زانست و پرسی بوونی خوا

Wednesday, 05.08.2019, 12:30

6242 بینراوە


ئەینیشتاین دەڵێت: وشەی خوا لای من جگە لە دەربڕین و دەرئەنجامێک بۆ نەزانین و بێدەسەڵاتی مرۆڤ هیچی دیکە نییە، هەرچەندە کتێبی (پیرۆز)یش لە کۆمەڵە ئەفسانەیەکی چاکیش پێک هاتبێت، بەڵام دیسانەوە چەند بابەتێکی سادە و ساویلکانەن، ئاینەکانیش گشتیان نیشاندەری چەند بیروباوەڕێکی پڕوپووچی منداڵانەن.
-----------------------------------------
فەیلەسووفی ناودار شۆپنهاوەر دەڵێت، ئەوانەی لە هۆکاری بوونی خۆیان و بوونی گەردوون ناپرسن مرۆگەلێکی کەم هۆشن! ڕامان و بیرکردنەوە لەم جۆرە مەتەڵانە بوونەتە سەختترین و ئاڵۆزترین ئەو پرسیارانەی ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبنەوە. لەبەرئەمەشە لەمێژە جێی بایەخی گەلێک لە بیرمەند و زانا مەزنەکانی جیهانن. ئەو بابەتانە وایان لە وتگنشتاینی فەیلەسووفی هەرە گەورەی سەدەی بیستەم کردووە تووشی سەرسڕمان ببێت، تەنانەت لە بوونی خودی هەبوونایەتییەوەش. جگە لە فەیلەسووفان، ئەگەر بمانەوێت سەرنج بدەینە زاناکان، دەبینین جۆن ئەرچیباڵد ویلەر کە زانایەکی فیزیکیی بەناوبانگی سەدەی ڕابردووە، داهێنەری زاراوەی چاڵە ڕەشە (Black hole)، دەبێژێت:"دەمەوێ بزانم چۆن تەنۆلکەکان هاتوونەتە کایەوە، چۆن گەردوون سەری هەڵداوە، چۆنیش هەبوونایەتی پەیدا بووە؟"
زانست هاوزای مرۆڤە، مرۆڤیش هە‌ر لە بەرەبەیانی مێژووەوە و لەوەتەی هەستی بەخۆی و بوونەوەرانی دەوروبەری کردووە، وێڵە‌ بە‌دوای زانیاری لەبارەی هەبوون، هۆکارگەلی ڕووداوەکان و چییەتی دیاردە سروشتییەکان، تا بتوانێ بگاتە‌ وە‌ڵامی ئە‌و پرسیارانە‌ی لە‌ دە‌روونیدا دە‌خوولێنە‌وە. هەر زانستیشە کە بتوانێت وەڵامی گونجاوی هەبێ بۆ ئەو پرسیارانە، چونکە ئەمڕۆکە زانست جێیی فەلسەفە و زۆربەی بیڕوڕا و بۆچوونە جۆراوجۆرەکانیشی گرتۆتەوە. پێشکە‌وتنی زانست بە‌ تاکە‌ پێوە‌ری پێشکە‌وتنی هە‌ر کۆمە‌ڵگە‌یە‌ک دادەنرێت لە‌ جیهاندا. زانست پێی دەکرێ زۆربەی کێشەکانمان چارەسەر بکات، لەژێر باری نەزانین و هەژارییەوە دەرمان بهێنێت.
ئاینەکانیش لە مێژوودا هەمیشە و لە تەواوی بوارگەلەکانی ژیاندا خۆیان کردووە بە دەمڕاست، هیچ بابەتێک نەبووە خۆیانی تێ هەڵ نەقورتێنن. بۆ گشت پرسیارێک وەڵامی ئامادەکراویان هەیە، هۆکاری هەموو شتێک بەبێ بەڵگە دەبەستنەوە بە بوونی خواکەیان، هەر چییەکیش ئاینەکەیان گوتبێتی، ئەوا ڕاستیی ڕەهایە و نابێت کەس گومانی لێیان هەبێت. 
بەڵام بۆ مرۆڤی هۆشمەند و شارەزا لە زانست، بەردەوام پرسیارێک خۆی قوت دەکاتەوە، بە جۆرێک کە خۆلادان لێی کارێکی زۆر سەخت بێ. ئەویش: ئەوانەی ئاینەکان دەیڵێن، تا چی ئاستێک لەگەڵ زانستەکاندا کۆکن؟ ئایە ئەو ڕاڤەکردنانەی ئاین هەیەتی بۆ بوون و هۆکاری دیاردەکان، چەندە لەگەڵ ئەزموون و لێکۆڵینەوە زانستییەکانەوە نێزیکن؟ پێویستە لێرەدا بزانین کە ئەوانەی زانست بە بەڵگەوە دیسەلمێنێت و دەیخاتە بەردەستمان، بواری ئەوەمان پێ نادات، بێین و بە ئارەزووی خۆمان تەنیا ئەوانە هەڵبژێرین کە لەگەڵ بیروڕاکانماندا یەک دەگرنەوە، بۆیە ئەوەی کە پێویستە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ زانست ئاینە، نەک بەپێچەوانەوە.
بمانەوێت، یان نا، ئەمڕۆ کەسانێک هەن لەبەر بوونی گەلێک هۆکاری جیاجیا پشت لە ئاین دەکەن. هەندێک لەمانە هەوڵ دەدەن لە بنچینەی بەڵگەکانی بوونی خوا و هاتنی ئاینەکان بکۆڵنەوە، بە پشتبەستنیان بە زانست، گشت دەقە ئاینییەکان بخەنەبەر تۆژینەوە، بۆ ئەوەی بزانن تا چی ڕادەیەک ئەو بیروبۆچوونانە ڕاستن و دژ بە یاسا و ڕێسا زانستییەکان نین؟
بە پێویستی دەزانین لە سەرەتاوە ئاماژە بەوە بکەین، دەشێ بەشێک لەم نووسینە کە پێوەندیان بە بیروڕا و بۆچوون هەیە هەڵە بن، بۆیە داوا لە کەس ناکرێت هەمان بیروڕای هەبێت، تەنیا خوازیاری ئەوەین، هەر یەکێک لە ئێمە بیر بکاتەوە و پرسیار بکات لە گەشت بابەتێک، بەبێ گوێدان بە هێڵی سوور و شین و.... هەموو کەس ئازاد بێ لە هەڵبژاردنی ئاین و بیروڕاکان، بەبێ بوونی هیچ ترسێک لەوانەی خۆیان بە پاسەوانی هزر و هۆشی کەسانی دیکە دەزانن. ئەگەر یەکێک ئەو وتانەی لەلایدا هەڵە و ناڕاست بن، کاری زانایان و زانستەکانیش بەهیچ بزانی، خوا هەیە، یاخۆ نا، ئاینەکان ڕاستن، یان نا، هیچ کێشەیەک پەیدا نابێ، ئەوانە گشتیان دەچنە چوارچێوەی بیروڕا گۆڕینەوە و لێک گەیشتن، دەشێ سوودیان هەبێ بۆ پتربوونی زانیاریی، بەڵام کارەسات ئەو دەمە ڕوو دەدات، بێین لە خوا و ئاینەکەمان مافی کوشتنی ئەو مرۆڤانە بەخۆمان بدەین کە باوەڕیان بە ئاین و خواکەی ئێمە نییە!
خوێنەری بەڕێز: هەوڵ دەدەین زانست و پرسی بوونی خوا بکەینە سێ بابەت: زانست و خوای داهێنەر، زانست و خوای ئاینەکان، زانست و خوای ئیسلام.
سەرەتا بابەتی یەکەم کە زانست و خوای داهێنەرە، ئەویش دەکرێتە سێ بەش: بیرۆکەی بوونی خوای داهێنەر بەگشتی، بەڵگە زانستییەکانی بوونی خوا و ئەو ڕەخنانەی لێیان دەگیرێن، پاشان لەبەر ڕۆشنایی چەند بابەتێکی زانستیی هاوچەرخ، بەڵگەکانی نەبوونی خوا دەخەینە بەردەست.

زانست و خوای داهێنەر

بەشی یەکەم: بیرۆکەی بوونی خوا
بیرۆکەی بوونی خوا بۆ ڕۆژگارێکی گەلێک کۆنینە دەگەڕێتەوە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا. فەلسەفە یەکەمین بوارە بەقوڵیی لەو بابەتەی کۆڵیوەتەوە و هەر لە سەرەتاوەش کردوویەتی بە دوو بەشی سەرکیی: یەکێکیان دەڵێت: بنچینە و سەرچاوەی هەبوون هۆشمەندیی و ژیرییە، ئەوەی دیکە دەڵێت: سروشت، یاخۆ ماددەیە.
گەلێک لە ڕێبازە فەلسەفییەکان، ئاین و ئاینزاکان و بیروباوەڕی جیاجیا هەن، بوونی خوایەک لەخۆ دەگرن، بەرانبەر بەوانە بەگشتی بێئاینەکان و بەتایبەتیش بێخواکان دەوەستن. لەتەک بیرۆکەکانی بوونی خوا و باوەڕداریی، لە هەموو سەردەم و شوێنەکانی جیهاندا بێئاینیی و بێخوایەتییش هەبووە. بەڵام بۆ ناساندن و ڕوونکردنەوە، پێویستە بزانین کە زاراوە سەرەکییەکەی ئەم تێزە پێی دەگوترێت، بێئاینیی.
بێئاینیی (Irreligion)، یان نائاینەتیی: بەکورتی ڕێبازێکە دەبێتە پێناسەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕیان بەهیچ ئاینێک نییە، ئەمانە پێیان وایە سەرلەبەری ئاینەکان دەسکردن و بەرهەمی بیر و هۆشی مرۆڤن، نەک لەلایەن خوایەکەوە هاتبن.
بێئاینیی ژمارەیەکی زۆر لە چەمکی هزریی و بۆچوون و بیروباوەڕی فەلسەفی لەخۆ دەگرێت، ئەوانەی بەندن بەو پرسیارە بنەڕەتیییانەی دەکرێن دەربارەی بوونی خوا، گەردوون و بوونەوەرەکانی، بوونی ژیان، لەسەرووی هەمووشیانەوە بوونی مرۆڤ لەوانە: مرۆڤ بۆ هەیە، دەبێ چۆن هەڵسوکەوت بکات، پاش مردن بۆ کوێ دەچێت و چەندین پرسیاری دیکە؟
بەگوێرەی ئەم دابەشکردنە گشتییە، بێئاینەکان دەبنە سێ بەشی سەرەکیی؛
بێخواکان: بەتەواوی دژکاری بیرۆکەی بوونی ئەوانەن کە ناسراون بە: خوا، هێزێکی داهێنەر، بوونەوەرێکی ئەودیوسروشت، یان هەر ناوێکی دیکەیان لێ بنێین.
نازانمکارەکان: نازانمکارییەتی (Agnosticismus)، ڕێبازێکی هزرییە دەڵێت: ڕاستی بیروڕا ئاینی و بوونی شتە سروشتبەدەرەکان بابەتگەلێکی شاراوە و نەدیارن، مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت لە چییەتییان بگات. بوون و نەبوونی خوا لای ئەوانە، کێشەیەکی ئاڵۆز و دژواری وایە کە کەس پێی نەکرێ ڕاڤەیان بکات. بەو واتایە نازانمکارییەتی فەلسەفەیەکی نائاینییە، پێی وایە هیچ بەڵگەیەک نییە، بۆ سەلماندنی بوونی خوا، بۆیە ناسینی خوا و گەیشتن بە باوەڕداری لەو هەلومەرجە سروشتییەی مرۆڤی تێدایە، کارێکی ئەستەمە. جیاوازیان لەگەڵ بێخوایەتییدا ئەوەیە، ئەمانە دوو بژاردەیان لەبەردەستە (بوون و نەبوون)، ناشتوانن هیچ کامەیەکیان هەڵبژێرن.
خوایییەکان: یاخۆ پەروەردگارناسان، ئەمانە باوەڕیان بە ئاین نییە، بەڵام پێیان وایە، بەدیهێنەر، پەروەردگار، داهێنەرێک و... و هەیە، سەرەتا ئەم گەردوونەی لەسەر بنچینەی چەند یاسا و ڕێسایەک داهێناوە، پاشان لێی گەڕاوە خۆکار و بەبێ هیچ دەستێوەردانێک بەڕێوە بچێت. مەبەستی ئەوانەش لێرەدا ئەوەیە، هەرگیز ئەو دروستکەرەی گەردوون پێوەندی بە مرۆڤەوە نەکردووە.
سەرباری هەموو ئەمانە کۆمەڵێک هەن، ئایندارن بەڵام بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئاماژە بەبوونی خوایەک بکەن وەک ئاینی، بوزی، کۆنفۆشیۆسی و تاوییەکان. دەبێ ئەوەش بزانین کە لەگەڵ بوونی ئەو پێوەندییەی لەنێوان بێئاینیی و بێخواییدا هەیە، کەسێکی بێخوا ڕاستەوخۆ نابێتە بێئاین، بەپێچەوانەوەش مەرج نییە، یەکێک بێئاین بێت، هاوکات بێخوا بێت.
پێویستە بگوترێ کە کڕۆکی بابەتەکەمان لێرەدا بێخواییە، بۆیەش ئەو چەمکە لەوانەی دیکە پتر تیشکی دەخرێتەسەر. 
زاراوەی بێخوایەتی لە مێژوودا بەگوێرەی کۆمەڵگە جیاجیاکان واتاکەی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، لە زۆربەی زمانەکاندا چەندان پێناسەی جۆراوجۆری پێ بەخشراوە، بەڵام لەم چەرخەدا پتر وەرگێڕانێکە بۆ (Atheism)ی ئینگلیزیی، ئەویش بە زێدەکردنی یەک پیتە بۆ باوەڕهێنان (Theism) کە وشەکە پێچەوانە دەکاتەوە، واتاکەشی زۆر بەکورتی دەبێتە (بێباوەڕی). ئەم زاراوەیە لە گەلێک زماندا، هەتا لە کوردیشدا کە پێی دەگوترێ بێخوایی، بێئاینی، یان بێباوەڕی مەبەستێکی ئاینی لەدواوەدا هەیە، بە شێوەیەک ئاینداران دێن، هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە بوونی خوا نییە، بە خوانەناس و بێباوەڕ ناو دەبەن، بەوەی کە بوونی خوا شتێکی بەڵگەنەویستە و پێویستی بە گومان نییە، بەڵام ئەوانە لەبەر سەرسەختیی و لەخۆباییبوون، یان چەند مەبەستێکی دیکەوە باوەڕی پێ ناهێنن. بەڵام لە ڕاستیدا بێخوا ئەو کەسەیە باوەڕی بە شتێک نییە، گەر بەڵگە لەسەری نەبێت، ئەمەش تەنیا مەبەست ئەو خوایە نییە، بگرە باوەڕنەهێنانە بە شتە ئاینییەکانی وەک، جنۆکە، فریشتە و شەیتان، هەروەها بە گشت ئەوانەی دیکەی کە لەوانەیە بە ئەندێشەی مرۆڤدا بێن وەک، دێو و درنج، ئەژدیهای ناو چیڕۆک و ئەفسانەکان.
گەلێک لە فەیلەسوفەکان لە مێژوودا هەن لە پرسی خوایان کۆڵیوەتەوە و جەختیان لە نەبوونی کردۆتەوە، وەک پێشەوای بێخوایەتیی فەیلەسوفی گریکی ئیپیکۆر، پاشانیش هیۆم و کانت، تا وای لێ دێت چەندان ڕووناکبیر و زانا بێنە ئەو مەیدانەوە بوێرانە و بەبێ ترس، بیروڕا لەسەر نەبوونی خوا بخەنە بەردەست. ئەوانەی لە مێژوودا کودەتایان بەسەر بیرۆکەی بوونی خوا کرد، چوار بیرمەندی مەزن بوون: ماركس، داروين، نيچه، فڕۆيد. ئەمانە گوتیان خوا دەسکردی مرۆڤە، نەک مرۆڤ دەسکردی خوا بێت. لەم سەردەمەشدا چەندان بێخوای دیکە هەن، ناسراوترینیان کە ڕابەرایەتیی ئەو پرسەیان کردووە، ئەو چوار کەسەن: ڕیچارد داوکینز، دانیڵ دێنیت، کریستۆفەر هیچینز و سام هاریس. ئەمانە زۆربەیان دەڵێن خوا بیرۆکەیەکە مرۆڤ دای هێناوە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی بەرانبەر شتە نەدیار و شاراوەکان، هەستکردن بەتەنیایی، بە مەرگی یەکجارەکیی، چارەنووسی دوایەکیی و چەندانی دیکە.
زانست دەڵێت، سەرلەبەری پێداویستییەکانی ژیان لە بژیو و کرداری زایەندی و ... و چی لەلای مرۆڤ بێت، یان زیندەوەرەکانی دیکە بۆ یەک مەبەستی هەرە سەرەکییە، ئەویش مانەوەیانە لە ژیاندا. خواردن، نەوەنانەوە، کارکردنمان هەر هەمووی بەندن بە مانەوەی خۆمان و دواجار جۆرەکەمان وەک مرۆڤ. بۆ ئەمە و مانەوەیەکی دیکەی هەتاهەتایی، مرۆڤ پەنای بۆ ئەوە بردووە کە بابەتی مەرگ لە بیروهۆشی خۆی دوور بخاتەوە، یان گریمانەی بوونی بوونەوەرێک لە دەرەوەی سروشت بهێنێتە کایەوە. ئەمە وای لێ کردووە بۆ بەدەستهێنانی نەمریی، پێوستی بە بوونی خوا هەبێت. شارەزایان و زاناکانی پەرەسەندن دەڵێن، دەشێ ئەو پێویستبوونە تەنیا پاڵنەرێکی کرداری پەرەسەندن بێت لەپێناو مانەوەدا، دەرەنجام لەگەڵ هۆشمەندییدا یەکی گرتبێت.
بیرۆکەی خوا، یان باوەڕهێنان بە بوونی خوا، ئەگەر لە ڕوانگەیەکی فەلسەفییەوە سەرنجی بدەینێ لە بۆچوونێک پتر هیچی دیکە نییە، چونکە بابەتی هەبوونی خوا ئەگەر بە گریمانەش پێناسەی بکەین، هەر لە بواری فەلسەفەدا دەمێنێتەوە و ناتوانین بیخەینە ناو چوارچێوەی پرسێکی زانستی، لەبەرئەوەی گوتەیەکە هیچ زانیارییەکمان پێ نابەخشێت بەرئەزموون بێت، تا بکارین لە ڕاستییەتی بکۆڵینەوە. هەبوونی هەر شتێک ئەو دەمە دەسەلمێندرێ کە بەربین و بەرهەست بێ، یاخۆ شوێنەوار و کاریگەرییەکانی هەبێ لەسەر دەوروبەرەکەیدا، یانیش بۆ پێوانەکردن بشێت بەو ئامراز و کەرستانەی لە سروشتدا هەن. 
گریمانە لە زانستدا چەمکێکە نە ڕاستە، نە چەوتیشە، بگرە تەنیا ئاماژەکردنە بە زانیارییەک بۆ پشکنین و گەڕان، چەندە بەڵگەی پتر دەست بکەون ئەوندە زیاتر دەچەسپێت، بەڵام هەرگیز نابێتە ڕاستییەکی ڕەها کە هیچ مشتومڕییەک هەڵ نەگرێ، چونکە هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەڵگەی ناڕاستیی هەتا ئەگەر یەک دانەش بێت، دژی ئەو گریمانەیە بکەوێتە دەست، بەمەش چەوتییەتیی بسەلمێندرێت، واتە گریمانە لە زانستدا هەر بە ڕاست دادەنرێت، تا ئەو دەمەی بەڵگەیەک لە دژیدا دەدۆزرێتەوە. بەڵام گەر بەلاوە نەدرێت، بە چەندین ئەزموونی یەک لەدوای یەک تێبپەڕێت و کۆمەڵیک بەڵگەی لەخۆ بگرێت، ئەوا دواجار دەبێتە تیۆری زانستیی.
تیۆرە زانستییەکانیش بە چاکترین و پتەوترین ڕاڤەکردن پێناسە دەکرێن، بۆ ڕاستییەتی ئەو ڕووداو و دیاردانەی کە لە سروشتی دەوروبەرماندا هەن، ئەوانەی کە لەڕێی چەندین لێکۆڵینەوە و ئەزموونی زانستیی باوەڕپێکراو و سەلمێندراو پێیان گەیشتووین. 
چەمکی بوونی خوا ناچێتە ڕیزی هیچ گریمانە، یان تیۆرێکی دیارکراو، هۆیەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی بنەمایەکی ناسراو و گرینگ لە فەلسەفەی زانستەکان کە پێی دەگوترێت، بنەمای بەلاوەنان، یاخۆ بەرهەڵەبوون (Falsifiability). بەوەی کە هیچ تیۆرێک نابێتە زانستیی، ئەگەر نەتواندرێت بەشێوازێک بەهەڵە بخرێتەوە، مەبەست ئەوەیە کە نابێت بەڵگەکانی شاراوە و ون بن کە نەکارین بەکردارەکی و لەڕێی ئەزموونەکانمان لە ڕاستبوونیان بکۆڵێنەوە.
بۆ ڕوونکردنەوەی پتر نموونەیەک دێنینەوە: شتێکی ناسراوە لەشی هەموو زیندەوەرێک چی ڕوەکیی بێ، یان ئاژەڵیی لە یەک، یان کۆمەڵەیەک خانە پێک هاتووە کە ئەمانیش چەندان پێکهاتە لەخۆ دەگرن بۆ ئەنجامدانی گەلێک فەرمانی جۆراوجۆر. ئەم پێناسەیەی خانە وەک زانیارییەک لە زانستدا چەسپاوە و بووەتە ڕاستییەکی سەلمێندراو، هەرواش دەمێنێتەوە گەر بەهەڵە نەخرێتەوە. چۆن ئەم چەمکە، یاخۆ ئەم تیۆرە زانستییە بەهەڵە دەخرێتەوە؟ بەوەی ئەگەر لە شوێنێکدا زیندەوەرێکمان دۆزیەوە (ڕوەکیی یان ئاژەڵیی)، ئەندامێکی لەشی لەبری خانە لە شتێکی دیکە، بۆ نموونە لە شووشە، یان کانزایەک پێک هاتبێت، ئەوا ئەو تیۆرە هەرەس دێنێت. دەشێ لێرە یەکێک بپرسێت: باشە ئەی بۆ ناتوانین بڵێین ئەم تیۆرە سەد لە سەد ڕاستە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئێمە لەم جیهانەماندا هەتا ئێستەش گشت ڕوەک، ئاژەڵ، مەگەز و زیندەوەرە وردەکانمان نەدۆزیوەتەوە، بگرە بەردەوام زیندەوەری نوێ و نەناسراو دەبیندرێن و پۆلێن دەکرێن، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە (هەرچەندە یەکجار کەمیش بێ)، جارێک زیندەوەرێکی ناوازە لە شوێنێکدا بدۆزرێتەوە، ئەندامێکی لەشی لە خانە پێک نەهاتبێت.
هەر شتێک ئامرازێک نەبێ بۆ پێوانەکردن، بینین، بیستن، یان هەستکردن چۆن باوەڕی پێ بکەین؟ یەکێک گریمانەیەکمان پێ دەدات لەسەر بوونی خوا، نە هیچ پێناسەیەکی تەواو و ڕوونمان پێ دەدات لەسەر خواکەی، نە هیچ ڕێیەکمان بۆ دادەنێت کە بەرئەزموون بێت بۆ سەلماندنی ئەو بوونە. شتێک نەتوانین بەهەڵەی بخەینەوە، ناشبێت ناچارمان بکات باوەڕی بە بوونی بکەین، یان بەڕاستی دابنێین. ئەوەی جێی سەرنجە، باوەڕداران لەبەرئەوەی بەڵگەیان نییە، بۆ بوونی خواکەیان، دێن و دەستەواژەکە هەڵ دەگێڕنەوە، بەو شێوەیەی کە لەبەرئەوەی کەس ناتوانێ بسەلمێنێت خوا نییە، کەواتە خوا هەیە، هەر بۆیە لەو ڕوانگەیەوە بە بێخواکان دەڵێن، وەرن بۆمان بسەلمێنن خوا نییە! ئەمە بەهەڵەبردن و دژکارییەکی لۆژیکیی ئاشکرا و زەقە، چونکە ئەوەی باوەڕی بە بوونی خوا نییە، نابێت داوای لێ بکرێ نەبوونی خوا بسەلمێنی، بگرە بەپێچەوانەوە، باوەڕداران دەبێ ئەو کارە بکەن و بەڵگە بخەنە ڕوو لەسەر بوونی خواکەیان و چۆنەتی هێنانەکایەوەی ئەو گەردوونە.
ئەگەر یەکێک پێت بڵێت، جگە لە زەوی، ژیان لەسەر گەلێک هەسارەی دیکە هەیە، تۆش پێی بڵێیت، نەخێر، من باوەڕ بەوە ناکەم چونکە بەڵگە لەسەری نییە، ئەویش پێت بڵێ، وەرە بۆم بسەلمێنە ژیان لەسەر هەسارەی دیکە نییە. ئایە ئەمە پرسێکی لۆژیکییە، ئایە مرۆڤ لە توانایدا هەیە گشت هەسارەکانی گەردوون بپشکنێت؟ لە کاتێکدا بەگوێرەی گەردوونناسی هاوچەرخ، تەنیا لە گەلەستێرەی ئێمە (ڕێی شیریی)، دەشێ ملیۆنان جۆر لە ژیان و زیندەوەران هەبن. لە زانستدا ئەگەری بوونی هەموو شتێک هەیە لەم گەردوونەدا، بۆیە هەڵەیەکی گەورە دەکەین گەر بڵێین، لەبەرئەوەی ئێمە نەمان بینیووە، یان بەڵگەمان بەدەستەوە نییە، هەرگیز ناشێ ژیان لەسەر هەسارەیەکی دیکە هەبێت. لێرەدا نابێ بڵێین نییە، هاوکات ناشڵێین هەیە، ئەگەری هەبوونی هەر شتێک ئەو واتایە ناگەینێت، ئەو شتە لە ڕاستیشدا هەیە، بەپێچەوانەوەش نەبوونی بەڵگە، نابێتە هۆکار کە ئەو شتە هەرگیز نابێ بووبێ، بۆ ئەمەش دەستەواژەیەکی لۆژیکیی هەیە دەڵێت: نەبوونی بەڵگە، بەڵگەی نەبوون نییە. بەداخەوە گەلێک لە بێخوا و بێئاینەکانیش تووشی ئەم هەڵەیە دەبن، بۆیە بەکورتی پێویستە بڵێین، نازانین.
لە لایەکی دیکەوە دەشێ گەلێک لە باوەڕداران لە ناخەوە گومانیان هەبێ لە بوونی خوا، هەتا ئەگەر بەئاشکراش دانی پێدانەنێن، چونکە گومانداری هەستێکی سروشتییە لە دەروونی هەمووماندا. لە بەرانبەر ئەمەدا فەیلەسووفە بێخواکانیش ناتوانن بڵێن، بێگومانین لە نەبوونی خوا، چونکە کێ دەڵێ ڕۆژێک نایێت، ئەو خوایە (گەر هەبێت) بێتە دەنگ و خۆی پێمان بناسێنێت!؟
دەبێ هەمان بنەما بۆ بوونی خوا بەکار بهێندرێت، بەوەی یەکێک لێت بپرسێت: ئایە خوا هەیە؟ وەڵامی ڕاست، نازانمە، چونکە بەڵگەمان بەدەستەوە نییە. ئەمەشە وا دەکات زۆربەی ئەوانەی بە بێخواکان دەناسرێن، بە نازانمکارەکانیش بناسرێن، واتە لە لایەنی باوەڕەوە بێخوان، لە لایەنی زانیارییەوەش نازانمکارن. مەبەست ئەوەیە گەر کەسێکی بێخوا بڵێت، من سەد لە سەد لە نەبوونی خوا بێگومانم، ئەوا ئەویش وەک ئاینداران دەبێتە کەسێکی دۆگما (خاوەن بیروڕایەکی چەقبەستوو).
بێخوایی هەموو کاتێک دژەئاین ناگەینێت، واتە مەرج نییە، بێخوا دژی ئاینەکان بێت و هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بێ دژایەتیی ئاینداران بکات، یان ئەوەی لە ئاینەکاندا هەن گشتی بەهەڵە بزانێت، بگرە بەکورتی کەسێکە باوەڕی بە بوونی خوا نییە. بۆیەش پرسی بوونی خوا لای گەلێک لە بێئاین و بێخواکان لە کێشەی ئایندا بە پلەی یەکەم نایێت، چونکە پێیان وایە ئەوی بووەتە هۆکاری ئەو کارەساتانەی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ڕوویان داوە بوونی ئاینەکانە، نەک خوا.
هەبوون، یان بوون چی دەگەینێت؟ بوون دوو جۆر، یان شێوەی هەیە، یەکەمیان بوونێکی سروشتییە وەک سەرلەبەری شتەکان لەم گەردوونەدا، بە ئەستێرە و هەسارەکان، شتگەلە نازیندوو و زیندووەکان، واتە ئەوانەی بوونێکی ماددییان (یان یەکەیەک لە وزە) هەیە. دووەمیش بوونێکی واتەیییە وەک، بیرۆکەکان و بارودۆخە هەستییەکانی لە شێوەی، هۆشمەندیی، جوانیی، ئاشتیی، ڕەوشت هی دیکە. ئاشکرایە کە هەرچەندە ئەمانە ئەگەر بوونێکی ماددیشیان نەبێت، بەڵام دیسانەوە دەرەنجامی شتە سروشتییەکانن و بەبێ بوونی ماددە، ئەمانەش بوونیان نییە، گەر زیندەوەران بەتایبەتیش مرۆڤ نەمێنێ لەم گەردوونەدا، نە هۆشمەندیی، نە ئاشتیی و نە ڕەوشت بوونیان دەبێت.
خوا چییە؟ ئاینداران دەڵێن، خوا وەک هیچ شتێک نییە، ئەی وەک هیچ شتێک نەبێت کە لەم گەردوونەدا هەیە، چۆن باوەڕمان بە بوونی هەبێ؟ پێناسەی هەبوون بۆ بوونی ماددەیی وەک، دار و بەرد، چۆلەکە و شێر دەزانین چییە، بەڵام خوا وەک ئەوانە نییە. کاتێکیش دەڵێین زیندوو، مەبەستمان ئەو بوونەوەرەیە دەجووڵێ، دەخوا، گەشە دەکا، خوا کامەیە لەمانە، ئایە دەشێ بڵێین خوا دەخوا، یان گەشە دەکات؟ ئەگەر لە بوونێکی واتەیی خوا بڕوانین وەک، بەخشندەترین، دادپەروەرترین، گەورەترین، دەبینین کە ئاست و بڕی ئەمانەش بە بەراوردکردن لەگەڵ شتی دیکە دیار دەکرێن، ئەی داد و گەورەیی خوا بەچی و چۆن دەپێورێن؟
دەبێ ئەو خوایەی کە بە بەدیهێنەری گەردوون پێناسە دەکرێ لە خوای ئاینەکان جیا بکەینەوە، چونکە ئاینداران بە گشت ئەو جیاوازیی و ناکۆکییانەی کە لە نێوانیاندا هەن، دێن بەڵگەکانی خوای فەیلەسوفان و ئاینەکانی دیکە بەکار دەهێنن بۆ سەلماندنی بوونی خواکەی تایبەت بە ئاینەکەی خۆیان. سەلماندنی نەبوونی خوای ئاینەکان هێندە سەخت نییە، بە بەراوردکردنیان لەگەڵ خوای بەدیهێنەر، ئەمەش لەبەرئەوەیە ئەو هەموو نالۆژیکییەی لە پێناسەی خواکانیان هەیە، ئەوەی تەواو لە شێوە و ڕەفتاردا وەک مرۆڤە، دەتواندرێ بەسادەیی بیروڕاکانیان شی بکرێنەوە و وەڵام بدرێنەوە. جگە لەمە زۆر کارێکی دژوار و ئاڵۆز نییە، بسەلمێندرێ کە کتێبە ئاینییەکانیان پڕن لە هەڵەی زانستیی وا کە نووسینیان لەلایەن مرۆڤەوەی بەئاشکرایی پێوە دیارن. مەبەست لێرەدا بەڕوونی ئەوەیە ئەگەر هێزێکی شاراوەش هەبێت بۆ هێنانەکایە و بەگەڕخستنی ئەم گەردوونە، دیسانەوە هیچ بەڵگەیەک نادات بەدەستەوە بۆ سەلماندنی خوای هیچ یەک لەو ئاینانەی کە هەن. واتە موسڵمانان پێویستە بزانن، ئەگەر خوا هەشبێت، واتاکەی ئەوە ناگەینێت کە ئاینەکەی ئەوان ڕاستە، تەنیا ئەو کاتە ئیسلام ڕاست دەبێت، ئەگەر بەڵگەی یەکلاییکەرەوە و گومان لێنەکراو بخاتە بەردەست، یانیش خوا هەبێ و بێتە دەنگ و بڵێت، ئیسلام ئاینی ڕاستەقینەی منە!
بێخوایەتیی بۆچوونی کەسانێکە پێیان وایە خوا بوونی نییە، لەبەرئەوەی ئەو بەڵگانەی بۆ بوونی خوا دەهێنرێنەوە بەلگەی بێهێزن، بەرانبەر بەوەش بەڵگە لەسەر نەبوونی خوا پتر باوەڕپێکراون. جگە لەو نالۆژیکییانەی بوونی خوا، یەکێک لە بەڵگە کۆنینەکان ئەوەیە دەڵێت: ژیان ئەوەندە کارەساتی سروشتی، نەبوونی دادپەروەری، ناخۆشی و چەوساندنەوەی تێدایە کە نابێت خوایەک هەبێت و بێدەنگ بێت لە ڕوودانیاندا. ئەو گەردوونە ڕێکوپێکە کە دەسکردی خوایەکی دادپەروەر و بە بەزەیییە، بۆ ڕێگە بەو خراپەکارییانە دەدات، بۆچی خوا ڕێی لە هەڵگیرساندنی ئەو هەموو شەڕ و کوشتارە مەزنانەی مێژوو نەگرت، بۆ بە هەزاران منداڵی بێتاوان بە نەخۆشی، یان لە برسان لە بەرچاوی دایکیاندا دەمرن، خوا هیچیان بۆ ناکات؟
بەڵگە هاوچەرخەکانیش لەسەر نەبوونی خوا، گرینگترینیان ئەو پێشکەوتنە زانستیییانەن، بەتایبەتی لە بوارەکانی گەردوونناسی و زیندەوەرزانی کە مرۆڤ پێیان گەیشتووە، بۆ ڕاڤەکردنی هاتنەکایەی گەردوون و پەیدابوونی مرۆڤ و زیندەوەرەکانی، ئەوانەی کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەدیهێنانیان لەلایەن خواوە، وەک لە ئاینەکاندا هاتووە یەک ناگرنەوە. 
بوونی خوا وەک بیرۆکەیەکی مرۆیی و چەمکێکی فەلسەفی لە مێشکدا بوونی هەیە، بەڵام دوور لە مرۆڤ بوونێکی سەربەخۆی نییە، ئەوەشی پێی دەگوترێ باوەڕهێنان بە خوا وەک پرسێک بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگییەکی دەروونیی و ناوەکیی، یان بەکارهێنانی خوا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دوایەکییانەی بە بیر و هۆشی مرۆڤدا دێن، هیچ پەیوەندییەکییان بە بوونیێکی ڕاستەقینە نییە. هەر بۆیە زانای ناودار فڕۆید، هۆکاری بوونی خوا، وەک پێویستییەکی دەروونیی دەبینێت لای مرۆڤ، بۆ بەدیهێنانی ئارەزوو و بەرژەوەندییەکانی.
بوونی خوا بۆ سەردەمە تاریکەکانی مێژوو دەگەڕێتەوە، باوەڕهێنان بە بوونی شتە ناسروشتیی و ئەفسانەییەکان، پێوەندییەکی پتەویان هەبووە و هەیە بە نەزانینەوە. هەر بۆیە چەندین ڕاپرس و تۆژینەوە زانستییە هاوچەرخەکان سەلماندوویانە، مرۆگەلە ئایندارەکان ڕێژە و ئاستی ژیرییان لەوانەی بێئاینان کەمترە. بیرۆکەی خوا لە کاتێکدا هاتووە کە هیچمان نەدەزانی دەربارەی ئەم زەوییەمان و هۆکاری ڕوودانی دیاردەکانی وەک، باوبۆران و هەورەبروسکە، گڕکان و بوومەلەرزە، هۆی مردنی مناڵەکانمان و نەخۆشکەوتنمان بە بەکتریا و ڤایرۆسەکان. بۆ چارەسەری ئەو هەموو ترس و کێشەیە، پەنامان بردەبەر شتێک، سەرەتا نەمان دەزانی ناوی چی لێبنێن و چی پێناسەیەکی پێبدەین؟
ئاینەکان لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا، ئەوانەی لەدەست هەژاریی و چەوسانەوە و نەبوونی مافەکانیان دەناڵێنن، پتر پەرە دەسێنێت. فەیلەسوفی هەرە بەناوبانگ مارکس، لەم ڕوانگەیەوە گوتوویەتی: ئاین ناڵەی بوونەوەرە چەوساوەکانە. مارکس پێی وایە ئاین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی و چینایەتیییە، ئەو ئایندارانەی کە هیچ شتێکیان نییە، لەم جیهانەدا، بیر لەوە دەکەنەوە لە جیهانێکی دیکە پێیان بگەن، ئەوانەی پارەی دەرمانیان نییە، پەنا دەبەنە بەر خوا بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان، پێیان وایە ئاسمان و بەهەشت بۆ هەژارانە، بۆیەش وایان لێهاتووە هیچ هەوڵێک نەدەن بۆ گۆڕینی ژیانیان، ئەمەشە واتای گوتەیەکی دیکەی مارکس کە دەڵێت: ئاین بەنگی گەلانە.
سەرەڕای ئەو بیروڕایانە، کەچی گەلێک لە ئاینداران زێدەڕۆیی دەکەن و پێیان وایە باوەڕهێنان بە خوا بیرۆکەیەکی خۆڕسکە و لە دەروونی مرۆڤەکاندا چێنراوە. ئایە ئەمانە نازانن کە بوونی خوا کێشەیەکی مەزنە لە زۆربەی فەلسەفەکاندا؟ ئەگەر بەڵگەی تەواو هەبووایە لەسەر بوونی خوا، بۆچی بەدرێژایی مێژوو ئەو فەیلەسوف و پیاوە ئاینییانە خەریکی ئەو بابەتە دەبوون و هێندە مشتومڕ و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرد. باوەڕهێنان گەر پرسێکی سادە و ساکار بووایە، بێگومان شێوازی ژیانمان بەم شێوەیە نەدەبوو، خواپەرستیش ئەو دەمە دەبووە کار و کردەوەی سەرەکی و هەمیشەیی هەموومان، هاوکات بێخواییش ئەوەندە زۆر نەدەبوو.
ئامەژەمان پێدا کە لەتەک بیرۆکەی بوونی خوا، بێخوایەتیش لە گشت سەردەمێک و نەتەوە و ئاینێکدا بوونی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی لەلای ئێمە و کۆمەڵگەکانی هاوشێوەی ئێمەدا، دژایەتییەکی توند دەکرێن، ئازادیی لە دەربڕین و هەڵبژاردنی بیروباوەڕ نییە، هاوکات هیچ ئەژمارێکی بێلایەن و ڕاستەقینە بۆ ئەم پرسە نەکراوە، بۆیە ناتوانرێ ژمارەی بێخواکان دیار بکرێت، بەڵام بێگومانین کە گەلێک پترە لەو ڕێژەیەی باوەڕداران بۆی دادەنێن. هەرچەندە دەبێ بزانین کە ژمارەی لایەنگران، هیچ کاتێک بەڵگەی ڕاستییەتی هیچ بیروڕایەک بەدەستەوە نادات، بەڵام ئاینداران کاتێک دێن ژمارەی موسڵمانان بە ملیارێک و نیو دیار دەکەن، دەشڵێن کریستیانەکان ئەوەندە ملیارەن، ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە، چونکە بەتایبەتیش ئەوانەی بە کریستیان دەژمێردرێن، بەشی زۆریان بێئاین، یان بێخوان، لەناو موسڵمانانیش ناتوانین هەموویان بە باوەڕدار دابنێین.
بوونی خوا و باوەڕهێنان بە ڕاستییەتیی ئاینەکان پرسێکی گرینگ و بێکۆتای گشت مرۆڤێکە و پێوەندی بە دواڕۆژ و ژیانی هەتاهەتایەی مرۆڤەوە هەیە (وەک ئاینەکان دەڵێن)، ئەو چەند ساڵە کەمەی دەژین بڕیاردەری ژیانی پاش مردنمانە، لە مانەوەمان بە نەمری لە دۆزەخ، یانیش لە بەهەشتدا. ئەمەش بەرەو ئەوەمان دەبات بڵێین، گەر ئەمە ڕاستە و ئەو بابەتە بە ڕادەیەکی وا یەکجار گرینگ و مەزن بێت، بۆچی لە جیهانی پێشکەوتووی خاوەن هەزاران بیرمەند و زانا، زۆربەیان گوێی پێ نادەن، ئایە دەشێ ئەمانە دەبەنگ بن، گاڵتەیان بە چارەنووسی دواڕۆژیان بێت، ئایە پێیان ناخۆش نییە، هەتاهەتایە لە دۆزەخدا بسووتێن؟ ئەمڕۆکە بەتایبەتیش لە وڵاتانی ڕۆژاوا، بێخوایی و بێئاینی زۆربەی چین و توێژەکانی گرتۆتەوە، ژمارەیەکی یەکجار زۆر لەوانە بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ بۆنە و بابەتێکدا خۆیان لەقەرەی ئاین نادەن.
هەرچەندە لە بەشی خوای ئاینەکاندا بەوردیی لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی بیرۆکەی بوونی خوا دەدوێین، بەڵام لێرەدا پێویستە بڵێین، هەر کاتێک لە بوونی خوا دەکۆڵینەوە، دەبێ ئەوش بزانین کە بوونی خوا ئەوە نییە، وای تێبگەین هەر لە سەرەتاوە مرۆڤ بیری لە تاکە خوایەک کردبێتەوە، چونکە زۆربەی لێکۆڵینەوەکانیش ئەوە دەردەخەن، ئەم چەمکە لە فرەخوایییەوە دەستی پێکردوە و ماوەیەکی زۆری پێچووە تا گەیشتووە بە بیرۆکەی تاکخوایی، یان تاکپەرستی. لە کۆندا زۆربەیان باوەڕیان بەوە نەکردووە، خوایەک هەبێ بتوانێ بەتەنیا ئەو هەموو کاروبارە بەڕێوە ببات، بگرە فرەخوایی بوونە، خوایەکیان بۆ هەور و باران داناوە، یەکێکی دیکە بۆ دەریا، ئەوەی دیکە بۆ زەوی و دەغڵ و دان...هتد. لەبەرئەوەی بیرۆکەکان لە ئەفسانە و داستانەکان وەرگیراون، بۆیە هەروەک پادشا و پاڵەوانانی مێژوو، مەرج نەبووە ئەو خوایانە گشتیان لە توانادا وەکیەک بووبن، بۆیە لە فرەخواییدا گەلێک جار باوکی خواکان، یان گەورەی خواکان هەبووە، پاشان لە بیروڕای تاکخواییدا ڕەنگی داوەتەوە و گۆڕاوە بۆ فریشتە و شەیتان و ئەوانەی دیکە. هۆکاری سەرهەڵدانی تاکخوایی لای کۆمەڵگەکان، وەک شارەزایان بۆی دەچن، پتر بۆ بەهێزبوون و یەکگرتنی کۆمەڵە و هۆزە پەرت و بڵاوەکان بووە، ئەوانەی هەریەکەیان باوەڕ و خوای تایبەتیی خۆی هەبووە.
ئەوەی جێی سەرنجە ئاینداران پێیان وایە بێخوایەتیی هۆکاری سەرەکیی شێواندنی کۆمەڵگەیە، دەبێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی، و بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتیی و چەندین گرفتی مەزنی دیکە. گشت ئەو خەراپەکاریی و جەنگ و کوشتارە بەکۆمەڵەی خاوەنی ئایدۆلۆژیاکانی وەک کۆمەنیستی، یان نازییەکان کردیان، دەخەنە ئەستۆی بێخوایەتیی. ئەگەر ئەمە ڕاستیش بێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایە ئەمانە تەنیا ئەوانەیان دەکوشت موسڵمان، یان کرستیان بوون، یان لەبەرئەوە بووە کە نەیار و بەرهەڵستکاریان بوون؟ کۆمەنیستەکان گەلێکیان لەوانە کوشتووە کە لە خودی کۆمەنیستەکان بوون، ئەوانەی لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبرن و سیاسەتی دەسەڵاتداران هاوڕا نەبوون. ئەگەر هەوڵی لەناوبردنی ئاین و ئایندارانیش درابێ، لەسەر ململانە و قۆرخکردنی دەسەڵات بووە لەنێوان ئاین و کۆمەنیستیی، چونکە دەبینین بەپێچەوانەوە، کلێسا و سەرانی ئایندارانی ئەو دەمانە لە زۆر لایەنەوە لایەنگری دەسەڵاتداران بوون.
نەبیستراوە هیتلەریش کەسێکی بێخوا بووبێ، بگرە هیتلەر و سەربازەکانی گشت کاتێک دەیان گوت، خودامان لەگەڵە. هیتلەر لەناوبردنی جووەکانیشی بۆ ئەوە دەکرد کە فەرمانێکی خوایە دەبێت بەجێی بگەینێت. ئەوەی پێویستە جەختی لەسەر بکرێتەوە، بێخوایەتیی هیچ کاتێک وەک تیۆرێکی سیاسیی و بیروڕایەکی ئایدیۆلۆژی نییە، تا ببێتە پاڵنەرێک بۆ کوشتنی ئەوانەی دیکە.
هاوکات ڕەوشتیش بە پێشکەوتنی شارستانیەتی مرۆڤەوە بەندە و داهێنانی ئاین نییە، کردەوە چاکەکان هەموو مرۆڤەکان لەسەری هاوڕان، خۆیان لەسەرەتاوە هەر هەبوون، بەڵام ئاینەکان لەخۆیان گرتووە وەک ئەوەی لە خواوە هاتبن. ئەوەی بێخوایەتیی یان بێئاینیی بە هۆکاری تێکچوونی کۆمەڵایەتیی و ڕەوشت دەبەستێتەوە، هەڵەیەکی گەورە دەکات. باشترین نموونە ئەمڕۆکە وڵاتە ئەسکەندەنافییەکانن، وڵاتێکی وەک سوید، ڕێژەیەکی گەلێک زۆر لە بێخوا و بێئاینی تێدایە لە گشت توێژ و چینەکاندا، کەچی لە ڕەوشتبەرزیی، سەروەریی یاسا، کەمیی تاوانکاریی، مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەریی و ... و لە ڕیزی هەرە پێشەوەی گەلانی جیهاندایە.
------------------------------------------
ئەمەی سەرەوە بابەتێکە لە نووسێنێک بەناوی (زانست و چەند پرسێکی ئاینیی)، کە کۆمەڵیک بابەتی زانستیی لەخۆ دەگرێت. ئە‌م نووسینە‌ زادە‌ی وەرگێڕان، پشکنین، بژارەکردن، بەراوردکردنی سەرچاوەکان لەگەڵ یەکدی، کۆکردنە‌وە و کورتکردنەوەی بیروڕاکانی چە‌ندان نووسەر و نووسینی جۆراوجۆرە.

هەندێک لە سەرچاوەکان




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4/5)