لە (موئامەرەی سەوامرە)دا جەلال تالەبانی سەددام ئاگادار دەکاتەوە

Wednesday, 15/05/2019, 14:31

25097 بینراوە


هەر خۆفۆڕۆشێک یان سیخوڕێک یان تاوانبارێکی جەنگی بەرەی دوژمن کە لە پەنا سەرانی هەر بزوتنەوەیەکدا داڵدە دران، ئەوا بێ سوڕ نییە. وەفیق سامەرای بۆ ساڵانێکی زۆر جەلال تاڵەبانی لە زەلکاوە سیاسیەکەی باشوور داڵدەی دا. دواتریش کە لەسەر حیسابی خوینی کورد بوو بە سەڕۆککۆماری عیراق لە پەنا خۆیدا لە ساڵی٢٠٠٣ تا ٢٠٠٥ وەفیقی کرد بە "ڕاوێژکاری ئاسایشی مەکتەبی سەڕۆککۆماری عیراق" واتە ڕاویژکاری خۆی. 
لە ساڵی ٢٠٠٨دا وەفیق تاوانی بەشداریی لە کیمیابارانی هەڵبجە و هێرشەکانی ئەنفالی بە فەرمی لەسەر ئیسپات بوو. لە ئازاری هەمان ساڵدا بەیانێکی فەرمی لە مەکتەبی بەشی ڕاگەیاندنی سەڕۆککۆماری عیراق واتە "جەلال تاڵەبانی" دەربارەی وەفیق ڕاگەیندرا. تێیدا هاتبوو  کەوا "لیژنەی باڵای دادگایی تاوانەکانی عیراقی، کە بۆ دادگایکردنی ئەوانەی هاوکاری ڕژێمی ڕابردوو بوون پێکهاتبوون" بڕیاری لابردنی هەموو تاوانەکانی سەر وەفیق سامەراییان دا. بەمجۆرە جەلال تاڵەبانی وفیقی ڕزگار کرد، وەک بەرزەکی بانان هەڵات و لە لەندەن نیشتەجێبوو. 
نزیکبوونەوەی وەفیق سامەرایی و یەکێکی وەک تارق رەمەزان لە جەلال تاڵەبانی و ڕزگارکردنیان، ئەگەر نهێنیەکانی تا هەنوکە بۆ گەلی کورد شاراوە بێت، ئەڵبەتە بۆ دەزگەی هەواڵگری ناوچەکە و دنیا، میللەتانی دیی بەتایبەتیی بۆ نەتەوەیی عەرەب لە عیراق،  بۆ ئەو کەسانەی کە لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقی کاریان کردوە لە نزیکەوە شارەزایی ڕووداوەکانن شاراوە نییە. بە دڵنیاییەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، بەڵگەی دۆکیومێنتی فەرمیی لەلایەن ئەو کەسانەی کە خەرێکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ڕووداوە مێژوویەکانن دەخرێنە بەردەست، لە هەڵدانەوەی هەر لاپەریەکدا شارمەزارییەکی سەرانی باشووری بۆ میللەتی کوردی تێیدا بەدیدەکرێت.
