ئەو رۆژگارانەی کە کوردیان بەم رۆژە گەیاند

Friday, 19/04/2019, 10:48

12940 بینراوە


 کۆمەڵگای کوردیی لە باشوور، مەرج و گرێبەستی لەگەڵ رێکخراوە سیاسیی و سەرکردەکانیدا نییە، نەبوونی ئەو گرێبەستە بۆتە هۆکاری ئەوەی، کە دوژمن و داگیرکەران بۆ خۆیان هاتوون لە ناو کورددا رێکخراوی سیاسییان لە پیاوەکانی سەر بە (خۆیان)بۆ دروست کردووین، یارمەتیی و پشتگیرییان لێدەکەن، جاسوس و خائینەکانی ناوخۆمانیان کردووە بە رابەر و سەرکردە، کەسانی بێتوانا و نەزان، دز و پیاوخراپیان کردووە بە سیاسیی و بەرپرسمان. لە ناو کۆمەڵگایەکی ئاوادا، کە پڕە لە پیاوی بچوک و چەماوە، هەڵبەت ئەو مەرجەیان نابێت، تا لە هەڵبژاردنی سەرکردەی لێهاتوو و رێکخراوێکی سیاسیی کە بۆ خواستەکانی خەڵکەکەی خەبات و تێکۆشان بکات. ئەو خەڵکە نەفام و بچوکانەش تا ئەو کاتەی سەر بەرزدەکەنەوە و بەشێک لە راستییەکان دەبینن، کاتی وشیاربوونەوەی درەنگ دەبێت، بینینیش بۆ ماوەیەکی کورتە، بیرکردنەوەی مێشکیان تەنیا بەشی ئەو ماوە کورتە دەکات، کە ناتوانێت شەڕ لەگەڵ کاتدا بکات و بۆڕی بداتەوە.

مەکسیکییەکان وتەیەکی جوانیان هەیە، دەڵێن: ماڵ بە پارچە زەوییەک دروست نابێت، بەڵکو بە بوونی ئافرەت. ئەگەر ئەم قسەیە شی بکەینەوە، دەتوانین ئەو پەندەی لێوەربگرین و بڵێین دەوڵەتێک بە تەنیا بوونی نیشتیمانێکیش دروست نابێت، بەڵکو بە بوونی گەل و خواستی نەتەوەیەک. ئاواش هەموو نەتەوەیەک ناتوانێت دەوڵەت لەسەر خاکی خۆی دروست بکات، ئەگەر مەرجی تەواویی نەتەوەبوونی تێدا نەبێت، ئەو مەرجەش پارتەکان لە کوردیان سەندۆتەوە، لێرەوە دەتوانین نهێنی ئەوەیش بدۆزینەوە، کە بۆچی کورد تا ئیستا نەیتوانیوە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، چونکە لە مەرج و خەسڵەتی نەتەوەبوونی خۆی دوورکەوتۆتەوە و لایداوە، ئەو لادانەش هۆکاری زۆرە.
لە ناو کۆمەڵگایەکی ناوشیاردا، کە سەرکردە و رابەرەکانی، کە هیچی نیین و هەموو شتێکیشن، نە مرۆڤن وەکو هەستیی مرۆڤبوون و نە سیاسییشن وەکو عەقڵی بەڕیوەبردن، ئەو پارتەش کە لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا دروستیش دەبێت، بریتییە لە کۆمپانیا و دەزگای سیخوڕیی و هەموو شتێک، نەک رێکخراو و پارتێکی سیاسیی، چونکە ئاستی وشیاری خەڵکەکە وا دەخوازێت، کە بەمانە رازیی بێت و ئەمانەی وەکو سەرکردە پێ قبوڵ بێت، ئەوانە بە شایسەتی خۆی دەزانێت، چونکە خۆشی بچوکە، خۆی لەوێدا دەبینێتەوە و لەوە زیاتری ناوێت، هێندە بچوک بۆتەوە بۆ ئاستی کۆیلەبوون، بۆیە نمونەی کۆسرەتێکی کەمئەندام و نەخوێندەوار، بێحورمەتێکی وەک بەرهەم ساڵح دەبنە دەمڕاستی، بازرگانێکی درۆزن و ساختەچی وەک شاسواریش خۆی دەکاتە سیاسیی، ئەم نمونانە تێیدا هەڵدەکەوێت، لەولاشەوە نووسەر و رۆژنامەنووس، رووناکبیر و خوێنەوارەکانی، کە وەکو نیسک بێبار هەڵدەسوڕێن، خۆپەرست و هەرچی خراپە و بەرماوەی نەخۆشی دەروونییە لەناو مێشکیاندا نیشەجێ بووە، بازرگانی بە رەوشتی وشە و زمانەوە دەکەن.
زۆر ئاساییە ئەوەی ئەمڕۆ لەو باشوورە دەگوزەرێت، دەستکەوت و بەرهەمی ناوشیاریی و بێعەقڵی ئەو خەڵکە بێت، کاتێکیش بێحورمەتێک دەبێتە سەرۆک کۆمار دڵیان پێی خۆش دەبێت، بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەزانن، بازرگانێکی سووک و ساختەچییش رێکخراوێک بۆ نەوەی نوێ دروست دەکات، بازرگانی بە گیرفانی گەنجە نابووتەکانی هزرەوە دەکات، لە نائومێدییدا چەپڵەی بۆ لیدەدەن، دەڵێن بەڵکو ئەم شتێکی لێبێتەوە، هەموو ئەمانە ئەو کەلتورەیە کە لە لێواری مێژووی جاشایەتییدا بەرهەمهێنراوە و سەردەمی جاشایەتیی خۆیان گۆڕدراوەتەوە بەم پیاوانەی ئەمڕۆ، ئەمە سروشتی پەروەردەبوونییانە، کە بە بێ مەرج خەڵکەکە ئەم هەموو جاش و خۆفرۆشانەی بە هەموو رەنگەکانەوە قبوڵ کردووە، لە رێگای رەنگە جیاوازەکانەوە کۆیلەبوون و بچوکی خۆی رادەگەنێت، چونکە لە هەگبەی کەللەماندا یاساکانی سروشت ئەو بەهەرەیەی پێنەبەخشیون کە خاک و نیشتیمانی خۆمان و یەکترمان خۆش بوێت، بۆیە لە رقی یەکتر، مەرج بۆ رابەرایەتی و حیزبایەتی دانانێین.
مێژووەکەمان پڕە لە خائین و جەلاد، پڕە لە دز و درۆزن ، بە لامانەوە گرنگ نییە، چ کەسایەتییەک و بێئەخلاقێک دەبێتە سیاسی و رابەرایەتییمان دەکات، کام رەوشتنزم و کامە دز، نیشتیمانمان بۆ بەڕێوەدەبات! یاخود کێ بێ توانا و لێهاتوو نەبێت، بیخەینە پێش خۆمان، گرنگ دەستکەوتی شەخسییە، لە کامییاندا بیدۆزینەوە و دوای بکەوین، کێ پارە و دەسەڵاتی هەبێت، لە گەڵیدا بین. خەڵکەکە سەرکردە و بەرپرسەکەی وەکو دیکۆرێک دەوێت، تا بە سنگی خۆیەوە هەڵیبواسێت و خۆی پێوە بابدات، بە لاپەڕەکانی مێژوودا دەگەڕێن، کێ کەمێک بۆنی کوردی لێهاتبێت دەیهێنین و خۆمانی پێوە هەڵدەکێشین هەر وەک چۆن خۆمان بە ئاڵای بێ وڵاتەوە بادەدەین، بە سەرکەوتنی دەزانین کە لە پایتەخی وڵاتانی داگیرکەر وەک سیمبوڵی خیانەت لەگەڵ خۆیاندا سەرکردەکانمان دەیگێڕن، ئەو ئاڵایەی، کە سیمبوڵی نیشتیمانێکی فرۆشراوە، بە دەستی کەسێکی خائینەوە،بە جلێکی سەقەتی کوردی و دەستکردی وڵاتێکی بێگانەی چینەوە شانازیی پێوەدەکەین و سەرکردەکانمان هەڵدەکێشین، ئاواش بە شان و باڵی ئەو سەرکردانەدا هەڵدەدەین، کە هەموو مێژوومانیان پڕکردووە لە خوێن و خیانەت، لە کوشتن و بڕین ، ئاوا لەو سەرانە دەڕوانین، بۆیە لە رۆژە تەنگەکانی دەنگدان و هەڵبژاردندا دەچینە پاڵیان و پشتگیرییان دەکەین. هەموو ئەمانە پەیوەستە بەو مێژووەوە، کە کورد لەگەڵ خۆیدا هێناوێتی و ئێمەش رەنگی سەرکردە و (خوو)ی بەرپرسە خائینەکانمان وەرگرتووە و لاساییان دەکەینەوە، بۆیە ئەمڕۆ هەموومان رەنگی خیانەتی سەرکردەکانمان گرتووە، خووی بەرپرسەکانمان وەرگرتووە لە دزیی و داوێنپیسیی و هەموو ناشرینییەکاندا بووینەتە هاوبەشیان، هەست بە نامۆیی ناکەین، چونکە خۆشمان لەپرس و سەرکردەکان دەچین، هەست بە نامۆیی یەکتر ناکەین لە ناو خۆماندا، هەموومان لە نیشتیمانێکدا دەژین، نازانین، نەک نیشتیمانەکەمان، خۆشمان تێیدا فرۆشراوین، بەو خوێنەشەوە کە لە لەشمانداهاتوچۆ دەکات، ئاساییە پارچەیەک لە ئەندامی لەشمان بفرۆشین، چونکە هەست بە بێ نرخی خۆمان دەکەین، خۆمان بە خاوەنی ئەندامی لەشی خۆشمان ناکەین، ئەو پارت و سەرکردانە دەستیان بۆ هەموو شتێکمان بردووە، ئاین و خۆاپەرستیشیان بۆ کردووین بۆ سیاسەت تا بۆ ئەمڕۆ نەژین و بیرنەکەینەوە، بۆ ئەو دنیا بژین و سەرمان بۆ ئاسمان بەرزبکەینەوە دوعا و نزا دەکەین، چاوەڕوانی رەحم و بەرەکەتی سوڵتان ئۆردوغان دەکەین، گوێ لە مەلا ساختەچییەکان دەگرین تا شەفاعەتی ئەو دنیامان بۆ بکەن، بۆ ئەوەی زوو پێمان لەسەر ئەم خاکە لابەرێ و خوا بمانباتەوە و لەو دونیا لە ناو باوەشی فریشتە و حۆرییەکاندا زیندومان بکاتەوە، لەم دنیایەشدا خاک و نیشتیمانەکەمان بۆ دز و جاسوس و داگیرکەرەکان جێ بهێڵین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە