هەمویان پێکەوە دووجار چوون بۆ ( تیڤۆلی - شاری یاری) و ( زۆلۆجیسک هێو - باجچەی ئاژەڵان ) . ناو بە ناو شەممان لە قاوەخانە بە جوتە بە یەک دەگەیشتن.
دوای تێپەڕبونی ساڵڕۆژی لە دایکبوونی هەمویان ، رۆژێکیان پیاوەکە وتی، خۆت دەزانیت ڤێلاکەی من چەند گەورەیە، جێگەی هەموومانی تێدا دەبێتەوە، ئیتر تۆ بۆ ئەو کرێخانوە زیادەیە دەدەیت.
ئەویش وتی، دوو رۆژ مۆڵەتم بدەرێ بیری لێبکەمەوە.
ئێوارەی سێیەم رۆژ، هەموویان پێکەوە لە هۆڵی ڤێلاکە نانیان دەخوارد.




(دەنگدراوە: 1)