مەفرەزەی تۆڵە : ئەو کتێبەی بەبێدەنگ گوزەر دەکات بەناوماندا

Wednesday, 05.08.2019, 13:41

6079 بینراوە


 لە ئەرشیفی شارەوە 
پیاوە سیاسییەکەی پۆلۆنیا ( لەخ فالسا) دەڵێت :" سەبری سیاسی پەیڕەو دەکەم، من پێم وا نییە پیاوە ئاینەکانمان بتوانن چارەسەرێک بدۆزنەوە بەبێ خوێنڕشتن ".
کتێبی هاوڕێ و براو ڕێکخەرم "نەریمان" دەرگای لە سەر زۆر باس کردۆتەوە، لەناو کتێبەکەیدا منیش کارەکتەرێکم و لە ناو ئەو ئاڵۆزییەی ژیان و داگیرکردنەدا ئەسپی خۆم تاوداوە و سەنگەری بەرگریم گرتووە، کاکە نەریمان ئاوا باسی یەکبینینمان دەکات.
لە لاپەڕەی ٧٨دا دەڵێت: پێیان ووتم : کاتژمێر چوار بڕۆ بۆ لای قوتابخانانەی مامۆستایان، لەجێگەی وەستانی پاسەکەدا هاوڕێیەک لەوێ دەوەستێت، دەیبینیت و خۆتی پێبناسێنە چۆنێتی ئیشوکاری ڕێخستن و وانەکانی بۆ ڕوون بکەرەوە، منیش چوومە شوێنەکە و دوو جار هاتوچۆم کرد، پاشان کوڕێک هات وەستا، کورتە باڵایەکی سوور بوو، چومە لای پێم ووت:
ماڵی کاک ئەحمەد لەم ناوە دەزانی؟
ئەمە ناونیشانەکەمان بوو، پاشان خۆمان بە یەکتر ناساند، من بە ناوی (نەریمان) و ئەویش بە ناوی (بەهێز)‌.
---------------------
گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژانە گەڕانەوەیە بۆ چنینەوەی کەرامەت و جەوامێری و هەڵوێستوەرگرتن.ئێمە کۆمەڵە گەنجانێک بووین لە هەموو شتێک ناڕازی بووین، هەمیشە بەدوای هەڵە و کەم و کوڕی ڕژێمەوە بووین، لە کوێدا بوار هەبوایە دەستمان بۆ تاوانەکانی بەعس درێژ دەکرد، لە کوێدا پیاوانی ڕژێم بکەوتنایەتە تەنکییەوە ئەوە وا وەیلا بە حاڵیان.دیوارنووسین و پۆستەر و بەیانە قاچاخەکان هەمووی پەنجەمۆری ئێمەی پێوە بوو، ئێمە لە گۆڕستانەکان، لای گۆڕی شەهیدەکان کۆدەبووینەوە، لە پرسەکاندا باسی مردنمان لە پێناو خەڵکدا دەکرد، لە ناو مزگەوتەکاندا بەیانمان بڵاو دەکردەوە، بیرمە لە مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکە لە سلێمانی بەیانم دەبرد بۆ ئەو مامۆستایەی کە لەو مزگەوتە بوو، بەیانەکان مامۆستا خۆی هەڵی دەواسی لەناو مزگەوتەکەدا، چەند دووکاندارێک هەبوون لە بەیانان پێش هاتنیان بۆ کار بەیانەکانم دەخستە ژێر دەڕاباکانیان، سبەی دەچووم بڵاو کراوەکان یان پۆستەری شەهیدەکانیان، بە پایەی دوکانەکەیەوە هەڵیان دەواسی، تەنها بزەیەکمان بۆ یەک دەکرد، ئەمە پیشەی هەموو جارێکمان بوو.
 ماڵی هاوڕێ نەریمان لە گەڕەکی مەڵکەندی بوو، هەموو جارێک کە نامە و ڕاپۆرتەکانم کۆدەکردەوە دەبوونە چەندین نامەیەکی چوکلێتی، ئیتر بەکۆڵانی قەزازەکاندا دەڕۆیشتم لە شەقامی ئۆرۆزدییەوە خۆم دەکرد بەکۆڵانەکانی مەڵکەندیدا، ئەو ساتانە ماڵەکان بۆنی گڵی ئاوڕشێنکراویان لێدەهات و ژیان لەو خانوانەدا مانای جوانی خۆی دەدا، شار هێشتا وەکو ئەمڕۆ هەتک نەکرابوو، هەموو پاش نیوەڕوانێک خەڵکی گسکی لەبەر ماڵاکانیان دەدا، ڕاستە شارەکەمان لەلایەن دوژمنەوە داگیر کرابوو، بەڵام سیمای شار هێشتا بۆنی ژیانی لێدەهات، منیش بە وریایەوە دەچووم لە دەرکی ماڵی هاوڕێ نەریمانم دەدا، هەمیشە دایکە میهرەبانەکەی دەیکردەوە، دەرگایەکی دوو تاکی بوو، کە دەیکردەوە دەستی بە دەستنوێژ بوو، جامولکەیەکی دەهێنا نامەکانم تێدەخست و دەیخستە پشتییەوە و لە دەرگاکەوە سەیری کۆتایی کۆڵانەکەی دەکرد و دەیووت: بەخێرچی کوڕم، کە ڕەئوف هاتەوە ئەمانەتەکەتی دەگەیەنمە دەست.ئاخر دایکی هاوڕێ نەریمان کارەکتەری ناو ڕۆمانێکی نەنوسراوە، ڕۆحی دایکی نەریمانەکان شادبێت، کە ئێستا کۆمەڵێک خەڵکی ترسنۆک و فایلدار و پڕگومان لە سەر مێژووی ئەو هەموو قوربانیانە دانیشتوون و دەلەوەڕن.
 لە ناو کتێبەکەدا باس لە دوو هاوڕێی کچ دەکات " بێستان و کوێستان " ڕاستی وایە کارەکتەری سەرەکی بێستان بوو، کە لە نەخۆشخانەی زانکۆ کاری دەکرد، ئەو خانمە هێندە ئازابوو چەند جارێک نیتاق و قەمسەڵەی قوربانییەکانی دەشۆری و ئاگاداری دەکردین کە دەرمان، یان کەلوپەلی هەیە بۆ چیای بنێرێت، جارێک داوای سرنجمان لێکرد، کە تازە ئەم سرنجە پلاستیکیانە هاتبوو، زۆر دڵخۆش بوو ووتی: تازە بۆمان هاتوە سبەی وەرن بۆ ماڵەوە دەیهێنم.ماڵی ئەو هاوڕێیەمان لە گەڕەکی شێخ محەدین بوو لە پشتی گۆڕستانەکە، من و هاوڕێیەکم بە ناوی (بڕوا) تراکتۆرێکی هەبوو، ناومان نابوو تراکتۆرەکەی کۆمەڵە، پێکەوە چووین، دوو زەرفی گەورە سرنج و سارغی و داودەرمانی داینێ، لەگەڵ چەند قەمسەڵەی بەڵەک کە بە جلی مغاویری ناوی دەرکردبوو، ئێمەش بێوەستان بردمان بۆ گوندی کەنەسورە، تا بینێرن بۆچیا.
 زۆر شت هەیە وردەکاری کارکردن لەناو ڕێخراودا، بەڵام لێرە جێگەی نابێتەوە و هەرگیز بیرم نەکردۆتەوە، کە باسی بکەم، چونکە لە تەمەنی گەنجێتیدا زۆر کار دەکەیت، دەکرا بە پلانتر ئەنجامان بدرایە.
بۆ نمونە جارێک دیوارم دەنووسی، دراوسێیەکمان هەبوو، کە کوڕێک بوو لە (ئیجرام) کاری دەکرد، کوڕێکی خراپ نەبوو، کاتێک منی بینی بەو بەیانییە زووە، من بە ڕاپۆرتێک سەرووی خۆمم ئاگادارکردوە، ئێوارەهات بۆلام ووتی: من هیچم نەدیوە تکایە با بەردێک لەسەر ئەم دیدارەمان دانێین، منیش لە تۆ زیاتر دوژمنی سەدامم، منیش وەڵامم دایەوە و ووتم: بە هەر حاڵ من ئاگاداری هاوڕێکانم کردۆتەوە، هەرچیم لێبێت تۆ بەرپرسیاری....ئەو دەم من رقی دنیام لە فەرمانبەرێک بوو، چ جای پۆلیس، یان ئەمنێکی ئیجرام، ووتم: دەزانی من باری دەروونیم بە مرۆڤی بێغیرەت تێک دەچێت.
 کاتێک سەیری بەڵگە نامەکانی ناو کتێبەکەم کرد، بەتایبەت بڵاو کراوە و پۆستەری شەهیدەکان ئەو دیوارانەشم دەهاتەوە پێش چاو، کە هەڵم دەواسین پێوەی و ئەو هاوڕێیانەشم هاتەوە بیر کە بڵاو کراوەکانم بۆ دەبردن، دراوسێ و ناسیاوەکان هەموو دەیانزانی من خەریکی چیم، چایخانەیەک هەبوو لە مەزاتخانەکە هەموو جارێک بڵاوکراوەیەکم دەبرد بۆ خاوەنەکەی شیخ سەعد دەمووت:
کاکە شیخ ئەوەوم دۆزیوەتەوە، دەیووت دۆزیوتەتەوە یان دەتەوێت بیخوێنمەوە؟
لە گوزەری ئاسنگەرەکانیش بڵاوکراوەم پیشانی حاجی حسێن باوکی مێدیای گۆرانیبێژ و کاک جەلالی خولەکۆڵ دەدا، چونکە ڕزگاری هاوڕێم لەوێ کاری دەکرد، سەرکەوتە سور منداڵێکی قژلول بوو، ئێستا پیاوێکی مەردوو جوامێرە، نامەی ئاگاداری کردنم بەودا دانارد بۆ زەڕەنگەر و هەندێک جێگە..بەڕاستی ئەو ڕۆژانە یاریمان بە ژیانی خۆمان دەکرد، چونکە بەعس هیچی نەهێشتبۆوە ئێمە لێی بترسین.دواجار دەمانزانی گۆڕانکاریی بەبێ ڕژانی خوێن لە ناو ئەو سیستەمەدا ناکرێت.
 لە ناو کتێبەکەدا مێژووی شار لەو کاتەدا دەگێڕێتەوە، چیرۆکی تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و زۆری ژمارەی جاش و نەمانی گوندەکان و خاپورکردنیان و شەقامی شەست مێتری و فڕاندنی ئۆتۆمۆبێل، مێژوویەکە، نابێت فەرامۆش بکرێن و دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکەین، ئەو جاش و تەواریانەی کە ئەمڕۆ لە لایەن دەسەڵاتەوە وەکو پێشمەرگە خانەنشین کراون، پاڵەوانی دزێوی ناو چیرۆکی ئەم کتێبەن، هەرگیز بیرم ناچێتە، کە لەگەڵ دووهاوڕێدا تفەنگێکمان لە "آ.ش" ڕفاند و لای فولکەی خانەقا پۆلیسێکی سەیربوو وا بزانم خەڵکی جەلەولابوو، هاواری دەکرد و دەیووت وەڵا لە دارم دەدەن، هاوڕێکەم ووتی یەک هەنگاوی تر دوامان بکەویت دەتنێرین بۆ جەهەنەم.ئیتر من ڕووم لە چیاکرد و هاوڕێکانم لەشار لەبەردەم قەرەوڵی دوژمندا مانەوە، ژمارەیان کەم بوو، بەڵام هەموویان جوامێر و ئازا و لە خۆبوردە بوون.

چیرۆکی هاوڕێ نەریمان و مەفرەزەی تۆڵە چیرۆکی کارەکتەری ئەومەفرەزەیەی، کە دەستیان لە محاڵ وەرداوە، ئەوانە کەرەسەی دەیان فیلمە، چونکە ئازایەتییە تۆ بتوانی بەناو ئەو هەموو بێهیوایی و ترسەدا ڕێبکەیت و کۆڵنەدەیت.گوللەبارانکردنی ئەو هاوڕێیانە هێندە ژانی گەیاندە دڵم، کە فرمێسک لە چاوەکانم هاتنە خوارەوە، زۆر شت هەیە نامەوێت ببیهێنمە نێو باسەکەوە، چونکە من تەنها وەک وەفایەک کە هاوڕێکەم کتێبەکەی بۆ ناردووم بە پێویستم زانی باس لە ناساندنی کتێبەکە بکەم.
 دواجار ئەمە کۆتایی خەونێکە، کە ئەوسا ئێمە هیوامان لەسەر هەڵچنیبوو، ئەودەم کۆمەڵە بۆ ئێمە باشترین قوتابخانەبوو، وانەی ڕەوشتبەرزی و خۆڕاگرییمان تێدا دەخوێند، مەخابن بۆ ئەو مێژووە، کە ئاوا خەڵکانی پوچ ئەمڕۆ لە بەرەکەی دەخۆن، بەڵام هیچیان ناگەن بە ئازایەتی دڵۆپێک ئارەق و خوێنی هاوڕێکانم، کە لە خۆبوردەیان لە لوتکەدابوو.

ئەلسکەندەر پاناگۆلیس(Alexandros Panagoulis) دەڵێت:" کاتێک کە ستەمکارێک فەرمانڕەوای میللەتێک دەکات، ئەرکی هەموو هاونیشتمانیەکە، ستەمکارەکە بکوژێت ".
ئێمە ئەو کاتە نە ئەسکەندەرمان دەناسی و نەهێندەش سەرچاوە هەبوو تا خۆمانی پێئاشنابکەین، بەڵام بڕوامان بەوەبوو هەموو ڕۆژێک دەبێت دەست بکەین بە شەڕێکی تازە، چونکە ستەم لە هەموو شوێنێک دەبینرا.ئەو ڕۆژانە شار لە زیندانێکی داخراو دەچوو.لە هەموو جێگەیەک لە هەموو شەقامێک مۆڵگەیەک سیمایەکی داگیرکاری هەبوو، ئەرکی هەموومان بوو دژی ئەو ستەمە هەوڵێک بدەین، بەڵام بەداخەوە ئەو کاتەش ژمارەمان کەم بوو، بەڵام وەک تارمایی لە هەموو جێگەیەک بوونمان هەبوو.
با لێرەدا ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش بگێڕمەوە، عەسرێک هاوڕیەکەم "ڕزگارشیخ بەکر" دەچوو ناسنامەی ئاسنگەرییەکەی وەرگرێتەوە لە شەقامی قەنات منیش لەگەڵیدا چووم لە ناو نەقابەی کرێکاراندا پیاوێکی کەتەی سوورمان بینی، وێنەیەکی سەدامی بە بەرۆکەوە بوو، من بەبێ ئەوەی بە خۆم بزانم چوومە بەردەمی بە کابرام ووتم: زرتە بۆز شەرم ناکەیت وێنەی ئەو بەرازەت بە بەرۆکەوە هەڵواسیوە؟ بەس بێیتە دەرەوە سەرت دەتەقێنم.کابرا ڵاڵ بوو لە بەرۆکی خۆی کردەوە و دەیوست قاوەمان بۆ بێنێت، ئێمە نەچوینە ژوورەکەی.هاوڕێکەم ناسنامەکەی وەرگرت ڕۆیشتین.ئاخر هێندە بێ ئەزموون بووین و لە بەختی ئێمە دوژمنەکانیشمان هێندە ترسنۆک بوون، خائینەکانیش لەوان خوێری تر..

 لە ئەرشیفە شارەوەکانی هاوڕێم نەریمان"ڕەئوف شیخ جەمیل" کتێبێکە پڕە لە یادگار و زانیاریی وورد، گەرچی زۆر بە پارێزەوە چیرۆکەکانی گێڕاوەتەوە، کۆدەکان زۆر داخراون، بەڵام خوێندەوەی ئەو ئەرشیفە گەڕانەوەی هیوایەکە بۆ ئەوەی مرۆڤ بڵێت، هەموو خەڵک لە باشور ترسنۆک و خەفیفە و جاش نەبوو، هەمووکەس خۆپەرست و ڕاڕانەبوو، کەسانێک هەبوون، کە چەپکی خۆر و هیوایان بەداهاتوو هەبوو.ئەمڕۆ لە نیشتمانەکەمدا، کە سەیری ئەم گەنجانە دەکەم، بەڕاستی نازانم و تێناگەم چۆن ئەم هەموو ستەمە، ئەم هەموو ژنکوژیی ... نەخۆشی ...خیانەت ... نەوتدزین و نیشتمان هەراجکردنە بەدامێنیان هەڵدەگرن و بێدەنگن. هەر مرۆڤێک دیرۆکێکی نەبوو، مێژوویەکی بۆ خۆی تۆمار نەکرد، چاکترە بمرێت چونکە ئەو نەژیاوە!
دەستخۆشی لە هاوڕێ نەریمان دەکەم، کە منی بردەوە بۆ ساڵی هەشتاکان و گەنجی کردمەوە چیرۆکی ڕووداوەکانی هێنایەوە یادم، چونکە مرۆڤ نابێت بە نیگەرانی مردنەوە ژیان بکات، ئەودەم لە ڕێکخستنی کۆمەڵە نازناوی "بەهێز"م وەرگرتبوو، ئێستاش کە بیر لەو سەردەمە دەکەمەوە هەمان ناو هێزم پێدەبەخشێتەوە.
ئەم بێدەنگییەی ئێستامان کە تێکەڵ بەترسێک بووە هەموومان لە سەرەی مەرگێکی ناقۆڵاداین و ڕاگیراوین، بەهیوام درێژە نەکێشێت.




(دەنگدراوە: 25 . زۆرباشە: 3/5)