لیۆناردۆ داڤنچی

Wednesday, 08/05/2019, 13:12

7427 بینراوە


کاتێک تورکەکان بەسەر  بێزەنتینەکاندا سەردەکەون  1453،  ئەمەش هۆکاری ئەوەبو کە کاتۆلیکەکان پاڵپشتیان نەبون دژی تورکەکان، لەبەر ئەوەی کە بێزەنتینەکان ئۆرتۆدۆکس بون، لەسەر ئەم روداوە  نۆوا هەراری دەڵێت ؛ خۆ ئەگەر بێزەنتینەکان تۆزێک بەرگریان بکردایە ئەوا ئیسلام ئەم  ئیسلامەی ئەمڕۆ نەدەبو. لەدەرئەنجامی سەرکەوتنی تورکەکان زۆرێک لە بێزەنتینیەکان هەڵدێن و بەرەوشاری فلۆرەنسی  ئیتالیا کۆچ دەکەن بە خۆیانو  سەتەها کتێبی نایابی زانستیەوە، کە ئەو کاتە ئەو کتێبانە بەردەست هەمو کەسێک نەدەکەوتن بۆ خوێندەنەوە، بۆیە کەسێکی کەنیسە لە فلۆرەنس بڕێار ئەدات هەمو ئەو کتێبانە وەرگێڕن بۆ سەر زمانی ئیتالی، ئیتر لەمەوە زانستو فەلسەفەی نوێی ڕۆژهەلات بلاوبویەوە لەو ناوچەیەدا. ئەم زانستانەی ڕۆژهەڵاتیش بونە بنەمیەکی زانستی بۆ ڕێنیسانس. 
بەهۆی ئەوەی کە هەر لە سەرەتای لەدایکبونی داڤنچیشەوە چاپەمەنیش هاتە کایەوە، کتێب بە هەرزانتر دەفرۆشران، لیۆناردۆ لە تەمەنی لاویدا خاوەنی دە کتێب بوە، کە گەشتۆتە تەمەنێکی کامڵی نزیکەی دووسەد کتێبی هەبوە کە بۆ ئەو سەردەمە زۆر بوە.
ئەم زانستەی کە لە ڕۆژهەڵاتی بێزەنتینەوە هات، تەواو چاوی خەڵکی کردەوە لە ئیتالیاو لەوانە لیۆناردۆ، زۆر لەو ماشینو داهێناننەی کە لیۆناردۆ دروستی کردن، پێش ئەو لەلایەن زانایانەوە کراون  بەلام ئەو پەرەی پێداون و گۆڕانکاری تێدا کردون.
 لێۆناردۆی فەیلەسوف، شاعیر، ئەندازیار، ئارشیتەکت، داهێنەر، زانا، رەسام، ئەنەتۆمیست، پەیکەرتاش، ئوربانیست، مۆسیقار، فەیلەسوف، نوسەر، لە باوکێکی دەوڵەمەند و کچێکی دێهاتی هەژار، وەک دەڵین پێ دەچێت دایکی کۆیلەیەکی ڕۆژهەلاتی بوبێت، هاتۆتە دنیاوە، لەبەر ئەوەی کە لە دەرئەنجامی جوتبونێکی ناشەرعیەوە بوە، ناوی باوکی وەرنەگرتوە، لێۆناردۆ ژن و منداڵی نەبوە، گەنجێکی بێ ئەندازە جوانخاس بوە، هەیکەلێکی جسمی سەرنجڕاکێشی هەبوە کەوەک خۆی دەڵێت ؛ هەر چەندە لەو جوانیەی ورد بۆتەوە تێ نەگشتوە بۆچی سروشت وەهای دروست کردوە. لیۆناردۆ لەسەردەمی لاویدا دەدرێتە دادگا بە تۆمەتی سۆدۆمی واتە سێکسکردن لەگەل پیاوێکی تردا، پاش ئەوەی چوار مانگ لەبەندیخانە دەمێنێتەوە، بەیارمەتی هاوڕێکانی و کەسانی بەدەسەلات توانرا ڕزگاری ببێت .
ئەو سەردەمە باسی ئەوە کراوە کە ئێمەی مرۆڤ لە کۆسمۆسداین و هەرچیەک لە کۆسمۆسدا هەیە لە ئیمەی مرۆڤیشدا هەیە، ئەوەی لەگەورەتریندا بونی هەیە لەبچوکترینیشا بەهەمان شیوە، بازنە هیمای  گەردونە، چوارگۆشە هیمای زەویە، پێش لیۆناردۆ چەندەها کەس باسی ئەوەیان کردوە کە لەشی مرۆڤێک دەتوانێت لە لە بازنەیەک و لەهەمان کاتا چوارگۆشەیەکیش پڕ بکاتەوە، بەلام لیۆناردۆ ئەو فکرەیەی بە پێوەر بە  هەیکەلی مرۆڤی سەلماند و بۆ ئەو مەبەستەش هێدە باوەڕی بەخۆی هەبو لەشی خۆیی و پۆرتێی خۆی لەو بازنە و چواگۆشەکەدا کردوە وەک کەسێکی بەتوانا. هەردو تیرەی چوارگۆشەکە  بە سێکسی مرۆڤدا تێ پەڕدەبن واتە ئۆرگانی زایین، بەلام تیرەی بازنەکە بە ناوکی مرۆڤدا تێ پەڕدەبێت واتە ئۆرگانی ژیان یان زیندوو.
 

سیڤی (C.V ) ە کەی لیۆناردۆ  بۆ دیوک (Duc ) ی میلانۆ بەمەبستی داواکردنی کار، بە یەکێک لە کۆنترین سیڤی و جوانترین سیڤی لەقەڵەم ئەدرێت، لەبەر ئەوەی کە لێۆناردۆ هەر لەسەرەتای سیڤیەکەیدا نوسیویەتی  کە ئەو ئەزانێت چی بکاتو لە چ بوارێکدا کاربکات، پاشان دێتە سەر ئەوەی کە چی کردوە. بە پێچەوانەی ئەم سەردەمەوە کە کاتێک ئێمە سیڤی دەکەین، هەر لەسەرەتاوە باسی ئەوە دەکەین کە چیمان کردوە، بۆیە بوە بە سیڤیەکی نمونەیی .
کاتێک لە کۆتایی ژیانیدا دێت بۆلای پاشای فەرەنسا ؛فرانسوای یەکەم ، چوار تابلۆی بە کۆڵەوەیە لەوانە مۆنالیزا. یەکەم رۆژ کە دەگاتە کۆشکی پاشا فرانسوا، پاش پێشوازی لێ کردنی دەستوبرد پاشا دەیبات هەتا شوێنی نیشتەجێبونی لە کۆشکەکەی پیشان بدات، کاتێک دەچنە بەردەم دەرگاکە، کلیلی ژورەکە نادۆزنەوە، کاربەدەستان خێرا ڕادەکەن بەدوای کلیلدا دەگەڕێن، بۆئەوەی لیۆناردۆ چاوەڕی نەکات، فرانسوا داخوازی دەکات کە دەرگاکەی بۆ بشکێینن، وەک دەی گێێرنەوە خۆشەویستیەکی بێ ئەندازە لەنێوان ئەم دوو پیاوەدا هەبوە، گوایە بە تونێلێکدا بە نهێنی فرانسوا هەرکاتێک ویستبێتی خۆی گەینادۆتە لای لیۆناردۆ. دەرگای هەمو شوێنێکی عسکەری کراوە بوە لەبەردەم لیۆناردۆدا بۆ ئەوەی بتوانێت داهێنانەکانی بکات لەو بوارەدا.
 
کۆشکی فرانسوای یەکەم لە شاری بلوا لەفەرەنسا
کۆشکی فرانسوای یەکەم لە شاری بلوا لە فەرەنسا
 لە کۆتایی ژیانیدا داڤنچی توشی لاوازی لایەکی لەشی دەبێت، کە کەمتر دەتوانێت کاری وەک جاران بکات، بەڵام توانای دەرس وتنەوەی دەبێت. هەر لەکۆتایی ژیانیدا سەرنجی فڕینی چۆلەکەی ئەدا هەتاوەکو بزانێت کە چۆن دەفڕن، رەسمی باڵندەی کردوە وەک فلیمێک لەهەر چرکەیەکدا، بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە ڕاهێنانی بە چاوی کردوە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانی هەتاوەکو ببینایی بەهێزتر بکات، کاتێکیش لە ئیتالیا لێی دەپرسن کە بە چ مەبەستێک دەیەوێت فڕۆکە دروست بکات، لەوەڵامدا وتبوی ؛ کاتێک بەفر نامێنێت لە شار دەتوانین بە فڕۆکە بچن لەو شاخە بەفر بهێنین بۆ شەڕە تۆپەڵ، لیۆناردۆ وەک هەمو جاینسێک وەک منداڵێک بیری کردۆتەوە. بەلام پێشبینەکانی بۆ فڕین لەسەرەتاوە هەڵەبون، ئەو وای باووەڕبوو بە شکڵیکی وەک برغو  ئاسمان دەتوانێت کون بکات، بەرەو ئاسمان بچیت. 
 
 پێش مردنی وەسیەت ئەکات، یەکێک لەوەسیەتەکەی ئەوەیە  کە شەست کەسی هەژار تەرمەکەی بەڕی بکەن بۆ سەرقەبران، زۆر لە تابلۆ و رەسمەکانی ئەدات بە هەندێک لەتەلەبەکانی. دەڵێن گوایە لە باوەشی فرانسوای یەکەمدا گیانی دەرچوە. لیۆناردۆ هەر لەفەرەنسا لەشاری بلوا کە نزیکەی سەت کیلۆمەترێک لە پاریسەوە دورە، نێژرا لە کەنیسەیەک بەتەنیشت کۆشکی پاشای فرانسوای یەکەم. تابلۆکانی فرانسوا لەگەڵ زەمەندا ڕەش دەبنەوە بەهۆی ئەوەی کە لیۆناردۆ هەمیشە هەوڵی داوە تەکنیکی نوێ بەکا ربهێنێت بۆ ڕەسم کردن، بەهۆی جۆرێک لە رۆن کەبەکاری هێناوە کاریگەری لەسەر ڕەشبونی تابلۆکانی کردوە، بۆیە مۆنالیزا لەژێر روناکیەکی جیاواز دانراوە هەتاوەکو لە ڕۆشنایی تیشکی خۆر بی پارێزن. ئەگەر تابلۆی مۆنالیزا یەکێکە لە تابلۆ بەناوبانگەکنی لیۆناردۆ، لەبەر ئەوەی کە لیۆناردۆ خۆی زۆری ئەو تابلۆیە خۆش ویستوە، پاشان دەموچاوی مۆنالیزا کۆی هەمو شکڵە جیاوازەکانە بەو پێیەی کە لیۆناردۆ شارەزاییەکی بێ هاوتای لە هەیکەلی بەشەردا هەبوە، کاتێکیش ویستیان بۆ تەجروبە سەتەها پۆرترێی مرۆڤی جیاواز وەک فلیم نمایش بکەن بەسەر یەکەوە، شکڵەکان لە جوڵاندنەوەدا وەک پۆرترێی مۆنالیزا دەرکەوتن، هەروەها لە پشت مۆنالیزاوە سروشت دەبینین کە ئەو سەردەمە هەرگیز سروش پیشان نەئەدرا لە پشت پۆرترێیەکەوە، وێنەکان شکڵی شانۆیی بون نەک سروشتی راستەوخۆ. 
تابلۆی رامبرەند

لیۆناردۆ، دەڵێت ؛ مۆسیقا تابلۆیەکی کوێرە، تابلۆ مۆسیقایەکی کەڕە.
لێۆناردۆ دەڵێت ؛ 
ڕۆژێک دادێت، کوشتنی ئاژەڵێک وەک توانای کوشتنی مرۆڤێک ڕەچاوی لێ بکرێت..
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە؛ لەگەڵ ئەوەشدا کە لیۆناردۆ کەسێکی ئیومانیست بوە، وەک کەسانی دەورو بەری باوەڕی بە مرۆڤو بە داهاتو هەبوە لەگەڵ ئەوشدا هەمیشە خەریکی داهێنانی چەکی کوشندە بوە، چەکی بەرگری بەهەمو شیوەیەک، خەوی بەو بۆمبەوە بینیەوە کە ئەمڕۆ ئەمریکیەکان دروستی دەکەن کە پێی دەلێن بۆمبی هێشو، دەتەقێتەوە و هەزارەها پارچەی لێ دەبێتەوە و زۆرترین ژمارە دەکوژێت، بێ شک وەک لە رابوردودا سەرنجمان داوە، ئەگەر مرۆڤ چەکیشی نەبێت ئەوا بەبەرد سەری دوژمنەکەی پان دەکاتەوە، لەگەل دنیانی مۆدێرندا چەکی مۆدێرنمان داهێنا کە ئەوەش بەهەوڵو کۆششی زاناکانە. راستە لەو سەردەمەدا هونەرمەندەکان بۆ خوێندن تەنها فێری وێنەکێشان نەدەبون، فێری هەمو زانستێک دەبون بەتەنیشتیەوە، وێنە کێشانیش کارێکی ئازاد نەبوە وەک ئەمڕۆ، هونەرمەند بە ئازادی رەسمی نەکردوە و نەیتوانیوە هەمو باسیک بکاتەوە، بەڵکو دەبوایە چیرۆکەکانی بایبلو پۆرترێی کەسانی ناسراو وەک پاشاو کەسانی بەدەسەلات بکەن، ستایلی هونەرمەند لە جۆری وەشاندنی فڵچەو کۆمۆپۆزیسیۆنو، جۆری روناکی و تاریکی بوە، لەو روەوە هونەرمەند ستایلی خۆی ناساندوە، بۆ نمونە کاتێک باسی ڕامبرەند دەکەین، دەبینین کە ڕامبرەند مرۆڤی تەواو کردوە بە دوو بەشەوە، لەنێوان تاریکی و روناکیدا، تاریکی و روناکیەک کە زۆر زەقن وەک شمشیرێک مرۆڤەکەی کردوە بەدوو بەشەوە وەک هەموو مرۆڤێک لە ململانێدا، بەڵام ئەو وەک هونەرمەندێک لە ململانێیەکی زیاتر توندترا. 
    
چەند هێڵکاریەک بۆ پرۆژەی چەکو ئامێری بەرگری .
چەند وێنەیەک بۆ پرۆژەی چەک و ئامێری بەرگریی
چەند وێنەیەک بۆ پرۆژەی چەک و ئامێری بەرگریی
لێۆناردۆش لە تەنیشت پاشا و بۆ حکومەتەکان کاری کردوە، ئەو سەردەمەش پێویستی سەرەکی چەکی نوێ بوە، کاری ئەویش یارمەتی دانی ئەوان بوە بۆیە بە لۆژیک هەستی بەو ئەرکە کردوە کە دەبێت داهێنان لە جۆری چەکدا بکات. بەڵام من وەک کەسێکی هونەرمەند هەرگیز ناتوانم شەونخونی بکەم بە داهێنانی چەکێکی کوشندەوە، خۆ ئەگەر رۆژێک بەڕێکەوت ڕیم بکەوێتە دارستانێکەوە یان خۆم لە جەزیرەیەکدا بدۆزمەوە بە تەنیا، ئەوا یەکەم شت پێش ئەوەی بەدوای خواردندا بگەڕێم، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێم کە چۆن بەرگری لەخۆم بەکەم، ئەگەر بە ڕێکەوت ئاژەڵێکی دڕندە یان هەر مەترسیەکی تر بەرەو ڕوم بویەوە . .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە