خەیاڵ

Friday, 03/05/2019, 17:49

6289 بینراوە


( ئەم دوعا نامەیە لە گیرفانی شەرواڵێکا دۆزراوەتەوە، سەرچاوە : بەرێۆەبەرایەتی جل و بەرگە بێ ساحێبەکان...)
خودایە :
بۆچی نەتکردم بە موستەشارێک و بە ڕانک و چۆغەوە خەڵکی کورد بە کلکە تفەنگ سواری تراکتۆر بکەم و ڕەوانەی بیابان و لەوێوە مەرگ بکردایە ، دوای ڕاپەڕین !!یش بە" لیوا " خانە نشین بکرامایە...بۆ ؟
-  بۆچی نەتکردم بە کوڕی بنەماڵەیەک پاش دووسێ ئاشبەتاڵ و خۆئاودیو    کردن و بوون بە دەلیلی تانکی حەرەس جمهوری، جگە لە کەناڵێکی تایبەت
بە خۆم ساحێبی پارەیەکی ڕەش وەک "نەوت"ی دەپانزە سفری بومایە،...
....بۆ؟
-  بۆچی نەتکردم بە نووسەرێکی " حەب خواردوو" تا پێم بکرایە لە بەغا هەر بە شان و باڵی زێڕە یا هەڵمبایە و دواتر هەر بەهەمان  حەماس و نەفەسی قەڵەمەکەی بەغا بە شان و شەوکەتی زێڕە کەی هەرێم هەڵمبایە
گرنگ ڕەونەقی زێڕە ، چ لێرە و چ لەوێ...بۆ ؟
-  بۆچی نەتکردم بە شانۆکارێک کە ببومایە بە "عریف حفل"ی بەرپرسە حیزبیەکان و لە پایتەختەوە هاوام بکردایە : لە شانۆی کوردیا پشکی شێرم بەرئەکەوێ... بۆ ؟
-  بۆچی نەتکردم بە یەکێک لەو کۆمۆنیستانەی " لەپڕ ئەبن بەکوڕ" و لە لات و پوتی زەمانی چەکوش و داسەوە ببومایە بە پرۆلیتارێکی نەوتاوی...
......بۆ ؟
-  بۆچی نەتکردم بە "ساواک"یەکی "دەنگخۆش" لەبەر ئەوەی "حەمە رەزا " فریا نەکەوت ، لە هەرێم دکتۆرای فەخریم پێ ببەخشرایە..بۆ ؟
...خودایە تۆش وەکو من جار و بار لە خەیاڵا ئەژیت..!؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە