ئەو کاتەی کە هیچ وشەیەک نامێنێتەوە پێناسەی دەسەڵاتی کوردی پێ بکەیت

Monday, 13/05/2019, 10:40

9270 بینراوە


ئەوانەی لە سەرەتاوە رەخنەیان لە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور دەگرت، پارتیی و یەکێتیی ترسیان لێیان نەبوو، لەبەر ئەوەی رەخنەکان تەنیا قسە و رەخنەگرەکانیش کەم بوون، بەڵام کاتێک دەنگەکان بەرەو هەڵکشان چوون، لێرەوە دەسەڵاتی دز بە ئاگا هاتەوە، بەتایبەتی کاتێک زانیان رەخنەگران خەریکن لاپەڕەی رابردوویان هەڵدەدەنەوە و راستییەکان دەکەونە روو، لەمەوە جەلال تالەبانی هاتە سەر خەت، وتی من پارکی ئازادییان بۆ دەکەمەوە با بچن بە ئازادیی هەرچی دەڵێن بیڵێن.
کردنەوەی پارکی ئازادیی واتا دیارییکردنی شوێنێک بۆ چاودێریی و کۆنترۆڵکردن، تا دەنگە ناڕازییەکان لە خۆیان دوور بخەنەوە، بچنە نێو بازنەیەکەوە، گەمارۆ بدرێن، کاتێکیش دەنگە ناڕازییەکان لە گۆڕەپانی پارکی ئازادی بەرەو زیادتر دەچوون، ئیتر پەتی سەبری تالەبانی پسا و گەیشتە تینی وتی: (هەروەک چۆن سەگ بە مانگە شەو دەوەڕێت با ئەمانەیش ئەو ئازادییەیان پێبدرێت بچن بۆ خۆیان بوەڕن). ئیتر بە پێی ئەو جنێوە مزر و قسە جوانەی تالەبانی بە دواییدا لەسەر ئەو تیورییەی تالەبانی، بزووتنەوەی گۆڕانیشیان بۆ وەڕین.دروست کرد.
ئەو کاتەی کە تالەبانی بوو بە سەرۆک کۆماری عێراقیش جارێکی دی، باسی پارکی ئازادی کردەوە، هەمان قسەی کردەوە، کە لە پشتییەوە شێرکۆ بێکەس و حاکم قادر وەستابوون، دەستی خستە سەر شانی شێرکۆ و پشتیوانی خۆی بۆ دەزگای سەردەم راگەیاند، ئاماژەی بە پارکی ئازادیی دا (گوێ لە ڤیدیۆکە بگرە، بە داخەوە گرتەی ڤیدیۆی چواندنی رەخنەگران بە سەگ نەمدۆزییەوە بۆیە نەمتوانی دایبنێم).
ئەم جنیوەی جەلال تالەبانی، کە بە رەخنەگر و دەنگە ناڕازییەکانی دا، شێرکۆ بێکەسی نەجوڵاند، هاوڕێکانیشی دەنگیان نەکرد، هیچ روناکبیر و شاعیر و فەیلەسوف و رۆماننوسێکی کورد فزەی لێوە نەهات، چونکە ئەو سەگ وەڕینە ئەوانی نەدەگرتەوە، تەنانەت هیچ رۆژنامەنووس و نووسەرێکی دیکە لە باشوور لەسەر ئەم جنێوەی جەلال تالەبانی قسە و ورتەیەکیان لە دەم نەهاتە دەرێ، بەڵام کاتێک رەخنەگرێک باسی خیانەت و ناپاکیی، دزیی و درۆزنی، فێڵی ئەم حیزبانە بکردایە، دەستی بۆ ساختەکاری لە دەنگدان و هەڵبژاردنەکان ببردایە، قسەیەکی بەرز، یان نزمی بەم سەرکردە و بەرپرسانە بگوتایە، هەر ئەم رووناکبیر و نووسەرانە دەهاتن و بە ڕوویاندا دەتەقینەوە و پەلاماریان دەدان، بەتایبەتی کۆمەڵێک لەو فەیلەسوفانەی گوایا لەسەر ئەتەکێت وشەی جوان ریز دەکەن، وشەکان دەتەکێنن، هەرچی زبر و جنیوە لای دەبەن، دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانیش ئەمەی کرد بە یاسا، نووسەرانی گردی زەرگەتە دەبوو بە زمانی گوڵ لەگەڵ دەسەلات و پارتەکاندا قسە بکەن، وەکو سەگەکەی تالەبانی بە دەنگی بەرز نەوەڕن و بە زمانی ئەدەبی رەخنە بگرن، بەردەوام هەمیشە چاوی گردەکە لەسەر رەخنەگرە رەسەکانیش بوو.
شێرکۆ بێکەس هەڵویستی لەسەر ئەو جنێوەی جەلال تالەبانی وەرنەگرت، بەڵکو پێی گەشکە بوو، چونکە تالەبانی کردبووی بە خاوەنی دەزگای سەردەم، ئەمەش خێر و بەرەک بوو بۆ خۆی و کۆمەڵێک لە نووسەر، شاعیر و رۆماننووس. لە بری ئەوە شێرکۆ پەلاماری ئێمەی دا، وتی ئەوەی دەینووسن ژار و رشانەوەیە، جنێوەکەی جەلال تالەبانی بە رشانەوە نەدەزانی، کە بە رەخنەگرەکانی دەگووت (با وەکو سەگ بوەڕن)، ئەمە یەکێک بوو لەو هۆکارانەی ئیتر بە تەواویی لەو رۆژەوە پەیوەندییم لەگەڵ شێرکۆ بێکەسدا نەما، نەک تەنیا شێرکۆ، بەڵکو کۆمەڵێک کەسی دیکەش هەبوون، کە ئیستا نە ئەوان منیان وەک هاوڕێ دەوێت، نە منیش ئەوانم وەکو دۆستێک وەرگرتۆتەوە، پچڕانی ئەو پەیوەندییە پەیوەست بوو بە هەڵویستی سیاسیی نەک شەخسی، بۆ منیش ئەم هەڵویستە مەسجی ویژدان بوو، بۆیە بەلامەوە گرنگ نەبوو بایەخ بەو جۆرە پەیوەندییانە بدەم، وەکو ئەمان قەڵەم و ویژدانم بفرۆشم، دابڕاندنی پەیوەندیی من بەوان نەیتوانی وام لێبکات بەرژەوەندی خۆم بخەمە سەروو بەرژەوەندی نەتەوە و نیشتیمانەکەم، بۆ خاتری ئەو هاوڕێیاتییە واز بهێنم، بۆیە رێگای گەڕانەوەم بۆ نیشتیمان کلوم دا، ئەو نیشتیمانەی، کە هەر رۆژە یەکێک لەو قەلەمفرۆشانە لەبەر دەستی بەرپرسێکدا بە زەلیلی و کڵۆڵی دەست پان دەکاتەوە.
بۆ منیش ئاسودەبوونی ویژدان، تاکە سامانە، کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دەیباتە گۆڕەوە، نەک پارە و پۆست و دەسەڵات.
---------------
دوژمنی کورد، کە پێشتریش وتوومە، تەنیا داگیرکەرانی کوردستان نییە، بەڵکو دەسەڵاتی پارتەکانی باشوورە، کە زیانی زیاتریان بە کورد گەیاندووە، لەمان خراپتر ئەم رەوە نووسەر و روناکبیرانەیە، کە لە پشت دەسەڵاتی پارتەکانی باشوورەوە وەستاون، بوونەتە هێزی شاراوە و شادەمار و خوێنی نێو گیانی بەرپرس و سەرکردە خائینەکان، لە کاتی تەنگانەدا فریایان دەکەون کەرامەت و شکۆی پەیامی نووسینی خۆیان دەکەنە قوربانی دەستکەوتی مادیی و رابواردن ، بۆیە پارتەکانی باشوور ناچارنابن خۆیان تەنگاو بکەن و لە خەلکی بترسن، ئەگەر دەنگێکی ناڕازیی نووزەیەکی لێوە هات، ئەم نووسەر و قەڵفرۆشانە بە وەکالەت پەلاماریان دەدەن و بەرەنگاریان دەبنەوە..
ئەو نووسینەی، کە لە فەیسبوکدا بەناونیشانی (ئەلف بای سیاسەت بۆ ئەوانەی خوێندەورییان لە سیاسەتدا نییە!) بڵاوم کردەوە، هەرچەندە نووسینێکی سادە و ساکارانە بوو، لە سەرەنجامی کاردانەوەی قسەی هەرزەکارێکی سیاسییەوە هاتبوو، بە ناوی عەلی حەمە ساڵح، کە برادەرێکی خۆشەویست گرتە ڤیدیۆکەی بۆ ناردبووم، تێیدا بێشەرمانە دەڵێت:
(خەتای ئەوانە بوو، کە بایکۆتیان راگەیاند، ئەگەر ئەوان بایکۆتی دەنگدانیان رانەگەیاندایە، نە پارتیی ئەو کورسییە زۆرەی دەهێنا، نە ئێمەش دەبووینە هاوپەیمان و حکومەتمان لەگەڵدا دروست دەکرد!).
لەو قسانەدا دەیەوێت ئەو پەیامە بدات، کە پارتی بە دەنگی شەرعی خۆی کورسییەکانی وەرگرتووە و فێڵ و تەزویری تێدا نەکراوە، ئەوە بایکۆت بوو وای کرد، گۆڕان دەنگی کەم بهێنێت، خەتای ئەوانە بوو هانی خەڵکیان دا نەچن بۆ دەنگدان، دەنا گۆڕان نەدەبوو بە پاشکۆی پارتیی.
درێژە بەمە نادەم و نامەوێت نووسینەکە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم باسە تەرخان بکەم، کەسی وشیار و بە ئاگا. .. خوێنەر و بینەری بە سەلیقە دەزانێت ملی گۆڕان لەو قسانەدا بە کوێی سەرەی رەشەوە بەستراوەتەوە.
قسەی ئەم هەرزە سیاسییەش، کە هێرش دەکاتە سەر بەرەی بایکۆت، هۆکاری نووسینی ئەو بابەتە بوو، کە بڵاوم کردەوە.
دوای ئەمە یەکێک کە خۆی بە کەسێکی بێلایەن، وشیار و تێگەیشتوو دەزانێت بە کۆمێنتێک وەڵامێکی دامەوە، دەڵێت: (کاکه‌ تۆ هه‌موو نووسینه‌که‌ت له‌ ئه‌لفه‌وه‌ تا یای هه‌ر جنیو بوو که‌چی لۆمه‌ی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ی که‌ جنێو ده‌ده‌ن). 
کاتێک سەردانی لاپەڕەی فەیسبووکی ئەو کەسەم کرد، بینیم لە شوێنێکدا لەسەر ئەو کوڕە گۆڕانخوازە کە ناوی هێمنە و پارتیی برۆ و سەری تاشیبوو، ئەم کەسە چەند دێڕێکی بۆ نووسیوە دەڵێت: (هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێک ئاوا هاوڵاتیانی ئه‌تک بکات، هه‌موو شتێکیتریش به‌ نیشتینمان و بە دواییدا بەراوردی ئەو چەند دێڕ و نووسینانی دیکەییم کرد لەگەڵ ئەمەیاندا کە بۆ منی نووسیوە بەراوردم کرد، بۆم دەرکەوت، ئەم بەڕێز وەکو زۆربەی نووسەر و قەڵەمبەدەستەکانی دەسەڵات، بیردەکاتەوە و کەسێکی دەبڵموراڵ و لاینگیری بۆ دەسەڵاتی پیوە دیارە، ئەوەندەی تێیدا هێشتۆتەوە، کە وەک قەڵمفرۆشەکانی سەر بە دەسەڵات لەسەر چەند پەتێک یاری بکات، بۆیە لەسەر نووسینەکەی من هاتۆتە دەنگ و هەڵویستی وەرگرتووە، لەو لاشەوە کەمێکی بۆ دەسەلات تیاهێشتۆتەوە، بەوەی نابێت رەخنە لە هەموو سیستەم و پارتەکانی باشوور بگیرێت! ئەگەر رەخنەش گیرا، با بە تەنیا روو لە لایەک بکرێت، رووەکەی تر بەولادا وەرچەرخێت، ئەمە لە کاتێکدا سەر و برۆ تاشینی هێمن لەلایەن پارتییەوە پەیامێکیش بوو، نەک تەنیا هەڕەشەکردن لە گۆڕان، بەڵکو هەڕەشە و جنێودان و سوکایەتییش بوو بە هەموو کورد.
زمانی ئەو جۆرە رخنەنانە، کە ئەو بەڕێزە پێی نووسیوە مۆدێلی ئەو سەردەمەی گۆڕان بوو، کە لەگەڵ پارتی ناتەبابوو، هی ئەو رۆژگارانە بوو، پارتیی لە ناو پەرلەماندا لە عەلی حەمە ساڵحی هەڵدا و لە دیگەڵە رێگایان لە د. یوسف گرت، ئەمڕۆ ئەوانەی تێهەڵدانیان خواردبوو، هەر ئەوانەن کە بە دەوری پارتییدا دەخولێنەوە، چونکە تازە شەق و زللەکەی پارتی کاری لە کەللەی عەلی حمە ساڵ کردووە و باوەخولێی پێدەکات، گێژ و حۆل بە دەوری پارتییدا دەسوڕێتەوە، ئەم زللەیەشە وای کرد، کە گۆڕان کونجی قەناعەت بگرێت، ئیتر هیچ گۆڕانخوازێک لەمەو دووا رەخنە لە پارتیی بگرێت، هەر کەسێک ئەمەی کرد ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان بۆ خۆی سەر و برۆی لایەنگرانی خۆی دەتاشێت.
ئەو بەڕێزەی، کە گوایە من جنێوم داوە، رەنگە سەر بە هیچ پارتێکیش نەبێت، بەلام لە لای من جیاوازییەک نییە، پەیوستبوون بە هەر پارتێک مەرج نییە ئەندامی فەرمی پارتەکە بێت، ئەندام بوون رەوشت و کردارە، نەک پەیوەندی رێکخستن. پەروەردەی سیاسیی ئەو خەڵکەش بەرامبەر بە پارتیی و یەکێتیی بۆتە کەلتور لە نائاگاییدا لە فکر و هزری زۆر کەسدا رەنگی داوەتەوە، چونکە زۆربەی خەڵک بە سەقەتی پەروەردەی سیاسیی کراون، لەو پارتانە زیاتر کەسی دیکە بە رەوا نازانن سیاسەتیان بۆ بکات، کاتێک نووسەرێک رەخنە لە پارتیی و بارزانی دەگرێت، ئەوا دەیان کەس لێی راست دەبێتەوە، دەڵێن تۆ سەر بەوی تریانی، ئەی بۆچی هەر تەنیا باسی ئەمیان دەکەیت و رەخنە لەویتریش ناگریت؟! خەڵکەکە لە دەرەوەی ئەم حیزبانە ئیتر هیچی دیکە نابینێت. دەبێت تۆ هەر یەکێکیان بییت، تۆ یان پارتییت، یان یەکێتیی، یان گۆڕان و یان ئەوانی تریت، لە رەخنەگرتندا کەس بێلایەن نییە، بۆیە نووسەر و رەخنەگرێکی بێلایەن کاتێک رەخنە لە حیزبێکی باشوور دەگریت، دەبێت وریا بێت و بەشی ئەوانی تری پێ بمێنێت، تاکو تاوانبار نەکرێت، کە سەر بە لایەکێ دیکە، لە خراپترین حالەتدا تۆمەتی میت و ئیتیلاعاتیشی بۆ دروست دەکرێت.
ئەرکی نووسەر، هەرچەندە ئەرکی ئەخلاقیی و ویژدانییشە، نەک تەنیا بەهرە و توانای ئەدەبیی و هونەریی و فیکریی، جگە لە شارەزایی زمان و رێنووس، بەڵام لای کورد هەموو ئەمانە فەرامۆش کراوە، ئەرک و توانای نووسین ئاسان بووە، مەرج نییە نووسەرێک هیچ کام لەو توانایانەی هەبێت، ئەوانەی لە فەیسبوک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەریکی کۆمێنت نووسینن، زۆربەیان خۆیان بە نووسەریش دەزانن، کەس پێویستی بە رێنووسێک نییە رێنمایی بکات، پێویستی بە رەوشت نییە پیادەی بکات، بەهەرە و توانا گرنگ نییە، پێویست ناکات وشەی تەواو لە رستەی گونجاوی لێدروست بکەیت و شوێنی خۆیدا دایبنێیت، یاسایەک بۆ رێنووس، رەوشتێک بۆ نووسین نییە، نووسەرەکە پیادەی بکات و سنووری خۆی نەبەزێنێت، یان لە هەموو بابەتێکدا هەڵنەداتێ! زۆربەی کورد ئەمڕۆ نووسەر و رەخنەگر و سیاسیی و هەموو شتێکە، هەروەکو چۆن جارێک کەسێک پێی وتم من رۆژنامەنووسم، چونکە هەموو رۆژێک دەنووسم، ئەوانەی کە دەستییان قەڵەم یان دوگمەی کۆمپیتەرێک دەگرێت، زۆر بە ئاسانی دەتوانن ببنە نووسەر و رەخنەگر، دەسەڵاتی پارتەکانی باشووریش ئەمەشی کردووە بە پیشەی خۆفرۆشی و زۆر کەس هەوڵی بۆ دەدات، تا وەکو نووسەرێک خۆی دەربخات و کڕیاری هەبێت.
لێرەدا و لە نێو گەڕەلاوژێی دنیای نووسیندا ئەوەشمان بۆ دەردەکەوێت، کە هەرچی نووسینێکی جیدیی هەیە، بێ نرخ کراوە، هەموو کەسێک دەتوانێت بە تاکە دێڕێک کێی بووێت بیشکێنێت و بێنرخی بکات، بە میزاجی شەخسی خۆشی بنووسێت . زۆربەی رووناکبیر و نووسەرانی ژێر سێبەری دەسەلات لە بیرکردنەوەشدا هانا بۆ لایەک دەبەن و دژی ئەوانە دەوەستنەوە کە پێناسەی دەسەڵاتی دزیی کوردی وەکو خۆی دەکەن. ئەو بەڕێزە کە رەخنە لە من دەگرێت، دەڵێت تۆ جنێو دەدەی، لە نائاگاییدا خۆی بەسەر لایەنێکی دەسەلاتدا ساغ کردۆتەوە، لە بیری چۆتەوە، کە خۆشی یەکێکە لەوانەی هەر بەیانییەک لەو نیشتیمانە لە خەو هەڵدەستێت، تا ئەو کاتەی شەو دێت، دەسەڵاتی کوردی تاک بە تاکی کورد جنێوباران دەکات.
جنێویش برینتی نییە لە چەند پیتێک، ئەو پیتانە بڕگەیان دروست کردبێت و بڕگەکان بووبنە وشەیەک دوایی لە ناو کارخانەی مێشک و هزری نووسەرەکەدا زاخاودرابێتەوە و کرابێت بە جنێو! جنێو تەنیا ئەوە نییە بوختان و تۆمەت هەڵبەستن بێت، ئازار بە رۆح بگەیەنێت، جنێو ئەوەشیانە کاتێک کۆمەڵێک دز و چەتە، نەوت و نیشتیمانفرۆش وڵاتەکەت تالان دەکەن، موچە و پارەی خەڵک دەبڕن، داگیرکەر دەهێننە سەر ماڵت، هەموو ئەمانە جنێون، کە رۆژانە دەسەلاتی پارتەکانی باشوور بەو خەڵکەی دەدەن ، ئەگەر جنێو مانای تێکشکاندن و سوکایەتیی بێت، ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەلاتەوە هەموو رۆژێک تێر جنیو دەکرێن.
کاتێک مەسعود بارزانی دەڵێت: (ئەگەر ریفراندۆمەکە سەری نەگرت، ئەوا بڵێن ئەم کابرایە سواری سەری خۆی بووە) یان: (من ئەو کەسە نییم درۆ لەگەڵ میللەتی خۆمدا بکەم)، کەچی وەک نە وەک بای دیبێت و نە باران، مێش ناکاتە میوانی خۆی، ئایا ئەمە جنێو نییە بەو خەڵکەی دەدات؟ ئەگەر منێک بێم و بڵێم سەرکردەکان دز و درۆزنن و ساختەچیی و خائینن، بۆ دەبێت ئەمە جنێو بێت، کە لەوێدا مەسعود پێناسەی تەواوی خۆی کردووە و لە رێگای ئەو قسانەوە جنێو بە خەڵک و بە خۆشی دەدات.
لە کۆتاییدا ماوە بڵێم، کە وەک دیاردەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر، دەسەڵاتی پارتەکانی پارتەکانی باشووریش چەند نووسەر و شاعیر و روونامەنووسی بۆ خۆی دروست کردووە، ناوی گەورە و قەبەی پێ بەخشیون، وەک شاعیری گەورە، مێژوونووسی مەزن، نووسەر و روناکبیری لێهاتوو، رۆژانە بەو ناوە زلانەوە بانگ بە گوێماندا دەدەن، لە کەناڵی تێڤیکانەوە دەیخەنە بەرچاومان، دێڕ و وشەی نووسین و قسەکانیان دەکەنە ژیرنووسی تەلەفیزیۆنەکان، هەموو ئەمانە بە مەبەستە، تا پێمان بڵێن، ئەوە تەنیا ئێمە نیین کە سەرکردە و گەورەتان بیین، ئێوەی کوردی زۆر لەوە بچوکترن کە تەنیا گەورەیەکتان هەبێت. گەورەکانیان زۆر و بۆر کردووە، تا زیاتر خەڵکەکە هەست بە بچوکیی و کۆیلەبوونی خۆی بکات، هێندە نووسەر و قەڵمفرۆشی گزگلیان هێناوە، کردوویانن بە گەورەی ئەو خەڵکە و بەسەر خەڵکە برسی و هەژاردا خۆیان با دەدەن، گیرفانیان پڕکردوون لە پارە و پولی خۆفرۆشی، لە تێڤێکانەوە خۆیان بادەدەن و قسەی زل دەکەن، تا جارێکی تر خەڵکەکە لە ناو بچوکی خۆیدا بتوێتەوە، وەک ئەڵقە قسەی ئەم نووسەرە گەورانە بکەنە گوێیان، بۆیە زۆر قسە و نووسین کە ئەمانە دەینووسن، بە ترسەوە کەس ناوێرێت خۆی لە قەرەی بدات و رەخنەی لێبگرێت، چونکە لە عەقڵ و بیرکردنەوەدا دەسەلات بچوکی کردوونەتەوە، خۆیان زۆر لەوە بە بچوکتر دەزانن، بۆیە زاتی ئەوە ناکەن رایەکی جیاوازتریان هەبێت، نەخوازا ئەو نووسەرە، لەو شاعیر و رۆماننوسە گەورانە بێت، کە دەسەڵات ئەو ناوەی پێ بەخشیون.
یەکێک لەوانە لە زمانی پاڵەوانی رۆمانێکی خۆییەوە، خۆی ناساندووە، کەسایەتییەکی داتاشیوە زۆر لە ئەتواری خۆیەوە نزیکە، دەڵیت:
(هیچ ژنێک نییه‌ ئینسان نه‌توانێت له‌ دڵێ خۆی ده‌ریبهێنێت. ده‌رهێنانی ژنێک له‌ دڵی خۆت له‌ داکه‌ندنی جووتێک گۆره‌وی ئاسانتره).
(بەختیار عەلی: کۆشکی باڵنده‌ غه‌مگینه‌کان) لاپه‌ڕه‌ 13 دێڕی 17 و 18 
ئەم دەربڕینە، هەرچەندە هەستمردوویی و بێ زەوقییی پێوەدیارە، نەک تەنیا بەرامبەر بە ژن، بەڵکو بەرامبەر بە هەموو کەسێک، کە ئەم رقی لێهەڵبسێت، بە ئاسانی لە دڵی خۆی دەریدەهێنێت و دەریدەهێنێت، بە ئاسانی وەک جوتێک گۆرەوی بۆگەن فڕێی دەدات. بەڵام لەبەر ئەوەی نووسەرەکە زل و گەورە کراوە، چاوی رەخنە لە ئاستیی ئەو دەربڕینەدا بچوکبۆتەوە، بەسەر زۆر کەسدا ئەم جنێو و سوکایەتییەە تێپەڕیوە، چونکە چاوەکان وا راهێنراون، کە تەنیا قسەیەک بە بەرپرسێک و سەرکردە و حیزبێک بدرێت تەنیا ئەوە ببینێت، ئەوە دەبێتە سووکایەتیی و جنێودان ، بۆیە لەو حاڵەتەدا چاوەکە دەبێتە هەزار و بە پێوری حیزبابەتیی و کەلتوری پارتەکان دەبێتە جنیو و رشانەوە.
بەلام لە نێو کۆمەڵگایەکی وشیار و خوێنەواریشدا، ئەگەر نووسەرێک قسەیەکی وا فڕێ بدات، پێش ئەوەی بڕیار بدەن ئایا ئەمە داهێنانە یان دەرهێنان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ژیان و کەسایەتی خوددی نووسەرەکە دەکەن، کون و کەلەبەری بۆهەڵدەدەنەوە، دەگەڕێن تا بزانن ئەم قسەیە لە کوێوە سەری دەرهێناوە و لە کوێەوە سەری چووە بەناو هزر و بیرکردنەوەی نووسەرەکە خۆیدا! مەبەست لەو قسەیە چییە، ئایا ئەمە رای خۆیەتی، یان پاڵەوانی راستەقینەی نێو چیرۆکەکەیەتی و مەبەستی لە کەسایەتییەکی ترە، ئەگەر پێچەوانەکەی بوو، ئەوان لەلایەن ئەم قسەیە هەروا بەسەریاندا تێناپەڕێت، سووک و ریسوا دەکرێت، بەلام لای کورد و دەسەڵاتی پارتەکان پەیکەر بۆ ئەو جۆرە نووسەر و روناکبیر و رۆماننوسانە دروست دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە