من وا بیردەکەمەوە و بڕوام پێیەتی (1)

Sunday, 04.14.2019, 14:32

3455 بینراوە


ئەوەی لە باشووردا هەیە، سیستەم و دەسەڵاتی سیاسییی نییە
-------------
جیاوازیی و جیاکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر گرنگ هەیە له‌ نێوان سیسته‌می سیاسیی و ده‌سته‌ڵاتی سیاسییدا، بە تایبەتی له‌و شێوه‌ حوکمڕانییەی کوردستان، وای لێهاتووە وه‌ک چمکێکی پێکه‌وه‌ نووساو لە یەکتر جیاناکرێنه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ بە هەڵەش زۆربەی کەس تێگەیشتنیان بۆ جیاوازییەکانی نێو سیستەمی سیاسیی و دەسەڵاتە سیاسییەکەی باشوور هەیە، لای زۆربەی روناکبیر و خوێندەوارەکانیش لێکدانەوەیان له‌سه‌ری نه‌کردووه‌ و هەروا به‌سه‌ریاندا تێپەڕیوە.

سیسته‌می سیاسیی: واته‌ پایه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌وڵه‌ت بوون، وه‌ک ده‌ستور، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌کان، دیارییکردنی ڕۆڵ و ئه‌رکی سیاسیی ده‌زگا حکومی و مه‌ده‌نییه‌کان.
ده‌سته‌ڵاتی سیاسییش: واتە هه‌ر سێ ده‌زگای بڕیادان، جێبه‌جێ کردن و یاسا،‌ که‌ به‌پێی سیسته‌مه‌ سیاسییه‌که‌ سنور و ئاڕاسته‌کانیان دیاری ده‌کرێت.

لێره‌وه‌ ده‌توانین پێناسه‌ی هه‌ر کۆمه‌ڵ و ڕێکخراوێکی مه‌ده‌نی و ده‌زگایه‌ک بکه‌ین، که‌ ده‌توانێت کارابێت یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سیسته‌می سیاسییمان نه‌بێت، ئیتر به ‌چ پێوه‌رێک ده‌توانین باس له‌ ئه‌رک و چالاکیی ڕێکخراوێکی سه‌ربه‌خۆ، یان پارله‌مان و حکومەتیش بکه‌ین؟
ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا هه‌یه‌، بریتییە لە سیسته‌می سیاسیی خێڵ‌، کە له‌سه‌ر بنه‌ماکانی خێڵایه‌تی دروستبووە و ئەو په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییانە به‌ڕێوه‌ ده‌بات، جا له‌و فه‌زایه‌دا هه‌ر رێکخراو و چالاکییەکی سیاسیی و مەدەنی دیکە دروست ببێت، ته‌نیا دوو ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌مدا ده‌مێنێته‌وه‌:
یەکەمیان: ئەوەیە، کە دەبێت ببێته‌ زۆڕناژه‌ن و جامخانه‌ی حیزبی خێڵ و بنه‌ماڵه‌.
دووەمیان: یان ئه‌وەیە خۆی ته‌رخان بکات بۆ ململانێ و ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ڕانه‌ی له‌ لایه‌ن ڕژێم یان سیسته‌می سیاسی خێڵه‌وه‌ دێنه‌ به‌رده‌م.
من پاڵپشتی هیچ کامێکیان ناکەم و سه‌باره‌ت به‌ ڕێگه‌ی یه‌که‌میان، زۆر ده‌مێکه‌ ئێمە دیوارێکی تۆکمەمان لە‌ نێوان خۆمان و بنه‌ماڵه‌ و حیزبه‌کاندا دروست کردووە و هێڵی ستراتیژیی خۆمان کێشاوە.
هه‌رچی ڕێگه‌ی دووه‌میشه‌، ئه‌وه‌ به‌لای منه‌وه‌ ململانێکردن و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ به‌ جیابوونه‌وه‌ و یه‌کگرتنه‌‌وه‌ی کاری رێکخراوەیی سیاسیی و مەدەنی، ئەویش به‌ر ڕێکخراو و کاری دیکەیەوە، تەنها ئەوەیە، دروشمی کۆتاییهێنان به‌ جۆری حوکمڕانی خێڵایه‌تیی دەبێت بهێنرێت، ئەو ئامانجەش خه‌باتکردنه‌ بۆ هێنانه‌دی سیسته‌می سیاسیی مۆدێڕن و دیاریکردنی په‌یوه‌ندییه‌ سیاسییه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا‌ی کوردیی.
بە کوردییەکەی خەباتکردن بۆ دروستبوونی رێکخراوێکی سیاسی رادیکاڵ، کە خەبات بکات، تا کۆتایی بە دەسەڵاتی خێڵ و بازرگانیکردن بە نەوت و خوێن و نیشتیمان بهێنێت.




(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 4.5/5)