کچی کوردستان

Monday, 05.20.2019, 8:56

3715 بینراوە


ئەوانەی لە مەرگ ترساون و دەترسن، هەرگیز نەژیاون و ناژین..(نیکۆس کازنتزاکیس)
"لیسی شمیت" دکتۆر و ڕۆژنامەنوسی، ئەڵمانی، لە دایکبووی ساڵی 1959، دوای کودەتای 12ی سێپتێمبەری 1980 و ئەنجامدانی تاوانی گەورە بەرامبەر بە چەپگرانی ئەو وڵاتە و کورد بە تایبەتی، لیسی بۆ لێکۆلینەوە و بە بەڵگە کردنی تاوانەکان، لیسی لە ساڵی 1981 یان 1982، خۆی دەگەینێتە، باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، کە باکوری کوردستان دەکات، ئەو دەمانە، تاریکترین سەردەمەکانی کورد و چەپ بوو، لە تورکیادا، بەهۆی ململانێی، سۆڤیەت و ئەمریکاش، هەموو جۆرە تاوانێک دژی چەپەکان، لە وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا، کارێکی یاسایی و ئاسایی، بوو. 
ئەوکاتە، لیسی لە نزیکەوە ئاشنای کورد و دۆزی کورد دەبێت و وەک چەپێک، ڕۆژنامەنوسێک، دکتۆرێک، مرۆڤێک و ئازادیخوازێک، تا دوایین هەناسە و دڵۆپەی خوێن، گرێدراوی ئەو خەڵکە و دۆزەکەیان بوو. 
لیسی، لەژێر هەردوو ناوی خوازراوی (میلێنا ئەرگەن) و (پێترا سێرت)، ڕاپۆرت و نوسراوەکانی بڵاو دەکردەوە، ئەوکاتەی کە لیسی لە تورکیا و باکوری کوردستان بوو، کاری بۆ ڕۆژنامەی (فرانکفورتەر ڕوندشاو)ی ئەڵمانی، دەکرد، لیسی دواتر لەگەڵ چەپی و چاڵاکوانی تورک، (کورشات ئیستەمبول) ژیانی هاوسەری پێک هێنا، هاوکاری بوو لەوەی بگاتە دەرەوەی تورکیا و کتێبەکانیشی چاپ بکات، (کورشات) ئەندامێکی ناسراوی کۆمەڵەی 68ی تورکیا بووە و چەندین جار گیراوە و دەستبەسەر کراوە، لە کودەتای (12ی سێپتێمبەر) دەستگیر دەکرێ، دوای سێ مانگ، ئازاد دەبێت، بەڵام، دواتر تاوانەکانی ئەو سەردەمە تاریکە، دەکات بە بەڵگە و دوای چاپبوون و بڵاو بوونەوەی کتێبەکانی، کێشەی گەورەی دیبلۆماسی بۆ تورکیا ساز دەبێت، چونکە کتێبەکان، کاریگەری بەهێزیان بەجێ هێڵاوە.
لیسی، یەکەم کەسی بیانی بووە، کە لە ئەو *ناوچەی باری نائاسایی تێدا ڕاگەیندرابوو کە باکوری کوردستان بوو، ئۆفیسبکاتەوە و تەنانەت کاری هاوبەش لە نێوان ئەو و (لەیلا زانا) دا هەبووە.
لیسی، لە تورکیا، لەژێر ناوی خوازراوی (میلێنا ئەرگەن)، لە کۆتایی هەشتاکان، کتێبێک بڵاو دەکاتەوە، بە ناوی (کوردستان، مەیدانی تاوان)، دوای ماوەیەکی کەم، کتێبەکە قەدەغە دەکرێ و لە لایەن دەزگا سەرکوتکەرەکانی تورکیا و کۆنترا گەریلا و پۆلیسەوە، پەیامی مەرگ و کوشتن بە لیسی دەگات، جگە لە قەدەغەی یاسایی بوونی لیسی لە تورکیا.

لیسی، خۆی دەگەینێتە باشوری کوردستان، کە ئیتر ئەو کاتە بووە بە هەرێمی کوردستان و کورد تێیدا دەسەڵات دارە، لیسی، وەکو ئەندامی ڕێکخراوی (میدیۆکۆ ئینتەرناشیناڵ) لە باشوری کوردستان، هاوکاری بەرچاوی تەندروستی قوربانیانی چەکی کیمیایی دەکات، هەروەها ئەو کەسانەی بەهۆی ڕاگوێزانی زۆرەملێ و ئەفاڵەوەش، بوونەتە قوربانی، “لیسی” و ڕێکخراوەکەی، هاوکارییان دەکەن.
لیسی، بە یەکەمین ڕۆژنامەنووسی ئەوروپی دادەنرێت، کە ڕوداوی هەلەبجەی بە دیكۆمێنت کردووە و لە ساڵی 1988 چۆتە هەڵەبجە.
بەڵام ئێستا لیسی، لە باشوری کوردستان نیشتەجێیە و هەموو کار و هێزێکی لەو سنورەیە، کە شارەزایێکی باشی لێ هەیە، لیسی، زمانی کرمانجی بە باشی دەزانی و خۆی فێری سۆرانیش کرد، لیسی سۆرانی و کرمانجی بە ڕەوانی دەزانی!
لیسی، لەپاڵ ئەندامبوونی لە (میدیکۆ ئینتەرناشیناڵ)، کاری بۆ (ئاژانسی فرانس پرێس)یش دەکرد، لە باشوری کوردستان.
لیسی زۆر لە نزیکەوە، سیاسییەکانی باشوری دەناسی و شارەزایان بوو، دەیزانی کە مافیان و کاری مافیایی دەکەن و کوشتن و تیرۆر کارێکی ئاسانە لایان، وتنی ڕاستی و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانیان ڕەنگە بە مەرگی خۆی کۆتایی بێت، بەڵام لیسی ڕونە کە مرۆڤێکی گیان باز بووە و یاری بە گیانی خۆی کردووە، لە پێناو تێکشکاندنی تاریکی و هەژموونی مافیاکان لە باشوری کوردستان، وەک خۆی لە پێشەکی کتێبێکی باسی ئامانجی بوونی خۆی لە باشوری کوردستان دەکات، کە پشتگیری کردنی دۆزی کورد و هەبوونی ئەو گەلەیە، لە کاتێکدا ئەوانی تر و دەوڵەتان نکۆڵیی لە بوونیان دەکەن، لە هەمانکاتدا بەگژداچوونەوەی تاکڕەوەیی و تاریکپەرستی و دواکەوتوویی و گەندەڵیی، وەک ئەرکی خۆی دیاری دەکات، لیسی کەسێکی چەپڕەو بووە و بڕوای بە سۆشیالیزم و یەکسانی هەموو گەڵان هەبووە.
لیسی، کۆمەڵێک کاری چاوپێکەوتن و ڕاگەیاندن دەکات و دواتر خەریکی کارێکی ترسناک و بایەخدار دەبێت، کە بەدواداچوونێکی ڕاگەیاندنییە، بۆ ئەو تۆڕێکی فراوانی بازرگانی کردن بە مادە هۆشبەرەکان لە ئێرانەوە بۆ هەرێم و لەویشەوە بۆ ناوچەی تر، کە دەسەڵاتدارانی ئەو کاتە و سەرکردەی کوردی تێدا تێوەگلا بوو، چەند ڕۆژێک بەر لە کۆتایی هاتنی ڕاپۆرتەکە و بڵاو بوونەوەی، ڕۆژی 3ی نیسانی 1994 کە ئەو کاتە سەروبەندی دەستپێکردنی شەڕی لایەن و بنەماڵە کوردییەکان بوو، (لیسی) و (عەزیز قادر فەرەج) کە شۆفێری لیسی بوو، هاوکات پارێزوانیشی بوو، چونکە دۆخی هەرێم ناجێگیر بوو لە ڕووی ئاسایشەوە، کرانە ئامانجی ڕێژنەی گوڵەکان و هەر لەوێدا گیانیان لەدەست دا، ئەوێ چەند کیلۆمەترێک دووری بازگەی چەمچەماڵ بوو، لیسی، دوای ئەو هەموو ئاستەنگی بڕینە، لە هەرێمی مەرگ و شەڕی نێوخۆیی مافیاکان، گیانی لێ سەندرایەوە!
ئەو کاتە هەرێمی کوردستان بە سەردەمێکی تاریک و مافیاگەریی تێدەپەڕی، کە ئەمڕۆکە بەرهەمییەتی، بکوژەکان هەرگیز دەستگیر نەدەکران و مرۆڤ کوشتنیش کارێکی سانا و ئاسان بوو!
دواتر، لە کۆتایی هەمان ساڵ لە هەولێر، دوو کەسی عەرەبی خەڵکی عێراق، لە سێدارە دران، بە تاوانی کوشتنی لیسی و عەزیز!
دۆسیەکە کۆتایی پێ هات، تاوانباران، بە سزای خۆیان گەیشتن!
تاوانەکە لە ملی دەزگای سیخوڕی عێراق نرا، ئەو دوو کەسەش بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە لایەن دەسەڵاتی بەغداوە، پێیان گوتراوە، کە بە ئەنجامدانی کارێکی وەها کەس و کاریان ئارام و سەلامەت دەبن، کە وەک بارمتە لای دەسەڵاتی عێراقن، لە هەمانکاتدا، بەهۆی ئابلوقەی سەر عێراق، سەدام حوسێن، بانگەشەی ئەوەی کردبوو، کە هەر کەسێک لە نێو عێراقدا و هەرێمی کوردستان بە تایبەت بیانیێکی خەڵکی وڵاتانی هاوپەیمان تیرۆر بکات، 10،000دۆلار بە دیاری وەردەگرێت.
لەبەر ئەوە تاوانەکە بە تەواوی لە ملی ئەو دوو کەسە و ڕژێمی سەدام نرا، دۆسیەکە داخرا.
ئایا ئەوە ڕاستی بوو؟
زۆر بە سادەیی، نەخێر.
دوای ئەوەی کە ئۆپەراسیۆنی(31ی ئاب) ڕویدا و هەولێر لە لایەن پەدەکەوە داگیر کرا، بەڵگەنامە و دیکۆمێنتەکانی دادگا کەوتە دەست هێزەکانی پارتی، ئەوانیش زۆربەیان لەنێو برد، لە هەموو ئەو بەڵگە و دیکۆمێنتانەی لە دۆسیەکەی لیسی و تاوانبارەکانی کوشتنی لیسی'دا هەبوون، تەنها یەک کاسێتێک دەرباز بوو و کەوتە دەست کۆمەڵێک کەس کە دواتر، ئەوەیان بە هاوڕێ و هاوڕێبازانی لیسی گەیاند، کاسێتەکە، تۆماری ڤیدیۆیی دانپێدانانی، ئەو دوو کەسە بوو، کە تێیدا، زۆر بە ئارامی و هێمنی و لەسەر خۆ و بێ وردەکاری، دانیان بە ئەنجامدانی کوشتنی لیسی ناوە، بێ ئەوەی هیچ بەرگرییەک لە خۆیان و ئەکتەکەیان بکەن، دیارە ئەوە لە باشوری کوردستان سیناریۆیێکی سەدبارەیە، بۆ هەر تاوانێک کە گەورە پیاوانی باوکی یاسا دەیکەن، کەسانێک دەهێنن کە گوایە تاوانەکەیان ئەنجام داوە، یاری بە خەڵک دەکەن و بە گێلی دەزانن، بەڵام زۆر ڕوون و دیارە، کە ئەو تاوانبارانەی نیشانی دەدەن، هیچیان بەسەر ئەوەوە نییە کە باسی دەکەن، تەنها نوسراوێکیان لەبەر کردووە و لەبەردەم کامێرا دەیڵێنەوە، لەو ڕووەوە کەیسی(سەردەشت عوسمان) میناکێکی نزیکە، کە لە بیری خەڵکە، دیارە کە لە کەیسی سەردەشتدا، ئەو کەسەی بانگەشەی ئەوەی دەکرد سەردەشتی کوشتووە لەبەردەم کامێرا و وەکو دانپێدانان نیشانی خەڵک درا، لە ڕۆژی دادگایی دادوەر پێی ڕاگەیاند، کە جەنابی قاتیل، ڕۆژی تیرۆر کردنی سەردەشت، تۆی گرگن و درۆزن لە زیندان بوویت و لە دەرەوە نەبوویت!
جگە لەوەش کۆمەڵێک ژۆرنالیستی کورد ئەو کاتە لەگەڵ ئەو دوو تاوانبارە لە سجن بوون، لە کاتی بردنیان بۆ لەسێدارە دان لە لایەن جەلادەکانەوە، بیستوویانە کە ئەوان گوتوویانە، “ئێمە نەبووین، ئێوە دەزانن کە ئێمە نەبووین، ئێوە پەیمانی ئەوەتاندا کە ئاگاتان لێمان دەبێت”.
ئەوە ئەو ڕاستییە دەخاتە هۆشی مرۆڤ، کە لیسی خوێنی ونە و بکوژانی لە سێدارە نەدراون.
دادگایی کردنی تاوانابرانی کەیسی لیسی، لە ڕۆژی 11ی 8ی 1994 بووە، لە لایەن دادوەرێکی سەر بە بنەماڵەی بارزانی و نزیک لە پەدەکەوە سەرپەرشتی کراوە.
ئەو ڕاستیانە، دوای 7 ساڵ لە کوشتنی لیسی، ڕوون دەبێتەوە، ئەوکاتە هاوکارانی لیسی لە (میدیکۆ ئینتەرناشیناڵ)، دەست دەکەن بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی ورد و بەو ڕاستییە دەگەن، کە بکوژانی لیسی کەسانێکی سیاسی و ناودارن، لە هەرێمی کوردستاندا.
ناوی کەسەکان ئەوەن: (م.ح.م) و (ع.س) لە لایەنێکی کوردی و (م.ف.ڕ) لە لایەنێکی تر.
بەڵام (م.ف.ڕ) تاوانباری سەرەکییە و بەڵگەنامەی بۆ جێبەجێکارانی تاوانەکە ئامادە کردووە تا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەنەکە یاسایی بن و لە دوایشدا، لیسی تیرۆر بکەن، ئینجا دەرباز بن. هۆکاری سەرەکی و مەیدانی بۆ کوشتنی تێوەگڵانی ئەو ناوانەیە، کە تاوانبارن بە کوشتنی لیسی و لە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە، بەدواداچوون و ئامادەکردنی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی لە لایەن لیسی لەو بارەیەوە، کە ئەو کەسانەشی بە ئامانج دەگرت و ئاشکرای دەکردن.
هاوڕێیانی لیسی لە ڕێکخراوی (میدیکۆ) پەیمانی دادگایی کردن و بە سزا گەیاندنی تاوانبارنیان داوە، بەڵام دیارە تا ئێستا، بەڵگەی تەواویان بۆ ئەو مەبەستە بە دەست نەکەوتووە.دیارە لێرە ئەوە ڕون دەبێتەوە، کە میت و هێزە تیرۆرکەرەکانی تورکیا دەستەکن لەو کارەدا، لە هەمان کاتدا، پشتگیریشیان کردووە، هەروەک ئەوە لە ڕاپۆرتێکی ئیندیپێندێت، ئاماژەی پێدراوە، کە لەوێدا، لیسی، وەک ئەوەی لە لایەن تورکیاوە، کوژرابێ ئاماژەی پێ دەدرێ، ڕاپۆرتەکەی ئیندیپێندێنت، لە ساڵی 1996 بڵاو بۆتەوە، کە چاوپێکەوتنە لەگەڵ هاوڕێیەکی لیسی.
سیاسەتڤانی ئەڵمانی (ئەنجێلیکا بیر) قردێلەیەکی کەسک و سور و زەردی، وەک هاوسۆزی بۆ هاوڕێ تیرۆرکراوەکەی (لیسی) لە قژی گرێ دا، لە سەردانێکی فەرمی بۆ تورکیا، بە فەرمی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە، ڕەخنەی لێ گیرا!
لە شاری سلێمانی، پەیکەرێک بۆ لیسی دروست کرا و بە هەزار کەس تەرمی لیسیان بەڕێ کرد و لە ڕێزی بەخشینی گیانیدا، بۆی وەستان، ناویشیان لێ نا، (کچی کوردستان).
لیسی دوای مردنی، دوو کتێبی بڵاو بوویەوە، یەکێکیان بە کۆی کار و چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانییەکانی بوو لە باشوری کوردستان لە ساڵی 1991 بۆ 1993، کە 182 لاپەڕەیە و لە ساڵی 1996 لە تورکیا چاپ کرا.
کتێبی دووەم، بە نێوی ( ئازادی، چەند بەهادارە!) لە تورکیا لە ساڵی 1997 چاپ کرا، لە لایەن چاڵاکوانی مافەکانی مرۆڤ، (ئایشە نور زاراکۆلو)، دوای دەمێکی کەم، کتێبەکە لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، قەدەغە کرا و دۆزی یاساییش لە،دژی (ئایشە) کرایەوە، لە پای چاپکردنی ئەو کتێبە، دۆسیەکە لە داداگا کۆتایی پێ نەهات و یەکلایی نەبۆوە، (ئایشە) گیانی لەدەست دا.
دوای مردنی لیسی، لە ڕوداوێکی تەمومژاوی دا (کورشات) بە ڕوداوێکی هاتووچۆ، توشی شەلەل بوو و لە توانای ڕێکردن کەوت، تا لە ساڵی 2016 گیانی لە دەست دا و هەر لە ئەڵمانیاش، نێژرا.
لیسی، وەک، ئەستێرەیەک، کە هەرچەند ئاسمانیش پیس بێت و هەور و دوکەڵ هەبن، دیارە و دەدرەوشێتەوە، تاوانباران و بکوژانی لیسیش، هەرگیز ناتوانن فریاد ڕەسی ئازادی هیچ کەسێک بن، چونکە میلیتانێکی ئەو گەلە بێ چارەیەیان بە قێزەوەنترین شێوە تیرۆر کردووە، تەنها ئەوەندە بەسە، کە مرۆڤ بە هەرزانی و بە سیناریۆ هەرزانەکانیان باوەڕ نەکات، لیسی و بەکر عەلی و سەردەشت عوسمان و وەدات حوسێن و سۆرانی مامە حەمە و کاوە گەرمیانی و قابیل و هابیل، ڕێبواری ڕێگای وتنی ڕاستی و ویستی ژیانێکی باشترن بۆ مرۆڤەکان.
لە هەرێمی مافیاکانەوە، ڕێز و ئامێزێکی گەرم و تژی لە خۆشەویستی، بۆ ڕۆحی لیسی.




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)