 وەفیق یەکێک بوو لە دەستەڕاستی سەدام، تا ساڵی ١٩٩١سەڕۆکی ئیستیخباراتی عەسکەری بوو، دواتر بوو بە بەرێوەبەری گشتی مەکتەبی سەدام. لە ساڵی ١٩٩٤دا بۆ باشووری کوردستان ڕایکرد. لەبری ئەوەی لە کوردستان دەستگیری بکەن، سەرەونخون هەڵیواسن، بەزیندوی ڕۆژانە بە ئەندازەی ژمارەی قوربانیانی هەڵبجە و ئەنفال پارچەیەک لە لەشی لێبکەنەوە، ڕێگەیان پێدا دەستبەکاری سیاسیی بکات.
وەفیق دەرکی بەوە کردبوو کە ئەمریکا بە نیازە گۆڕانکاری لە دەسەڵاتی حوکمرانی عیراق بکات و سەدام بروخێنێت. لەبەرئەوە پێشوەخت دەیویست پێگەیەکی جەماوەریی و سیاسی بۆ خۆی مسۆگەر بکات، بۆ ئەوەی لە گۆڕانکاریەکاندا ئەگەر هەلێک بۆ هەڵسوڕاندنی بەرژەوەندییەکانی هاتە پێشێ بیقۆزێتەوە، لەگەڵ هاتنی ئەمریکا بۆ عیراق ئەو ئامادە بێت، وەک قەوارەیەکی سیاسیی کەسایەتییەکی دیار لە گۆڕەپانەکەدا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە ساڵی ١٩٩٤دا لە کوردستانەوە هەوڵیدەدا پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکا ببەستێت، لە باشوور و ناوەڕاستی عیراق سەرکردایەتی جوڵانەوەیەکی عیراقی بکات. لە ساڵی ١٩٩٥دا وەفیق بوو بە سەڕۆکی "الحركة الوطنية العراقية". 
وەفیق بۆ کۆکردنەوەی خەڵک، نامە بۆ هەندێک لە خزم و ناسیاوەکانی لە سامەرا دەنووسێت. داوایان لێدەکات خۆیان ڕێکبخەن، پێیان ڕادەگەێنیت کە لەو زووانە لە کوردستانەوە بە هاوکاری ئەمریکا هێڕشی سەربازی بۆ سەر بەغداد دەکرێت. لەبەرئەوەی وەفیق لە تاڵەبانی نزیک دەبێت ئەو نامانە بە ڕێگەی تاڵەبانییەوە بۆ ئەو کەسانەی کە لە سامەرا دەیاناسێت دەنێرێت. ئەو نامانە پێش ئەوەی بگەن بە دەستی خەڵکانی مەبەست، دەگەینرێنە دەزگەی ئیستیخباراتی بەعس و ئەوانیش دەیخوێنەوە ئینجا دووبارە نامەکان دادەخەن، بەهەمان سەرچاوە بۆ کەسەکانی دەنێرن و تەلەفۆنەکانیان و جوڵانەوەیان دەخەنە ژێر چاودێری. لە ئەنجامدا ١٤ کەسی بێتاوان دەستگیر دەکرێن. لەژێر ناونیشانی "موئامەرەی سەوامرە" لەلایەن دەزگەی ئیستیخباراتی بەعس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت. دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر هەموویان لە سێدارە دەدرێن و بە یەک ڕۆژ تەرمی ١٤کەس بۆ سامەرا ڕەوانە دەکرێن. 

ئەو بەڵگەیە کچە ئەنفالکراوەکانی میسر لە میدیاکاندا لە ساڵی ٢٠١٣دا بڵاوبۆیەوە
لە ساڵی ١٩٩٨دا وەفیق لە باشووری کوردستانەوە بۆ لەندەن چوو حزبی" المجلس الأعلى للإنقاذ الوطني" دامەزراند.
لە نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا سەدام تەواو لاواز ببوو، بەڵام سەرانی باشوور جگە لەوانەی فایلدار بوون، ئەوانی دییش زۆربەیان دڵسۆزی خۆیان بۆ سەدام دەربڕیوە،  لە ڕێگەی جاسوسی کردن سەدامییان هۆشیار کردوە کە خەریکە موئامەرە دژی ئەنجام دەدرێت، وەک ئەو بەڵگەیەی  گەیاندنی تەواوی نامەکانی وەفیق بە دەزگەی ئیستیخباراتی بەعس. بێ گومان دوای ئەوەش بۆ بێدەنگ کردنی، وەفیق کراوە بە ڕاویژکاری جەلال تاڵەبانی سەڕۆک کۆماری عیراق و لێبووردنی لە ئەنجامدانی تاوانەکانی ئەنفال و هەڵبجە.  پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە ئەو کات ئایا بۆچی تاڵەبانی ئەوەی بۆ سەدام کردوە؟  بۆ دوای ڕوخانیشی بەرامبەری هەمیشە نیەت سافی دەربڕیوە؟ لە کاتێکدا لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانی لە کوردستاندا لە وتارەکانی دەینەراند، پروپاگەندەی شۆڕشگێری و پێداگرتن لە وەدەستهێنانی مافی کوردی دەکرد، کەچی لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا هاورێ و هاسەنگەری خۆفڕۆش، دەزگەی ئیستخبارات و ئەوانەی کە دەستیان بە خوێنی میللەتی کورد سوورە بووە و هەلی بۆ ڕەخساندوون و ڕێزی گرتوون! 
لەدوای ڕوخانی سەدام لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣دا جەلال تاڵەبانی، بەڕێزەوە داوا لە ساجیدەی خێزانی سەدام، ماڵومنداڵی قوسەی و عودەی، ڕەغدە و ڕنە دەکات بۆ داڵدەدان بۆ کوردستان بێن و ئەو ئامادەیە پارێزگاریان لێبکات! بەڵام ئەوان ڕەتی دەکەنەوە پەنا بۆ جەلال تاڵەبانی بێنن. حەریر کامل حوسێن، کچەزای سەدام لە بیرەوەرییەکانییدا  لە پەڕتوکی "حفید‌ە صدام" و لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ڕوسی بەشی عەرەبی، ددان بەو ڕاستییەدا دەنێت. ئەمە لە کاتێکدایە هێشتا تاڵەبانی لە ژیان مابوو، سەڕۆک کۆماری عیراقیش بوو، کە کۆمەڵێک کچی ئەنفالکراو چارەنووسیان دەرکەوت، کە فڕۆشرابوون بە ئەو کەسانەی کە  بازرگانیان بە لەشفڕۆشتن دەکرد و خاوەن کەبەرێتەکانی "شارع ئەهرام"ی قاهیرە بوون. کۆمەڵێکی دیی بە عەرەبەکانی ئەو ناوچانە فڕۆشرابوون. لە ساڵی ٢٠١٣دا کەسوکاری ئەو کچانە لە میدیا کوردیەکان گوتیان:"کە ئەوان هەوڵیانداوە و لە کاتی خۆیدا پەنایان بۆ سەڕۆک کۆماری عیراق جەلال تاڵەبانی بردوە، داوایان لێکردوە کە هەوڵبدەن بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بۆ  ڕزگارکردنیان، بەڵام تاڵەبانی دەستخەڕۆی کردون و پێیانی گوتەوە کە ئەو دۆکیۆمێنتانەی دۆزراوەتەوە و بڵاوبۆتەوە دۆکیومێتی ساختەن و دورە لە ڕاستی". بێ گومان ئەمە دڕۆیە، لە فلیمێکی میسریدا ئەو بەڵگەیە خراوەتە ڕوو.  بەڵام تاڵەبانی بە وشەیەکیش خۆی لەقەرەی ئەو بابەتە نەدا، سەری نەوێ کرد، لەبری ئەوەی ببێ بە باوکی کچە ئەنفالکراوەکان، هەوڵیدابوو ببێ بە باوکی حەریر کامل، کە لە ئوردن جلی بوکێنیەکەی بە زێر نەخشکرابوو و باوکی  ڕەنە و ڕەغدەی سەدام حوسێن المجید التکریتی!


تێبینی: ماڵپەڕی شارپرێس گرنگی تایبەتی بە پەرتوکەی کچەزای سەدام داوو و بەڕێزەوە ڕاپۆرتێکی لەسەر ئامادە کردبوو، هەروها کەناڵی ڕووداو چاوپیکەوتنیان لەگەڵ حەریر ئەنجام دا!
سەددام  دوژمنی وای هەبێت دۆستی بۆ چییە؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە