سەردەشت عوسما دەڵێت، بەشێک مەبن لە ئەوان

Tuesday, 04.23.2019, 10:51

2868 بینراوە


ساڵی 2010 کە تیرۆریان کرد، دایکم لە هۆتێلێک کاری دەکرد، وتارەکەی (سەردەشت)ی تایپ کردبوو و هێنایەوە و منیش خوێندمەوە، زۆریشم بە دڵ بوو، ئەوەی کە (سەردەشت) نووسیبووی، لە هیچ خاڵ و خەتێکیدا، نەبووە هۆی ئەوەی کە دەستخۆشی لە بکوژانی بکەم و (سەردەشت)یشم لا جوێن فرۆش و نەزان بێ، سەرباری ئەوەی ئەو کاتە، دایک و باوکیشم، پارتی بوون.
وای لێهات زۆر پێیەوە وابەستە بووم، تا شتێکم لەسەری نووسی و بۆ (کوردستان پۆست)م نارد، بەڵام ئەو شتەی کە ناردبووم، زۆر نا ئەکادیمی و ناڕێک بوو، بۆیە هەرگیز بڵاو نەکرایەوە، نووسینەکەم چەند دێرێک بوو ، کە هەمووی باسی ئەوەی تێدابوو، ئێمە شوێنکەوتەی (سەردەشت)ین و (سەردەشت) سەرکردە و ڕابەر و ڕێبەرمانە، هۆکارەکەشی کەمی تەمەنم بوو، کە تەنها (14) ساڵم بوو.
لە ساڵانی دواتر زیاتر لە (سەردەشت)م کۆڵیەوە، وتارەکانی تریم خوێندەوە، لە بارەی ژیانییەوە، هەندێک زانیاریم دەست خست، تا گەیشتە ئەو شوێنەی، (سەردەشت) وەک کە هەبوو، ناسیم!
هەموو ئەو فیشەکانەی یەکێتی بە پارتییەوەی نا، بە قەد ئەو وتارەی (سەردەشت عوسمان) بنەماڵەی بارزانی لاواز نەکرد! بگرە فیشکەکانی یەکێتی، پارتی کرد بە هێزی یەکەم لە باشوری کوردستان، بەڵام (سەردەشت) ئەو قودسیەتەی کە بە ساڵانە بنەماڵەی بارزانی بۆ خۆیانی دادەڕێژن و سازی دەکەن، خستییە ژێر پێیەوە و ڕووخاندی، وەک ئەوەی ئیبراهیمێک بێت و بە چەکوش لە بتەکان بدات، ئاوایی بوو، تێکی شکاندن.
(سەردەشت) کوڕی بنەمالەیەکی هەژار بوو، ژیانی خوێندنی تێکەڵ بوو بە کاری کرێکاری و ڕەنج کێشان، دانیشتووی گەڕەکێکی هەژارنشینین بوو، کە گەڕەکی (حەی سەدام-کوردستان)ـە. سەردەشت خوێندکاری بەشی ئینگلیزی کۆلێژی ئاداب بوو لە زانکۆی (سەلاحەدین)، ئەوەش ببووە هۆی ئەوەی (سەردەشت) ئینگلیزی  بزانێت و لەو ڕێگایەوە چاودێری گۆڕانکارییەکانی جیهان و ڕۆژانەمە جیهانییەکان بکات و بزانێت کە دوونیا ئەو سیاسییە کوردانە نین، کە هەموو کارێکیان هەڕاج کردنی خەڵک و کۆمەڵگا و نرخە مادیی و مەعنەوەییەکانیەتی. لەوێوە (سەردەشت) تێکەڵ بە کاری ڕۆژنامەوانی بوو و کاری ڕۆژنامەوانی دەکرد، وتاری دەنووسی.
گرنگی (سەردەشت) لەوەیە کە ئەو هی کەس نەبووە، جگە لە هی خۆی و باوەڕییەکانی و کۆمەڵگا چەوسێنراوەکەی، ئەو لە کۆشی هیچ بەرپرس و بازرگانێکدا خڕینگە خڕنیگەی نەکردووە، بۆیەش هەموو شتەکانی زۆر لە جێ و ڕەوان و ڕاست بوون! وەک ئەوەی ئەمڕۆ بە دەیان و سەدان هەرزان لە دونیای ڕۆژنامەوانی و شانۆ و کۆڕ و گروپەکاندان، قسەی ڕەونەقدار دەکەن و چەمکە زانستی و سیاسییەکان بەکار دێنن، بەڵام لە کۆشی لایەنێکیش نەبن، لە کۆشی بەرپرسێکدان، ئەوانە، جگە لە هەرزان، سوکایەتی بە ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە و بەها بەرزەکان، هیچ شتێکی تر نین، ئەوانە دروست کۆنترای ئەوەن کە بانگەشەی دەکەن. (سەردەشت)یش ئەوەیە، کە هەرگیز خۆی باسی نەکردووە، نموونەی مرۆڤێکی هۆشیار و بتشکێن و شۆڕشگێڕ.
لە هەولێرێکدا، وەک کە خۆیان دەڵێن، "کۆترێکیش هێلکە دەکات ئاگامان لێیە و لێی بە خەبەرین"، لە هەولێرێکدا، کە هەموو تاکەکان و گرووپەکان پاڵیان داوە بە پاڵی دەسەڵاتەوە، هێز لە کلک و گوێ بوونی ئەو دەسەڵاتە دەبینن کە مەکینە و دەزگایێکە دەیان هاڕێت. (سەردەشت) هەڵدەکەوێت و پێیان دەبێژێت (نە سەرۆک  خوایە و نە کچەکەی)، دواتر هەر هەمان ئەو خەڵکەی کە شاهێدی هەموو ئەو تاوانانە بوون، دوای تاکتیک و گەمەکانی بنەماڵەی بارزانی کەوتن، لەژێر ناوی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و نەتەوەگەرایی، بەڵام کەسانێک هەبوون کە بە خۆشبەختییەوە خۆم لەوانە بووم، بەرامبەر بە (سەردەشت) ڕاستگۆ بووم و شوێن بکوژانی نەکەوتم و ئەو بتەی ئەو شکاندبووی، سوژدەم بۆ نەبرد!
  (سەردەشت)  لە یەکێک لە وتارەکانیدا، (نەوشیروان مستەفا) هۆشیار دەکاتەوە، لەوەی پێچەوانەی بانگەشەکانی دەرکەوێت، دەیخاتە ژێر پێی، تەنانەت پەنا بردنیش بۆ ئەو وەک پەنا بردن بۆ شەیتان بەناو دەکات، لە بێ چارەییدا. سەرباری ئەوەش مەرجی هەیە و ئیرادەی خۆی بەبا نەکردووە و خۆی مارەی هیچ بڕیار و مەیلێکی کلاسیکی نەکردووە، بۆ سیاسییە بۆشەکانی باشوری کوردستان. (سەردەشت) کوڕێکی هەولێری و گەڕەکێکی هەژار نشین، کە ژینگەکەی بۆ ئەوە ئامادە کراوە ببێ بە حەب خۆر و کەوتوو و نەزانێک، ئەوەی لێ دەرچووبوو، لە دەرەوەی هەموو ئەو سنوورانە بوو کە بۆی دیاری کرابوو، لە هەموو ئەو لوتکە بەرزانە بوو، کە دەسەڵاتەکەی هەولێر و هەموو دەسەڵاتەکانی جیهان، دەترسن تاکەکان بیگەنێ.
ڕەخنەم لە (سەردەشت) هەیە، نەدەبوو (سەردەشت) بهێڵێ، ئاوا بە ئاسانی دەستگیری بکەن، دەبوو، وەک پەڕەسهێڵکەیەک، بفڕێ و شارەکە جێ بهێڵێت، دەبوو هەڵی خەڵەتاندبان، نەوەک سینگی بەرامبەریان بکاتەوە، تا فیشەک بنێن بە  نێو دەمیەوە، چونکە (سەردەشت)، پێویست بوو، ئێستا پێویستە، لە نێو ئەو هەموو پرسیاری "چی بکەین؟"ـەدا، (سەردەشت) پێویستە، وەک کەسێکی خاوەن هۆش و سەرنج و تێبینی، بەڵام (سەردەشت)، لەلایەن دەسەڵاتەوە، تیرۆر کرا.
(سەردەشت) ژیانێکی تراژیدی هەبوو، بەڵام شایستەی مردنێکی تراژیدی نەبوو، وەک کە خۆی باسی دەکات، "مردنێکی تراژیدیم پێ ببەخشن". ئەوەتا، تۆیان کوشت و بۆیان چووە سەر، خەڵکی تریشیان کوشت و بۆیان چووە سەر ، بۆ ئەوان ئێمە بکوژن؟ بۆ ئێمە پارووێکی ئاوا ئاسان بین؟ لەوەدا، لەگەڵ (سەردەشت)دا ناکۆکم و نەدەبوو (سەردەشت) وەها بکات، وەهای کە وتاری نووسیووە  و بتی شکاندووە، نا! وەهای کە بکوژانی داوەتی کوشتنی خۆی کرد و بۆیان وەستا. دەبوو، نەوەستایە، بەڕاستی هیچ سەرکەوتنێک لە مردندا، نییە، (سەردەشت). بەڵام سەرباری ئەوەش، تیرۆری (سەردەشت) پێچەوانەی ئامانجەکانی دەسەڵاتی بەجێ هێنا، (سەردەشت) بوو بە خەت، نموونە، ڕێگا و ڕێباز. تەنانەت بە تیرۆرست کردنی (سەردەشت)یش نەیتوانی (سەردەشت) بکات بە نموونەیەکی ناشرین  لای گەنجە ئازادەکانی هەولێر و کوردستان.
ئایا (سەردەشت) کوڕێکی فیوداڵ بوو؟ بۆیە ئاوایی پەلاماری کچی (مەسعود بارزانی)ی دا و خۆی کرد بە عاشقی؟ ئایا (سەردەشت) عاشق بوونی کچی سەرۆک بە سەرکەوتن دەزانێت؟
(سەردەشت) کوڕێکی چەپ و پێشکەوتوو بوو، هەرگیز فیوداڵ و شاگردی بیری خێڵەکی کوردی نەبوو، بەڵام ئەو بیرۆکەی (سەردەشت) لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە لە مێژوودا، هەمیشە یاخییەکان عاشقی کچی پاشا دەبن، ڕۆمانی (ئەفسانەی چیای ئاگری)ی (یەشار کەماڵ) بە نموونە، (داستانی دەروێش و عادول) بە نموونە، هەموو ئەوانە، کوڕێکی یاخی، عاشقی کچی پاشا و سەرۆک دەبێت، لەوەدا یەکسانی دێتە کایەوە، کچی سەرۆکیش عاشقی چەوسێنراوێک دەبێت، کوڕی هەژارێک، لێرەوە هەموو ئەو بنیاتە چینایەتییەی پاشا و دارودەستەکانی سازیان کردووە، تێک دەشکێت! ئەو ڕووێکی ئەو وتارەیە، کە (سەردەشت) نووسیویەتی، ئەگەر خۆشی پێی نەزانێت، زادەی  هەمان هەستی شاراوەی نەستی کوڕێکی چەپ و پێشکەوتووە.
دیوێکی تری ئەو وتارە،  ئەو هەژموونە نابەرابەرەیە کە لەڕێی دەسەڵاتی بنەماڵەوە سەپێندراوە بەسەر خەڵکدا و لە بەزاوابوونی ئەو بنەماڵەیەوە  هەموو ئەوانەی کە خەونن بۆ بنەماڵەیەکی هەژار، دەبن بە ڕاستی و دێنە دی، بەڕاستیش بەو شێوەیەیە و شێوەیەکی تر لە ئارادا نییە. ئەوڕۆکەش، بنەماڵەی بارزانی پارێزبەندییان هەیە لەسەر کچەکانیان و تێکەڵی دەرەوەی خۆیان نابن، هەم لەبەر هۆکاری ئەوەی کە ئەوان پیرۆز و بتن، هەمیش چونکە نایانەوێ، زاوایێک کە یەکسانە بە پارچە کردنی دەسەڵاتی بنەماڵەکەیان، کە ئەوان قبوڵی ناکەن و ئەوەتا کوشتیشیان. 
جوانی و چێژ و سەربەرزی و هەموو ئەوەی کە هێنەری خۆشبەختییە، لە دنیاکەی (سەردەشت)دا، جیاوازە، ئەوە نییە کە تاکەکانی کۆمەڵ بۆی لە هەوڵدان، تەعین بوونێک، سەرچاوەیەکی ماددی، دەستێکی گوواوی بێ بەسەریاندا، هەرزان بژین و هەرزان بمرن، لە کۆشەیەکدا، کتێب بخوێننەوە و ڕەحەت بن! سەردەشت دنیابینێکی تر و جیاوازە
(سەردەشت) دەڵێ:
هەموو ئەوانەی بەشێکن لەو دەسەڵاتە، قاتڵی منن، هەموو ئەوانەی دەهۆڵیان بۆ لێدەدەن، وەک ئەوانن، دینگە و ڕاگریانن، هیچ ئاسایی نییە کە ئاواییە و هەڵوێست وەرگرن، کەمترین هەڵوێست، لە دڵتدا، ڕقت لێیان بێت، لە زانکۆکەتدا، سڵاویان لێ مەکە، هاوڕێیان مەبە، ئەوان مرۆڤێکن لە سەد ڕوو، کۆیلەی قاتڵەکانمن، خۆیان قاتڵمن.
جوانی ئەوەیە، بچیتەوە بە گژ ئەو چەتانە، جوانی ئەوەیە پیاو یان ژنکۆکیان نەبیت، ئاسایی نەبێت لەلات سێلفیان لەگەڵ بگریت، قێزت بێتەوە لێیان، بە دزیشەوە بێت، تفیان تێ بکەی، هەموو ئەوەی کە دەمێنێتەوە، جوانی و سەربەرزی و چێژ دەبێت، ئەو ساتە، بێ گومان.
هەتا ڕۆژێک دێ، (سەدام) ئاسا، یان وەک (مۆسۆلینی)، چەشنی (مفەوەز شەماڵ)، دادگایی دەکرێن، یان بە بەرد پارە پارە دەکرێن، یان هەڵدەواسرێن!
ئەوکاتە، هەموومان شاد دەبین، هەر نا، من ڕۆحم شاد دەبێت.
هەموو ئەوەش یەک هەنگاوی پێویستە بینێیت، "بەشێک نەبیت لە ئەوان".




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4.5/5)