پەرەسەندن و زیندە‌وە‌رزانی

Sunday, 05.05.2019, 21:47

3413 بینراوە


بۆ تێگەیشتنمان لە چەمک و بنەماکانی پەرەسەندن، ئاشکرایە کە پێویستیمان بە بڕێک زانیاری دەبێت لەسەر چەند بابەتێکی بواری زیندەوەرزانی، لێرەدا بە پێویستی دەزانین زۆر بەکورتی لە هەندێکیان بدوێین.
زیندەوەرزانی (Biology)، زانسێکە لە ژیان، یان لە بوونەوەری زیندوو دەکۆڵێتەوە و جیای دەکاتەوە لە شتگەلە نازیندووەکانی سروشت. ئەو ژیانە دەبێتە تایبەتمەندییەک بۆ هەموو زیندەوەرەکان، ئەوانەی کە پێناسە دەکرێن بە: ئەو بوونەوەرانەی کە دەتوانن گەشە بکەن لەڕێی بەکاربردنی خۆراک، بۆ دابینکردنی ئەو وزە و مادانەی کە پێویستیان پێیەتی، هەروەها بکارن بە زاوزێکردن و دابەشبوون نەوە بنێنەوە لە پێناو مانەوەی جۆرەکەیان، پاشانیش توانای ئەوەیان هەبێت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریان، بەهۆی گۆڕانە ناوەکیی و لەشییەکانیان.
زیندە‌وە‌رزانی بە‌ کۆنترین زانست هەژمار دەکرێت کە مرۆڤ ناسیویە ‌و پێیە‌وە‌ خە‌ریک بووە‌، چونکە ڕاستە‌وخۆ بەندە بە ‌ژیانی ڕوەک و مرۆڤ و گشت ئاژەڵەکانی دی. زیندە‌وە‌رزانی لە وردترین بوونە‌وە‌ری زیندوو هەتا مە‌زنترینیان، ڕوە‌ک و ئاژەڵ،‌‌ بەکتریا و ڤایرۆس، پێکهاتە‌ی ناوە‌کی و شێوە‌ی دە‌رە‌کیی، پە‌یدابوون و بنەبڕبوون، ژیان و مردن، بژیو و زاوزێکردن، ململانە و کێبەرکێ، گەشەکردن و پە‌رە‌سە‌ندن، نە‌خۆشی و چارە‌سە‌رکردن، ژینگە‌ و خۆسازانیان‌ دە‌کۆڵێتە‌وە‌. ئەوەشی کە پێوەندی بە پەرسەندنەوە هەیە و لکێکە لە زیندەوەرزانی، پێی دەگوترێت، زیندەوەرزانیی پەرەسەندن کە گرینگی دەدات بە بنەچە و پێشینەکانی گشت بوونەوەرێکی زیندوو، ئەوانەی ئەمڕۆکە هەن، یانیش بنەبڕبوونە، بەرە لە دوای بەرە لە پەرەسەندنیان، گەشە، ڕواڵەت، تایبەتمەندییەکانیان و جیوازییەکانی نێوانیان دەکۆڵێتەوە. ئەو زانایەشی لەو بوارەدا پسپۆڕە، بە زانای زیندەوەرزانی پەرسەندن (evolutionary biologist) ناو دەنرێت. زیندەوەرزانی زانستێکی گەلێک بەرفرەوان و پەلوپۆدارە، لە ئاکامی ئەو پێشکە‌وتنانەی کە بەخۆیەوە بینیووە، وای لێ هاتووە پێوە‌ندییەکی بە‌تینی هە‌بێت بە‌ چەندان زانستەوە،‌ بۆیە‌ ئێستە‌ لە‌بری زیندە‌وە‌رزانی، (زانستە‌کانی ژیان)ی پێ دەگوترێت.

بۆماوە‌زانی
بۆماوە‌زانی (Genetics)، لە جینەکان و ‌ڕووە‌ لێکچوو و جیاوازە‌کانی زیندە‌وە‌ران لە‌گە‌ڵ یە‌کدی، هەروەها گواستنە‌وە‌ی نیشانە‌ و تایبەتمەندییە جۆراوجۆرەکان بۆ وەچەکانیان دە‌کۆڵێتە‌وە. ئەم زانستە سەرچاوەیەکی هاوبەش و لێک گرێدەری گشت زانستە‌کانی ژیانناسییە و لە‌ زۆر لایە‌نی گرینگدا بە‌کار دەهێنرێت وەک، چاکسازیی کشتو‌کاڵی و ئاژەڵی، بۆ بەبە‌رهە‌م هێنانی وە‌چە‌یەکی نوێی چاکتر و بەسوودتر، هەروەها دۆزینە‌وە‌ی چارە‌سە‌ری بۆ چە‌ندان جۆرە‌ نە‌خۆشی زگماک، بە‌تایبە‌تیش ئە‌وانە‌ی کە مرۆڤ تووشیان دە‌بێت.
تۆژینە‌وە‌کانی زانای ڕوە‌کزانی، گریگۆر مێندل (١٨٢٢ - ١٨٨٤)، بە‌ بنچینە‌ی سە‌رهە‌ڵدانی بۆماوە‌زانی دادە‌نرێن. کردەوە و بە‌رهە‌مە‌کانی مێندل زۆربە‌یان پێوە‌ندیدار بوون بە‌ کردارە بۆماوەیییەکان‌، ئەوانەی بەندن بە گواستنە‌وە‌ی ئاکارەکانی زیندە‌وە‌ران ‌و ڕێژەی سە‌رهە‌ڵدانیان لە‌ نە‌وە‌کانیاندا. ئەو تۆژینەوانەی لەو کاتانەدا هەبوون، ئێستە بە بۆماوەزانیی کلاسیکی دەناسرێن، چونکە چۆنە‌تی ڕوودان، میکانیزمە‌کان و پێکهاتە ناوەکییەکانی ئە‌م گواستنە‌وە‌یە کە جینە‌کانن، لەو‌ سەردەمانەدا بابەتگەلێکی نەناسراو بوون. پێویستە ئەوەش بڵێین کە تۆژینەوەکانی مێندل ئەگەر سەرەتایەکیش بووبن بۆ بۆماوەزانی لەو کاتەدا، بەڵام گەلێک کێشەی ئاڵۆزی تیۆرەکەی داروینی چارەسەر کرد. 
ئەمڕۆکە بۆماوەزانی پێشکەوتنێکی زێدە مەزنی بەخۆوە بینیووە و بووەتە چەندان بەش و لکی جیاجیا. بۆماوەزانی بە دۆزەوە زانستییەکانی، زەمینەیەکی یەکجار بەرفرەوانی بۆ زاناکان ڕەخساندووە، بۆ ئەنجامدانی چەندان تۆژینەوە لە مێژووی پەیدابوون و پەرەسەندنی زیندەوەران بەگشتی، مرۆڤیش بەتایبەتی، تا ڕادەیەک وایان لێ بکات بگەنە وەڵامی گونجاو بۆ گەلێک پرسیاری شاراوە.
بۆماوەزانیی هاوچەرخ گەیشتووەتە ئەو ڕادەیەی، زاناکان زۆر بەوردی لە کردار، فرمانی جینەکان، ڕیزبەندی ترشە ئەمینییەکانی (دنا) و (ڕنا) تێ بگەن، بەمەش بتوانن یەکێک لە مەزنترین پڕۆژەکانی مرۆڤایەتی ئەنجام بدەن، ئەویش کە (پڕۆژەی جینۆمی مرۆیی) بوو. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن تیمێکی گەورەی زانایان بەڕێووە چوو، پتر لە ١٠ ساڵی خایاند و پارەیەکی یەکجار زۆری تێچوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی زانایان گەلێک زانیاری بەنرخ لەسەر نێزیکایەتی مرۆڤ بە ئاژەڵەکانی دیکە کۆ بکەنەوە، زۆر چڕتر و چاکتریش لە گۆڕانکارییە جینەکییەکان و پەرسەندنە یەک لەداوی یەکانی مرۆڤ تێبگەن. هەروەها بە زانینی مێژوو و ماوەی نێوان بازدانە جینەکییەکان، ماوەی جیابوونەوەی ئەو جۆرانە لە پێشینە هاوبەشەکانیاندا دیار بکەن. بەمانە و بە شارەزابوون لەو گۆڕانکارییانەی بەسەر ژینگەکاندا هاتوون، زۆر بەوردی ئەو هۆکارانە دەستنیشان بکەن کە مرۆڤیان گەیاندە ئەوەی، ئەو شێوەیەی ئێستەی وەربگرێت. لە کۆئەنجامی ئەوەشدا، ئەو تایبەتمەنییانە بدۆزنەوە کە لەڕێی هەڵبژاردنی سروشتییەوە هاتنە کایەوە، ئەوانەی بوونە هۆی سەرخستنی مرۆڤی هاوچەرخ و بنەبڕبوونی چەندانی دیکە.
ئەوەی پێویستی بە ئاماژەپێکردنە، بە درێژەدان و لێکۆڵینەوەی زێدەتر لە نەخشەی جینۆمی مرۆڤ کە بوارێکی هەرە گرینگ و هەستیارە، وای لێ دێت زانست ڕاستەوخۆ بەرەوڕووی چەند ئەگەرێکی نائاسایی و لە هۆشبەدەر ببێتەوە. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە دەشێ مرۆڤ بگاتە ئاستێک بتوانێت، بەدەستی خۆی چاکسازی لە پێکهاتە بۆماوەیییەکانیدا بکات، بەیەکجارەکیش گەلێک نەخۆشی کوشندەی وەک، ئایدز و شێرپەنجە، لە جینۆمی مرۆڤدا بسڕێتەوە! بەڵام بەمەرجێ زێدەڕۆیی تێدا نەکات، چونکە ئەم دەسکاریکردنەی جینەکان، لەوانەیە بەرەنجامی مەترسیداری لێ بکەوێتەوە.
کەرستەی سەرەکیی زۆربەی ئەو تۆژینەوانەی لە بۆماوەزانیدا لەسەر زیندەوەران دەکرێن، پێکهاتەی ترشی ناوەکییە، هەرچەندە تا ئێستە بەتەواوی سنووری مانەوە و تێکنەچوونی لە هەڵکۆڵدراوەکاندا نازانرێت. تەمەنی کۆنترین ئەو ترشە ناوەکییەی هەتا ئەمڕۆکە دۆزراوەتەوە، نێزیکەی ٨٠٠ هەزار ساڵە، بەڵام بە ڕای شارەزایان ڕەنگە هەتا ٢ ملیۆن ساڵیش ئەو ترشە بمێنێتەوە و بپارێزرێت. زاناکان بە پشتەوانی تەکنەلۆژیای نوێ، ئاواتەخوازن ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەم بوارانەدا، زانیاری زیاتر و ڕوونتر بەدەست بهێنن.
بۆماوەزانی چاوگەیەکی سەرەکیی بەڵگەکانی تیۆری پەرەسەندنە، پێشکەوتنی بۆماوەزانیشە وای لە بیروڕاکانی داروین کردووە، پتر لە لای زانستمەندانەوە داکۆکیان لێ بکرێن و لە ناوەندە زانستییەکاندا زێدەتر بچەسپێن. تا ئەو ڕادەیەی زۆربەی زاناکان دەڵێن، گەر ئێمە گشت بەڵگەکانی پەرسەندنیش بەلاوە بنێین، پێکهاتە بۆماوەیییەکان بەسن بۆ سەلماندنی ڕاستییەتی تیۆری پەرەسەندن. بۆماوەزانیی هاوچەرخ چەندە پتر لە وردەکاری و شیکردنەوەکانی جینۆمی مرۆیی نێزیک دەبێتەوە، هێندە بەڵگەکانی پەرەسەندن زێدەتر دەبن. خۆشبەختانەش زۆربەی ئەو خاڵانەی بواری بۆماوەزانی وەک، ترشی ناوەکی و جینەکان کە لە ڕۆژگارێکدا ببوونە هۆکاری بێهێزیی تیۆری پەرەسەندن، ئێستە بوونەتە بەڵگەی زۆر بەهێز و زەقی ئەم تیۆرە.
تۆژەری ناوداری ئەم چەرخە، جێیمس واتسن، داروین بە یەکێک لە مەزنترین ئەو زانایانە دادەنێت کە مێژووی مرۆڤایەتی بەخۆیەوە بینیووە. ئەم زانایە و هاوەڵەکەی، فڕانسیس کریک، لە ساڵی ١٩٥٣ ترشی ناوەکییان (دنا) دۆزییەوە، لە ئاکامی ئەمەشدا خەڵاتی (نۆبڵ)یان پێ بەخشرا. ئەم دوو زانایە پاش ئەنجامدانی چەندان تۆژینەوە گەیشتنە ئەو ڕایەی کە پێکهاتە بۆماوەیییەکان، بەڵگەی پتەوی بوونی پەرەسەندنن، سەلمێنەری ئاشکراشن بۆ ڕاستی زۆربەی بیروبۆچوونەکانی داروین. هەر بۆیە زانایەکی دیکەی بەناوبانگی زیندەوەرزانیی ئەم سەردەمە، ئێدوارد ویلسۆن، دەڵێت: "مێژووی زیندەوەرزانی دوو نیشانەی گەلێک مەزنی بەخۆوە بینیووە، یەکێکیان لە ساڵی ١٨٥٩ بوو، کاتێک داروین کتێبی بنەچەی جۆرەکانی بڵاو کردەوە، ئەوەی دووەمیش لە ساڵی ١٩٥٣ بوو کە ترشی ناوەکی دۆزرایەوە."
جگە لەمانە زانای ئەمریکی تيودوسيوس دوبژانسکی (١٩٠٠ - ١٩٧٥) کە زانای بۆماوەزانی و زیندەوەرزانی پەرەسەندنە، گەلێک کردەوەی گرینگ و مەزنی ئەنجام داوە لە بواری پەرسەندن لەسەر بنچینەی لکەکانی زانستیی زیندەوەران، دەبێژێت: “بەبێ بوونی تیۆری پەرسەندن ناتوانین لە هیچ شتێک تێ بگەین لە زیندەوەرزانیدا”. ئەم زانایە زۆر بە ڕاشکاوی دەڵێت، ئەمڕۆ زیندەوەرزانی یەکسانە بە تیۆری پەرەسەندن.
گوتە و ڕای ئەم زانا پایەدار و خاوەن بڕوانامە زانستییە بەرزانە و چەندان زانستمەند و پسپۆڕی دیکە بەرانبەر بە داروین، هەروەها دان پێنانیان لە ڕاستی تیۆری پەرەسەندن، بەڵگەی زەقن بۆ کەسانێک کە گومانیان هەیە لە بوونی پەرەسەندن، هاوکات وەڵامدانەوەیەکی ڕوونن بۆ ئەوانەی کە دەبێژن، تیۆرەکەی داروین تیۆرێکی زانستی نییە.

خانە
لە زیندەوەرزانیدا خانە (cell)، بچووکترین یەکەیە لە پێکهاتەی هەموو بوونەوەرێکی زیندوودا کە گشت زانیارییە بۆماوەیییەکانی ئەو زیندەوەرەی خانەکەی تێدایە، لەخۆ دەگرێت. هەروەها خانە یەکەی بنەڕەتی داڕشتن و ڕۆنان و فرمانەکانە لە لەشی سەرلەبەری زیندەوەراندا. خانە بۆ یەکەم جار لەلایەن زانای کیمیازانی و فیزیازانی ئینگلیزی، ڕۆبەرت هووک (١٦٣٥ - ١٧٠٣)، بەو هووردبینەی کە دەستکردی خۆی بوو دۆزرایەوە.
بە شێوەیەکی گشتی خانە دوو جۆری هەیە، خانەی ڕوەکی و خانەی ئاژەڵی، هەروەها زیندەوەران یەکخانەیی، یان فرەخانەیین کە لە ئەنجامی دابەشبوونی خانەی پێش خۆیان پەیدا دەبن. ئەم دابەشبوونە ڕوو دەدات بە مەبەستی گەشەکردن و پێکهێنانی خانەی لەشەکی و خانەی زایەندییەتی، ئەوانەی کە بۆ زۆربوون و زاوزێکردن پێویستن. بۆ نموونە لە مرۆڤدا خانەی زایەندی تۆو و هێلکە دەگرێتەوە، خانە لەشییەکانیش هەموو ئەو خانانەی دیکەن کە لەش پێك دەهێنن. 
زیندەوەران لە چەندان خانەی لە شێوە و قەبارە و فرمانی جیاجیا پێک دێت، بە پێکەوەبوونی کۆمەڵە خانەیەکیش کە فرمانێکی تایبەتی جێبەجێ بکات دەگوترێ شانە. زیندەوەرە فرەخانەکانی وەک زۆربەی ڕوەک و ئاژەڵەکان، لە ژمارەیەکی یەکجار زۆر خانە پێک دێن، بە نموونە، لەشی مرۆڤ نێزیکەی ١٠٠ ترلیۆن (ملیۆن ملیۆن) خانەی تێدایە!
خانە بارستەیەکە لە پڕۆتۆپلازم کە بە پەردەیەکی پیاهێڵەڕۆ (چوونە دەرەوە و هاتنە ژوورەوەی پێکهاتە وردیلەکییەکان) دادەپۆشرێت، پێی دەگوترێ خانەپەردە. بەڵام ئەمەیان لە خانە ڕوەکییەکاندا پێکهاتەیەکە لە سێلیلۆز کە وەک خانەپەردە نەرم نییە، پێی دەگوترێت دیوارەپەردە. هەموو خانەیەک لەناوەوەدا لە سایتۆپلازم پێک دێت کە زۆر پێکهاتەی تێدایە وەک، ڕایبۆسۆمەکان، تۆڕی پلازمەیی ناوەکی، مایتۆکۆندریا، پلاستیدە کەسکەکان (لە ڕوەکەکاندا)، پێکهاتەی (گۆلگی)، لیسۆسۆمەکان و چەندانی دیکە، ئەمانەش هەریەکەیان لە پێکهاتە و فرمانەکانیاندا جیاوازن. هەروەها خانە ناوکۆکەیەکی تێدایە هەڵگری هێما بۆماوەیییەکانە و بە پەردەیەک داپۆشراوە، پێی دەگوترێت ناوکەپەردە.
خانەکان لەڕووی پێکهاتەی ناوەکییەوە دەکرێنە دوو بەش، بەشێکیان بە ناوکۆکە سەرەتایییەکان (Prokaryotes) دەناسرێن کە زۆربەیان یەکخانەیین لە نموونەی بەکتریاکان، بەشەکەی دیکە بە ناوکۆکە ڕاستەقینەکان (Eukaryotes) ناو دەبرێن کە بەگشتی زیندەوەرە فرەخانەکانی وەک، ڕوەک و ئاژەڵ و کەڕوبابەتەکان دەگرێتەوە. جیاوازییە بنەڕەتییەکانی خانەی ئەم دووانە ئەوەیە، خانە ناوکۆکە سەرەتاییەکان، ناوکۆکەکەیان تایبەتمەندییەکی پەرەسەندووی تەواو و هەمەجۆری نییە، پێکهاتە بۆماویییەکەشی لە شێوەی تاکە دەزووێکی بازنەیییە لەناو سایتۆپلازمدا کە هیچ پەردەیەکی نییە، لەو ناوەندە جیای بکاتەوە کە تێدایە، بۆیە تواناکانی بۆ ئەنجامدانی کردار و چالاکییەکان لە ناوکۆکە ڕاستەقینەکان کەمترە. جگە لەمانە خانە ناوکۆکە سەرەتاییەکان بە قەبارە بچووکترن، درێژییان نێزیکەی ١ تا ٥ و ناوکۆکە ڕاستەقینەکان لە ١٠ تا ١٠٠ میکرۆمەتر (١ لە ملیۆن بەشی مەترێک) دەبن.
ئەوەی لێرەدا گرینگە بیزانین کە هەر خانەیەکی لەش بگرین لە توانایدا هەیە، سەرلەبەری کار و فرمانەکانی لەش بەڕێوە ببات، بەڵام کاتێک یەکێکیان بۆ نموونە دەبێتە خانەی جگەر، ئەوا تەنیا جینەکانی تایبەت بە فرمانەکانی جگەر کارا و چالاک دەبن، ئەوانەی دیکە هەموویان سست و پەککەوتوون، هاوشێوەی ئەمەش ڕوو دەدات لە پێکهاتەکانی دیکەی لەش وەک، گەدە، مێشک، پێستە... هتد.     
ئەوەش لەبیر نەکەین کە ئەو زانیارییانەی سەرەوە گشت خانەیەک دەگرێتەوە، جگە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن نەبێت، لەبەر ئەوەی ئەمانە بەبێ ناوکۆکەن، بۆیە هیچ جینێکیان تێدا نییە.

جین
جین (Gene)، یەکەی سەرەکیی پەرەسەندن و ڕوودانی گۆڕانەکانە، تاکە پێکهاتەشە بۆ مانەوەی تایبەتمەندییەکانی جۆری زیندەوەران. لە جینەکاندا زانیاری زیندەکردارەکان، داڕشتن و ڕۆنانی پڕۆتین و ئەنزیمەکان هێما دەکرێن کە دەبنە هۆی گەشەکردن، دەرکەوتنی نیشانە و ئاکارەکان لە زیندەوەراندا. بە بڕگەیەک لەو دوو زنجیرە لێک بادراوەی (دنا) دەگوترێت جین، بە ژمارە و ڕیزبەندییان جۆری ئەو جینە دیار دەکرێت، هەر جیاوازییەک گەر هەبێت لە نێوان تاکەکانی یەک جۆردا، ئەوا بۆ جیاوازی جینەکانی ئەو تاکانە دەگەڕێتەوە.
هەندێک لەو گۆڕانانەی لە زیندەوەراندا ڕوو دەدەن، ناگوێزرێنەوە بۆ وەچەکانی داهاتوو، بۆیە ئەم گۆڕانانە هیچ کاریگەرییەکیان بۆ پەرەسەندن و هاتنەکایەی جۆری نوێ نییە. ئەوەی گرینگە ئەو گۆڕانانەیە لەڕێی جینەکانەوە بۆ وەچەکان دەگوێزرێنەوە، ئەوانەی کە دەبنە بنچینەی پەرەسەندن و هۆکاری پەیدابوونی هەمەجۆری زیندەوەران لە سروشتدا.
یەکە جینەکییەکان لەڕێی زۆربوون و زاوزێوە، لە بەرەیەک بۆ یەکێکی دیکە، لە وەچەیەکیش بۆ وەچەی دیکە دەگوێزرێنەوە. بۆ نموونە لە مرۆڤدا، هەر وەچەیەک نیوەی جینەکانی لە دایکی و نیوەکەی دی لە باوکییەوە وەردەگرێت. لەوانەیە هەندێ جار ڤایرۆسەکانیش ببنە هۆی گوێزانەوەی چەند جینێک بۆ زیندەوەران.
دنا
دنا (DNA) (ناوکە ترشی ڕایبۆزی ئۆکسیجن لابراو)، هە‌موو ئەو ڕێنوێنییە جینەکییانە دەگرێتە خۆ، بۆ چالاکی و فرمانە زیندەکییەکان و گەشە و پەرەسەندنی زیندەوەران پێویستین. لە دناوە زانیارییەکانی ڕۆنان و چێکردنی (ڕنا) و پڕۆتینەکان وەردەگیرێن، هەروەها داکردنی زانیارییە بۆماوەیییەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ، فرمانێکی دیکەی سەرەکیی دنایە. ئەوەی لێرەدا بۆ تێگەیشتنمان لە چۆنەتی ڕوودانی پەرەسەندن گرینگە بیزانین، کە چەند بە‌شێک لە‌ دنا‌ چالاککردن، یاخۆ وە‌ستاندنی کاری جینە‌کان بەڕێوە دەبەن، هەندێکیش خۆیان سست، یان پەککەوتوون، ئەمانەش گشتیان بەندن بە سەرهەڵدانی ئەندامە پێویستەکان و لابردنی چەند تایبەتمەندییەکی دیکە.
دنا لە دوو زنجیرەی‌ یەکەی داڕشتن و ڕۆنانی لێک بادراو پێک دێت، پێی دە‌گوترێ نوکلیۆتیدە‌کان، هەر نوکلیۆتیدێک لە زنجیرەی خۆیدا بەرانبەر و تەواوکەری زنجیرەی دووەمە، واتە هەر زنجیرەیەک داڕێژگەی زنجیرەکانی دیکەیە. نوکلیۆتید لەڕووی کیمیایییەوەش پێک دێت لە شەکری پێنجینە، کۆمەڵەی فۆسفات و ئاوێتە بنچینەییەکانی داکردنی زانیارییەکان کە ئەمانیش چوار جۆرن ناو دەنرێن بە، سیتۆسین (Cytosine)، گوانین (Guanine)، ئەدینین (Adenine) و تیمین (Thymine). ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم چوار پێکهاتەیە لە سەرلەبەری زیندەوەراندا هاوشێوە و چوونیەکن، ئەو تاکە جیاوازییەی کە لە نێوانیاندا هەیە تەنیا لە ڕیزبەندییەکەیاندا دەبینرێت. لێرەدا بۆ نموونە، ئەگەر سەیری شێوەی مێشک بکەین لە ئاژەڵەکاندا کە بەشی پێشەوە و ناوەڕاست و دواوەی هەیە، لە لای زۆربەی جۆرەکانی دوور لەوانەدا وەک یەکن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو جینە تایبەتەی مێشکی ئێمەی مرۆڤی دروست کردووە، هەمان ئەو جینەیە کە مێشکی بچووکترین ماسی دروست دەکات!
لە کاتی لەبەرگرتنەوەی دنا و گوێزانەوەی جینەکان، خانە ڕیزبەندی ئەو نوکلیۆتیدانە بۆ زنجیرەیەک ترشی ئەمینی وەردەگێڕێت کە پێکهێنەی جۆری پڕۆتینەکانە. ڕیزبەندی ترشە ئەمینییەکانی پڕۆتین، هاوتای ڕیزبەندی نوکلیۆتیدی جینەکانن، جێگۆڕکێ و ڕیزبەندی ئەو دووانەش، پێی دەگوترێ (هێماکانی بۆماوەیی). جۆرەکانی ترشە ئەمینی پێکهێنەی پڕۆتین، ئەرک و فرمانەکانی پڕۆتین دیار دەکەن، بەمەش پڕۆتینەکان جیاواز دەبن لەگەڵ یەکدیدا بۆ ئەنجامدانی فرمانی جۆراوجۆر لە خانەدا. هەر گۆڕانێکی دنا لە جینێکی تایبەتیدا، دەبێتە هۆی گۆڕانی کردار و فرمانەکانی ئەو پڕۆتینانە کە ڕەنگە هەندێ جار زیانێکی کوشندە بە خانەکان، یان زیندەوەرەکە بەگشتی بگەیێنن.
دنا لەناو خانەدا چەندان ئاوێتە پێک دەهێنێت کە پێیان دەگوترێ کرۆمۆسۆمەکان، کۆی ئەمانەش واتە ناوەڕۆکی جینەکان، بە جینۆم (Genome) ناو دەبرێت. زۆربوونی کڕۆسۆمەکان، واتە چەندجارەبوونەوەی دنا وا لە خانە دەکات، دەست بە دابەشبوون بکات و زۆر ببێت، ئەم کردارەش لە خانەی گشت زیندەوەرێکدا (ناوکۆکە سەرەتایییەکان و ناوکۆکە ڕاسەقینەکان) ڕوو دەدات.
ئەوەی گرینگە لێرەدا بگوترێ، زنجیرە بادراوی دووانەیی دنای مرۆڤ لە پلەی ٨٥ی سەدی لێک هەڵدەوەشێتەوە، پاش ساردبوونەوەی جارێکی دیکە پێک دەلکێنەوە. ئەگەر بێین و تاڵێکی (دەزوو) دنای مرۆڤ بێنین، دەبینین کە لەگەڵ تاڵێکی شیمپانزی گەلێک بەچاکی بەیەکەوە دەلکێن تەنیا لە هەندێ شوێنی زۆر کەم نەبێت. لەگەڵ هی گۆریلا پێکەوە لکانەکە تۆزێک کەمتر دەبێت بە بەراوردکردن لەوەی شیمپانزی، لەگەڵ مشک کەمتر و لە ماسی زۆر کەمتر، ئەوەی جێی سەرسڕمانە ئەم پێکەوەلکانە نەک تەنیا لەگەڵ ئاژەڵەکاندا ڕوو دەدات، بگرە لەگەڵ ڕوەکی وەک، سێو و نیسک و نۆکیشدا هەر دەبێ، بەڵام بە ڕێژەی کەمتر و کەمتر، بەگوێرەی دووری و نێزیکیی جینەکیی جۆرەکان لە یەکدییەوە، هەتا پلەی گەرمی هەڵوەشانەوەکانیش بەندن بەو نێزیکایەتییەیان لە یەکدی.
لەسەر ئەم بنچینەیەیە زاناکان دەزانن کە سەگی ماڵی لە گورگەوە بەدەستی مرۆڤ بەبەرهەم هاتووە، پێش نێزیکەی ١٠ هەزار ساڵێک. بەڵام پێویستە بڵێین کە مەبەست هەموو سەگێک نییە، چونکە سەگی کێویش هەیە کە لە ئاژێڵێکەوە هاتووە وەک گورگ بووە، بەڵام ئەمەیان زۆر لەمێژە لەوانەیە بگاتە ١٠٠ملیۆن ساڵ! لێرەدا گەر بپرسین چۆن ئەم ١٠ هەزار و ١٠٠ ملیۆنەمان زانی؟ وەڵامەکەی ئەویە کە زاناکن بە شیکردنەوەی جینەکانی گورگ و سەگ، دەتوانن نەک تەنیا ساڵی گۆرانەکان، بگرە ژمارە و ساڵی ڕوودانی بازدانەکانیش بزانن.
 هەموو ئەو بەراوردکردنانە بەرەو ئەوەمان دەبەن متمانەمان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پتر بێت بە بنەماکانی پەرەسەندن، شارەزایان دەبێژن، دۆزەوەکانی ترشی ناوەکی بووەتە بەڵگەیەکی هێندە بەهێز بۆ پەرەسەندن کە هیچ زانایەکی ڕاستەقینە، چی دیکە نەتوانێ بەئاسانی خۆی لەم تیۆرە بەدوور بگرێت.
ڕنا
ڕنا (RNA) (ناوکە ترشی ڕایبۆزی)، چەندان جۆری هەیە، لە پێکهاتەشدا لە زۆر ڕووەوە وەک (دنا)یە. جیاوازییەکانی ڕنا لەگەڵ (دنا)دا لەوەیە کە نوکلیۆتیدەکانی ڕنا لە یەک زنجیرەی ڕایبۆزی پێک دێن، لە ئاوێتە بنچینەییەکانیشدا ڕنا لەبری تیمین، ئاوێتەی یوراسیلی (Uracil) هەیە، هەروەها ڕنا لە هەموو بەشەکانی خانەدا تەشەنەی کردووە، کەچی (دنا) بە شێوەیەکی سەرەکی لەناو ناوکۆکەدایە. ڕنا کرداری وەرگێڕانی جینەکان بۆ پڕۆتین بەڕێوە دەبات، ترشە ئەمینییەکانیش دەگوازێتەوە بۆ ڕایبۆزۆمەکانی پێکهێنەری پڕۆتینەکان، هاوکات ڕنا خۆیشی پێکهێنەی بنەڕەتی ڕایبۆزۆمەکانە.
ئەوەی دەبێ بگوترێ کە ڕیزبەندی هەندێ جۆرە پێکهاتەی ڕنای تایبەت بە هێماکردنی ڕایبۆزۆمەکان، بەڵگەی بەتینی بوونی بنەچەی هاوبەشی هەموو بوونەوەرە زیندووەکانە.
ئەلیل
ئەلیل (Allele)، بە تاکێک لەو شێوانەی جین دەگوترێ کە لە تیلمی (دنا)دا ئاکار و نیشانەیەکی تایبەتی دەردەخەن. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، جینەکان بەگوێرەی ڕیزبەندی ترشە ئەمینییەکانیان، لە چەندان شێوەی جۆراوجۆردا بەدەر دەکەون، دەرکەوتنی هەر ئاکارێکیش لە زیندەوەراندا، بەندە بە جووتێک لە ئەلیلەکان کە ئەمانیش دوو جۆرن، ئەلیلی زاڵ و ئەلیلی بەزیو. ئەم جووتە ئەلیلە، یان هاویەکن (دوو دانەی زاڵ، یا دوو دانەی بەزیو)، یاخۆ جیاوازن (یەکێکی زاڵ و یەکێکی بەزیو)، بەڵام لەزۆربەی کاتەکاندا، ئەو ئاکارانەی ئەلیلێکی زاڵ هەڵیان دەگرێت، ئەگەری دەرکەوتنیان زۆر بەهێزترە لە ئەلیلی بەزیو.
بۆ نموونە، ئەگەر جینێک لەلایەن باوکێک، یان دایکێکەوە بۆ منداڵێک گوێزرایەوە کە هەڵگری ئەلیلێکی زاڵ بێت بۆ پێدانی ڕەنگی ڕەشی چاو، ئەلیلێکی بەزیویش بۆ پێدانی ڕەنگی شینی چاو، ئەوا ئەو منداڵە ڕەنگی چاوی ڕەش دەبێت، چونکە ئەلیلی ڕەنگی ڕەش زاڵە بەسەر ئەلیلی ڕەنگی شین. ئەلیلی بەزیو تەنیا ئەو کاتە بەدەر دەکەوێ، گەر ئەلیلێکی زاڵ لە جینەکاندا نەبێت، واتە ئەگەر منداڵێک، دوو جینی ڕەنگی شینی چاوی بۆ گوێزرایەوە کە هەرچەندە بەزیویش بن، ئەوا ڕەنگی چاوی شین دەبێت. هەروەها کەسێک هەڵگری دوو ئەلیلی هاویەک بێت، چ زاڵ، چ بەزیو، پێی دەگوترێ کەسێکی (ئاکار خاوێن)، هەڵگری دوو ئەلیلی جیاوازیش، پێی دەگوترێ کەسێکی (ئاکار ناخاوێن). گریمان ئەلیلێکی زاڵ هەڵگری جۆرە نەخۆشییەکە، دەبینین ئەوەی ئاکاری ناخاوێنە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبێت، کەچی ئەلیلی بەزیوی ئەو نەخۆشییە، ڕەنگە لەو کەسەی کە هەڵی گرتووە دەرنەکەوێ، بەڵام دەشێ بۆ نەوەکانی بگوێزێتەوە.
پێویستە ئەوشمان لەبیر نەچێ، ئەگەر ئەلیلێکی زاڵی ڕەشی چاو لەگەڵ زاڵێکی دیکەی ڕەشی چاو یەکیان گرت، هەر دەبێت چاوی نەوەکەیان ڕەش بێ، خۆ ئەگەر واش نەبێت کە زۆر دەگمەنە، ئەوا بێگومان دەبێ بازدانێکی جینەکی بێت.
ئەوەی گرینگە لێرەدا بیزانین کە ترشە ناوەکییەکان، یاریدەرێکی گەلێک بایەخدارە بۆ پۆلاندنی زیندەوەران لەڕێی وێکچوون و جیاوازییە بۆماوەیییەکانیاندا.
پێشتر گوتمان کە زیندەوەرزانی بە لک و بەشەکانییەوە زانستێکی گەلێک بەرفرەوانە، بۆماوەزانیش پێوەندییەکی بنەڕەتی و ڕاستەوخۆی بە تیۆری پەرەسەندنەوە هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی وردەکاریی لە کار و فەرمانەکانی ئەم پێکهاتانە،‌ بابە‌تگەلێکی زانستیی ئاڵۆز و دژوارن، بۆیە‌ لێرەدا نامانە‌وێ پتر ئاماژەیان پێ بدەین. لە درێژەی ئەم نووسینەدا هەر چەمکێک و بیرۆکەیەک کە پێوەندییان بە زیندەوەرزانی، یان بابەتەکانی بۆماوەزانییەوە هەبێت لە نموونەی بازدانە جینەکییەکان و گواستنەوەیان بۆ نەوەکان... لە کاتی خۆیدا بەدرێژیی لێیان دەدوێین.  
---------------------------
ئەمەی سەرەوە کورتکراوەی بابەتێکە لە کتێبی (دەروازەیەک بەرەو تیۆری پەرەسەندن)، بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکان، چاوەڕێی دەرچوونی کتێبەکە بکەن کە بە (pdf) بڵاوی دەکەینەوە، دەتوانن لە کتێبخانەی کوردستانپۆست بیخوێننەوە.




(دەنگدراوە: 1)