وەڵامدەری „NNS ROJ“ دەڵێ: " چونکە ئێمە بە زمانی سۆرانی و کرمانجی و عەرەبی و تورکی کارەکانمان بڵآودەکەینەوە. واتا بە هەورامی و کەلهوڕی و زازاکی و خانەقینی و ...هدت بڵاویان ناکەینەوە".
لێرەدا بە ئاشکرا دەبینین کە وەڵامدەری „NNS ROJ“ چۆن بەرەبەرە بیر و مەبەستە شۆڤینیستانەکەی بە زەقی ئاشکرا دەکات و بە هەورامیشەوە ڕاناوەستێت و کەلهۆڕی و زازاکی و خانەقینی و ...هتد دەخاتە ڕێزی قەدەغەی زمانی سایتەکەیەوە. لە بەرامبەردا بە ئاشکراش کرنۆش بۆ زمانە داسەپاوەکانی داگیرکەرانی وڵاتەکەی دەبات و بۆ خەباتە چەوتەکەی پیویستی بەوانە و کار بەوان دەکات. دەبێ لەو شۆڤینیستانە بپرسین ئەمە چ خەباتێکی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتیە کە کڕنۆش بۆ زمانی داسەپاوی داگیرکەری وڵاتەکەت دەبەیت، بەلام زمانی هاوخەباتەکارەکانی خۆت قەدەغە دەکەیت؟؟؟ ئەمجار چاوەڕێ ئەوەیش هەیت کە منی هەورامی و کرمانجی و کەلهۆڕی و لەکی و لۆڕی و زازاکی متمانەت پێبکەین و هاوسەنگەرت بین؟؟ دوایش کە بە دەسەڵات گەئیشتیت هەموو ئەو دەسەڵاتە بۆ سەرکوت و بیبەش کردن و زمانبڕینی من و ئێمەمانان بەکار بێنیت، وەکوو لە قسەکانی خالێ عەزیزی دیارە و حکوومەتی 28 ساڵەی باشووریش هەر ئەو سیاسەتە پێڕەۆ دەکات؟؟ زهی خیال باطل ‼
ئەم ھەڵوێستەی سایتی„NNS ROJ“ بەرامبەر بە زمانی ھەورامی و کەلهۆڕی و زازاکی و.... هیچ جیاوازیەکی لە وتە شۆڤینیستانەکانی خالێ عەزیزی نیە کە هەڕەشەی خڕکردنەوەی زمان و زاراوەکان دەکات و دەڵێ:
" ئەگەر بڕیار بێت ئەم زمانە ستانداردەی ئێستای کوردی نەمێنێت و ببێتە جووتستاندارد(بە دیدی جووتزانایان و جووتسیاسییان و جووتمۆدێرنان و جووتپرۆفێسسۆران و جووتمامۆستایانی کورد) و ئەگەر بڕیار بێت، لە تەنیشت ئەم زمان و ئەلفبێیە ستانداردەی ئێستای زمانی کوردیدا، ئەلفبێ لاتینی بەکار ببرێت و زاراوەگەلی ھەورامی و فەیلی و کرمانجی و دملی و ھەموو ئەوانی دیکەش ببنە زمانی ستاندارد و ڕەسمی، ئەوا من بەشبەحاڵی خۆم زۆرزۆرم پێ باشترە و پێ خۆشترە و پێ ڕاستترە، کە کورد دەستبەرداری ئەم زمانۆکانەی خۆی ببێت و زمانانی عەرەبی و فارسی و تورکی ببنە زمانی خەڵکی کورد و شتێک بە ناوی زمانی کوردی تەنێ لەنێو ماڵاندا بمێنێتەوە و ئەویش بە تێپەڕبوونی کات و ساڵان بەرەبەرە نەمێنێت و لەبەین بچێت. من ھیچ لەم قسەیەم پەشیمان نیم، چونکە نەتەوەیەک، بەتایبەت خوێندووانی، ھێندە بیرکۆڵ و نەزان و گێل و گەوج بن، ھەرگیز شایستەی ژیان و مانەوە و سەربەخۆیی و ئازادی نییە. (سەرچاوە: ماڵپەڕی دەنگەکان - ئەمجەد شاکەلی - ٢٣\٩\٢٠١١)."‼
وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەم جۆرە بیرۆکە و هەڵوێستە ڕەگەزپەرستانە بە ئاشکرا شۆڤینیزمی زمانییە و زۆر مەترسیدارە و بە هیچ شێوازێک و لە هیچ شۆڤینیستێک لە هەر لایەنێکەوە بێت، قبووڵ ناکرێت و هاوکات لە تەک خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری و دژی داگیرکاری و شۆڤینیزمی داگیرکەر، خەبات دژی شۆڤینیزمی زمانی ناوخۆییش بە ئەرکی سەرەکی شۆڕشگێڕانە و مرۆڤیانەی خۆمان دەزانین. ئەمانە دەبێ بزانن کە یەکەمین ئاکامی ئەم بیرۆکە چەوتە و نامرۆڤیانە دژوار کردنی پێکەوەژیانێکی ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانەی ئەم قەوارە و زمانە جۆراوجۆرانەن کە بە درێژایی مێژوو دراوسێ یەکتری بوون و هەن و لە زور شار و گوندیشدا تێکەڵاون. ئەم قەوارە و زمانە جۆراجۆر و ڕەنگینانە، کە سەرمایەی فەرهەنگین، دەبێ هەرکامیان هەموو ئەو مافانەیان هەبێ، کە بۆ نموونە سۆران بۆ خۆی بە ڕەوای دەبینی، نە زیاد، نە کەم. ئەمەش یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و مامەڵەی لە سەر ناکرێت و پێشێل کردنی ئەم مافە ڕەوایە تاوانە و پێشلکەرانی ئەم مافەش وەکوو تاوانبار مامەڵەیان لە تەک دەکرێت. ‼
خەبات بۆ دادپەروەری و ڕزگاری گشت لایەنە و دژی داگیرکاری و شۆڤینیزمی داگیرکەر جیا لە خەبات دژی شۆڤینیزمی ناوخۆیی نیە.