مەسعود عەبدولخالق، شینی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و ئەمەگی بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم!؟

Monday, 29/04/2019, 6:49

35926 بینراوە


مەسعود عەبدولخالقی ستاندەر، نووسینێکی لەژێر ناونیشانی "سەركردایەتی كورد ئاگاداربن مەترسیدارە"، لە چەند ماڵپەڕێکی هەرێم بڵاوکردۆتەوە، کە دەکرێت دوو قسەی دەربارە بکرێت.
چاوشئۆغڵو، لەو چەند ڕۆژەی دوایدا سەردانی عیراقی کرد، لە میدیاکاندا بەئاشکرا ئەو خاڵانەی خستە ڕوو کە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەڕۆک وەزیرانی عیراق وتووێژی دەربارەی کرابوو، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
یەکەم: ئەردوغان لە کۆتایی ئەم ساڵدا بۆ کۆبونەوەی چوارەمیی لیژنەی هاوکاریکردنی ستراتیژی نێوان هەر دوو وڵات  سەردانی بەغداد دەکات.  
دووەم: بە درێژیی باسی پەیوەنییەکانیان دەربارەی دۆخ  و کێشەکانی ناوچەکە کرد.
سێیەم: بۆ کۆبونەوەی ئەستانە عیراق و لبنان وەک چاودیر بانگێشت دەکرێن، هیوادارن کە عیراق وەک وڵاتێکی گرنگ لە ناوچکەدا ڕۆڵی لە بیناکردنەوەی سوریا هەبێت. 
چوارەم: بە بەهای ٥بیلیۆن دۆلار تورکیا بۆ بیناکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە لە عیراق داعش وێرانی کردوون هاوکار دەبێت. 
پێنجەم: کۆنسۆڵخانەی تورکیا کە لە موسڵ و بەسرا بەهۆی هێڕشەکانی داعش داخرابوون دووبارە دەکرێنەوە. 
شەشەم: کۆنسلخانەی تورکیی لە شاری نەجەف و کەرکوک دەکرێنەوە.
حەوتەم: پڕۆژەی ئابووریی و بازرگانی هەر دوو وڵات دەگات بە بەهای ٢٠بیلیۆن دۆلار. 
هەشتەم:  هەردوو لایان پێکەوە شەڕی پەکەکە دەکەن تا لە عیراق وەدەریان دەنێین!
وتارەکەی مەسعود عەبدولخالق بۆنی ئەوەی لێدێت، کە وەک دڵسۆزێکی سەرانی باشوور خۆی بنوێنیت و بە پەلەپڕوزێ ئامۆژگاری سەرانی باشوور دەکات و دەڵێت وریا بن" تورکیا هێڵێکی دیی بازرگانی لەگەڵ عیراق دەکاتەوە جیا لە ئیبراهیم خەلیل".
 بۆ کورد گومرگی ئیبراهیم خەلیل هەنگ نەبوو لە دارا دیترابێتەوە، دەرامەتی ئەو هێڵە بازرگانیە بۆ ئاوەدانکردنەوە، قوتابخانە و نەخۆشخانە دروستکردن بەکارهاتبێت یان قازانجەکەی بۆ  دابینکردنی خزمەتگوزرایەکان تەرخان کرابێت. کاکی نووسەر بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست خۆی لەهەندێک ڕاستیی دزیوەتەوە، وتارەکەی چەند پرسیارێکی دروستکردوە وەک، بیستوحەوت ساڵە، دوای کۆڕەوی ساڵی ١٩٩١ هێڵی بازرگانیی ئیبراهیم خەلیل لە نەهامەتی بەولاوە چی بۆ کورد بەرهەم هێناوە؟  دەرامەتەکەی ئەو دەروازە سنووریە هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرساندنەوەی شەڕی براکوژی بوو، کە هەولێر باجەکەی دا، بەهەزاران گەنجیان بەفیرۆچوو. دەرامەتی ئیبراهیم خەلیل لە ناوچەکانی بادینان کە تا دوێنی زۆربەیان جاش بوون بۆتە مایەی دروستبوونی کۆمەڵێک دەوڵەمەند و گروپی مافیا. قازانجەکەی ئەو هێڵە، لەسەرەتاوە تا ئەمڕۆ چۆتە باخەڵی ئەوانەی کە جاشی تورکیان، ئەو پەیوەندیەیان لەناوەخۆدا وەک چاوسورکردنەوە و ترس و تۆقاندن بەکارهێناوە، دەیان جار شەڕی پەکەکەیان کردوە! ساڵی پار یەکێک لەو کەسانەی کە لە ناوچەکانی سۆڕان پێشوازیی لە سوپای تورکیا کرد، ئەمڕۆ لەسەر لیستی پارتی  ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و دەنگی هەیە لە تێپەڕاندنی پڕۆژە و یاسادا!
لەهەمان بابەتدا نووسەر دەڵیت " لەگەل چوار دۆسیەی تر كە ئەوەندە مەترسی بۆسەر كورد نیە". سەیر لەوەدایە بۆ دەبێت بەفەرمی کردنەوەی کۆنسڵخانەی تورکیی لە کەرکوک بۆ سەر کورد مەترسی نەبێت، لە کاتێکدا گرنگی شاری کەرکوک چی وەک شوێنی جوگرافیا، چی وەک شارێکی ئابووری و سیاسی، پرسێکی نیشتمانیی و نەتەوەیی ناوچەیەکی کێشە لەسەرە کە لە هێڵی بازرگانی ئیبراهیم خەلیل سەد بەرابەر گرنگترە!
دواتر نووسەر دەڵێت "ئەوەی ئێستا ڕێگرە لەو پیلانە مەترسیدارانەی ئیقلیمی (توركی -ئیرانی -سوری ) تەنها بریتیە لەوەی كە هەیئەیەكی سەرۆكایەتی لەعیراق(سەرۆك كۆمار-سەرۆك وەزیران -سەرۆكی پەرلەمان بۆ كورد زۆر گونجاون ئەگینا سەركردایەتی خۆمان زۆر بێئاگان لەو پیلان وگۆڕانكاریانەی جیهان و ڕۆژهەلاتی ناوەراستن).

پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بگوترێت، کە سەرانی باشوور ئەگەر ئاگایان لە هیچ نەبێت ئەوا بە دڵنیایەوە ئاگایان لە پیلانەکان هەیە ئەگەر خۆیان لایەنێک نەبن تێیدا. ڕوونە کە پۆستی سەڕۆک کۆماری عیراق پۆستێکی تەشریفاتیە. پۆستی سەڕۆک وەزیرانیش لە سیستەمی تەوافق و پشکدا لەنێوان پێکهاتەکانی عیراقدا کە کورد تەنیا لە ٢٠%ی دانیشتوانەکە پێکدەهێنێت، بەچی یاسایەک و ڕەوایەک عەرەب بەتایبەتیی شیعە ئەو پۆستە بۆ کورد بەجێدەهڵێت، پۆستی سەڕۆکی پەرلەمانیشی پێ دەبەخشێت، بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەو هەنگاوانەی کە دژ بە پرسی کوردن!؟ دواتر ئیران و تورکیا ئەو کات ڕازی دەبن ئەو پۆستانە بە کورد بدرێن کە کەسێکی  وەک جەلال تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم و بەرهەم ساڵح بێت و ڕەشمەکەی لەدەست خۆیاندا بێت.
لە ساڵی ٢٠٠٣وە کۆمەڵێک کورد لە بەغداد لەسەر پرسی کورد گیرفان پڕ دەکەن، لە (جەلال تاڵەبانییەوە بگرە تا دەگات بە فوئاد مەعسوم، هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵح و دەیان ئەندام پەرلەمان، وەزیر، وەکیل وەزیرەکانی نەوتی عیراق، ئەمین عامەکان و دەیان پۆستی دیی، تا ئێستا لە شەرمەزاریی بەولاوە ئەوانە بۆ کوردی باشوور هیچی دیان لێ شین نەبووە!
ئەوانەی لە  بەغداد پۆستیان وەرگرتووە هەر وەک  تەها جەزراویی، سەباح میرزا، شیخ ستار، مەلا ماتۆر، هاشم عەقراوی، عوبدێدوڵا مستەفا بارزانی و لوقمان مەستەفا بارزانینن کە لەژێر سێبەری سەدامدا پۆستی باڵایان پێ بەخشرابوو، تەنیا جیاوازیەک کە هەبێت ئەوەیە کە ئەوان نەیان گوت: "سەربەخۆی کوردستان خەونی شاعیرانیە" و شەقیان لە ئاڵای کوردستان هەڵنەدا. هیچ کامێکیان بۆ سەردانی گۆڕەکەی خومەینی و ئەتاتورک نەچوون، گرێبەستی ئابووریان لەگەڵ ئەردوغان نەبەست، هەرێمیان نەکرد بە گۆڕەپانی دایەنگا، قوتابخانە و زانکۆی تورکیی، لانە بۆ سیخور، سوپا و میت و جەندرمەی تورکیی و کەونە بەعسی!
کورد تا ئێستا لەڕێگەی حکومەتی مەرکەزی هیچی بەدەست نەهێناوە، لە سازشکردن نەبێت لەسەر ئەرز و خاکی ئەو ناوچانەی ناویان نرا ناوچە دابڕاوەکان. ئەوان پانزدە ساڵە لە بەغداد بۆ یەکگرتووی خاکی عیراق هەوڵدەدەن، کە تورکیا و عیراق هەمان داواکاریان هەیە.  کورد کەمینەیە لە پەرلەمانی عیراق ناتوانێت هیچ بڕیارێک، هیچ یاسا و پڕۆژەیەک تێبپەڕێنێت، ئەوەی لە دامودەزگەی حکومەتی عیراقە لە مووچەخۆر بەولاوە هیچی دیی نییە.
چاوشئۆغڵو لە کوردستانەوە گەشتەکەی کۆتایی پێدەهێنا و پێش هاتنی سەرانی عیراق و کوردستان لە بەرواری هاتنی، ئەو خاڵانەی کە وەک ئەجێندای تورکیا و عیراق ڕێزبەند کرابوون بۆ تاوتوێ کردن لەبەردەستیاندابوو! ئەگەر مەسەلە هەڵوێست بێت دەبوایە سەرانی هەرێم پێشوازییان لە هاتنەکەی چاوشئوغڵو نەکردبوایە.
لە کۆتاییدا دەبێت پەنجە بۆ ئەوە درێژ بکرێت، کە وتارەکەی ئەو بەرێزە جێگەی گومانە و بۆنی ئەوەی لێدێت، کە لەژێر پەردەوە هەوڵدات ڕاستییەکان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و کوردە خۆفڕۆشەکانی بەغداد داپۆشێت، بەئەمگی خۆی بەرامبەریان دەرببرێت، کڵاو بخاتە سەر و یاری بە هەستی خوێنەری کەم شارەزایی شەقامی هەریم بکات. کە خۆزگە وا دەرنەچێت!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە