مەلا مستەفا .. بەنداوى دوکان ئەتەقێنێتەوە!

Tuesday, 09/04/2019, 16:15

15222 بینراوە


مێژوى مەلا مستەفا و بنەماڵەى بەرزانى ، ڕوخاندن و کاولکاریە نەک دروستکردن و بنیاتنان ، مێژویەکى لێوارنڕێژ لە غەدر و خیانەت و ئەمەش لاپەڕەیەکى ڕەشترى ئەو بنەماڵەیەیە و دیکۆمینتە و بوارى هیچ لێکدانەوەیەکى جیاواز هەڵناگرێت ، پاش ئەو ڕاپەڕینەى کەخەڵکى ستەمدیدە و بەشمەینەت سوتو و خۆراکى بوو ، سەرشۆڕانە جەلال تاڵەبانى  بنەماڵەى بەرزانى لە شارى کەرەجى ئێرانەوە  هێنایە سەر خوانى حازرى ڕاپەڕین . ئیتر هەردوو حیزب کەوتنە تاڵان و بڕۆ و دزینى سامانى گشتى و بانک و ئامێر و فەرمانگە حکومەتیەکان و لەماوەیەکى کەمدا گەورەترین قەیرانى ئابوریان بەسەر خەڵکى کوردستاندا هێنا . یەکەم ئیشى مەسعود بەرزانى فرۆشتنى کەرەستە و کەلوپەلەکانى بەنداوى بێخمە بوو بە عومەر ئاغاى سورچى بەملیۆنێک دۆلار و ئەویش فرۆشتى بەئێران و ئێرانیش بۆ بەنداوى ئەو ڕوبارانەى بەکارى هێنا کە ڕاڕەوى ئاوەکانى بەرەو هەرێمى کوردستانە . 
بەنداوى بێخمە
  بەنداوى بیخمە  ئەکەوێتە پارێزگاى هەولێرو ناحیەى خەلیفان و لەسەر زێی گەورە لەساڵى ١٩٧٩ وە دەست بەدروستکردنى کرا لەگەڵ ئەو دۆخى قەیران و جەنگەى کەعێراق پێیدا تێئەپەرى ئیشکردن تییدا بەردەوام بوو هەتا ساڵى ١٩٩٠ و بەهۆى سزاکانى   UN لەسەر عێراق پرۆژەکە وەستێنرا و لە 35  % تەواوکرا ، ئەمە پرۆژەیەکى ستراتیژى گەورە بو لەڕوى قەبارەى ئاوى خەزنکراوو وە ئەو بڕە کارەبایەى لێیبەرهەم ئەهات و سامانێکى ئاوى گەورەش بوو ، هەتا ئێستاش مەسعودى بەرزانى ڕێگرە لە بنیاتنانەوەى ئەم بەنداوە و لەگەڵ ئەوەى حکومەتى عێراق زۆر هەوڵیداوە و بوجەى بۆتەرخانکردووە و ئاستى ئاوەکەش بهێنرێت خوارترەوە .
بەنداوى دوکان
 
 لەبەر ئەوەى ئێستا لە سۆشیال میدیادا زانیارى پێوویست لەسەر ئەم بەنداوە لەبەر دەستدایە بە پێویستى نازانم ئاماژەى پێبدەم ، ئەوەى کەمایەى تێرامانە ئەم بەنداوە نزیک بوو لەتەقاندنەوە و وێرانکردنى لەجەنگى ناوخۆیى جوت حیزبى جوت بنەماڵەوە ، لەگەرمەى ئەو جەنگەدا مەسعود بەرزانى لە شارۆچکەى دوکان ئەیوت ئەمە شەڕى ئەخلاق و بێئەخلاقیە ، بەشێک لەو ئەخلاقەى مەسعود باسى ئەکات خاپورکردنە و بزانین باوکى رەحمەتى چ شۆرە سوارێک بووە لەو بوارەدا .
 ڕۆژنامەنوسى ئیسرائیلى  شلۆ نەکدیمۆن کتێبێکى نوسیوە بەناوى ( موساد لە عێراق و ولاتانى دراوسێ ) و لەلایەن بەڕێز ڕەهەند عبدالغفور بۆ زمانى کوردى وەرگێڕدراوە و لەساڵى ٢٠١١ چاپکراوە و بەقەبارەیەکى مام ناوەندى ٤٢٧ لاپەڕەیی نوسەر لەپێشەکیکەیدا و ئامانجى وەرگێرانەکەى ئەمەیە : 
بەبەڵگەوە سروشت و ئالیەتى پەیوەندى ئیسرائیلى کوردى دەخاتە ڕوو ، ئامانجى من لە وەرگێرانى ئەم کتێبەدا ڕونکردنەوەى لایەنە تاریکەکانى ئەوە پەیوەندییە و کەمکردنەوەى قەبارەى ئەو ستەمەیە کەلە بارزانى دەکرێت   ( مەبەستى مەلا مستەفایە ) . بەمەدا وەرگێڕ بوارى بۆ هیچ تانەیەک نەهێشتۆتەوە کەلەم کتێبە بدرێت ، منیش هەوڵئەدەم لەدوو توێی ئەم نوسینەوە بە شێکى زۆر بچوکى ئەو ستەمە بخەمەڕوو مەلا مستەفا دەرحەق بەوێرانکردنى ژێرخانى ئەم کۆمەلگایە کردویەتى و ویستویەتى بیکات .
( دان زیف ) ئەفسەرێکى ئیسرائیلیە و ئیسرائیل بۆ عێراق ى ئەنێرێت هەتا ئەو فڕۆکە ڕوسیانەى لەجۆرى    ( میک ) ن کەلە فڕۆکەخانەى کەرکوکن بتەقێنێتەوە لەبەر ئەوەى کەڕێژەى سەرکەوتنى پرۆسەکە کەمە ، لە ئیسرائیلەوە داواى لێئەکەن کەئەرکێکیتر جێبە جێبکات و ئەویش بەنداوى دوکان بتەقێنێتەوە . 
  لە کۆتایى ئایارى ساڵى ١٩٦٩ پیلانەکە تاوتوێکرا و مەیدانى سەردانى شوێنى مەبەستیکردووە کەشفیکردووە ، ئەو ئەفسەرە ئیسرائیلیە و عەزیز عەقراوى سەرپەرشتى پلانەکە ئەکەن ، پلانە ئاوەها بووە کە لەهێرشێکى غافڵگیرى شەوانەدا و بە سێ هێزى ( کەتیبە ) پێشمەرگە و پاڵپشت بەدوو هێزیتر بە تۆپهاوێژ و دۆشکەوە بەنداوەکە داگیر بکەن و بیتەقێننەوە .
ئەفسەرە ئیسرائیلیەکە و عەزیز عەقراوى و ئەفسەرێکى ساواکى ئێران بەناوى پەهلوان ئەچن بۆ دیدارى مەلا مستەفا و هەتا ڕەزامەندى وەربگرن و بەرزانى بەگرنگیەوە گوێی بۆگرتن و ڕازیبوو . دواى ئەوەى پلانەکە دائەڕێژرێت و جێبەجێکردنى ئەخەنە دوایى وەرزى دروێنە ، ئەو هێزەى کەبۆ ڕێگرتن لەوەى کەسوپاى عێراق هێزى سەربازى پاڵپشت ڕەوانە بکات لەلایەن سوپاى عێراقەوە تەفروتونا ئەکرێت و پلانەکە شکست ئەهێنێت ، بڕوانە لاپەڕە ٣٠٤ و دواتر .
  سەرانى بزوتنەوەى چەکدارى کورد لە مەلا مستەفاوە هەتا ئەگاتە یەک بەیەکى ئەوانیتر بێجگە لەماڵوێرانى و کاولکارى بەکوشتدانى ڕۆڵەى هەژار و بەشمەینەت هیچ بەرهەمێکیان نەبووە ، لەکاتێکدا مەلا مستەفا ڕەزامەند بووە بەتەقاندنەوەى بەنداوى دوکان بەڵام لە زێدى خۆى و لەناوچەى بەرزان لە ساڵى ١٩٦٣ وە دور لەشەڕ و کوشتار بووە و خەڵکى دەڤەرەکە ژیانى ئاسایی خۆیان بردۆتە سەر بەهۆى پەیوەندى دەست تێکەلاوکردنى شێخ ئەحمەدى بەرزان لەگەڵ حکومەتى ناوەندا .
  ئینسان لە سادەیى و سۆزى بیبناغەى هەندێک بەرامبەر ئیسرائیل نیگەران ئەبێت ، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە بێجگە لەزیانى کوشندە هیچیترى بۆ میللەتى کورد نەبووە و هەوڵى تەقاندنەوەى بەنداوى دوکان نمونەیەکیەتى ، بەدترین و خراپترین کارێک کەئیسرائیل دژ بە میللەتى کورد بەتایبەتى کوردستانى عێراق ئەوەیە کە هەوڵیداوە پایەى بنەماڵەى بەرزانى بەهێز و تۆکمە بکات و ئەزانێت هەتا ئەم بنەماڵەیە هەبێت مەحاڵە کورد بەئامانجى بگات لەبەر ئەوە لە سالى ١٩٦٤ وە دەزگاى پاراستنى بۆ پارتى دروستکردووە و خولى سیخوڕى لە ئیسرائیل بۆکردونەتەوە . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە