سیاسه‌ت چییه‌؟

Saturday, 05.04.2019, 12:15

5207 بینراوە


سیاسه‌ت بریتییە لە ته‌کنیک و هونەری دیالۆگ بۆ نزیکبوونه‌وەی نێوان وڵاتان و ڕێکخراو، گروپ و کەسە (سیاسییەکان) ئەمیش لە رێگای دانووساندن، هەروەها رێککەوتن لەسەر بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌کان‌، کە بەرژەوەندی هەموویانی تێدا پارێزراو بێت، بە رەچاوکردنی ئایدۆلۆژیای جیاوازیش له‌ سه‌ر بۆچوونی ڕێکخستن و به‌ڕێوه‌بردن.
سیاسەت هەندێک جار وەکو هونەری موستەحیلاتیش پێناسە دەکرێت، کە پەیوەندیی بە کەسێک و لایەنێکی سیاسیی زیرەکەوە هەیە، ئەویش لە بەکارهێنانی توانای هونەریی دیالۆگ و رازیی کردن و خوێندنەوەی کەسێتی بەرامبەر. سیاسەت گرێدراوە بە ئامانجی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی و ئابووری و سەربازیی و کۆمەڵێک شتی تر. پەیوەندیی سیاسیی نێوان دوو وڵات، لەگەڵ پەیوەندیی سیاسیی ناو خۆی وڵاتەکە جیاوازییان هەیە.

- ئەگەر دانووساندن و رطککەوتن لە نێوان دوو وڵاتدا رووی دا، کە دوایی لایەنێکیان لێی ژیوان و پەشیمان ببێتەوە، لایەنی زیانلێکەوتوو، لایەنەکەی دیکە لەو پەیمان و هاریکارییکردن و رێکەوتنە بە بێ موڕاڵ و درۆزن دەچوێنرێت، رەنگە بە پێی گرێبەستێک ئەگەر لە نێوانیاندا هەبێت، سزای نێودەوڵەتیشی لێبکەوێتەوە. بەڵام..
- ئەو دەسەڵاتی وڵاتە لەگەڵ ئەو رێکخراوە سیاسییانەی ناو وڵاتەکە خۆی، کە دانووساندن و رێککەوتنێک لەگەڵ یەکتردا واژوو دەکەن، ئەگەر بەرژەوەندی وڵاتەکە پاریزراو بێت، لایەکیان لەو پەیمان و رێککەوتنە ژیوان بێتەوە، ئەمە پێی دەلێن درۆ و بێ موراڵی، بەڵام بەرژەوەندی وڵاتەکە بکەوێتە مەترسییەوە و لە گەڵیدا زیان بکات، نەک تەنیا درۆ و بێموراڵی بەڵکو دەبێتە خیانەتیش. چونکە خەڵک و وڵاتەکە زیانیان لێدەکەوێت، بەتایبەتی ئەو پەیوەندییە چڕ بکرێتەوە لەسەر ئه‌و ده‌رامه‌ته‌ی که‌ وڵاتێک هه‌یه‌تی، ده‌رامه‌ت و سامانی نه‌ته‌وه‌یی دیاریکراوه‌، کە سیاسه‌تیی حیزب و گروپه‌ جیاوازه‌کان نوێنەرایەتیی دەکەن.
ده‌رامه‌تیی وڵاتێک مەرج نییە بتوانێت به‌ ته‌واویی ویست و پێداویستیی وڵاتەکە پڕبکاته‌وه‌. سیاسەت لێرەدا دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوە، لە نێو گەلێکی ژێرده‌سته‌ی وه‌کو کورددا، جگه‌ له‌ سیاسه‌تی به‌کارهێنانی ده‌رامه‌تیی نه‌ته‌وه‌یی، سیاسه‌تیی کارکردن بۆ ڕزگاریی، خۆشگوزه‌رانی خه‌ڵکییش، دەکرێتە مه‌رجی سەرەکیی، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێکخراو و حیزبی کوردیی، هه‌نگاوی بۆ بنێ، ئه‌ویش ڕزگاریی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیە ئەمەش (دوور لە مۆدێلی بنەماڵە و پێناسەی ریفراندۆمەکەی بارزانی). چونکە سیاسه‌ت لێرەدا نابێت وەک یاریی و قومارکردنی لێبێت ، بەڵکو گەڕانە بۆ شیوازی تەکنیکێک و کارێکی هونه‌ریی نوێ بە شیوەیەکی بلیمەتانە، که‌ بتوانێت ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ بدۆزێتەوە و له‌ هه‌لێکدا، ئامانج و خواستی ئەو گەلە بەجێبهێنێت. سیاسەت درۆکردن نییە لەگەڵ هاوڵاتییانی ئەو نیشتیمانە، رەنگە ئەمە بۆ دەوڵەتێکی دوژمن رێگاپێدراو بێت، ئەگەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی لایەنەکەی بەرامبەری تێدا بخەڵەتێنرێت، بەلام نابێت ئەو خەڵکەی کە متمانەی بە دەسەڵات و رابەرەکەی دەدات، یان دەنگی بەسیاسەتی پارتێک دابێت درۆی لەگەڵدا بکرێت، کە ئەمە دەچێتە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی رێگاپێدراو و لەو گرێبەستە لادەدات، تەنانەت لە درۆکردن دەچێتە دەرێ و هەڵە و بێئاگاییش تێدەپەڕێنێت، دیسان ئەمەیش دەبێتە ناپاکیی و خیانەت.
حیزبه‌ کوردییه‌کان، به‌تایبه‌تیی پارتیی و یه‌کێتی، نه‌ک له‌ بواری سیاسەتدا هونه‌رمه‌ند نیین، بەڵکو لە رەوشت و کرداریشدا تەندروست و سیاسه‌تمه‌داریش نیین، ئه‌وانه‌ کاتێک پاره‌ و ده‌رامه‌تیی وڵاتیان ده‌که‌وێته‌ ده‌ست، سنووری مرۆڤبوونی خۆشیان دەبەزێنن، لە مرۆڤبوونەوە دەبنە دڕەندەیەکی بێ بەزەیی و کێوی. کاممان هەیە لە گرتەی ڤیدیۆیی دڕندەیەکی وەک پڵنگ و شێرێکمان نەدیبێت، کاتێک ئاسکێک، یان گیاندارێکی بێدەسەڵاتی دەکەوێتە دەست، گوێ بە نووزە و ناڵە و ئازارەکانی نادات، تەنیا هەوڵی ملشکاندن و مرداربوونەوەی دەدات، تا بیکوژێت و ئەوسا بکەوێتە سەر لاکی و بیخوات، لە سیاسەتەدا ئەمە پێی دەڵێن: (دەسەڵاتی کوردیی لە باشوور)، کە لەوێدا هەست و بیرکردنەوە، بەزەیی و یارمەتیی بوونی نامێنێت، جەنگەڵستانی دڕندەکان و هەرێمی کوردستان لێکچوونیان زۆرە، دڕندەی کێویی و دەسەڵاتدارێکی هەرێم یەک خەسڵەت کۆیان دەکاتەوە، لەوێدا هەستی بەزەیی و مرۆڤبوون ون دەبێت،  ئەو کاتەی دڕندەیەک نێچیرەکەی لە بن دەستدا دەبێت و خەریکی خواردنێتی، ئەگەر لەو کاتەدا دڕندەیەکی بەهێزتر لە خۆی پەیدا بببێت، لە ترسی گیانی خۆی هەڵدێت و  نێچیرەکە بۆ بەهێزەکە جێدەهێڵێت، رادەکات، لە سیاسەتدا ئەمەش پێی دەڵێن، (ئاشبەتاڵ)، بەرپرسانی کورد و حیزبە سیاسییەکان، نیشتیمان و چارەنووسی خەڵکەکەی به‌ موڵکی خۆیان دەزانن، هەرچەندە رەوای دەسەڵات و بەڕێوەبردنیان لەدەست داوە، چونکە مامەڵەی نێچیرێکی بێدەسەڵات لەگەڵ خەڵکدا دەکەن، بۆیە ناتوانن خزمه‌تی بکه‌ن.
٢٨ ساڵە دەسەلاتی کوردیی ئەو خەڵکەکە بەڕیوەدەبات، خەڵکەکەش چونکە ملی شکێنراوە، ناتوانن هەناسەی ئازادی هەڵبمژێت، کەسێتی خۆی لەدەست داوە، لێرەدا وشیاریی کەرەستەی بەهێزبوونە بۆ هەڵساندنەوە و بەرگریی، ئازادیی لەوێدا ماناکەی خۆی بەدەستەوە دەدات،  ئازادیی واتە رێگای وشیاربوونەوە، وشیارییش ئەو هێزەیە کە دەتوانێت بەرگری لە خۆ بکات
لە مێژوودا پارتیی و یه‌کێتی ناکۆکی سیاسییان نەبووە، بەڵکو پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان و بنەماڵە و رازییکردنی ناحەز و دوژمنان بووە،  له‌ پێناو سێ شتدا سیاسەتیشیان کردووە و دەستبەرداری نابن.
1. پاره‌
2. ده‌سه‌ڵات
3. ناسینی خوود کە تێیدا شانازیی بە کەسێتی خۆیانەوە دەکەن وەکو (دز، پیاوکوژ، داوێنپیس، درۆزن، خائین)،  بەهۆی ئەو دووانەی خاڵەی سەرەوە هەوڵیان بۆی داوە و پێی گەیشتوون، بۆیە بە تەنگ  ئەوەوە نەهاتوون کە ناویان بە ناشرینی بزڕێت گوێی پێنەدەن. مرۆڤی خۆفرۆش هیچ شتێکی نامێنێت تا خەم بۆ دۆڕاندنی بخوات.
ئەمەی سەرەوە کە نووسیومە کورتکراوەیە بۆ لێکدانەوە و پێناسەی ئەلف - بای سیاسەت و پەیوەندیی بە دەوروبەر، کە بە زمانێکی سادە بۆ کەسانی بێئاگا و کۆیلەکانی ئەو پارتانە و لایەنگرانی حیزب و دەسەڵاتدارە کوردییەکان نووسیومە.
ئەم کورتە نووسینە لە بینینی چەند گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە سەرچاوەی گرتووە، کەسەکان خۆیان وەکو سەگ نمایش دەکەن و سوکایەتیی بە سەگیش دەکەن، وەکو سەگ لەبەردەم سەرکردە و بنەماڵەکاندا هۆنراوە دەخوێننەوە و دەوەڕن. هەروەها ئەمەم بۆ ئەو کەسە ساکار و سادانەشە، تا لە رێگای ئەم پێناسەیەوە لە هۆکاری ئەوە بگەن، کە بۆچی مەسعود بارزانی دەڵێت ئەگەر ریفراندۆمەکە سەری نەگرت ملی خۆم دادەنێم، کەچی بە پێچەوانەوە ملی تا دێێت ئەستورتر دەبێت، یان کەسێکی وەکو بەرهەم ساڵح ، کە دەڵێت من بێ حورمەتی بە خۆم و بنەماڵە و دەنگدەرەکانم ناکەم، کەچی پاش مانگێک پێچەوانەکەی پیادە دەکات، هەموو ئەمانە پەیوەستە بەو سیاسەتەوە کە ئەم سیاسییانە گرێبەستێکی ئەخلاقییان لەگەڵ خەڵک و بنەماڵە و خۆشیاندا نییە بۆیە حورمەت دەبێتە پێچەوانەی پێناسەی خۆیان. تاکە رێگاش لێسەندنەوەی ئەو متمانەیەیە کە خەڵک پێی داون دواجار راپێچکردنیانە بۆ بەردەم دادگای گەل و مێژوو.




(دەنگدراوە: 10 . زۆرباشە: 4.5/5)