بەتفەنگەوە چوومە ژوورێ!

Tuesday, 23/04/2019, 12:42

30550 بینراوە


دەستەواژەی سیاسەت چەند مانا لە خۆ دەگرێ. ئەو دەستەواژەیە لە زمانی عەڕەبی وەرگیراوە و هاتۆتە ناو زمانی کوردی و زمانی فارسی.مانای یەکەمی سیاسەت بە واتای رام کردنی ئەسپە. ماناکەی دیکەشی بەواتای تەمبێ کردنی کەسێکە یان گیانلەبەرێكە کە کارێکی خراوی کردوە و جەزادەدرێ.
دوای ئەوەی کە شای لە ئێڕان رووخیا، کوردستانی ئێڕان وێنەی شوێنەکانی دیکەی ئێڕان پڕ بوولە حیزبگەلی جۆراو جۆر و هەمەچەشن و هەمە رەنگ. دروستبونی حیزبی جۆراو جۆر و فرە لە هەر کۆمەڵگایەکدا بە مەرجی هوشیاریی ئەو کۆمەڵگایە رێكارێکی هەڵە نییە، بە ڵام ئەو حیزبانەی کە سەرهەڵدەدەن ئەگەر بتوانن لە ئاستێکی سەردەمیانە دەگەڵ کۆمەڵگا و دەسەڵاتی ناوەندیی ساتووسەودای سیاسی بەرێوە بەرن فرە باشە.
سیاسەت نە رامکردنی ئەسپە، نە تەمبێ خەڵكی هەژار وبێدەرەتان.سیاسەت زانستە ورێبازی ستڕاتیژیکە بۆ بەڕێوە بردنی وڵات لە بواری ئابووری وکۆمەڵگایی و سیاسی، سیاسەت ڕآهێنانی زانستیانە دەگەڵ دونیای دەرەوەودونیای پێشکەڤتوو.ئامرازی بەرێوەبردنی سیاسەتی گشتی و ئەودامودەزگایانەیە کە لە بەردەستدان ،هەروەها وێڕای رێکاری سیاسەت کەسانی دووربین و ئاگا و زانیار و پەروەردەکراون کە دەتوانن وڵات بۆ لای پێشکەوتن ببەن.
هیچکات، هیچ داگیرکارێکی خاک کوردستان هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەریی کێشەی کورد هەڵنگرتوە و هەڵناگرێ. ئەدی چارە چییە؟ جوابی ئەو پرسیارە هەرئاوا هاسان نییە.
لە کوردستانی ئێران دووبابەت زۆر ئاشکرابوو. دەسەڵاتی مەلاگەل باش دەیانزانی کە چۆن دەگەڵ کێشەی کورد لەو بەشە لە وڵات سیاسەت بەڕێوەبەرن، بەڵام لایەنی دووهەم، کورد بوو هەستی بەو سیاسەتە نەکردبوو. بۆیە لەوپەڕی لاوازیی و کەمتەرخەمی هەڵسوکەوتی دەکرد.
من کارم بە جمهوری ئیسلامی نییە کە چاکە یان خراپە، دۆستە یان دوژمنە. ئەوان لە فکری گزە و فێڵوتەڵەکەی خۆیان دابون. بەرپرسانی حیزبیش قەت بیریان لەو نەکردوە کە لەو رۆژگارە سەختەدا چۆن دەگەڵ رووداوەکان جموجۆلیان هەبێ. بۆیە یەکەم پڕۆژەی دەوڵەت بە گزەی سیاسیی دەستی پێکرد.
تاران نوێنەرانی خۆی ناردە مهاباد تا دەگەڵ حیزبە ناکۆکەکانی ئەو بەشە لە وڵات دانیشێ و مێزی  و تووێژ دابمەزرێنێ. کۆمەڵگای خەوتووش وایدەزانی نوێنەرانی خۆیان دیاری کردوە بۆ دانوساندن دەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵات. دەوڵەتیەکان باش دەیانزانی بەرگی براوەیان دەگەڵ کورد، دروستکردنی دووبەرەکی و نیفاقە.بۆیە وتووێژ تەنیا بیانوویەک بوو بە کرینی کات و خۆخرکردنەوە لە بواری نیزامی دا تا دەگاتە کاتی هێرش لە رۆژی خۆیدا. هەرئاواش کرا و ئاواش کۆتایی بە دەسەڵاتی حیزبی هات. ئەوە ڕێک نزیکەی چل ساڵە بێدەنگ ومات لە ناو کەمپەکاندا وەک یەخسیر هەڵسوکەتیان لە سەر دەکرێ بە بێ ئەوەی متتەقیان بێ.
من بە تفەنگەوە چوومە ژوورێ!
لە سەر مێزی وتووێژدا دەگەڵ شەیتانیش مرۆڤ دانیشێ پێویستە هیندێک پڕنسیبی ئەخلاقی و سیاسی وشارستانی ڕەچاو بکرێ. قۆناغی شەڕ بابەتێکە و قۆناغی  گەڕان بە دوای چارەسەریی بابەتێکی دیکەیە. لە هەردووک قۆناغدا بەدرێژایی دیرۆک کورد لە ئیڕان نەیتوانیگە سەرکەوێت بێت. بۆیە ئەوجارەش شکستی خوارد.
لە کوێی دونیادا بینراوە دوو لایەن کە لە چارەسەریی و لە وتووێژ دەگەرێن، لایەنێک تفەنگ بە دەست لە ژووری مێزی سیاسەت دەست بە چەک لە سەر مێزی وتووێژ قسە لە سەر چارەسەریی دەکا؟
لە سەر ئەو بابەتە وێنەیەک دەبینن.ڕووبەڕوو لە لای چەپەوە لە وێنەکەدا رەوانشاد مەلا شێخ عێزەددین، کەسی دووهەم نەناسراو، کەسی سێ‌هەم رەفیق کەریم دانشیار وەک نوێنەری ئەوکاتی کۆمەڵە، کەسی ئاخر، رەوانشاد ئەحمەد قازی وەک نوێنەری حیزبی دێمۆکڕات، لە سەر مێزی وتووێژ دانیشتوون، کەسانی دیکەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامین . ئەو دانیشتنە لە شاری مهاباد پێکهات. ئەو کەسەی بە تفەنگەوە چۆتە ژووری وتووێژ نوێنەری کۆمەڵەیە، ئەوانی دیکەش نوێنەری حیزبی نادێمۆکڕات بون، مەلا شێخ عێزەد دینیش وەک کەسایەتیەکی سیاسی و ئایینی بەشداری ئەو کۆبوونەوە بووە.
ئەو کۆبوونەوە هیچ ئاکامێکی لێ بە دەست نەهات. فارسەکان لە فڕ و فێڵی سیاسی دەگەران تاکات بۆ خۆیان بسێنن. نوێنەرانی کوردیش هیچیان پێ نەبوو. ئەو دانیشتنە کارێکی دروست بووە یان پێویست بووە، یان کۆماری ئیسلامی باشە یان جینایەتکارە من کارم پێ نییە، نوێنەرانی کورد، نوێنەرانی راستەقینە ولێزانی کورد بوون ؟، دیسان من کارم بەمەیش نییە.
نەتەوەیەک کە نەهامەتی گرتی وەک کوردی بە سەردێ لە کوردستان ئیڕان! لە کوێی ئەو دونیایەدا بینراوە کە بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی ئاوا گرینگ کەسێک بە تفەنگەوە بچێتە ژووری تووێژ! ئاکامی ئەو سیاسەتە زۆر زوو دەرکەفت. بنەماڵەی بارزانی لە سەر ناوی پێشمەرگەکانی وەفادار بە مەلاکانی تاران و پاشان لە سەر ناوی قیادە مووەقەت کارێکیان بە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هێنا کە ماوەی نزیک چل ساڵە لە کەمپەکانی باشوری کوردستاندا وەک لێفەی مەلا نەسرەددینیان بە سەرهاتگە کە هەر بەشێکی بە دەست کەسێکەوەیە!
کۆمەڵەکان و دێمۆکڕاتەکان وایان دەزانی سیاسەت یانی رامکردن و ماڵی کردنی ئەسپ! یان تەمبێ کردنی خەڵکی هەژار! هەرچەند ئەو کارانەشیان لە دەست نەهاتووە بەڵام خەڵكیان تەمبێ کرد!، ئەوەی کە تێی کەوتوون ولێی دەرباز نابن تەمبێ کردنی خۆیانە بە دەستی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی.لە سەر مێزی وتووێژهیچ مرۆڤێکی سیاسەت زان و ئاقڵ بە چەک وەژوور ناکەوێ.
نووسینەوەی ئەو جۆرە مژارانە، بیرەوەریی نین. تراژیدیایەکن کە حیزبە کوردیەکان و کۆماری ئیسلامی پێکەوە بە سەر گەلی کوردیان هێناوە لەو بەشە لە وڵات. بێ دەنگی لە سەر ئەو نەهامەتیەیانە دەبێتە هۆی دووبارە بوونەوەی دیرۆکێک کە خوڵقاندنی  دوورە لە داخوازیەکانی نەتەوەکەمان.باکەس بێدەنگ نەبێ لە ئاست داهاتووی کوردستان ئیڕان، بێ دەنگیی دەبێتە مایەی بێ بەوبەختی، چاولە دەسەڵاتی ٢٨ ساڵەی ئەو دوو بنەماڵەیە بکەن کە هیچ نەماوە بە سەر خەڵكی نەهێنن. بادەرس لەو٢٨ ساڵە وەربگرین. با چیدی زمانی چارەسەریی و دیپڵۆماسیمان زمانی چەک نەبێ. با هیچ حیزبێک ئەو مافەی نەبێ بە چەک وەژوور هۆدەی وتووێژ بکەوێ، پاشانیش کە لە قوماری سیاسیدا دۆڕاندی رابکا و هەڵێ!
چوونە ژوور بۆ سەر مێزی وتوووێژ بە چەکەوە کارێکی سەکرانەیە. ئەوە نە نیشآندانی هێزە ونە نیشآندانی سیاسەت.کارێکی ئەوەندە دواکەوتوانەیە کە مامری کە لێو کەنینی پێی دێ! باشتری تۆڵە، سەرکەوتنە. کەسانێک کە لە سەر ناوی ئیدۆلۆژیایەکی دوکەوتوو بۆ  گەڕان بە دوای چارەسەریی بە تفنەگەوە، دەچێتە هۆدەی دانوساندن، نە هێزی دانوساندنیان هەیە نە لەو زانستە تێدەگەن حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جەرگی هەزاران دایک و باوکی کوردی هەڵقرچاند، ئێستیش لە ژێر چەنگی دەسەڵاتدارانی خاکفرۆشی باشوری کوردستان وەک کویلە چاوەڕوانی قەزا و قەدەرن!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە