بۆ منی منداڵ زۆر خۆش دەبوو، ئەگەر

Monday, 06/05/2019, 11:56

9497 بینراوە


منی منداڵێکی کورد، بۆ ئەوەی ببم بە ئەندامێکی بە سوودی ناو کۆمەڵگا، دایکم و خاکی نیشتیمانەکەم، باوکم و هاوڵاتییەکی نیشتیمانەکەم وەکو یەک خۆش بوێت، سەر بۆ خاک و خەڵک و دایک و باوکم دابنەوێنم و بتوانم خزمەتێکیان بکەم، ئەم ئاوات و خواستانەم لێیان هەیە...
----------------------
تێبینی کوردستانپۆست: ئەم نووسینە  لەلایەن کوڕێکی کوردی خوار ١٨ ساڵانەوە بۆمان هاتووە پاش دەستکارییەکی کەم بۆمان بڵاوکردەوە.
-----------------------
 زۆر خۆش دەبوو دایک و باوکان دوای تەمەنی پێگەیشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، کە دەتەوێت چۆن بژیت و ژیانت چۆن بێت؟ تاوەکو بزانن منداڵەکانیان چۆن بیر لە ژیان دەکاتەوە و چ ژیانێکی بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت و دەیەوێت چۆن بژی.
تۆی دایک و باوک ناتوانیت و مافیشت نییە ژیانێک بۆ مناڵەکەت هەڵبژێریت کە خۆی نایەوێت تیادا بژی گەر لە تێڕوانینی تۆوە باشتر بێت یاخود نا، من چۆن لە ژیانێکدا دڵخۆش بم کە خۆم هەڵمنەبژاردووە و نامەوێت؟!
زۆر خۆش دەبوو دایک و باوک دوای تەمەنی پێگەیشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، حەز دەکەیت ببیت بە چی؟ تاوەکو بزانن مناڵەکەیان لەو ژیانەی هەڵیبژاردووە وەکو مرۆڤێک چۆن دەیەوێت بژی.
تۆی دایک و باوک ناتوانیت و مافیشت نییە حەزێک بۆ مناڵەکەت هەڵبژێریت بە ویستی خۆت تا بۆ ئەو شتە هەوڵبدات و ببێت بەو مرۆڤە کە خۆی حەزی پێناکات. گەر لە تێروانینی تۆوە باشتر بێت یاخود نا، من چۆن دڵخۆش بم کاتێکتۆ دەمکەیتبەو مرۆڤەی کە خۆم حەزم لێی نییە و نامەوێت؟!
زۆر خۆش دەبوو دایک و باوکان دوای تەمەنی پێگەیشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، کە دەتەوێت فیڕی چی ببیت لە ژیانتدا؟ تاوەکو بزانن مناڵەکەیان چ بەهرەیەکی هەیە و حەز دەکات چی تر فێرببێت. چونکە تۆی دایک و باوک ناتوانن، کە بەهرەیەک بۆ مناڵەکەت هەڵبژێریت کە خۆی ئەو بەهرەیەی تێدا نییە و حەز ناکات فێری ببێت. گەر لە تێڕوانینی تۆوە باشتر بێت یاخود نا، من چۆن فێری بەهرەیەک دەبم گەر حەزم لێی نەبێت و نەمەوێت؟!
زۆر خۆش دەبوو دایک و باوکان دوای تەمەنی پێگەیشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، کێی خۆش دەوێت و خۆشی و خۆشەوسیتی چییە لەلای تۆ؟ تاوەکو بزانن مناڵەکەیان بە چی دڵخۆش دەبێت لە ژیانیدا و ئاسوودە دەبێت. تۆی دایک و باوک ناتوانیت و مافیشت نییە شێوازێکی دڵخۆشی بۆ مناڵەکەت دیاری بکەیت گەر لە تێڕوانینی تۆوە باشتر بێت یاخود نا، من چۆن دڵخۆش و ئاسوودە بم کاتێ من پێم وانییە ئەمە دڵخۆشی و ئاسوودەیی منە؟!
زۆر خۆش دەبوو دایک و باوکان دوای تەمەنی پێگەیشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، کوڕم یاخود کچم ئایا لە ژیانتدا هیچ کێشەیەکت هەیە ئارامیت لێ تێکبدات؟ تاوەکو بزانن مناڵەکەیان چ کێشەیەکی هەیە لە ژیانی و چۆن یارمەتی بدەن لە چارەسەر کردنی. تۆی دایک و باوک ناتوانیت و مافیشت نییە خۆت لە ژیانی تایبەتی مناڵەکەتەوە هەڵقورتێنیت کاتێ نەزانیت کێشەی چییە گەر لە تێڕوانینی تۆوە باشتر بێت یاخود نا، من چۆن کێشەکانم چارەسەر بکەم و ئارام بم کاتێ دایک و باوکم لێم تێناگەن و یارمەتیم نادەن لە چارەسەرکردنی کێشەکانم؟!
زۆر خۆش دەبوو دایک و باوکان دوای تەمەنی پێگەشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، کوڕم یاخود کچم هیچ نهێنیەک لە ژیانتدا هەیە کە بتەوێت ئێمە بزانین بەڵام نەتوانیت باسی بکەیت؟ تاوەکو بزانن مناڵەکەیان بە چ نهێنیەکەوە ژیان بەسەر دەبات و چۆن کاریگەری لەسەر ژیانی دروست کردووە. تۆی دایک و باوک ناتوانیت و مافیشت نییە خۆت لە نهێنییەکانی مناڵەکەتەوە هەڵقورتێنیت گەر ئامادە نەبێت پێتیان بڵێت، من چۆن ئامادە بم نهێنیەکانم بە دایک و باوکم بڵێم گەر هێشتا نەیانتوانیبێت وام لێبکەن بای ئەوەندە متمانەیان پێبکەم کە نهێنیەکانیان لەلا باس بکەم؟!
زۆر خۆش دەبوو دایک و باوکان دوای تەمەنی پێگەیشتن لە مناڵەکەیان بپرسیایە، کوڕم یاخود کچم ئایا کێشەی سۆزداریت هەیە؟ تاوەکو بزانن مناڵەکەیان لە چ ئازارێکدا دەژی ڕۆژانە بەهۆی هەستی سۆزداریەوە. تۆی دایک و باوک ناتوانیت و مافیشت نییە ئەم هەستە لە مناڵەکەی زەوت بکەیت گەر لە تێڕوانینی تۆوە باشتر بێت یاخود نا، من چۆن بتوانم ڕێگە لە هەستی سۆزداریم بگرم تا کێشەم بۆ دروست نەکات کاتێ دایک و باوکم ئاگادار نین  من چؤن ڕۆح و دڵم ئازار دەکێشیت لەبەر هەستی سۆزداریم؟!
ژیان بۆ هەموو کەسێک جیاوازە، حەزەکانی هەموو کەس جیاوازن، بەهرەکان لە هەموو کەسدا جیاوازن، دڵخۆشی بۆ هەموو کەس جیاوازە، کێشەکان بۆ هەر کەسێک جیاوازە، نهێنییەکان لای هەر کەسێک جیاوازە، سۆزداریش بۆ هەر کەسێک جیاوازە. مەرج و ئەرکی سەرشانی تۆی دایک و باوکە تا لەم جیاوازیانە تێبگەیت. تێگەشتنیش بۆ ئەوە نا بە ئەقڵی خۆت بڕیار لەسەر ژیانی مناڵەکەت بدەیت، بەڵکو بۆ ئەوەی یارمەتی بدەیت خۆی بڕیار بدات و تۆش پاڵپشتی بکەیت. بۆچی دەبێت مناڵەکانمان لێمان بترسن؟! من خودی خۆم ویژدانم ئازار دەکێشیت کە دەزانم تەواوی کێشەکانم چییە لەگەڵ دایک و باوکم بەڵام ناتوانم باسیان بکەم چونکە دەترسم. بۆچی دەشترسم؟ چونکە دەزانم هیچ لەم جیاوازیانە و لە منیش تێناگەن هەرگیز! بەرپرسیاریەتی تۆی دایک و باوک پێش گەورەکردنی مناڵەکەت ئەوەیە وای لێبکەیت هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی بکات، نەوەک تووشی تێکچوونی دەروونی بێت بەهۆی لەیەک نەگەیشتنەوە. تکایە فێربن چۆن مامەڵە لەگەڵ مناڵەکانتاندا بکەن!!
ئای خوایە گیان، زۆر خۆش دەبوو... زۆر خۆش دەبوو ............زۆر خۆش دەبوو ...............! دایک و باوکم لە من بگەیشتنایە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە