بەهۆی رەوشی مانگرتوان ڕێکخراوی ١٧ شوبات سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سوید دەکا

Saturday, 04/05/2019, 0:12

7020 بینراوە


 دۆینێ لە رێکەوتی ٢ مانگی مەی هۆگر بتوێنی و شەماڵ بەشیری لەسەر ناوی رێکخراوی حەڤدەی شوبات، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی سویدمان کرد. لە دیدارەکەدا لەتەک بەرپرسی بەشی تورکیا لە وەزارەتی دەرەوەی سوید ( میکائیل ئلماهید)  لەسەر دوو تەوەرەی سەرەکی قسەمان کرد و تیشکمان خستە سەر مانگرتنی بەرفراوانی زیندانیانی سیاسی لە تورکیە بە مەبەستی هەڵگرتنی گۆشەگیری سەر رێزدار ئۆجەلان و هاوکات قۆناخی دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیە و دەرئەنجامی هاوپەیمانێتی هەدەپە و جەهەپە لە گەورەشاری ئیستانبووڵ. 

ئێمە وەک گرووپی حەڤدەی شوبات سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی لە رەوشی تەندروستی مانگرتووان و تیشک خستنە سەر گیان لەدەستدانی هەشت کەس لە مانگرتووان، باسمان لە گرینگی ئەو چالاکیە کرد کە چڵۆن دەتوانێت زەمینەی لەناوبردنی گۆشەگیری و سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دانوستاندن لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و دەوڵەتی تورکیادا ساز بکات. هاوکات باسمان لە ئەرکی ئەخلاقی و مرۆڤدۆستانەی ئەوروپا کرد کە دەبێت نەهێڵن ئەم چالاکیە ببێتە هۆی گیان لەدەستدانی مانگرتووان و دەبێت داوا لە دەوڵەتی تورک بکەن کە هەنگاوی پێویست بنێن.
هاوکات باسمان لە هەڵبژاردنەکان کرد هەر وەک چۆن هاوپەیمانێتی نوێ لە دژی ئاکەپە ئیمانئۆغلووی کرد بە سەرۆک شارەوانی ئیستانبووڵ هەمان هاوپەیمانێتی دەتوانێت بەرئەندامی خۆی بکاتە سەرۆک کۆماریش. شەرتی سەرەکی بۆ ئەم مەبەستە ریفۆری سیاسی- ئیدئۆلۆژیک لە ناو پارتی کۆماریدایە و پێویستە ئەوروپا رۆڵ ببینێت لە هاندان و یارمەتی پارتی ناوبراو بۆ ئەم رێفۆرمە تا بتوانێت عەقڵیەتی ناسیۆنالیستی تێپەڕ بکات و خوێندنەوەیەکی نوێی دیموکراتیکی بەرامبەر بە پرسی کورد و هاوڵاتی بوون لە تورکیادا هەبێت.
بەرپرسی وەرزارەتی دەرەوەش سپاسی هەوڵەكانی حەڤدەی شوباتی کرد و داوای کرد کە دیدار و گفتوگۆکانمان بەردەوام بێت. ئەوان لە چوارچێوەی بەرنامەی دەوڵەتی نوێ بۆ خەباتی وەزارەتی دەرەوە دروشم و ئامانجی نوێیان داناوە و دەیانهەوێت لەو بوارانەی کە ئێمە داوامان کردوە چالاکانەتر لە جاران کار بکەن. ئەوان بە هەموو شێوەیەک دەیانهەوێت هەر دوو لایەنی بگەرێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دەوڵەتی سویدیش ئامادەیی خۆی نیشان داوە بۆ ئەوەی خاوەن رۆڵ ببێت لەم پرسەدا. هاوکات بەڵێنیان پێداین کە بەدواداچوون بکەن بۆ ئەو مژارانەی کە داوامان لێکردوون.

ڕیکخراوی  ١٧ شوبات 

٢٠١٩/٠٥/٠٣

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە