کوبریک: سینەما و مێتافۆر

Sunday, 05/05/2019, 21:03

8209 بینراوە


درەوشانەوەکە (the shining) 
 ئەم فیلمە دەربارەی چییە؟ ئایا تەنیا دەربارەی خێزانێکی سێ کەسییە (باوکێک، دایکێک و تاقە کوڕەکەیان) کە بۆ ماوەی چەند مانگێک چاودێری ئوتێلێک دەکەن بە ناوی ئۆڤەرلۆک؟ یان وەک ئەوی کوبریک بۆ خۆیشی ئاماژەی بۆ کردووە هەر فیلمێکی ترسناکە و هیچی تر؟ ئەی ئەو هەموو ئاماژەیەی چوونە سەر مانگ لەنێو فیلمەکەدا پێمان ناڵێت کە پەنی ناوەتەوە و چاوی دەجالی کامێراکەی خەڵەتاندنێک مرۆڤایەتی خەڵەتاندووە لە ڕابردوو و ئایندەیشدا وێنەی نەبووبێت؟ تۆ بڵێیت کوبریک ویستبێتی ویژدانی ئاسوودە بکات و دواجار ئەگەر ڕاستەوخۆیش نەیتوانی بێت، لە ڕێگەی ئەو هەموو گرێوگۆڵ و پێچەڵانەی نێو فیلمەکەوە ویستبێتی ئەو نهێنییە بدرکێنێت؟ بە ڕاست ئەو هەموو پێچاوپێچ (maze)ە چییە لەنێو فیلمەکەدا؟ پێمان ناڵێت لە هەر پێچێک یان کوچەیەک لابدەن و نهێنییەک بدرکێنن؟ وتمان کوبریک ئارەزووی لە شەترەنج کردووە، خانەکانی شەترەنج لە زۆرینەی فیلمەکانیدا و بەم فیلمەیشەوە دەبینرێت، بەڵام لەم فیلمەدا نەخشی دیکە دەبینین. تۆ بڵێیت ئەوانە سیمبولگەلی داتاشراوی نێو مێشکی خۆی بن و ئاماژە بن بە شتی دیکە؟ نا... ئەم فیلمە باسی ئەو شتانە ناکات، ئەوەتا دۆزیمەوە خۆیەتی: هندییە سوورەکان. ڕێک باسی کۆکوژی ئەوان دەکات ... ببوورن باسی هۆڵۆکۆستە -ڕەشەکوژی هاودینەکانی کوبریک. ڕەنگە بە لای ئاپارتایدیشدا ڕۆیشتبێت. بە پێی تێڕوانینی فەلسەفییش بێت ئاماژەی تێدایە بۆ گەڕانەوەی سەرمەدی. باسی گرێی دەروونی، شەڕانگێزی، ترس، کوشتن، ئالودەبوونی شەراب، پەروەردەی خراپ، خێزان، شێتی، تەنیایی ....
کوبریک گەرەکیەتی وێنەیەکمان بۆ دروست بکات، دەیان و سەدان ساڵ بژی. ئەو وێنەیە هەر بدرەوشێتەوە هاوشێوەی تابلۆی سەدان ساڵ لەمەوبەر کە ئەمڕۆ ئێمە چەندین مانایان تێدا دەدۆزینەوە. لە دنیابینی ئەودا تابلۆکان بێگیانن، بەڵام وێنەی سینەمایی وێنەیەکی جوڵاوە، دەتوانێت چالاکتر بێت.
ئەو ڕووە ناڕوونگەراییەی فیلمەکە وای کردووە هەر کەسە و لە ئاستی خۆیەوە شێوە خوێندنەوەیەکی بۆ بکات، وای کردووە کە ئەگەر کوبریک مەبەستی لە وێنەیەکی دیاریکراویش نەبووبێت، بەڵکو هەر تەنیا حاڵەتێکی ڕۆتینی وەک پیشاندانی کەرەستەیەکی نێو ئوتێلەکە بووبێت، یاخود تەنانەت ئەگەر هەڵەیەکیشی کردبێت، ئەوا کەسانێک هەر مانایان تێدا دۆزیوەتەوە و گرێیان داوەتەوە بە ڕووداوێک یان پرسێکی دیاریکراوەوە. بە ڕادەیەک کە لە ئێستادا ڕۆژانە خوێندنەوەی تازە بۆ فیلمەکە دەکرێت. لە سەرچاوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئەگەر تەنانەت سەد جاریش فیلمەکە ببینیت، ڕەنگە هێشتا شتگەلێکی زۆر بمێنێتەوە لەو دیو دیمەنەکانەوە کە ڕەنگە تۆ هیچیان لە بارەوە نەزانیت. ئەمەی من هەوڵێکی تا ڕادەیەک جدییە و بەرمەبنای ڕامانی ئەوانی ترە. خوێندنەوە بۆ فیلمەکە بە ڕادەیەک [زیادەڕەوی] تێدا کراوە کە هەندێک جار هەر لە خەیاڵەوە نزیکە. خوێندنەوەکان هەر بەوەوە ناوەستن لێکدانەوە بۆ دیمەنەکانی نێوی بکەن، پێمان بڵێن مەبەستی ئەم ئوتۆمبێلە یان ئەو دەریاچەیە یان ئەو کەرەستانەی نێو ئوتێلەکە یاخود وێنەکانی سەردیوارەکە ئەمەیە و ئەوەیە، بەڵکو دەچنەوە سەر ڕیشەی هەموو ئەوانە، بگرە هەندێک دزەیان کردووەتە نێو ئەرشیفی کوبریک و هەندێک سەرەداویشیان چنگ کەوتووە. 
ڕەشەکوژی هندییەکان
هەرچەندە تاکە کەسێک بە ئاشکرا لەنێو فیلمەکەدا دەکوژرێت کە ڕەشپێستەکە (هاڵوران)ە، بەڵام ئاماژە بۆ کوشتنی زۆری دیکەیش کراوە. کاتێک وێندی تۆڕەینس لەگەڵ منداڵەکەیدا یاری دەکات پێی دەڵێت "ئەوەی دۆڕا دەبێت ئەمەریکا پاک بکاتەوە." ئەوەیش گوزارشتێکی باوە بەرامبەر بە هندییە سوورەکان بە کار هاتووە گوایە هندییە سوورەکان دۆڕاون کەواتە پاککردنەوەی ئەمەریکا ئەرکی سەرشانی ئەوانە. ئوتێلەکە مانایەکی مەجازی هەیە و ڕەمزە بۆ ئەمەریکا کە لەسەر ئێسک و پروسکی هندییە سوورەکان دروست کراوە. ئەگەرچی ئوتێلێکی جوانە، بەڵام لەسەر ستەم و زۆرداری بنیات نراوە. لەسەر دەرگاکە نووسراوە ڕێدڕەم (redrum) کە هەڵگێڕانەوەی وشەی کوشتن (murder)ە. کوبریک زیرەکانە وشەی کوشتن بە ئەنقەست (murder)ی بە کار هێناوە نەک کوشتن (killing) کە دەکرێت پاساوێکی هەبێت. دەرگایش شوێنی چوونە ژوورەوەیە، بە واتایەکی دیکە ئەوەی لەو دەرگایەوە بچێتە ژوورەوە یان دەبێت بکوژێت یان بکوژرێت. هەستی ترس و تەنیاییشی تێدا دروست دەبێت. ئەسانسۆرەکەیش لە قووڵترین شوێنی ئەو ئوتێلەوە کە گۆڕستان یان ناشتنگەیەکی هندییە سوورەکانە لێشاوی خوێن هەڵدەکێشێت و لە لاکەشەکانەوە هەڵی دەڕێژێتە دەرەوە، هێندەیش بەهێزە قەنەفە [کە شوێنی حەوانەوە و پاڵدانەوەیە] یان کورسی [کە ڕەمزی دەسەڵاتە] لەگەڵ خۆیدا دەبات. پێمان دەڵێت ئەو شارستانیەتە نەیتوانیوە ئەو تەورەی سەردەمانی هندییە سوورەکان تێبپەڕێنێت. بەڵکو بە شێوەیەکی توند و دژوارتر هاتووەتەوە ناو –لە سایەی شارستانیەتەوە ئامڕازێکی سادەی شەڕکردنی ئەو [خێڵە دواکەوتووانە] دەبێت بە موشەکی تۆماهۆک. 
ئەو خوێنەی دێتە دەرەوە تارمایی خوێنگەلێکی بە ناحەق ڕژاوە. وەک ئەوەی هەموو خوێنی کوژراوەکان (بۆ نمونە هندییە سوورەکان) ئاوێتە بووبن و لە ئەسانسۆرەکەوە فوارەیان کردبێتە دەرەوە. یان پێمان بڵێت خوێنی بە ناحەقڕژاوی کەسانێکی ستەمدیدە باڵاڕەوەکەی پڕ کردووە و لە ئانووساتێکدا فوارە دەکاتە دەرەوە و لەگەڵ خۆیدا قەنەفەی ئاسوودەیی نوخبە و کورسی دەسەڵاتی ستەمکار ڕادەماڵێت، چەپۆکیش بەسەر کامێراکەکەدا دەدات و ئیدی لە دیمەنی دواتردا نازانین چی ڕوو دەدات. دانییش نازانێت بە تەواوەتی چی ڕوویداوە و تۆنییش نایەوێت لەوە زیاتر بڵێت. 
وێنەی هندییە سوورەکان لە گەلێک شوێنی فیلمەکەدا دەبینین: لەسەر خۆراکە لە قتوونراوەکان، لە وێنەی سەر دیوارەکان و لە وێنەی کێشراوی کەرەستەکانیشیاندا دەیانبینین. هندییەکان بە شێوەی وێنە ئامادەییان هەیە، چونکە ئەوان چوونەتە مێژووەوە، بەڵام مرۆڤە سپیپێستەکان لە ئێستا و ڕابردوویشدا خەریکی بەزم و ڕابواردن و جارجاریش ترس و پلانگێڕی و تۆقاندن و کوشتنن. جا ئامادەییەکی جەستەیی بێت لەمڕۆدا یان ڕۆحەکانیان بێت لە ڕابردوودا. 
کوبریک و چوونەسەر مانگ
لەم ساڵانەی دوواییدا هەمیشە لەگەڵ ناوهێنانی ستانلی کوبریک پرسی "تەزویرکردنی چوونە سەر مانگ moon landing fake" دێتە ئاراوە. پرسی چوونە سەر مانگ بابەتێکی ئاڵۆزە و ڕەنگە درۆیەکی سیاسی بێت نەک ڕاستییەکی زانستی، هەر لە سەرەتایشەوە جەدەلێکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ئەرکی من نییە لە ڕووی زانستییەوە لەسەر ئەو پرسە بدوێم، بەڵام گەرەکمە بۆتانی ڕوون بکەمەوە کە بۆ هەمیشە ناوی ستانلی کوبریک گرێ دەدرێتەوە بە ڤیدیۆی تەزویرکردنی چوونە سەر مانگەوە. ئایا تەنیا لەبەر ئەوەیە لە هەندێک لە فیلمەکانیدا بۆ وێنە لەم فیلمەدا بە ئاماژەی ناڕوون ئەوەی پێ وتوین یان چەندین ئاماژەی شاراوە هەن و ئەوەمان پێ دەڵێن. 
کاتێک فیلمی ئۆدێسە بڵاو بووەوە، ساڵی نەبرد چوونە سەرمانگی مرۆڤ ڕاگەیەنرا. کەسانێک پێیان وایە کوبریک شانبەشانی ئەو فیلمە بە پشوودرێژییەوە لەسەر ئەو مەسەلەیەیش کاری کردووە. هەندێک پێیان وایە بە یەکجار ئەو ڤیدیۆیانە دروست کراون و دواتر بە شێوەی قۆناغبەندی بڵاو کراونەتەوە. ئەڵبەت من بەو جۆرەی نابینم. بە دیدی من ئاماژەی چوونە سەر مانگ لەم فیلمەدا خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ مرۆڤی مۆدێرن (ئەمەریکی). پێمان دەڵێت گەر چووبێتنە سەر مانگیش هێندەی تر هەستی لەخۆباییبوون و وەحشیگەری تیایاندا پەرەی سەندووە. 
لەنێو ڕۆمانەکەی ستیڤن کینگ و لە زەمینەی واقیعیشدا ژووری 237 لەنێو ئوتێلەکەدا بوونی نییە، بەڵکو تا ژووری 213 بوونی هەیە کە کوبریک گۆڕیویەتی بۆ ژووری 237 (لە زۆرینەی سەرچاوەکاندا هاتووە کە دووری مانگ لە زەوییەوە 237 هەزار میلە.) بە واتایەکی تر مرۆڤ دووپێی نەناوەتە سەر مانگ، بەڵکو ئەوەی ڕوویداوە تەنیا فیلمێک بووە و لە لایەن کوبریکەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. ئەگەرچی لە ئەنجامی قاڵبوونەوە و خوێندنەوەی چەندین بابەتی پەیوەست بە پرسی چوونە سەر مانگەوە –ئەوانەی پشتڕاستی دەکەنەوە و ئەوانەیشی بە درۆی دەخەنەوە- منیش وەک نووسەری ئەم دێڕانە گومانم لا دروست بووە سەبارەت بەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی ساڵی 1969 فیلمێکی دروستکراو بێت، بەڵام گەر بەو جۆرەیش بێت بەڵگەی یەکلاکەرەوە نابینمەوە بۆ ئەوەی کوبریک بەو کارە هەستابێت. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت پێی لێ بنێم ئەو بۆچوونەیش لە خۆڕا نییە، ئەوەتا بلووسی منداڵەکە (دانی) لەسەری نووسراوە (Apollo 11)، سێ ئەستێرەیشی لەسەرە کە دەکرێت نوێنەرایەتی سێ کەشتیوانەکەی بکەن، دانەیەک لای چەپەوە (ئارم سترۆنگ)، دووانیش لای ڕاستەوە (مایکڵ کۆڵینز) و (بەز ئەڵدرن)، ژوورەکەیش 237. فیلمەکەیش یازدە ساڵ دوای چوونە سەر مانگ بڵاو کراوەتەوە. تەنانەت بە پێی خوێندنەوەیەک ستانلی کوبریک لەم فیلمەدا باسی خۆی دەکات، بەڵگەیشیان بۆ ئەم بۆچوونە ئەوەیە جاک تۆرێنس (جاک نیکڵسن) ئەو کەسەی سەردانی بەڕێوەبەری ئوتێلەکە واتە ستوارت ئوڵمان (باری نێڵسن) دەکات بە ڕووخسار لە جۆن کەنەدی دەچێت. ئەو کەسەیشی دەیباتە لای، بێڵ واتسن (باری دێنن) ڕەفتار و جموجوڵەکانی لە سیخوڕێک، بۆ وێنە بریکارێکی CIA دەچێت. خودی جاک تۆرێنسیش دەچوێنرێت بە کوبریک. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە پێیان وایە دوای ئەوەی حکومەت و دەسەڵاتدارانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بانگەشەی چوونە سەر مانگیان دەست پێ کرد، داهاتێکی زۆریان بە شێوەی باج لە خەڵکی ئەمەریکا گلدایەوە تا بیخەنە خزمەتی ئەو بوارەوە و بڕێکی گەورەیشیان لە بودجەی ئەمەریکا بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کرد. لە سەردەمی دەستبەکاربوونی کەنەدیدا ئەو بانگەشەیە گەیشتە ترۆپکی خۆی. دواتر کاتێک سۆڤیەت دەستپێشخەری دەکات و بۆ یەکەمجار مرۆڤ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان دەکات بەو هەوڵەی ئەمەریکا بێئومێد دەکات. کەنەدی بیر لەوە دەکاتەوە چۆن بەپەلەپرۆزێ کارێک بکەن سۆڤیەتییەکان بە ئاسانی نەیانگرنەوە. بۆ ئەو مەبەستەیش بڕیار دەدات کە ئەگەر بە درۆیش بێت (لە ڕێگەی تۆمارێکی ڤیدیۆیشەوە بێت) دەبێت بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەوان چوونەتە سەر مانگ. بەو هۆیەوە پەیوەندی بە ستانلی کوبریکەوە دەکات. جا نازانرێت ئەو کارەی بۆ کەنەدی یان نیکسۆن کردووە یان نا. ئاشکرایە کە ئیدارەی ئەمەریکا دیموکرات بێت یان کۆماری لە ستراتیجی نیشتیمانیدا لە هێڵە گشتییەکان لانادەن و وەکو یەک مامەڵە دەکەن. بە وتەی چۆمسکی حکومەتی ئەمەریکا بە دەستی دوو حیزبەوەیە کە هەر دووکیان یەک کۆمپانیان. کاریش بۆ بەرژەوەندیی گروپێکی دیاریکراو دەکەن. خەڵکی ئەمەریکا و گەلان و حکومەتەکانی جیهانیش لەو ڕێگەیەوە تەفرە دەدەن. هەوادارانی ئەم بۆچوونەی سەرەوە لایەنگری تیۆری پلانگێڕین و زیادەڕەووی لە بۆچوونەکانیاندا هەیە، ئەمە سەرباری ئەوەی تیۆری پلانگێڕی لە هەر وڵاتە و بە جۆرێکە و هەواداری خۆی هەیە. هەر کات بە تەواوەتی ڕوون بووەوە کە مرۆڤ نەچووەتە سەر مانگ ئەوە دەبێتە گەورەترین چاوبەست لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا. هەر ئەو کات پەردە لەسەر گەلێک چاوبەست و جادووی دیکەی سیستەمی سەرمایەداریدا هەڵدەماڵرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا دەبێت بڵێین شارستانیەتی خۆرئاوا –بە تایبەتی ئەمەریکا- گەلێک دەستکەوتی مەزنتریان بۆ مرۆڤایەتی بە دەست هێناو کە ناکرێت نادیدە بگیرێت. دواجار هەر ئەوانن لە چاکە و خراپەکانیشدا پێشەنگن. 
لە دیمەنی سەرەتای پیشاندانی دەریاچەکەدا ئەوەی دەجوڵێت دورگە بچوکەکەی ناویەتی کە بەرەو ڕووی کامێراکە دێت، نەک کامێراکە بەرەو ڕووی دورگە بچوکەکە و بەسەر دەریاچەکەدا بڕوات. بە واتایەکی دیکە وا دەردەکەوێت کامێراکە جێگیرە و دورگەکە لە جوڵەدایە. دەریاچەکە لە شێوەی پیتی (A) دایە کە بەشی خوارەوەی (دوو قاچەکەی) ڕەنگی شینی تۆخ و سێگۆشە (لوتکەکە)ی شینی کاڵە. ئاسمانیش بە هەمان جۆرە وەک ئەوەی لەبەردەم ئاوێنەیەکدا بێت. دورگەکەیش دەڵێیت بەرز دەبێتەوە بە شێوەیەک سەرەتا لە بەشی سەرەوەی (A)ەکەدایە کەچی دواتر لەگەڵ دەستکردن بە جوڵە (جوڵەی کامێرا یان هی دورگەکە) دێتە دامێنەوە. پاشان کامێراکە بەرەو لاپاڵێک دەجوڵێت، لەوەیشدا پیتی (A) دەبینرێتەوە. تۆ بڵێیت هێما نەبێت بۆ ئەوەی ئەم فیلمە دەربارەی شتێکە پەیوەندی بە ئاسمان و زەوییەوە هەیە. شتێک کە لە زەوییەوە بەرز دەبێتەوە بەرەو ئاسمان و بە پیتی (A) دەست پێ دەکات واتە (Apollo 11). لەوێدا دورگەکە نوێنەرایەتی (Apollo 11) دەکات یان ئەو درەختە فرەهەڵچووەی ناوی. پاشانیش دیمەنەکان لە ئاسمانەوە وێنە دەگیرێن. ئەوەیش هاوشانە لەگەڵ مۆسیقایەک کە ئیلهامی لەو سروشتە سامناکە و لە دەنگ و قاووقیژی هندییە سوورەکانەوە وەرگرتووە. دەکرێت یەکێک لە ئاماژەکانی پشت ناوی فیلمەکەیش ئیلهامگرتوو بێت لەو پرسەوە، درەوشانەوەکە (the shining) واتە درەوشانەوەی مانگ (moonshining) یان جۆرێکی دیاریکراو لە درەوشانەوە نەک هەموو درەوشانەوەیەک، بەوپێیەی ئامڕازی شووناسی وەرگرتووە. وشەی (moonshine) بە واتای جۆرێکی دیاریکراو لە ویسکی (کحول)یش دێت، یەکێک لە بابەتەکانی دیکەی فیلمەکەیش مەسەلەی کحولە.
دوو منداڵەکە (دوو کیژۆڵەکە) هەرچەند وەک دووانە دەردەکەون، بەڵام لە سەرەتاوە ئوڵمان پێمان دەڵێت کە تەمەنیان لەنێوان 8-10 ساڵدایە، چەندین شرۆڤەی جۆراوجۆریان بۆ کراوە. بە پێی تیۆری پلانگێڕی پێشبینی تەقاندنەوەی دوو باڵەخانەی سەنتەری بازرگانی ئەمەریکا بووە لە ساڵی 2001. گوایە ئەو ڕووداوانە لە مێژە نەخشەیان بۆ دڕاێژراوە و کوبریکیش سەروکاری لەگەڵ گروپی نهێنیدا هەبووە لەوانەی جیهان ئاڕاستە دەکەن و ئاگاداری ئەو نهێنییانە بووە. ئەگەرچی ئەم تیۆرییە تەواو گاڵتەجاڕییانەیە کەچی سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئەو دوو منداڵە داوا لە دانی دەکەن یارییان لەگەڵ بکات، ئەویش بێ ئەوەی پێیان بڵێت ڕەتی دەکاتەوە. هەر وەک ئەوەی دوو باڵەخانەکەی سەنتەری بازرگانی داوا لە باڵەخانەی پنتاگۆن بکەن گەمەی مەرگیان لەگەڵ بکات و ئەویش هەرچەند پێوە بووە، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە! بە پێی تێڕوانینێکی دیکە دووانەکە گرێدراوی مەسەلەی چوونە سەر مانگە. کاتێک وێنەی کوژراوی دوو کیژۆڵەکە پیشان دەدات سێ ئەستێرەی ڕووناک لە پەنجەرەکەی پشتەوە دەردەکەون. دووانیان لە تەنیشتی یەکدان و سێیەمیان لە سەرەوەیە. ئەو دوو منداڵە هێمایە بۆ پڕۆژەی جێمەنای و سێ ئەستێرەکەیش نوێنەرایەتی سێ کەشتیوان دەکات کە دووانیان لەو پڕۆژەیەدا بەشدار بوون و تیاچوون و سێیەمیان بەشداری پڕۆژەی ئەپۆلۆیشی کردووە. دەکرێت بەرمەبنای ئەو تیۆرەیە بڵێین کە سێ ئەستێرەکە نوێنەرایەتی سێ پڕۆژەی گەشتی ئاسمانی دەکەن: پڕۆژەی مێرکوری (Project Mercury)، پڕۆژەی جێمەنای (Project Gemini) و پڕۆگرامی ئەپۆلۆ (Project Apollo). یەکەم و دووەم سەرەتایەک بوون و سێیەم ئامانجەکە بووە. بە بۆچوونی من ئەو سێ ئەستێرەیە گوزارشتن لە دوو کیژۆڵەکە و دانی، دووانیان لە تەنیشت یەکدان و لە خوارەوەن نوێنەرایەتی دووانەکەن، سێیەمیان لە سەرەوەیە و شەوقی زیاترە نوێنەرایەتی دانی دەکات. کیژۆڵەکان بە دانی دەڵێن: دانی وەرە یاریمان لەگەڵدا بکە بۆ هەتاهەتایە. لەگەڵ ناوهێنانی یاری سێ جار هەتاهەتا (ever) بە کار دەهێنن و لەگەڵیشیدا چوار جارێک وێنەی کوژراویان دەردەکەوێت. لە دیمەنێکی دواتردا هەمان وشەی هەتاهەتا سێ جار لە لایەن تۆرێنسەوە بە کار دەهێنرێت لەو کاتەی باوەش بە دانیدا دەکات. ئەوەیش تیکهەڵکێشکردنێکی گەلێک ناوازەیە. تێکەڵاوکردنی دیمەن و دایەلۆگەکان لەنێو یەکتر و تواندنەوەیان لەگەڵ یەکدا بە شێوەیەکە کە لە هیچ فیلمێکی پێش خۆی و ڕەنگە لە دوای خۆیشیدا وێنەی نەبووبێت. دەکرێت مەبەست لە یاری (play) لێرەدا کوشتن یان مەرگ بێت. گەر سەرنجی دیمەنێکی دواتر بدەین دەبینین ڕۆمانەکەی جاک تۆرێنسیش ئەم تاقە ڕستەیەیە کە بە سەدان شێوە دووبارەی کردووەتەوە: کاری زۆر و یاری نەکردن جاکی وڕ کردووە (all work and no play makes jack a dull boy) بە واتایەکی دیکە کاری زۆر و نەکوشتن جاکی وڕ کردووە. هەر لە ئەنجامی زۆر وتنەوە و نووسینەوەی ئەم ڕستەیە و بە هاندانی دیڵبەرت گرەیدی جاک شێتگیر دەبێت و دەست دەداتە تەورەکەی و هێرش دەباتە سەر ژن و منداڵەکەی.  
چوونە سەر مانگ ڕاستییەکی زانستی یان درۆیەکی سیاسی
ناکرێت پرسی چوونە سەر مانگ هەروا بە پەردەپۆشکراوی بمێنێتەوە. یەکەم مرۆڤ ساڵی 1961 چووەتە بۆشایی ئاسمان. ئیدی بە دوای ئەودا بووە بە کاروانسەرا، بە سەدان کەس ڕوویان لە بۆشایی ئاسمان کردووە. لەنێویاندا کەسانی سعودی، ئەفغانی، سووری، مالیزی و ئێرانییش هەن. ئەوە چ پاساوێکە کەسانێک پێیان وابێت ئەمەریکا لە ساڵی 1969 ئەو کارەی ئەنجام داوە، بەڵام ئەمڕۆ ناتوانێت. خێرە هەر تەنیا لە ماوەی حوکمڕانی سەرۆک نیکسۆندا –سەرۆکێک کە بۆ خۆی جێگەی مشتومڕە- ئەو کارە ئەنجام دراوە لە ماوەی ساڵانی (1969-1972) و لە 1974ەوە پەردەیەکی ئەستووری بەسەردا دراوە و مەلەفەکەی داخراوە و بە پێی هەندێک سەرچاوەیش بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەو مەسەلەیە لە ناو براون؟ ئەمەریکا ساڵانی 1960 کارگەلێکی ئەنجام داوە کە ئەمڕۆ وڵاتانێکی پاشکەوتوو یان تازەگەشەکردووی وەک: ئێران، کۆریای باکور، وڵاتانی عەرەبی و ئەمەریکای لاتین دەتوانن ئەنجامی بدەن، ئەڵبەت باسی چین و ڕووسیا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و وڵاتانی ئەوروپی ناکەین. ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا لەم پرسەدا فێڵیان لە گەلی خۆیان و گەلانی دیکەی جیهانیش کردبێت، ئەوا دەبێت لە چەند پرس و بواری دیکەدا کاری هاوشێوەیان ئەنجام دابێت. لە لایەکی دیکەیشەوە ئەگەر ئەو پرسە ڕووی نەداوە، ئەی چۆن هەروا بە ئاسانی مرۆڤایەتی لە خشتە براوە؟ سۆڤیەت بۆ هەڵوێستی جدی نەبوو؟ چۆن چاوبەست لە 500 هەزار کەس کرا کە بەشدار بوون لەو پڕۆژەیەدا؟ چۆن ئەو کەسانەی بانگەشەی چوونە سەر مانگ دەکەن سەرەداوێکیان دەرنەخست.* لایەنگران و دژبەرانی ئەو پرسە پاساوی خۆیانیان هەیە، بەڵام لایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی شانەکەیان لە سەری کوبریکدا شکاندووە کە ڕەنگە ئاگای لە مەحمودی بێ زەوادیش نەبووبێت. لایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی ئاماژە بە ناوی هەندێک کەس دەکەن کە لەو پڕۆژەیەدا بەشدار بوون و دوای ڕووداوەکە خۆیان کوشتووە یان کوژراون یان بە شێوەی جیاجیا لە ناو براون، پێیان وایە کوبریک و کەسانی دیکەیش نەیانوێراوە بە ئاشکرا ئەو نهێنییە بدرکێنن ....
 بە ڕای من تێنەگەیشتن لەم فیلمە وای کردووە لە کاتی خۆیدا سەرکەوتنی ئەوتۆ بە دەست نەهێنێت، نە لە ڕووی داهاتەوە، نە لە ڕووی خەڵاتەوە. هەندێک دیمەنی نێو فیلمەکە ئەگەر زۆر بە دیقەتەوە لێی ورد نەبیتەوە ڕەنگە وەک هەڵە بێتە پێش چاوت وەک ونبوونی کوورسییەکەی پشتەوەی جاک تۆرێنس لە کاتی قسەکردنی لەگەڵ وێندی هاوسەریدا یان پێچەوانەبوونەوەی نەخشی سەر فەرشەکە لە کاتی هەستانی دانیدا یان ڕاستەوانەبوونەوەی دەرگای کۆگەکە لەو کاتەی هاڵوران بە دەستی چەپی خۆی دەیکاتەوە. بێگومان ناکرێت ئەوانە هەڵە بن و هەمووی شتگەلی مەبەستدارن. هەڵە ئەوەیە دەرهێنەر لە ئەنجامی نەزانین یان بێئاگاییەوە بەسەریدا تێ دەپەڕێت. بەڵام ئەم دیمەنانە ماندوبوونی زۆری ویستووە تا دەرهێنەر بەرهەمی هێناون. بێگومان ناکرێت فیلمێک بەو هەموو وردەکارییەوە و دەرهێنەرەکەیشی یەکێک بێت لە هەرە بلیمەتەکانی سەدەی بیستەم –لە سەرچاوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە ئای کیوی کوبریک 200 نمرە بووە- هەڵەی وا زەقی تێدا کرابێت گەر ئەم ماستە تاڵە موویەک و بگرە پرچێکیشی تێدا نەبێت کە نەک هەر دەبێت دەری بهێنین، بەڵکو دەبێت بزانین ئەم پیاوە بۆ هاویشتوویەتییە ناویەوە. وردی ئەم فیلمە بە ڕادەیەکە کاتێک جاک تۆرێنس ڕۆمانەکەی، واتە تاقە ڕستەکە (all work and no play makes jack a dull boy) دەنووسێتەوە، بەوپێیەی هەر پیتێک دەنگێکی دیاریکراوی هەیە بە پێی دوگمەکانی سەر ئامێرەکە، کوبریکیش زۆر زیرەکانە دەنگی ئەو ڕستەیەی دووبارە کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەگەر بینەر خوێندنەوەی بۆ ئەو دەنگانە کرد، نەڵێت دەنگی ئەو دوگمانە وشەیەکی دیکەمان پێ دەڵێن یان جاک تۆرێنس لە خۆوە دەست بە دوگمەکاندا دەنێت! لەم فیلمەدا تەنیا هەڵەیەک یان دووان کۆدەنگی لەسەرە کە یەکێکیان دەرکەوتنی سێبەری هەلیکۆپتەرەکەیە لە سەر زەوییەکە پاش تێپەڕبوونی یەک خولەک و هەشت چرکە لە فیلمەکە. زءرێک پێیان وایە ئەوەی کەسانێک بە هەڵەی دادەنێن کۆدن و کوبریک ویستویەتی لە ڕێگایانەوە پەیامە شاراوە (subliminal messages)کانی بگەیەنێت کە تەواوی فیلمەکەی داپۆشیوە. خوێندنەوەی جیاوازیش بۆ ئەمە هەیە. بە بۆچوونی من کوبریک ویستویەتی ستایلێکی جیاواز بهێنێتە نێو فیلمەوە کە پێش خۆی بەو جۆرە نەبووبێت. مەبەستێکی دیکە ئەوەیە کە ئوتێلەکە ڕۆحتێداو (haunted)ە. ڕۆحەکان بەردەوام ون دەبن و دەردەکەونەوە، کەواتە دەبێت کەرەستەکانی ناویشی هەمان شت بیان گرێتەوە. واتە کۆی شتەکان لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ونبوون و دەرکەوتنەوەدان. 

کوبریک پێمان دەڵێت هەر بە ڕاستی سینەما شەش هونەرەکەی دیکەی لە توێی خۆیدا هەڵگرتووە. ئەو ژانرێکی هونەری وەرنەگرتووە و ژانرەکانی دیکەی فەرامۆش کردبێت. پەیکەرتاشی و تەلارسازیی، وێنە و زەخرەفە، مۆسیقا، نواندن، سەما و ئەدەبیش ئامادەییان هەیە. ئەم فیلمە بۆ خۆی وەک پێکەوەلکاندنی هەزاران تابلۆ وایە. لەسەر هەر دیمەنێک دەتوانین هەڵوەستە بکەین و بۆ ماوەیەک وتوێژ بکەبن.
ستانلی کوبریک بە پەیڕەوی پەیامی ناخودئاگا (subliminal message) کار دەکات. هەر بۆیە کاتێک کارەکانی دەبینین بێ ئەوەی لێی تێبگەین ڕامان دەکێشێت و وێنەکانی لە یادەوەریماندا دەمێنێتەوە. کار لە نەستمان دەکات و دەرگیری دەبین. گەر پێیشمان بڵێن دەربارەی چین، ڕەنگە تەنیا دیوێکی ڕوواڵەتییانەی ببیننینەوە. بەڵام پاش خوێندنەوە و شکاندنی کۆدەکان بە ئاگا دێینەوە و دەزانین ئەو جادووی کەمەنکێشبوونە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە. 

بە پێی یەکێک لە خوێندنەوەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی فیلمەکە هێڵی ئاسۆیی لە پشتەوە یان لە باکگراوندەکانەوە دەردەکەون، جا لە ڕێگەی هێڵی سەر دیوارەکانەوە بێت یان کەوانتەر و شتگەلی دیکەی ناو ئوتێلەکە کە وا دەکەن باکگراوندەکە دووکەرت بکات بۆ بەشی سەرەوە و خوارەوە، ئەوەیش بۆ ئەوەیە تا لە کۆنەستی ئێمەدا ئەو هێڵانە بچەسپێن. لەو ڕێگەیەیشەوە دەیەوێت پێمان بڵێت کاتێک وێندی هەست دەکات هاوسەرەکەی تێک چووە، هەموو جیهان ئاوەژوو دەبێتەوە. بە ڕای من ئەو دووکەرتکردنەی باکگراوندەکە لەو چەندین دووانەییەی دیکەی نێو فیلمەکەوە سەرچاوەی گرتووە. دووانەیەک، دوو گرەیدی، دوو جاک تۆرێنس، دوو جیهان: جیهانی ڕاستەقینە و جیهانی خەیاڵی ... بە ڕای من ئەو دووانەییە وای کردووە فیلمەکە پتر ئاڵۆز بێت. وێکچوون و دوولایەنی هەندێک جار سەرچاوەگرتووە لە ئاوێنەکانی نێو فیلمەکەوە. بەردەوام وێنەدانەوەی نێو ئاوێنەکان بە کار هێنراوە بۆ پێکەوە گرێدانەوەی ئەکتەرەکان. بە پێی خوێندنەوەیەکی دیکە دانی گرێدراوی هاڵورانە، وەک یەک درەوشانەوە (shining)یان هەیە. ئیلهام بە یەکتری دەدەن. ڕەنگە هەر هەمان چارەنووسیش چاوەڕوانی دانی بکاتەوە لە قۆناغی دواتردا. سەرباری وێکچوون گونجاندنێکی سەرنجڕاکێش هەیە لەنێو فیلمەکەدا. بۆ وێنە لە سەرەتاوە بە ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت مەبەست لە ئوتێلەکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە، ڕەنگی جلەکانی ئوڵمان، وێندی و دانییشی کردووە بە کۆد بۆ ئەوە (ڕەنگی سوور، سپی و شین کە هەمان ڕەنگی ئاڵای ئەمەریکایە.) هەروەها جلوبەرگی کەسەکان و گونجاندنی لەگەڵ دەوروبەر و کەسایەتییان، لە ڕووی ڕەنگ و سروشتیانەوە، ڕەنگی باڵاڕەوەکە و ئەو خوێنەی لێی دێتە دەرەوە (سووری تۆخ و تۆختر) ...
دانی تۆنی لە تاو تەنیایی خۆی ڕسکاندووە وەک چۆن دواتر باوک و دایکیشی ئەو وێنانە دەکەوێتە بەر چاویان. ڕەنگە تۆنی بۆ هەڵاتن بووبێت لەو زەبرە دەروونی و جەستەییانەی دانی ڕووبەڕووی بووەتەوە لە لایەن باوکییەوە. تا دەگات بەوەی لە دەمەوکۆتایی فیلمەکەدا کاتێک دایکی بانگی دەکات، دانی دەبێتە تۆنی و بە دایکی دەڵێت "دانی لێرە نییە خاتوو تۆرێنس." دانی دەیەوێت لە سایەی کاراکتەری تۆنیدا خۆی لەو زەبرانەی باوکی بشارێتەوە. بەو شێوەیەیش دەتوانێت لەو واقیعە هەڵبێت کە تیایدایە. بە خوێندنەوەیەکی دیکە، دەکرێت تۆنی فریشتەیەک بێت و هەوڵی پاراستنی دانی بدات لەو باوکەی گۆڕاوە بۆ شەیتانێک و دەیەوێت جگەرگۆشەکەی بکوژێت. 
دیمەنی ژنە گەنجەکەی لە گەرماوەکە دێتە دەرەوە دوای ئەوە دێت کە لۆید لە ژووری زێڕ بە تۆرێنس دەڵێت "ژن ناتوانیت لەگەڵیان بژیت و نایشتوانیت بێ ئەوان بژیت." کاتێک تۆرێنس دەڕوات بەرەو ژووری 237 ژنێکی گەنجی شۆخ و شەنگ بە ڕووتی بەرەو ڕووی دێت، تۆرێنسیش هەروەکوو ئەوەی هەنگوینی لە داردا دۆزیبێتەوە باوەشی پێدا دەکات و دەم دەخاتە ناو دەمی و چاوەکانی دادەخات. کاتێک چاو دەکاتەوە لە ئاوێنەکەوە دەبینێت گۆڕاوە بۆ پیرەژنێک کە جەستەی لە تەرمێکی شیبووەوە دەچێت. تۆرێنس هەر زوو خۆی لێ دەرباز دەکات و لە دەستی هەڵدێت. ئەمەیش ئەو گوزارشتەی سەرەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە: ژن، ناتوانیت بی ئەوان بژیت –باوەشیان پێدا نەکەیت. نایشتوانیت لەگەڵیان بژیت –لە دەستیان هەڵ نەیەیت. بە خوێندنەوەیەکی دیکە، ئەم ژنە گوزارشتە لە شارستانیەتی خۆرئاوایی (ئەمەریکی)، لە دوورەوە قەشەنگە، بەڵام کاتێک ئاوێزانی دەبیت تا بڵێیت دزێوە. من وای بۆ دەچم ئەوە ژنی (دیڵبەرت یان چارلز) گرەیدی بێت کە هەر بۆ خۆی لە گەرماوەکەدا کوشتبێتی. ڕۆژانە بەردەوام خۆی لەو ئاوە هەڵدەکێشێت، منداڵەکانیشیان بەو ناوەدا گەمە دەکەن، وەک چۆن گرەیدیش مژۆڵی بەزم و سەفایە. هەرچەندە گرەیدی ئاماژە بۆ کوشتنی ئەوان بە تەور دەکات، بەڵام ئێمە تەنیا خوێن بەسەر جەستەی دووانەکەوە دەبینین، نەک ئەو ژنەی گەرماوەکە کە ڕەنگە لە ئاوەکەدا خنکێنرابێت. دانییش شێوەی تەرمە ڕزیوە پیرەکەی بینیوە نەک ژنە گەنجە جوانەکە. بەردەوامیش بەو دیمەنە قێزەونە هێڵنج دەدات. یان ڕەنگە دوو ژنی جیاواز بن و ژنی هەر کام لە دیڵبەرت گرەیدی -(تەرمە ڕزیوە پیرەکە) و چارلز گرەیدی -(ژنە شۆخوشەنگەکە) بن. بە واتایەکی تر باسی دوو نەوەی یەک لە دوای یەک بکات. 
لە باسی ئۆدێسەدا ئاماژەمان بە (باری پیاوی سپی) کرد. لێرەیشدا ئەرکی پیاوە سپییەکە تەواو نەبووە و پەیامەکەی هەر بەردەوامە. لەم فیلمەی کوبریکدا پیاوی سپی بۆ خۆی بووە بە بار بەسەر شانی ئەوانی دیکەوە. تەلار و شارستانیەتەکەیشی لەسەر ئێسک و پروسکی ڕەگەزەکانی دیکە بنیات ناوە. وەک چۆن ئوتێلی ئۆڤەرلووک کە ڕەمزە بۆ ئەمەریکا و شارستانیەتەکەی لەسەر ئێسک و پروسکی هندییە سوورەکان بنیات نراوە. لەم فیلمەیشدا هاوشێوەی ئۆدێسە ڕۆڵێکی ئەوتۆ بە ڕەشپێست و ڕەگەزەکانی دیکە جگە لە پیاوی سپیپێست نەدراوە. بەڵکو ژنی سپێستیش لە خزمەتی پیاوە سپییەکەدایە –سەرچاوەی چێژ و خزمەتکردنە. تاکە یەک پیاوی ڕەشپێستی تێدایە، ئەویش بە پلانگێڕ دادەنرێت و دەکوژرێت. لە وتوێژە دووقۆڵییەکەی نێوان جاک تۆرێنس و دیلبەرت گرەیدیدا، گرەیدی داوا دەکات ڕێگە بگرێت لە دەستوەردانی دەرەکی کە مەبەستی ڕەشپێستەکە واتە هاڵورانە. ئەوەیش شێوەیەکە لە ترس لە بێگانە یان لەوانی دیکە (xenophobia) کە وەهمێکە پیاوی سپی هەمیشە لەگەڵیدا دەژی. جاکیش پێی وایە ژنەکەی دەست وەردەدات و خۆی هەڵدەقورتێنێت لە کاروبارەکانیدا. گرەیدی پێشنیازی ئەوە دەکات کە ڕاستیان بکاتەوە، وەک چۆن خۆی ژن و کچەکانی ڕاست کردووەتەوە بە کوشتنیان. کاتێک ئامۆژگاری سوودی نییە، دەبێت سزا بدرێن. هەر بۆیە جاک هاڵورانی زنجی دەکوژێت و هەوڵی کوشتنی ژن و منداڵکەیشی دەدات. بە دیوێکی دیکەدا پێمان دەڵێت نەوەیەک پەیدا بووە هەوڵی خوێندنەوەی ئەو ڕابردووە دەدەن. دەیانەوێت ڕاسپاردە تابووەکان ببەزێنن، تابووەکان بشکێنن. نەوەیەک کە دەیانەوێت ڕایەڵی پەیوەندی دروست بکەن لەنێوان ڕەگەزە جیاوازەکاندا. دەیانەوێت لە ئازاری ئەوانی دیکە بگەن و ئازاری خۆیشیان بەوانی دیکە بڵێن. بەڵام نەوەکانی پێشووتر کە داڕێژەری ئەو سیستەمەن –ئەمەریکا بە تایبەت و خۆرئاوا بە گشتی- نایانەوێت ئەمە ڕوو بدات. 

خێزانی تۆرێنس وەک خێزانێکی گۆشەگیر خۆیان لە شوێنێکی گۆشەگیر و تەریکدا دەدۆزنەوە. ئەو ڕەوشەیش ئەوان تێکەڵ بە جیهانی ڕۆحەکان دەکات. کاتێک ئۆڵمان پرسیار لە جاک دەکات دەربارەی ڕای ژن و منداڵەکەی لەسەر مانەوە لەو شوێنەدا، جاک بە پێکەنینەوە پێی دەڵێت (حەز دەکەن). گرفتی پیاوی سپی تەنیا لە ئاستی جیهانی دەرەوە و ڕەگەزەکانی دیکە نییە، بەڵکو لەنێو خێزان و تەنانەت لەگەڵ خودی خۆیشیەتی. لای ئەو تەنیایی مەسەلەیەکی سایکۆلۆجی نییە، بەڵکو لە هەستی خۆبەزلزانییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو پێی وایە: کۆمەڵگاکەی، شارستانیەتەکەی و خودی خۆیشی بێوێنەن (unique)  و لە هیچ قۆناغ و سەردەمێکدا لە وێنەیان نەهاتووە، فەزڵی ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ خۆی و پێویست ناکات گوێ لەوانی دیکە بگرێت، بە هەندێکی نێو کۆمەڵگاکەی خۆیشییەوە (ژن و منداڵ). ڕەنگە ئەم ڕۆحی خۆبەزلزانییەی پیاوی سپییش لە زۆری داهێنانەکانییەوە سەرچاوەی گرتبێت کە بە تەنیا خۆی خاوەنی زیاتر لە نیوەی داهێنانەکانە، بە دوای ئەویشدا ژنی سپی و ڕەگەزەکانی دیکە دێن. بە واتایەکی تر منەتی داهێنانەکانی دەکات. ئەمەیش گرێیەکە مرۆڤی شارستانی لەگەڵیدا دەرگیرە. 
وێنەکانی کۆتایی فیلمەکە: ڕەنگە زۆرترین گرێکوێرە لەو وێنانەدا بن کە لە کۆتایی فیلمەکەدا دەردەکەون. هیچ کەس نییە ئەم فیلمە ببینێت و وێنەی کۆتایی فیلمەکە ڕای نەگرێت، بەڵکو ڕای نەچەڵەکێنێت و ناچاری نەکات جارێکی دیکە بە فیلمەکەدا بچێتەوە و پرسیارگەلی زۆری لا دروست نەبێت. هەی لەوە! ئەوە چییە؟! بە ڕاست جاک تۆرێنس نەمرد؟ ئەی ئەو پیاوە کێیە لە وێنەکەدا؟ ئەم فیلمە باسی چ سەردەمێک دەکات؟ تۆ بڵێیت ئاماژەیەکی فەلسەفی بێت سەبارەت بە گەڕانەوەی سەرمەدی؟ جاک تۆرێنسی ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەم لە ساڵانی حەفتاکاندا دەرکەوتووەتەوە! ڕەنگە ئەم جارەیش جاک تۆرێنس نەمردبێت، بەڵکو سڕ بووبێت تا لە سەردەم و قۆناغێکی دیکەدا دەربکەوێتەوە. کامێرای کوبریک ڕاستەوڕاست دەچێتە سەر وێنەی ناوەڕاست. ژمارەی وێنەکان بیست و یەک دانەن، واتە دەچێتە سەر وێنەی یازدەیەم گەر لە سەرەوە یان خوارەوە یان لە هەر لایەکەوە هەژماری بکەین. لەسەر وێنەکەیش نووسراوە: 4/تەموزی 1921. ئاشکرایە کە 4/تەموز ڕۆژی سەربەخۆیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایەکە لەو ڕۆژەدا و لە ساڵی 1776 جاڕی سەربەخۆیی درا. ئەگەر ئەو چوار ژمارەیە کۆ بکەینەوە: 6+7+7+1=21، ژمارەی وێنەکانیش 21 دانەن. ئەگەر هەر چوار ژمارەکەی پێشتر کۆ بکەینەوە دەکاتە ژمارەیەکی شووم: 1+2+9+1=13. بە شێوەیەکی دیکە: ئەگەر ژمارەی سەرەتا و کۆتایی بخەینە پاڵ یەکتری (1..1) دەکاتە 11، دوو ژمارەی ناوەڕاستیش کۆ بکەینەوە (2+9) هەر دەکاتە 11، تەموزیش مانگی حەوتە (7+4) هەر دەکاتە 11. براکێتەکەی سەرەوەیش کە دوو مۆمی پێدا هەڵواسراوە ئاماژەی ژمارە 11 دەبینین. ژمارە یازدەیش گرێ دەدرێتەوە بە ئەپۆلۆی یازدەوە –مەسەلەی چوونە سەر مانگ. ڕەنگیشە کوبریک مەبەستێکی تری هەبووبێت یان بێ مەبەست پەنای بۆ ئەو ژمارانە بردبێت (تەنیا بۆ جوانترکردنی فیلمەکە بووبێت)، بەڵام ئەو خوێندنەوەیە هەڵدەگرێت. 
کەسانێک زۆر بە وردی لەو وێنانە ڕاماون، هەندێک کەسیان ناسیوەتەوە. دەرکەوتووە بڕێک لەوانەی لە وێنەی یازدەیەمدان لە ئاهەنگەکەی ساڵی 1921 کەسانێکی بزنسمانی سەر بە ئیدارەی ودرۆ ویڵسنن. کوبریک هەموو یان زۆرینەی ئەمانەی بە مەبەست کردووە. پێدەچێت ئەو ڕۆحانەی نێو فیلمەکە هەمان کەسانی نێو وێنەکان بن. هەر لەو ساڵەدا و لە 25/ئابی 1921 ڕێکەوتنی ئاشتی نێوان ئەمەریکا و ئەڵمانیا ئەنجام دراوە. 
ئەم فیلمە دژبەر یاخود ئەنتی تێزێکە بۆ ئۆدێسە. ئۆدێسە دەربارەی پەرەسەندنە، ئەم دەبارەی گەڕانەوەیە بۆ دواوە. لە ئۆدێسەدا مرۆڤ دەگاتە ئەوپەڕی جوانی و درەوشانەوەی خۆی، لە درەوشانەوەکەدا مرۆڤ دەگاتە ئەوپەڕی قێزەونی و توندوتیژی. لەویاندا مرۆڤ دەچێتە بەرگی فریشتە و بەڵکو خودایش، لەمیاندا دەچێتە پێستی شەیتانەوە. دیمەنەکانی کۆتایی هەردووکیان مرۆڤە: لە ئۆدێسەدا منداڵێکی چاوگەش دەدروشێتەوە بە ئومێدەوە چاوی لە دەرەوە و ئایندەی خۆی بڕیوە، لە درەوشانەوەکەدا پیرەمێردێکی شڕشێت چاوی ماندوو و بێئومێدی ئەبڵەق بووە. لە ئۆدێسەدا مرۆڤ دەستی بە هەسارەکانی دیکەیش دەگات، لە درەوشانەوەکەدا هەموو خەونی جێهێشتنی ئوتێلێکە یان ڕاڕەوێکی پێچاوپێچە. هەردوو هەڵاتنن، ئۆدێسە هەڵاتنێکی جوگرافییە لەپێناو دۆزینەوەی خوددا، درەوشانەوەکە هەڵاتنێکی سایکۆلۆجییە لەپێناوی ڕاکردن لە خود. 

• * بۆ خوێندنەوەی فیلمەکان، وشەی خوێندنەوە، پێداچوونەوە، لێوردبوونەوە، لێکۆڵێنەوە و تەنانەت ڕامانیش بە گونجاو دەبینمەوە، نەک ڕانان، ئەو وشە ئەنتیکەیەی کە نازانم لە چییەوە هاتووە و تەنیا لە دووشێوەیشدا قەتیس دەبێت: ڕانەر (بکەر)، ڕانان (چاوگ) کە گەردان ناکرێت، بۆ نمونە ناکرێت بڵێیت "لە فیلمەکە ڕاناوم –ڕاناویت-ڕاناون-ڕادەنێنم-ڕادەنێنن ...."
• * نازانم چەند جار ئەم فیلمەم بینیوە. بەڵام ماوەی دوو ساڵە بە تەواوەتی مێشکی داگرتووم. زیاتر لە هەر فیلمێکی دیکە لە ماوەی ژیانمدا بینیبێتم، قاڵبوومەتەوە تیایدا. ئەمەی سەریشەوە خوێندنەوەیەکی گەلێک وردە و کورتە –نەک پوختە-یەکە لە توێژینەوەیەکی درێژتر و بەرمەبنای زۆرینەی ئەوانیترە. هەوڵ دەدەم لە دووتوێی کتێبێکدا بڵاوی بکەمەوە. 

سەرچاوە:

1-
فيلمي درةوشانةوةكة (1980 the shining)
2-
فيلمي ذووري 237 (room 237 2012)
3-
The Shining Analysis
14-
16-
17-
18-
19-
20-
21-
22- 
23-
24-

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە