کەنیسەی نۆتەردام و ئەنفال

Thursday, 18/04/2019, 21:16

17411 بینراوە


بەدەم سەیارە لێخورینەوە بە ئۆتۆماتیکی رادیۆکەم خستە سەر هەواڵ، کە گوێم لە رۆژنامەگەرەکە بو وتی؛  نۆتەردام گڕی تێ بەربوە، وام زانی خەو دەبینم .  زۆر دور نەبوم لە نۆتەردامەوە، سەیری ئاسمانم کرد دوکەڵێکی زۆرم بینی، هەرخێرا بەدەم لێخوڕینەوە سەیری یوتوبم کرد، بینم تەواو گڕی تێ بەربوە و بەری ڕۆژ تاریکبوە بەدوکەڵی ئاگرەکەو کوژاندنەوەی هەروا ئاسان نیە. گوێم لە کۆمێنتی خەڵکی پاریسی و توریست بو، بەبینی ئەو دیمەنە زۆریان فرمێسکیان دەڕشت وەک ئەوەی کەسێکیان لێ ونبوبێت، شتێک لەناخیانا روخابێت، لەبەر ئەوەی کە نۆتەردام دەوری گردبونەوەی کۆمەڵگەی دەبینی وەک دایکێک، کاتێکیش دەڵیین نۆتەردام بەمانای خانمەکەمان، دایکمان، مەبەست لە مریەمی دایکی عیسایە بۆیە  زۆر لە پاریسیەکان وایاندەبینی کە کەسێکی نزیکیان مردبێت، وەک ئەوەی ئەو ئاگرە لەجەستەی ئەوان بەربوێت وایە. نۆتەردام بەرگەی سێ شۆڕشو دو جەنگی جیهانی گرتبو، بەرگەی تۆفانو رەشەباو هەورەبروسکەی گرتبو بەلام بەرگەی ئاگری نەگرت. .  
کتوپر خەڵکی هەستیان بەوە دەکرد کە ئەو بینایەی کە هەمومانی کۆدەکردەوە خەریکە لەناو دەچیت، خەڵکی خۆیان ئامادەکردبو گوێ لەماکرۆن بگرن ئەو ئێوارەیە بەلام بەو بۆنەیەوە ئەو وتارەی ماکرۆنیش دواخرا، هەمو وەزیرو بەرپرسی شار و  بەڕێوەبەری شارەوانی فەرەنسا  لەوێ بون، پۆلیسی کوژاندنەوەی ئاگر لە دەوروبەری پاریسەوە هاتبون بۆ کوژاندنەوەی. 
نۆتەردام جگەلەوەی کە مۆنمۆنتێکی ئێجگار جوانەو تەمەنی نزیکەی هەشتسەدو پەنجا سالە لەهەمان کاتا  دەورێکی میستیکی هەیە لە دەرونی خەلکی فەرەنسیدا بە ئیماندارو بێ ئیمانەوە، خۆ ئەگەر بورجی ئیفڵ بڕوخایە ئەو کاریگەریەی نەدەبو، جیاواز دەبو، لەبەر ئەوەی کە نۆتردام خالی دەستپێکە، خاڵی سفرە، لەناو دڵی پاریسدایە لەسەر جەزیرەی سیتێ. بۆیەهەمو شتێک لەوەوە دەست پێ دەکات، کاتێک ڕێت دەکەویتە دێهاتێکی فەرەنسی یان شارێک، هەر خێرا دوای سەهمی مەیدانی کەنیسە دەکەویت، کە هەمیشە لە سەنتەری شاردایە، ئیتر بەدەوری ئەودا نانەواخانەو چێستخانەو دوکانی هەمەجۆر هەن، ئەگەر کاتت هەبێت تۆش دەچیت زیارەتی کەنیسەکە دەکەیت. خۆ ئەگەر کەنیسەکە هی سەردەمی سەدەی ناوەراست بێت وەک نۆتەردام  ئەوە باشترە چونکە ئارشیتاکتوری کەنیسەکانی سەدەی ناوەڕاست جوانترن بۆ کەنیسە.  کاتێک دەرەوە هەتاوێکی بەتینەو کتوپر خۆت دەکەیت بەژورا بۆ خولەکێک چاوت هیج نابینێت هەتا رادێی بە نسرمی و کەمی روناکی ناوەوەی کەنیسەکە، روناکی تیشکی ڕۆژ کەبە پەنجەرەی ڕەنگاوڕەنگەکانیەوە تێدەپەڕنو دێنە ژورەوە. کەنیسە هەمیشە شوێنی بەخۆداچونەوە و بیرکردنەوەیە بۆ کەسانی بێ دینیش .
پیاوانی سیاسی لەهەمو جیهاندا مەسجی خۆیان دەنارد بۆ نۆتردام، دەیان وت کە دڵی ئەوان لەگەل نۆتردامدا دەسوتێت. هەمو خەڵکی چاویان بڕیبوە بورجو سەهمەکەی نۆتەردام کە پێش بورجی ئیفڵ بەرزترین شوێنی پاریس بوە، ئەو بورجەی کە دکتۆرە شیکارە دەرونیەکان وایان پێناسە دەکرد کە تواناو ئارەزوی مرۆڤی پیشان ئەدا بەرەو ئاسمان، بۆ کەسانی دینی نزیکبونەوە لە خودایە، بۆ ئێمەی بێ دین وەک  بنیاتنانی شتێکی گەورە، کەڵەشێرێکو خاچیکیش لەسەروی ئەو بورجەوە یە، لەناو کەڵە شیرەکەدا چەند شتێکی دانسقەی تیابو وەک پارچەیەک لە خاچە ڕەسەنەکەی عیسا و چەند ذڕکێکی تاجەکەی سەری. بورجەکە دەورەدرابو بە ئاگر، ئاگرێک کە ڕەشەبا هێندەی تر  ئاگرەکەی بەتین دەکرد، کتوپر لەناوەرستی ئەو ئاگرەدا بورجەکە هارەی کردو کەوتە ناو ئاگرەکەوە، لەگەڵ کەوتنی بورجەکەداخەڵکی هەمویان پێکەوە قیژاندیان وەک ئەوەی هیواو ئاواتیان روخابێت، وەک ئەوەی کە شتێکی گرنگو خۆشەویست جێی هێشتبێتن، چۆن ڕێی تێ دەچیت ؟ چەند سەدەیەکە ئەو بورجە لەویادایەو کتوپڕ بە بەرچاومانەوە بەبێ ئەوەی توانای ئەوەمان هەبێت کە ڕیگری لەروخاندنی بکەین داڕما ؟ بە ڕیکەوت لەم هەفتەیەدا کە پیی دەڵێن ؛ هەفتەی پاک، کە هەفتەیەکی پیرۆزە لای کریستانیەکان، ئەو کاتەیە کە عیسا دەژیێتەوە، چۆن ڕیی تێ دەجیت ئالەم کاتەدا نۆتردام ؛ ماڵی دایکی عیسا کتوپر داڕمێ ؟  تۆ بڵیی ئەمە نیشانەی کارەساتێکی گەورەترنەبێت ؟ تێ ناگەم ، ئەم پاریسە هەر ڕۆژەی بە روداوێک باسی خۆی دەکات، نزیکەی چەندساڵێکە روداو لەدوای روداو بەردەوامە ؛ شارلی ئێبدۆ، باتاکلان، ژیلێژۆن و ئێستاکە نۆتەردام. بۆیە هەر خێرا ماکرۆن هاتە سەر تەلەفزوێنو بە دەنگێکی پڕ لە قوڵپی گریانەوە پەیمانی دا بە خەڵکی فەرەنسا و هەمو جیهان  کە ئەو لەگەل فەرەنسیەکاندا پێکەوە نۆتردام جارێکی تر بنیات ئەنێنەوە .
 ئەوەی تروسکایەکی هیوای ئەدا بە فەرەنسیەکان ئەوەبو کە دو تاوەرەکەی نۆتەردام نەکەوتن، کە بیری دوتاوەرەکەی ئەمەریکای دەخستینەوە، ئۆرگ ( پیانۆی کەنیسە ) ە کە نەسوتابو، زۆر لە تابلۆ و کەولەپەلە گرنگەکان ڕزگار کرابون، کەڵەشێرەکە لە کۆڵانێکی تەنیشتەوە دۆزرایەوە،  بەلام پرسیار ئەوەبو کە چۆن پاریس دەتوانێت بە بێ نۆتردام بژی ؟ وتیان لە جاوەڕوانیدا کەنیسەی سانت سولپیس جێگەی دەگرێتەوە کە زۆر دورنیە لەوێوە، خۆ ئەوەی کە کەم نیە لە پاریسدا کاتێدراڵو کەنیسەیە، بەلام نۆتەردام چیاوازە؛ خاڵی دەستپێکە، خاڵی سفرە، لەناو دڵی پاریسدایە، هەر لەویادا ناپلوێن تاجی ئیمپراتۆری نا لە سەری، هەر لەو کەنیسەیەدا لەدوای ڕزگارکردنی پاریس زەنگی ڕزگاری کەنیسەی نۆتردام زرنگایەوە و ژەنەراڵ دگۆل ڕۆژێک دوای ڕزگارکردنی پاریس لەوێدا کۆبونەوەیکەی دینی تیا کرد. نۆتردام ئەو مۆنیمۆنتەی زۆرترین زیارەتی بۆدەکرێت لە ئوروپادا و وەک دانتێلی ژنێکی شۆخو شەنگ وایە.  هەر بۆیە خێرا دەولەمەندەکانی پاریس لەوانە لوی ڤیتۆنو لۆرێیالو ڕۆدوتو تۆتالو...تاد، یەک ملیارد دۆلاریان کۆکردەوە بۆ دروستکردنەوەی نۆتردام، لەهەمو جیهانەوە پارە دێت، پارەکە هێندە زۆرە نازانین چی لێ بکەن، بۆیە بزوتنەوەی ژیلێ ژۆن هەر خێرا هاتنە دەنگو وتیان؛ بۆ ئیمە پارە نیە بەلام بۆ نۆتردام بە ڕۆژێک ملیارێک ئۆرۆ کۆکرایەوە . 
بەبینینی  روخاندنی بورجەکەی سەر نۆتەردام ئیتر رادوێکەم کوژاندەوە و هاتمە ماڵەوە زۆر خەفەتبار بوم بەجۆرێک کە فرمێسک بەچاومدا دەهاتەخوارەوە، بیری یەکەم جارم کەوتەوە کە چومە ناو کەنیسەی نۆتردامەوە؛ ئێوارێیەکی کریسمس بو، مۆسیقایەکی کلاسیکی ئێجگار خۆشی لێ بو.  پاشان چومە سەر کۆمپیەتەرەکەمو لەسەر پەیجی فەیسبوکەکەم بینیم کە یەکەم پەڕەی ڕۆژنامەی لیبێغاسیۆن کە ڕۆژنامەیەکی چەپی بەناوبانگی فەرەنسیە، رەسمێکی بورجەکەی نۆتەردامە لەناو ئاگردا لەکاتی کەوتنیداو لە ژێریدا لەبری نۆتردام نوسراوە؛ نۆتردرام،  واتە ؛ درامەکەمان، پاشان بینینم کەسانێک لەکوردوستانو لەئەوروپا هەریەکەیان بە شێوەی جیاواز باسی ئەو روداوەدەکەن، کتوپڕ کەوتم بەسەر ڕیپۆرتاژێکدا لەسەر ئەنفال، لەبەر ئەوەی کەسەیری هەمو ئەو دۆکیومەنتو وتارانە دەکەم لەسەر ئەنفالن بۆیە ویستم بزانم ئەو ڕیپۆرتاژە باسی چی دەکات، کاتێک گوێم لەو دایکەبو کە بەسەرهاتی خۆی و دومندالەکەی دەگێرایەوە، کاتێک لە شالاوی ئەنفالدا یەکێک لە سەربازە بەعسیەکان بەکەڵاشینکۆف ئەیدا بە شانیداو مێرد مندالەکەی دەمرێت، بە فرمێسکەوە ئەو روداوەی دەگێڕایەوە، پاشان رۆژێک کچە دەساڵانەکەی کە زۆر لە ئەسکەرەکان دەترسا وەک دایکەکە باسی دەکرد،  لەباوەشیدا گاینەڵای بوە و ڕەنگی سپی هەڵگەراوە،  کچە نازدارەکەی دەگرێتە باوەشی و دەی نوسێنێت بەخۆیەوە، کچەکەی بەدەم گیانەڵاوە داوای لەدایکی کردوە کە ئارەزوی خەیار دەکات، کەدەیەوێت خەیاربخوات، ئەویش بەدەم گریانەوە وەڵامی ئەداتەوە کە لەکوێ ئەو بتوانێت خەیاری بۆ بدۆزێتەوە لەو کەمپەدا ؟ ناچار کچەکەی لای ژنێکی تر دادەنێتو دەڵێت بابچم داوا لەو ئەسکەرانە بکەم خۆ نام کوژن،  دەچیت داوا لە ئەسکەرەکان دەکات کەخەریکی شوتی و خەیار خواردنن کە تۆزی خەیاریان بداتێ بۆ کچەکەی، ئەوانیش بەدەمیەوە پێ دەکەننو گاڵتەی پێ دەکەن، لەبەردەمی ئەودا میوە و خیار فڕی ئەدەنە تەنەکەی خۆڵەکەو پێی دەڵین کەئەوانیان بۆ کوشتن هێناوە نەک بۆ ئەوەی خیاریان پێ بدەن، ناجار دایکە ئەگەڕێتەوە بۆ لای کچەکەی بەدەستی بەتالو دەی خاتە باوەشی و نەتەنیشتیەوە سەیری تورەکەیەک دەکات، بەشکم لەو تورەکەیدا خواردنێک بدۆزێتەوە، دەگەڕێت شتێک بۆ کچەکەی بدۆزێتەوە، لەناو تورەکەکەدا تەنها جوتێ پێلاوی لاستیکی سەوزی تیا دەبێت، کەوشەکان ڕەنگی سەوزی مەیلەو خەیارن، ئەویش ناچار لەبێ چارەسەریدا تاکێک لە پێلاوەکانی بەفرمێسکەوە ئەداتە دەست کچەکەی، کچەکەشی بەدەم گیانەلانەوە قەپ دەکات بە پێلاوە لاستیکەکاندا وەک ئەوەی خەیار بخوات، هەتا گیانی دەردەچیت بەو پێلاوە لاستیکانەوە کە لەناو دەمیدا، ئیتر ئەو دایکە لەو ڕۆژەوە وەک خۆی دەڵێت ؛ بیستونۆ سالە هەرگیز نەیتوانیوە سەیری خەیار بکاتو خەیار بخوات.
هاوار ،هاوار ......کە گوێم لەو بەسەرهاتەبو ئیتر نۆتەردامم لەبیرچوە وام ئارەزو دەکرد کە هەمو پاریس داڕمێت،  وام ئارەزو دەکرد کە جوتێک پێلاو بخەمە دەمی هەمو سەرکردەکانی جیهان، پێش هەمویان سەرکردەو بەرپرسەکانی کوردوستان، پێش ئەوان مسعود بارزانی کە جاشەکانی ئەنفال لەژێر حوکمی ئەودا بەئازادی دێنو دەچن، پێش مەسعود بارزانی ئەمینداری گشتی ئسلامی ؛ عەلی قەتەری، کەبەرگری لەو کەسانە دەکات کە کارەساتی وەک ئەنفال دەخولقێنن، ئارەزوم دەکرد لەویادا هەرچی کتێبی پیرۆزە بخەمە ئاودەستخانە کانەوە لە پێش هەمویانەوە سورەتی ئەنفال، حەزم دەکرد کتوپر لەویادا دنیا کاول بێت، کە گڕکان لەهەمو سوچیکی ئەم زەویەدا بتەقێتەوەو هەرچی بونەوەرە لەسەر ئەم زەویەدا لەناو بەرێت، کە لافاو و تۆفان وەک سەردەمی نوح هەستێتو هەمو ئاسەوارێکی مرۆڤ لەسەر ئەم زەویەدا بسڕێتەوە بۆ هەتاهەتایە ، لەگەڵ خۆیدا هەمو ئەشکەنجەو هاواری مرۆڤی بێ تاوان بشواتەوە و کۆتایی بە ئەشکەنجە بهێنێت. 
ئەشکەنجە ؛ ئەو ماتریالەی کە بوە هەوێنی فەلەسەفەی عیسا، کەتەنها بە خۆشەویستی دەتوانین ئەشکەنجە دور بخەینەوە لەدەوروبەرمان، بۆ ئەمەش مرۆڤ دەبێت قوربانی بدات وەک عیسا جارێکی تر بە ئەشکەنجەدا تێ پەڕێت، تاجی دڕکاوی بخاتە سەری، خۆی لە خاج بدات، هەتاوەکو تۆی مرۆڤ هەست بە ئاسودەیی بکەیت، ئەبێت لەهەمو ئانو ساتێکدا رۆحێک بسوتێت، ئەشکەنجە بدرێت، هەر بەم بۆنەیەشەوە جەرگی دایکێک بسوتێنێت، وەک جەرگی دایکی عیسا؛  مریەم کەبۆتە رەمزی هەمو دایکێک کە کۆرپەکەی دەبینێت لەخاچ دەدرێت، کە کۆرپەکەی لەباوەشیدا قەپ بە پێلاوێکی لاستیکی سەوازا دەکات لە بری خەیار، ئیتر لەو ڕۆژەوە مریەم هەرگیز ناتوانێت خەیارێک بخوات. بێ شک ئەوەیە رەمزی نۆتردام؛ خانمەکەمان. سۆزی دایکێک بۆ کۆرپەکەی کە هیچ سۆزێک نایگاتێ، بۆیە خەڵکی پاریسیش هێندە بە نۆتردامەوە بەستراونەتەوە، لەهەر شوێنێکیش کەنیسەیەک هەبێت بەناوی نۆتردامەوە هەمان هەستی هەیە بۆ ئێمە، جیاوازە لە کەنیسەی سانتۆگوستان، سانت سولپیس، یان ساندونی، پێ دەچیت سانت فرانسوا تۆزی زیاتر نزیکتر بێت لە ئازارەکانمانەوە بەلام هیچیان ناگەنە سۆزی دایکمان کە نۆتردامە، کە مریەمە،  ئەو کەنیسانەش کەناویان نۆتردامە لەفەرەنسادا جوانیەکی شازیان هەیە، شکڵیان چیوازە لەوانی تر، وەک ئەوەی ئەرشیتەکەتورەکە بیری لە سۆز و خۆسەویستی دایکی کردبێتەوە، ئیلهامی هەندەسەی دیوارو نەخشەکانی هەڵقولاوی ستایلی شکڵو سۆزی دایکێک بێت .
بۆ ڕۆژی بەیانی، هەر لە خەیاڵی ئەو دایکەدا دەژیام، نۆتردامم بیرچوبویەوە،  پاپوجە لاستیکە سەوزەکانم لە دەمی ئەو کیژۆلەیەدا دەبینیەوە و نەمدەتوانی لەبیری خۆمی بەرمەوە، دلم پربوبو لە گریان، لەسەر سفرەی نان خواردن،  قاپێک زەلاتەی خەیارو تەماتە دانرابو، هەرچەندم کرد نەمتوانی ئەو خەیارە بخۆم.  ئیتر لەو  ڕۆژەوە بۆ من خەیار تامێکی تری هەیە و هەرگیز فرمێسکی ئەو مریەمەم لەبیر ناچیتەوە کە بیستونۆساڵە خەیاری نەخواردوە و بیستونۆ سالە بەو ئازارەوە دەتلێتەوە.

لینکی ڕیپۆرتاژەکە ؛

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە