پرسی شۆڕش

Sunday, 28/04/2019, 15:17

11070 بینراوە


بەشی چوارەم
1
ئێمە بۆ نزیکبوونەوە لە پرسی شۆڕش گەرەکە سەرەتا تێگەی "ستاتۆی سروشتی" (natural state) دیاری بکەین، کە یەکێکە لە تێگە کرۆکییەکانی "تیۆری ی مافی سروشت" (natural law) و فەیلەسوفانی وەک هۆبس، لۆک، ڕووسۆ، لە نوێنەرە سەرەکییەکانین. لەم تیۆرییانەدا، سەرباری جیاوازیی ئەنترۆپۆلۆژییەکانیان، ستاتۆی سروشتی وەک هەقیقەتێکی کۆمەڵایەتی پێش دامەزراندنی دەوڵەتی یاسا وەردەگیرێت، ئەمەش بەو ئامانجە کە گرفتەکانی ئەو جۆرە دەوڵەتە وەردتر دیاربهێنرێن. پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ چۆن ڕەوایەتی (لێگیتیماسیۆن) بە دەسەڵات دەدرێت.
مرۆڤان لە ستاتۆی سروشتیدا ژیانیان بەگوێرەی یاسای سروشتی بەڕێوەدەبەن، لێ "مافی بەهێزتران" بریتییە لە گرنگترین مۆرکی ئەو ستاتۆیە. لێرەدا مەبەست لەو کەس و گرووپانەیە کە خاوەنی هێزی فیزیکین (لەشەکی یان باندی تاڵانی)، هەروەها هێزی ئابووری، کۆمەڵایەتی-ئابووری یان هەردوو هێزی ناوبراو پێکەوە لەتەک هێزی سەربازیدا. ئەوان هێزەکەیان وەک ماف ڕادەگەیەنن و بەسەر بێهێزەکان یان کەمهێزەکاندا ("خەڵک"دا) دەیسەپێنن. لەم ڕوانگەیەوە موڵکدار بە هێزی توانستی ئابوورییانەی بەهێزترە لە بێموڵک؛ گرووپی چەکدار، بۆ نموونە پارتێکی سیاسی کە بە چەک خەریکی شەڕ و شۆڕە، بەهێزترە لە باقییەکەی نێو ئەو کۆمەڵە، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە کە لە هەلی هەڵکەوتوودا بۆی دەلوێت "ویستی تایبەتی"ی خۆی (ڤۆلۆنتێ پارتیکولاری خۆی) بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. کەواتە دەسەڵاتداران "خۆیان" ماف بە "خۆیان" دەدەن ڕێگەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری دیاری بکەن.
لە ستاتۆی سروشتیدا تەنیا یاسا سروشتییەکان سەروەرن، وەک: مافی بەرگری لە موڵکی خۆ، ئەوە تەنانەت بە هێزی چەک، ئەوجا تۆڵە، یان مۆڕە وەک دیاریکەری سنوور بۆ کەسانی دی و هتد. لێ هەروەها یاسای دیکە هەن، وەک سوڵحکردن، ئاشتکردنەوە، هەستان لەبەر میوان یان بەڕێکردنی و هتد. بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو یاسا سروشتییانە نەشیاوە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بپارێزرێت.
لێ ئەو یاسایانە کە دەسەڵاتداران بە هەر شێوازێک دایاندەنێن، چواندنیان بۆ خۆیان و کەس و کاریان نییە، بەڵکو تێیاندا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان کراوە و لە دەرەوەی خۆیان بەسەر "خەڵک"دا دەیانسەپێنن. بۆ نموونە ئەو دەسەڵاتدارانە کە وەک گرووپ بە دەسەڵات دەگەن و تەواو هەوەسئاسا دەسەڵات دەئاژوێن. لێرەدا دەسەڵاتدارانی گرووپی چەکدار ویستی خۆیان بەسەر کۆمەڵدا دەسەپێنن، ئەوجا هەر بە ویستی خۆیان و سەرۆکیان پۆستە دادوەری و بەجێگەیەنەری و بەڕێوەبەرایەتییەکان دیاری دەکەن، یان بە ویستی سەرۆک دەسەڵاتی باڵا بە کوڕەکانی ئەو دەدەن، بە ویستی خۆیان زەوی بەسەر ئەندامانی گرووپەکەیان یان لایەنگرانیاندا دابەش دەکەن، جگە لەوە بە ویستی خۆیان کارەبای زیاد لە پێویست بۆ ماڵی خۆیان ڕادەکێشن، ئەوجا گەر حەزیان چووە سەر باخی کەسانی دی، ئەوا دەشێت بەزۆر لێیان بکڕن یان تەنانەت لێیان داگیر بکەن، هەروەها زۆر دەشێت دەسەڵاتدار خۆی و کوڕەکانی، یان پیاوەکانی نزیکی بە کوڕەکانیانەوە، تەعدا لە کچی خەڵک بکەن و دەست بۆ شکۆی ژن لە ماڵی خۆی یان لە دامەزراوەیەکدا ببەن و هتد.
ئێمە لەم جێیەدا گەرەکە جیاوازی لە نێوان "زەبری دەسەڵاتداری ڕاستگۆ و نامەرد"دا بکەین: دەسەڵاتداری ڕاستگۆ هەرگیز نکۆڵی لە زۆرداری یان دیکتاتۆرێتیی خۆی ناکات، نەخێر، ئەو بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە لە وڵاتی ئەودا تەنیا جێی دیکتاتۆری دەبێتەوە. لێ دەسەڵاتداری نامەرد ئەو ناکەسەیە کە لە کرۆکەوە دیکتاتۆر و مافخۆر و درۆزنە، هەروەها ڕێ نادات هیچ یاسایەکی وڵاتەکە چواندنی بۆ خۆی و نەوەکانی هەبێت، بەڵێ تەنانەت چواندنی بۆ خزم و کەس و دەستوپێوەندەکانی هەبێت، کەچی هەمیشە جەخت لە پێچەوانەی دەروون و ڕەفتاری دیکتاتۆریانەی خۆی دەکات، بۆ نموونە لە دێمۆکراتی، یان لە ڕاستگۆیی و نەبوونی هیچ کەس لە سەرووی یاساوە. دەتوانین لەبارەی ئەم بەدڕەوشە ببێژین، کە لێرە "بەدجۆربوونی (پێرڤێرزیۆنی) دەسەڵاتی سروشتی" چووەتە جێی دەسەڵاتی ڕاستگۆیانەی سروشتی لای سەرۆکی هۆز و تیرە یان ئاغای چەوسێنەر و هتد.
گومانی تێدا نییە کە هەردوو ستاتۆی ناوبراو سەر بە ژیانی ڕیالی کوردەکان بوون: شار و شارۆچکەکانیان لە سەردەمانی دەوڵەتی عوسمانییەوە، لێ بە تایبەتیتر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراقەوە، لەژێر ڕکێفی پەیوەندیی دەوڵەتیانەی مۆدێرنیزەکراودا بوون و تا ساڵی 1991 بە شێوەی سەنترال لە بەغدادی پایتەختی ئێراقەوە ڕێکدەخران، بە پێچەوانەشەوە لەو ناوچانەدا ستاتۆی سروشتی بە ڕەهایی یان نزیکەی بە ڕەهایی باڵادەست بوو، کە بە دەست پێشمەرگەوە بوو، یان گوندی عەشایەری بوون و سەرۆک عشیرەت پەیوەندییەکانیانی بە هەماهەنگی لەتەک دەسەڵاتی دەوڵەتیدا ڕێکدەخست. لێرەدا گەرەکە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە دەوڵەت لە ناوچەکانی ژێر ڕکێفی خۆیدا هێشتا هەر نەیتوانی بوو بە یاسای پۆزەتیڤ (واتا دانراوی مرۆڤ) یاسا سروشتییەکان لەکاربخات، بۆ نموونە یاسای تۆڵە. بە هەر حاڵ، گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە دوای ڕاپەڕین ی 1991 ستاتۆی سروشتی لە لایەن پارتە کوردییەکانەوە درایە پاڵ ئەو ستاتۆ دەوڵەتییە، کەواتە ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتییان هێنایەگۆڕێ. ڕوونتر ببێژین، چەکدارانی نێو چیاکان کە نوێنەر و پیادەکەری شەڕانگێزی بوون، جگە لەوە لە ڕەوتی پیادەکردنی یاسا سروشتییەکاندا گەیشتبوون بە ئەزموونی چێژبینین لەو ڕەوشە دەروونییە شەڕانگێزەی خۆیان و بەو ڕێیەشەوە کەسێتییان پتر تێکچوو بوو یان تەنانەت بەدجۆر )پێرڤێرز) بوو بوو، دەستیان بەسەر شارەکاندا گرت و دامەزراوە دەوڵەتییەکانیان خستە ژێر ڕکێفی ویستی خۆیانەوە. ئاشکرایە کە ئەوان بەهۆی تێکچوون و بەدجۆربوونی کەسێتییانەوە تەنیا لەنێو دەسەڵاتدارییەکدا جێیان دەبۆوە کە بە کەسێتییان بگونجێت. ئەوان کە شەیدا و ڕاهاتووی بەڕێوەبردنی سروشتی بوون، لە بارەگای پارت و ماڵ-دیوەخانی خۆیاندا دەستیان کرد بە ئاژووتنی دەسەڵات، هەروەها تا ئەمڕۆ بە ویستی خۆیان دەیئاژوێن، لێ هاوکات بەجێگەیاندنی کاروبارەکانی بەڕێوەبەرایەتی و دامەزراوەیی سیاسییان "وەک لاوەکی" بۆ فەرمانبەرانی پسپۆر تەرخان کرد. لێرەدا گرنگە ئاماژە بۆ دامەزراوەی دیوەخان بدەین کە مەسئولی حیزبی وەک میراتێک لە ئاغایەتیی وەردەگرێت و دەیکات بە نێوەندی ئاژوتنی دەسەڵات: ئەم دامەزراوە ترادیسیۆنییەی گوند دەهێنێتە نێو سیاسەتی حیزبایەتی و بەڕێوەبەرایەتییەوە، ئەوەش بە چەشنێک کە کاریگەرییەکەی تەنانەت دەگات بە ژووری سەرۆکی زانکۆکان.
بێگومان چێبوونی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی لای کوردەکان سەرەنجامی ئەقڵیەتی باڵادەستی قەومگەلەکە بوو کە گشت بوارەکانی تەنی، واتا سیاسەت، بەڕێوەبەرایەتی، کاری مەلایەتی، دەرکردنی گۆڤار، کاری ئەکادیمی، پیشەی پزیشکی و ئەندازیاری و مامۆستایەتی و هتد. جگە لەوە هەر ئەم ئەقڵیەتە بوو کە لەتاو هەڵپەی دامرکاندنەوەی حەزە کەسییەکان بە تەواوی لە بەردەم بەددۆخی ئابووریانەی نەوەدەکاندا وشکهەڵهات. لە بنەڕەتدا بەهۆی چێژی دەسەڵاتەوە کە هۆبس واتەنی ئەندێشەی چێژبینینی پتری ئایندەیی لەتەک خۆیدا دەهێنێت (ئەوە کە کوردەکان ناوی دەنێن "بەهیچ دانامرکێتەوە")، هەر نەیدەبینی کە چۆن ئەو دۆخە کۆتایی پێدەهێنرێت.
ئێمە گەرەکە لەم جێیەدا پەزڵێکی کەسێتی لە پێناوی دەرخستنی ڕەوشی ئەخلاقیدا بنیاتبنێین. گرنگیی ئەم پەزڵە لەوەدایە کە پێکهاتەکانی لە پەیوەندیی پاڵیەکییاندا دەرفەتمان پێ دەدەن گۆڕانی کەسێتیی کوردەکان لە 1961 بەدوواوە ڕوونتر ببینین. ئێمە "ئەمڕۆ" لەم پەزڵەدا سەرەتا جۆرە کەسێتییەکی ترادیسیۆنییانەی کەم یان زۆر سەقامگیر دەبینین، کە ڕەوشتمەندە، کۆششکەرە، کەم یان زۆر گلەییکەرە، لێ لەبەر ئەوەی وەک گۆتمان ترادیسیۆنییە، ئەوا بەدەرە لە ئاگایی و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە، جا گەرچی تەسلیمی ویستی دەسەڵاتدارانی تێکچوو یان بەدجۆربوو نابێت؛ ئەوجا جۆرە کەسێتییەکی دیکەی دەرکەوتوو بە چەندین ئاڕاستەی جیاوازەوە هەیە کە نەوسنە، ملنەوێنە بۆ مەسئولی دەرکەوتوو، دەیەوێت بە هەر شێوازێک بێت بە پەلە پارە پەیدا بکات، ئەمڕۆ چەپە و سبەینێ ڕاست، ئەمڕۆ ڕاستە و سبەینێ چەپ، هەروەها وەک جرپن و پەتپەتێنکەر عەوداڵی دەرکەوتن یان خۆنواندنە. ئەم جۆرە کەسێتییە لەنێو سەرجەم پارتەکاندا بە "گۆڕان"یشەوە زۆرینەیە، هەروەها هەر لەنێو ئەم جۆرە کەسێتییە زۆرینەیەدا ئاڕاستەی دی هەن، بۆ نموونە: دەنگزلی ڕەخنەگر کە لە کرۆکەوە هەیەپارێزە، یان کەسانی خۆ دانەر بە ڕۆشنبیری بلیمەت و دژبەری چەوساندنەوە و دەسەڵاتی ناڕەوا، لێ لە کرۆکدا موخەننەتتر و نەخۆشترن لە مەسئولە بەردەوام پەنجە بۆ ڕاکێشراوەکان و هتد. توخمێکی دیکەی پەزڵەکەمان بریتییە لە کەسێتییەکی نەخۆش، ئەمانە ژن و پیاوی نەخۆشی حیجابدار و ڕیشنی سەلەفین؛ مۆرکی ئەم کەسێتییە نەخۆشە ئەوەیە کە ترسنۆکە، وەک هەیەپارێز تۆقیوە لە دەرهاویشتە نوێکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتی، هەروەها خۆویست و تەمەڵە و هاوکات ئەرەبیستانە جیهان و ژیان دەبینێت. پاشان توخمێکی دیکە بریتییە لە کەسێتییەکی بەردەوام بەرهەمهێنراوەی ترادیسیۆنی؛ ئەم کەسێتییە خاوەنی نەریتێکی دێرینی حەزەرمەندییە، بۆیە لە شار یان گوند بە خشکەیی دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت، واتە هەقی بەسەر سیاسەتەوە نەبووە و نییە، یان هەرگیز گرنگیی بە کوردایەتیی چەکداریی نێو چیاکان نەداوە، بە پێچەوانەوە لەو سەردەمانەی شەڕی چەکداریدا بەرژەوەندیی خۆی لای حکومەتەکانی دەوڵەتی مەرکەزی بینیوە، ئەمڕۆش درێژە بە ژیانی ڕاهاتووی خۆی دەدات. ئێمە هەر لە پەزڵەدا گەرەکە ئاماژە بۆ جۆرێکی دیکەی کەسێتی بدەین کە ئاڵۆز و خاوەن ناوەرۆکی ڕەخنەییە، لێ کەمینەیە، جا گەرچی کەسانی سەرجەم نەوەکان لە پیرەوە تا گەنج لە خۆ دەگرێت و نەک تەنیا تەسلیمی ڕەوشی هەنووکە نابن، بەڵکو تەنانەت هەڵوێست بەرانبەری وەردەگرن.
بە چاوخشاندنمان بەم پەزڵەی کەسێتییانی کۆمەڵایەتیدا خێرا بەدگۆڕانێک لە ئەخلاقی سوننەتیدا دەبینین: شێوان. لێ شێوان تەنیا ئەدگارێکێتی، چونکە ئەو بەدگۆڕانە تا ڕادەی داوەشان بڕدەکات، بۆ ئەمەش نموونەی بەرجەستە زۆرن، وەک: هەوڵی پاشقولگرتن لە هەڤاڵ و تەنانەت برای خۆ، ئەنجامدانی یەکجار نابەرپرسانەی کاری پزیشکی لە چارەسەری نەخۆشدا، تەزویرکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، فەوتاندنی نووسینی وەرگێڕراوی کەسێکی دی یان دزینی هۆزانی (شیعری) کەسێکی دی و بڵاوکردنەوەی بە ناوی خۆوە، ئەوجا گۆڵمزی سادە بەپاڵ ئۆتۆمبێلەوە لە کەناری ڕێگە دەرەکییەکانی شار، یان پەیداکردنی پارە "عەلسەریع" کە تێیدا نزیکەی لەکارکەوتنی "قودسیەتی وەستای ترادیسیۆنی" دەردەکەوێت کە سەرەتا شانازیی بە "دەستڕنگینی"ی خۆیەوە دەکرد و هتد؛ بەڵێ بێکولتووریی کەس دەگات بە ڕادەیەک، کە ئیدی مرۆ بێشەرمانە سەر شەقامەکان دەگرێت و بە بەر چاوی کامێرای تەلەڤیزیۆنییەوە سکاڵا دەکات کە پارەی نییە ژن بهێنێت، یان ڕایدەگەیەنێت کە دەرەقەتی ڕێژەی زۆری بابەتەکانی خوێندن لە فێرگە و زانستگەدا نادات!!!
ئێمە لەنێو هەمان ئەو ڕەوشەدا هەروەها بەڕوونی دەبینین کە چۆن نوێنەرانی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی لەتاو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و نەوەکانیان تەواو شپرزە بوون و لە هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردن بێئابڕووانەتر تەزویر دەکەن. ئەوان بەهۆی تاوانەکانیانەوە کە لە شێوەی کوشتن و فڕاندن و هتد ئەنجامیان داون، هەروەها بەهۆی کەڵەکەبوونی لەڕادەبەدەری سەروەت و سامان لایان، تەواو تێوه‌گلاون و لە ترسدا تۆقیون، بۆیە نەشیاوە بتوانن لە خۆیانەوە واز لە دەسەڵات بهێنن، بەوەش هێندەی دی بوون بە تۆپی پێی دەوڵەتانی دراوسێ، کە گرووپ گرووپ یەکیان پێ گرتوون و پێکڕا لەنێو دوو میرنشینی بچووکی مۆدێرنیزەکراوی "نێو" کوردستانی "نێو" ئێراقدا خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ئەوان دەکەن.
ئێمە بە یاریدەی دەستەواژەی "باندی کریمینێل" (ئیجرامی) دەتوانین ئاساتر لە تاقم-تاقمێنەی نوێنەرانی ستاتۆی سروشتی-دەوڵەتی نزیک بکەوینەوە. ئاشکرایە کە باندی کریمینێل جیاوازە لە کتلەی نێو پارتی سیاسی. ئاخر کتلە بۆ بەرژەوەندیی سەرجەمەکە کە پارتە، پێکدەهێنرێت، واتا ئامانجی کتلە بەرەوپێشبردنی سەرجەم قەوارەکەیە، لێ باند تەنیا دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکەوێت و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم قەوارەکە (پارتەکە) دوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دادەنێت. کەواتە لەم ڕەوشەدا "ویستی تایبەتی" (ڤۆلۆنتێ پارتیکولار) بە شێوەی جیاواز لەگۆڕێیە، نەک "هەرێمێک" کە گەر هەبێت، ئەوا لە بنەڕەتدا دەرهاویشتەی "ویستی گشتی"یە (ڤۆلۆنتێ ژێنێرالە). بەڵێ، باند خۆی ویستێکی تایبەتیی هەیە و لەنێو پارتدایە، کە ئەویش وەک پارت خاوەن ویستێکی تایبەتییە لەنێو قەوارەیەکی گەورەتردا کە گەلێکە. ئەمە بە تایبەتی بەوەدا ڕوون دەبێتەوە کە بەرپرس وەک سەرۆک باند کوڕانی خۆی دەهێنێتە نێوەندی بڕیاری سیاسییەوە، بەبێ ئەوەی هیچ گرنگییەک بەو "شتە" بدات کە ناو دەنرێت پەیرەوپرۆگرامی پارت یان یاسای پەرلەمان (!!)، بەڵێ ئەو هەروەها هاوشێوەی هەر باندێک پیاوەکانی بەگەڕ دەخات و دەیانکاتە سەر ئەم و ئەو، تەنانەت دەیان نێرێتە نێو پەرلەمانەوە تاکو سزای پەرلەمانتار بدەن، یان هانیان دەدات دەستڕێژ لە بارەگای پارتی دیکە بکەن، هەروەها بە ئارەزووی خۆی بازرگانی دەکات، دەکوژێت و دەبڕێت بەبێ ئەوە هیچ ئینستانسێک هەبێت بتوانێت لێی بپرسێتەوە. جگە لەوە باندەکانی دەسەڵات "تەواو پێرڤێرزانە" شایی بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان دەگێڕن، هەروەک گەل دێمۆکراتییانە بە دەنگی خۆی ئەو ڕەوایەتییەی پێدابن! ئەوجا ئەو لایەنانە کە کەمتر تەزویریان پێکراوە، بەگوێرەی یاسای مافی بەهێزترانی نێو سروشت هەڵوێست وەردەگرن و دەبن بە ئاستەنگ لە بەردەم تەزویرچییە درۆزنەکەدا، کە ئیدی ناهێڵن هێندە ئاسان حکومەت پێکبهێنێت. لێرەدا فێڵلێکراو تەواو پێڕڤێرزانە، لێ هاوکات تەواو "ڕەوایانە" دەنگهەڵدەبڕێت: "شێتیش بیت ئەو زۆرێتییەی کورسییەکانت لێ قبووڵ ناکەم، چونکە تۆ زۆردارانە تەزویرەکانت کردووە ڕێژەکەیت بێشەرمانە تەقاندۆتەوە! لێ من بەهۆی هاڤرکێی پارتانی دیکەوە ئەو دەرفەتەم نەبووە، کەواتە بۆت نییە بە کەیفی خۆت حکومەت پێکبهێنیت. تەنیا شەراکەتی ڕاستەقینە چارەسەرە!"
به‌م شێوه‌یه‌ لای کوردەکانی ئێراق سەرباری دۆخگۆڕیی کۆمەڵایەتی، ئەتککردنێکی باندئاسای دەسەڵات هەیە، بەوەش دامه‌زراوه‌کان، واتا: په‌رله‌مان، دادگاکان، زانکۆکان، میدیاکان و هتد‌ پڕ ده‌بن لە که‌سانی چڵێس کە ئاشکرایە بە ملنەوێنی و سەرشۆڕی بۆ سەرۆکباندەکان پێی دەگەن، ئەوجا هەر ئەو جۆرە بیچمانە دێنە نێوەندی دامەزراوەکانەوە یان تەنانەت دەبن بە بەڕێوەبەریان. لێ گەرەکە لێرەدا جەخت لەوە بکەین، کە ئەم جۆرە بەدڕەوشە ناگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی سەرۆکباند و باندەکانیان، واتا لەنێو ئەوانەوە بۆ نێو بوارە ناوبراوەکان و خەڵک نەتەنیوەتەوە، بەڵکو ئەوە بەرژەوەندیی کەسێتییە چڵێس و بەدجۆربووەکان یان بۆ ئەمڕۆ ژیاوەکانە کە ئەو باند و سەرۆکباندانە دەهێنێتە گۆڕێ.
2

ئێمە گەرەکە لە پرسی شۆڕشدا وردتر ئاستەنگی مرۆڤی دیاربهێنین کە دروستکەری ئەو پەیوەندییە دیارهێنراوانەی سەرەوەیە.
لە چەند جێیەکی دی ڕوومان لە کێشەی ئاستگەرایی لای کوردەکان کردووە، ئێستاش سەرلەنوێ ڕووی تێدەکەینەوە و لەم کۆنتێکستەی ئێرەدا پتر تایبەتمەندیی پێدەدەین. ئاستگەرایی لای کوردەکان ئامانجێکی چەسپێنراوە لەنێو هۆشی هەرکەسدا، وەک ئەوەش مایەی هەستی کەمنرخی یان شانازییە. بۆ نموونە کاتێک سیاسییەکان شەڕی پۆستی جیاواز دەکەن، یان پارتە سیاسییەکان لە دانوستانەکانیاندا تەرکیز ناخەنە سەر پرۆژەی چاکسازی و هتد، بەڵکو دەیخەنە سەر پۆستەکانی پەرلەمان و بەجێگەیاندن (حکومەت) و بەرێوەبەرێتی، ئەوە تەنیا مۆرکی ئەوان نییە، بەڵکو کێشەیەکی کەسێتیی کوردە کە ئەوها جیهانی سیاسی دەبینێت و بۆیە تەنیا بەو شێوەیە سیاسەتی پێدەکرێت. بێگومان خوازیاربوونی سەرکەوتنی لە هەموو کۆمەڵگە و کولتوورێکدا هەیە، هەروەها هەموو مرۆڤێک پێویستی بە ناساندنە بەگوێرەی توانستەکانی، لێ کاتێک ئێمە تایبەت بە کوردەکانەوە پێوەی خەریک دەبین، ئەوا دەبینین کە کوردەکان پۆستی بەرز لە ژیانی کەسی و سیاسیدا وەک "ئامانجی ژیان" دادەنێن، واتا ئەوان پێویستیی بۆ کارکردن وەک لاوەکی دەبینن، کە ئاشکرایە دەشێت پۆستێک بێت و بەگوێرەی لێهاتوویی بە کەسێک درابێت: پۆستێکی نزم، ناونجی یان باڵای فەرمی. لە بنەڕەتدا لای زۆرینەی هەرە زۆری کوردانی ئێراق "دەمێکە" پرسی لێهاتوویی و حەوسەڵەی هەر کارێکی شیاو وەلاوەنراوە (ڕەنگە هەڵە نەبێت گەر ببێژین لە 1991 بەدوواوە ڕووی داوە)، بە پێچەوانەوە، لای ئەوان گەیشتنی "سانا و خێرا" بە بڕوانامە، بوون بە وەستای بینا یان وەستای پی-ڤی-سی و بۆیاخچی، بە تەنکی-ساز و دارتاش و دەلاک و هتد، بووە بە نەریت. بەڵێ، خوێندنی زانستگەیی بە سەرجەم ئاستەکانی بەکالۆریا و ماستەر و دکتۆراوە لای زۆرینەی هەرە زۆری خوێندکاران بۆ مەبەستی گەیشتنە بە بڕوانامە نەک کۆشش بێت بۆ بوون بە زانای بوارێکی دیاریکراو. بڕوانامە بە تایبەتی دەسوێژێکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی فەرمی، کە نزیکەی ئامانجی سەرجەم خوێندنی خوێندکارانە.
لەم جێیەدا تەواو گونجاو دەبێت کە وردتر ڕووبکەینە دیاردەی "ڕق"، چونکە نزیکەی سەرجەم پۆستخوازانی تەنیوە و مەهزەلەیەکی کۆمەڵایەتیی خستۆتەوە. لێ ئێمە گەرەکە هاوکات واتای جیاواز بە "رق" و "کیین" بدەین، تاکو دیاردەی یەکەمیان ڕوونتر دیاربهێنین. ئێمە کیین تەرخان دەکەین بۆ کیینی هەڵگیراو لە پەیوەندیی بێداد، لە درۆزنی و ساختەچێتی و جەبانی، لە جیاوازیی چینایەتی و مافخۆریی لە لایەن دەسەڵاتداران و هتد. لە بنەڕەتدا ئەوە کیین بوو کە شۆڕشگێڕەکانی ڕوسیای لە باقییەکەی دیکەی گەل جیاکردەوە و بوو بەهۆی تەفروتووناکردنی دەسەڵاتی تسار، ئەوە کیین بوو کە پاڵهێزی کردارەکانی ڕۆبسپیا و سان ژەست بوو. کەواتە دەشێت کیین مرۆڤ لە بەرژەوەندیی گشتیدا چالاک بکات. لێ مرۆڤی ڕقاوی تەنیا خۆی دەبینێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی بوێریی بۆ ژیان نییە، ئەوا بەزۆریی تاقمئاسا یان لە شێوەی گەلەکۆمەکێدا خۆی پێ ڕادەگیرێت – ئەوە بێگومان لەنێو پارتی بەناو سیاسیشدا. کەسی ڕقاوی تەنانەت وەک دوورەپەرێز، هێشتا هەر لە سادەترین کاروباری ژیانی ڕۆژانەدا حسسی و خەمۆک و جەبانە، یان حسسی و ملگرژ و چاودەرپۆقیوە.
گرنگ بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە ئەوەیە کە ڕق هاوکات لای سیاسەتکارانیش بە هەمان شێوە کارایە – سیاسەتکاران کە هەمان کارەکتەر و کەسێتیی کولتوورییانەی خەڵکیان هەیە. بۆ نموونە: "سەرۆک"ی چەند دەستە و تاقمێک کە پێكرا بەرەیەکی سیاسی پێکدەهێنن، بەگوێرەی کارەکتەری تەنیا پێی دەکرێت میرۆچکەی دانراو بێت لە لایەن دەسەڵاتی دەرەکییەوە، یان لە باشترین هەلی ڕەخساودا تەنیا پێی دەکرێت میر بێت، کەچی وەک نامۆبوویەک هێندە لە خۆی ڕازییە، کە لە ڕقی هەموو لایەک دەست دەکات بە پرتەوبۆڵەی پۆستێکی تایبەتی، لایەنگرانیشی دەخوازن بۆ خاتری بەرژەوەندییەکانی خۆیان پۆستێکی ناڕەوای وەک "بارەگای تایبەت" لە سەرووی پۆستەکانی سەرۆکایەتی و سەرۆکوەزیران و هتد بۆ زیتبکەنەوە. یان کوڕەکەی بە ڕقەوە دێتە نێو ژیانی سیاسییەوە، تەنانەت داشەکانی لە ڕقی خزمی نزیکی خۆی بەگەڕدەخات، خزمی نزیکیش لە ڕقی ئەو و باوکی و سەرجەم گەل شەقاوانە بەرەو پێش هەڵمەت دەبات. کوڕە شێخی سیاسەتباز کە کەمترین دیدی ئایندەیی لە سیاسەتدا نییە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەمڕۆ دەژی و بۆ ڕەحەتکردنی دەروونی خۆی پێگەیەک لە ئەمڕۆدا دەخوازێت، لە ڕقی دژبەرەکانی چاو لە جیهانی مۆدێرنی دەرەکی دەکات، ئەوجا دەستەواژەی "سکرتێری گشتی" قبووڵ دەکات و بە شانازییەکی شارراوەوە بەسەر ناخی تەواو شێخانەی خۆیدا هەڵدەواسێت. هەروەها: ئەندامانی ڕقاوی لەم حیزبدا لە ڕقی ئەندامانی ڕقاوی لەو حیزبدا کە لە ناوچەی نفوزی خۆیاندا هەراسانیان کردووە، پێداگری لە هەموو شتێکدا دەکات و بەردەوام پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی چەکە، حیزبی هەراسانکەریش تۆڵەی بەجێنەگەیاندنی ڕێککەوتنێکی نێوانیان و دۆڕاندنی دەنگەکانی خۆی لە حیزبی گڕۆز و شەقاوە دەکاتەوە، ئەویش بەوە کە لە ڕقدا دەچێتە چاوبازییەوە لەتەک ئەو پارتەی خێڵەکییەکاندا کە خۆی وەک مایەی نەهامەتییەکانی سەرجەم گەل دەیبینی. لێ بەدڕەوشە ڕقاوییەکە لای تاکەکەسانیش لەگۆڕێیە: ئەمی خۆ گرێداو بە سیاسەتەوە لە ڕقی ئەوی خۆ گرێداو بە سیاسەتەوە گوڕدەبەستێتەوە. لە گشت لا مرۆڤی ڕقاوی لەژێر زەردەخەنەی وڵاتانی دراوسێوە کەوتۆتە هەڵپەی پۆست و دەرکەوتن: ئەم لە ڕقی ئەو دەچێتە پارتێکی دیاریکراوەوە، لێ ئەو لە ڕقی ئەم دەبێت بە ئەندامی پارتی دژبەر. ئەم لە ڕقی ئەوی مارکسی دەبێت بە وجودی، ئەم لە ڕقی هەردووکیان ناوی فەیلەسوفێک دەدۆزێتەوە هەر نەبیسترابێت. ئەم لە ڕقی نزیکترین مامۆستایانی هەڤاڵی دەبێت بە ئەندامی پارتێک تاکو پۆستی ڕاگری کۆلێژ بۆ خۆی مسۆگەر بکات، ئەو لە ڕقدا سەختتر دەکەوێتە مەرایی سەرانی پارتێک تاکو بە پۆستی سەرۆکی زانکۆ بگات.
لێ ئێمە بەڕاستی دەتوانێن ئەم بەدڕەوشە بگەیەنین بە ئاستی بێهودەیی (ئەد ئەبزوردوم) و ببێژین: ئەم لە ڕقی ئەو گۆشت ناخوات، ئەویش لە ڕقی ئەوێکی دی پاشەڵی بە سیلیکۆن زل دەکات؛ ئەو سمێڵ دەهێڵێتەوە، لێ ئەم لە ڕقی ئەو نەک سمێڵ، بەڵکو ڕیشیش دەتاشێت؛ ئەو لە ڕقی دراوسێکان خانووەکەی دەکات بە سێ قات، لێ براکەی لە ڕقی ئەو خانووەکەی لە بناغەوە تێکدەدات و یەکێکی نوێ هەڵدەچنێتەوە، هەروا لە ڕقیشدا کاشیی ئیتالیی تێدەگرێت. ئەم ڕانکوچۆغەی شاڵی هەورامی بەکرد دەدات، ئەو لە ڕقدا خۆی دەکات بە تەوێڵەدا و باشترین شاڵ دەکڕێت، ئەوجا لە نزیکی ئەوەوە دەیسووتێنێت. ئەم و ئەو کە لە ناخەوە ڕقیان لە یەکدییە، لە ڕقی ئەم و ئەوانی دی گۆڤارێک دادەمەزرێنن و تێیدا هزری بە ئارەبی خوێنراوەی ئەوروپی دەدەنەوە، لێ ئەم و ئەوی دیکەش لە لاوە، لە ڕقی ئەوان گۆڤارێک بۆ خۆیان زیتدەکەنەوە. ئەم تەلارسازیی کۆنی ئیتالی دەدزێت، ئەو لە ڕقدا تازەترین تەلارسازیی دوبەیی کۆپی دەکات و تێکهەڵکێشی ڕێنیسانی ئیتالیی دەکات... و هتد.
بە هەر حاڵ، مەهزەلەتر لەم مەهزەلە کوردییە ئێراقییە ئەوەیە، کە گەر کەسێک بە هەر یەکێکی ئەو ڕقاوییانە ببێژێت، گۆیا ئەوان نەخۆشن، ئەوا هەموویان نزیکەی هەمان وەڵام دەدەنەوە: "ئەشهەدو ئاوایە". ئاخر کەسیان سەر بە نەخۆشەکان نییە! ئەوجا گەر مرۆ لێیان بپرسێت کە بۆچی ناتوانن بۆ خاتری ئایندەی زارۆکانیان کەمێک ژیان سەوز بکەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنانەت لە گوندەکانیش هەوای ژەهراوی هەڵدەمژن، ئەوا پێکڕا بە یەک دەنگی جەسوور وەڵامدەدەنەوە: "هەمووی خەتای مەسئولەکانە".
بە کورتی، ئەم بەدڕەوشە کوردییە خاڵسە پێکڕا لەتەک سەرجەم دەرهاویشتەکانیدا ئۆبژێکتی پرسی شۆڕشن، چونکە هەر تاکێکی ئەو دەڤەرەی کوردان خۆیان دەگرنەوە. ئاخر ئاشکرایە شۆڕشگێڕ لەو جیهانبینییە کوردییە خاڵسە و دەرهاویشتەکانییەوە "سەر-هەڵ-دەدات"، لێرەشدا چەندپاتی دەکەینەوە کە ئەو ڕەوشە هێندە ئاسان نایەتە گۆڕێ، وەک چۆن زۆر کەس بە سانایی پێشبینیی دەکەن!
-ماویەتی -


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە