چی بکەین لە ساڵیادی سەردەشت عوسمان

Sunday, 05/05/2019, 22:39

5184 بینراوە


شین و شەپۆڕ، گریان و فرمێسك هەڵڕشتن،دوعاو سنگ کوتین،فاتیحا و دواجار بڵێن خوا هەقی بستێنێ.... ئەمە و چەندین شێوازی تر کە هیچ لە داهاتووی ئەم کەسە شۆڕشگێڕە ناگۆڕێ. هیچ لە خەونەکانی نایەتە دی، هیچ لە خولیا و هیواکانی نایەنە دونیای سەردەشتەوە.ئەی کەواتە چی بکەین بۆ ئەوەی لانی کەم هەندێ لە خەونەکانی ئەو بهێنینە دی، چی بکەین ئاهێك بە دڵی دایك و باوکی ئەو و هاوخەمەکانیان،بچۆڕین. چی بکەین شایستەی داهاتووی ئەو گەنجە بێ کە خۆی بۆ ئامادە کردبوو؟ ئەمە و چەندین پرسیار و پرسەی تر کە گەر سەردەشت بمایە ڕەنگە بۆ ئێستەی خۆی نەختێ دڵێ خۆش ئەبوو.
بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە خەباتی شارستانی هەیە و پێیان وایە لە باشوری کوردستان هێشتا بوار ماوە بۆ ئەم جۆرە خەباتە ، کە لەڕاستیدا بەندە نەك ئێستا، بەڵکە هیچ کات باوەڕم بەم جۆرە خەباتانە نیە لە شوێنێك شارستانی بوونی نەبێ. هەر شوێنێك مافیا ومیلیشیاو چەتەی نەوت و خاك فرۆش فەرمان ڕەوایی بکا، ئەوا خۆهەڵخەڵەتاندنە باس لە خەباتی شارستانی بکرێ. ئەوانەی باس لەم جۆرە خەباتە ئەکەن وەك ئەوە وایە بیانەوێ شێر و پڵنگ وانەی خواردنی سەوزە ومیوە بکەن لەجیاتی گۆشت و ئێسقان.
گەر گەنجی ئەم بەشەی کوردستان نایانەوێ ڕادیکاڵانە و بەشێوەی خەباتی شۆڕشگێڕی ئەم دەسەڵاتە بگۆڕن، ئەوا لانی کەم پێوستە بەشی ئەوە ئازایەتی و جوامێریان هەبێ کە دەست بۆ تاوانباران ڕاکێشن و لانی کەم لەو کاتەی تاوانەکەیان ئەنجام گەیاند، ساڵانە بیریان بخەنەوە و پێیان ڕاگەیەنن ئەوەی کردتان لەیادمانە و قەرزێکە لاتان . گەر ئەمڕۆ نەتوانین داوای ئەو قەرزە بکەین ، ئەوا بێ دودڵی ڕۆژیك دێ ملتان لەژێر پێماندا ئەبێ.
پێشنیاری بەندە بۆ هەموو گەنجانی باشوور بە هەردوو ڕەگەزەکەوە؛ پێوستە لانی کەم لەچلەی سەردەشت عوسمان هەموو ساڵێك هەریەکەتان (تی شێرت)ێك لەبەر بکەن و وێنەی (مەسرور بارزانی) لەسەر کرابێ و بچنە سەر گۆڕی سەردەشت وەیان هەر گۆڕی یەکێکی تر کە وەك سەردەشت لەسەر ئازادی نووسین ودەربڕین، تیرۆر کرابێ.
گەر کارێكی وابکەن ئەوا لەوە مەترسن بتان گرن وەیان زیندانیتان بکەن(چەند کەس ئەگرن و چەند ئەکوژن؟)ملوێنێك!!! هەرگیز ناتوانن هیچ شتێك بکەن لە دژتان و بەو کارەتان جارێکی تر ئەو قەرزە تازە ئەکەنەوە و مەسروریش تاوانەکەی خۆی لە یاد ناچێ و ئەزانن کەوا بەڕاستی ئێوە هاوخەبات و هاوبیری سەردەشت عوسمانن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە