دوژمنەکانی نێو خۆمان

Thursday, 18/04/2019, 7:15

11031 بینراوە


يوليوس قەیسەری رۆما ئەم وتە جوان و پڕ مانایەی هەیە، کە دەڵێت:
(خراپتیرین دوژمن ئەو کەسەیە کە لەناو خۆماندا خۆی شاردۆتەوە، دوایین کەسیشە، کە پێدەزانیین و بەدوایدا دەگەڕێین).
----------------------------------------
دوژمنی گەورەی کوردیش لە ناو خۆماندایە، تا نەیدۆزینەوە، ناتوانین هیچ هەنگاوێک بەرەو ئازادیی و سەربەخۆیی بنێین، یەکەم هەنگاویش تێگەیشتنە لە سەر ئەم راستییە، کە بۆچوون و سوکایەتیی نییە، بۆیە لێرەوە دەست پێدەکەم و دەڵێم پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردیی، پێکهاتەیەکی دواکەوتوانەی خێڵەکییە. زۆربەی خەڵکی باشوور عەقڵ و کەلتوریی خێڵەکییان هەیە، کاتێک یەکێک لەوانە دەگوازێتەوە بۆ شار، عەقڵ و ناوی خێڵەکەی لەگەڵ خۆیدا دەبات، پێی وایە لەناو قەرەباڵغی شاردا ون دەبێت خۆی بە ناوی خێڵ و گوند و ناوچەکەیەوە هەڵدەواسێ، سەرۆکی خێڵ دەگۆڕێتەوە بە سەرۆکی حیزب، دوور لە ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕ دەسەڵاتی خێڵەکەی دەگۆڕێتەوە بە دەسەڵاتی حیزب، گرنگ نییە کام حیزب بێت، نایەوێت لەناو ئەو کۆمەڵگا جەنجاڵەی شاردا و بە پێی سیستەمێک خۆی رێکبخات، خۆپەرستانە بیر لە ژیانی خۆی دەکاتەوە، دەیەوێت بە زووترین کات دەوڵەمەند بێت، بە ناوی عەشرەت و خێڵ و گوندەکەی خۆیەوە کە لێوەی هاتووە دەبێتە پیاوی بەرپرسێک، (وەک زۆربەی ئەو پاسەوان و چەکدارانەی کە لەلای بەرپرسەکان کار دەکەن)، پێی وایە ئەگەر ناوی عەشرەت و گوند و لادێکەی هەڵنەگرێت، لاواز و بێدەسەڵات دەبێت، ئەمە دەبێتە کەلتور، ئەمڕۆ زیاتر لە 70%ی دانیشتوانی کوردستانی باشوور زۆربەیان لە نائاگاییدا ناوێکی وای بە خۆیەوە ناوە، زۆر لە نووسەر و رۆژنامەنووس و خوێندەوارەکانیش. تێکڕا بە شێوەیەکی دیکە ئەو کەلتورە پیادە دەکەن، لە بری ناوی تەواویی خۆیان نازناوی پیشە و بڕوانامە و بەهرەی هونەریی وەکو: دکتۆر و فەیلەسوف و رۆماننووس و رووناکبیر ... هتد، هەڵدەگرن، کاتێک هۆنراوەی یەکێک لەوانە دەخوێنیتەوە کە خاوەنەکەی ناوی (د. فڵانکەس)‌ـە، یان وتارێکی سیاسیی دەبینیت، کە (پرۆفیسۆر فیسارکەس) نووسیوێتی، دەبینیت دکتۆرە شاعیرەکە کە دکتۆرای لە ئابوورییدا هەیە، ئەویتریان کە پزیشکە، دەیەوێت تۆ وەکو (دال)ەکە تۆ بیناسیت، ئیدی بە لایەوە گرنگ نییە چیت بۆ دەنووسێت و چ پەیامێکی پێیە، ئەو گرفتی کەسێتی خۆی هەیە، کە بەو شیوەیە خۆیت پێبناسێنێت، نەک بەوەی چ زانیاریی و چ شتێکی دیکەت دەداتێ.
لەم نیشتیمانەدا، بە هەزاران دکتۆر و پرۆفیسۆر و رۆماننوس و روناکبیر و زانامان هەیە، کە خۆیانمان پێدەناسێنن، زۆربەی ئەوانەن لەگەڵ دەسەڵاتدان و دەنگ بە دەسەڵاتی بنەماڵە دەدەن، هیچ کامێکیان بە کەمتر رازیی نابێت بانگیان بکەیت. ئەم کەلتورە گەڕانەوەیە بۆ دۆزینەوەی خود، نەک بۆ پێناسەکردنی راستەقینەی کەسەکان، لەناو ئەو سیستەمە ئیدارییەی کە کۆمەڵگا بەڕیوە دەبات، کەسیان نەیانتوانیوە کارێکی جدیی بکات، تا کۆمەڵگا رێکبخات، سیستەمەکەش یارمەتیدەر و تێکدەری شێواندنی کەسایەتیی تاکی کوردە، بۆیە خەڵکەکە دەست بۆ پێناسەکردن و شێواندنی کەسێتی خۆی دەبات، شێواندنی کەسایەتیی تاکەکانی کۆمەڵگا، لایەنێکی دیکەشی هەیە، ئەویش تەسلیمبوون و رازیبوونە بەو سوکایەتییەی حیزبەکان بە کۆمەڵگای دەکەن، دەسەڵاتی حیزبەکان لەوێوە دەتوانن بە نرخێکی هەرزان کێیان بوێت وەک کاڵا بڕیاریی کڕین و فرۆشتنی لەسەر بدەن. هەموو ئەمانە بەرەو ئەوە ئاڕاستەیەش دەچێت، کە خەڵکی چیدی بیرنەکەنەوە، خۆیان ئازاد بکەن، چونکە مرۆڤی ئازاد، کەسێکی وشیارە، مافی بڕیاردان بەدەست خۆیەتیی. دەسەڵاتی پارتەکان لە وشیاربوونەوەی کۆمەڵگا دەترسن، لەو رێگایەوە مافی بڕیاردان و ئازادیی لە خەڵکەکە دەسەندنەوە، لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردیی و پارتەکانی باشووردا لکاندنی ناوی خێڵ و گوند و شار بە ناوی کەسەکانەوە، مەبەستێکی دیکەی تێدایە، ئەویش برەودانە بە زیندووکردنەوەی خێڵ و عەشرەت، نەک بەرەوە پێشەوە چوون بۆ کۆمەڵگایەکی مەدەنی، هەنگاوێکی ترسناکە، بۆیە رێگا خۆش دەکرێت، تا سەروەری یاسا نەهێڵرێت، چونکە سیستەمی سیاسیی کە یاسا تۆپکی بەڕیوەبردنێتی رێگری لەو هێزە خێڵەکییە دەکات، کە خەڵکەکە بە توانا و لێهاتوویی خۆی پێناسەی کەسێتیی و زیرەکی خۆی بکات، خۆی بە هیچ کەسێک و شتێکەوە هەڵناواسێت، خۆفرۆش نەبێت، هەر ئەوەشە لە نەبوونی یاساشدا خەڵکەکان خۆیان دەبنە دادوەر و بە پاڵپشتی خێڵ و عەشرەتەکەی، خۆی دەکاتە پۆلیس و دادوەر، ئەوەی بە مافی خۆی دەزانێت بە زۆر دەیسەنێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە