دادوەری ئاسایش و من، شاسواریش؟

Monday, 20/05/2019, 5:48

8273 بینراوە


"هەلاو، د۰ت۰م۰ سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردستانت لەگەڵە ، د۰هەژار  چیت کردوە ؟   بە تۆمەتی ئەوەی تۆ بویتە مەترسی لە سەر ئاسایشی نەتەوەیی، بە خەتی سور فەرمانی گرتنت لە هەولێرەوە لەسەر داوای دادگای شاری ک۰ بۆ دەرچوە  فریای خۆت نەکەویت هاکا کەلەپچەیان کردە دەستت"
پێش ئەم تەلەفونەی د.ت.م. پیاوێک لە ماوەی مانگێکدا سێ جار بە تەلەفون داوی لێکردم بچم لە دادگای ک. ئیفادە بدەم لە مەڕ مژاری س. کەسەکە وەک کارمەندێکی ئاسایشی شاری ک. خۆی بە من ناساند، بەڵام من بە چیدا بزانم وایە؟ س. نەخۆشێکی خۆم بو لە سەر مادەی هۆشبەر گیرابو ، پێش چەند مانگێک لە سەر داوای باوکی و وەک ئەرکی دوکتۆریی خۆم  ڕاپۆرتێکی پزیشکیی دەرونیم دەربارەی س. نوسیبو ، باوکی ڕادەستی دادوەری کردبو. من هەر سێ جارەکە بە تەلەفونکەرەکەم دەوت بە پێی یاسا دادگا دەبێت بە ڕەسمی ئاگادارم بکات، لە جاری سێهەمدا پێم وت ژمارەی تەلەفونی دادوەرەکەم بدەرێ با تەلەفونی بۆ بکەم،وتی نابێت ، پێم وت دە ژمارەکەی منی بدەرێ با ئەو تەلەفونم بۆ بکات ، وتی ئەوە ش نابێت، منیش وتم دە منیش هەتا بە ڕەسمی ئاگادار نەکرێم نایەم. ئەڵبەتە جەنابی دادوەر دەیتوانی لە لایەن دادوەرێکی ترەوە لە بری خۆی ئیفادەکەم کە لەسەر ڕاستاندنی ڕاپۆەرتە دەرونیەکە بو هەر لە سلێمانی وەربگرێت، دیارە بۆ خۆسەپاندن و ئازاردانی من ئەمەی نەکرد و وەک تۆڵە فرمانی گرتنمی لە هەولێرەوە دەرچواند بە تۆمەتی ئەوەی گوایە من نامەوێ ئیفادە بدەم لە کەیسێکدا کە پەیوەندیی بە(ئاسایشی نەتەوەیی کورد) ەوە هەیە! فرمانی گرتنەکە ناچاری کردم  بچمە بەردەم جەنابیان لە دادگای ک. ئەو خۆی هیچ دەربارەی ڕاپۆرتەکەم پرسیاری لێنەکردم !هەر ڕەخنەی ئەوەی لێگرتم کە بۆچی بە تەلەفونەکان نەهاتوم، بە کەفالەتی دو ملیۆن دینار نەیانخستمە زیندانەوە۰ دواتر دادوەرێکی تری دادگای ک. سەلماندی کە حوکمی گرتنەکەی من ناڕەوا و یاساشکێنیەکی لە سەدا سەد بوە، ئینجا بە هەوڵی شێلگیرانەی هاوڕێی هێژام (حاکم ڕزگار محمدئەمین) کە یەکەم دادوەری دادگاییکردنی سەدام  حسەین بو، کەیسەکەی منیان داخست و دو ملیۆن دینارەکەیان بۆ گەڕاندمەوە. 
تۆ بڵێی لە کەیسەکەی شاسوار عەبدولواحید ی نەوەی نوێ و موچەخۆرەکانی، وەک لە کەیسەکەی من، لە لایەن دادوەری ئاسایش و لێکۆڵەرانی  ئاسایشەوە یاساشکێنیی گەورە نەکرابێت؟ بەڕاست دادوەری ئاسایش کەسێکی بێلایەنە؟ کێ دایدەنێ؟ لەسەر بناغەی کام  پسپۆڕی و کام توانای کەسێتی دادەنرێ؟ کێ چاودێرە بەسەریەوە؟ باشە ئەگەر ڕەپ و ڕەوان و دیکتاتۆریانە دادوەرێکی نادادوەر و نادادپەروەر بە فرمانی نهێنیی  حیزبی دەسەڵاتدار کە ئەوی ناشایستەی بە ناحەق کردوە بە دادوەر، حوکمێکی ناڕەوا و یاساشکێنی بەسەر هاوڵاتیەک دا  دەرکرد کێ بەرگری لەو هاوڵاتیە بکات و چۆن؟ ئەی کێ لێپرسینەوە لەو دادوەرە بکات؟ بە ڕاست دادوەر لە سەر هەڵەی گەورەی یاسایی و حوکمی زاڵمانە و یاساشکێنانە دادگایی دەکرێت؟
فایلی هەزاران کەیسی دادگا چەندین ساڵە بڕیاریان لەسەر نەدراوە و تۆزیان لەسەر نیشتوە،هاوڵاتی متمانەی بە دەسەڵاتی دادوەری نەماوە بۆیە دەبینین زۆرینەی کێشە و گرفتەکانی نێوان خەڵک لە دەرەوەی دادگاکان چارەسەر دەکرێت ۰ 
لە هاوین و پایزی ۲۰۱۸ بە نیوەنهێنی و دور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان پارتی و یەکێتی کودەتایەکی یەکلاکەرەوەیان بەسەر دەسەڵاتی دادوەریدا کرد ، ئەوەبو  هەمو پۆستە گرنگەکانی دەسگای دەسەڵاتی دادوەری ودادگاکانی تێهەڵچونەوە و ‌ پیاچونەوە (تەمییز)  لە شارەکانی هەرێم نیوەبەنیوە لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد، لەم کودەتایەدا کەسێک کە لە سەردەمی ڕژێمی سەدامدا کادیری باڵا (نێیر متقدم) ی حیزبی بەعس بوە  کرا بە سەرۆکی یەکێک لە دادگاکان، ئیتر ناحەقی خەڵک بگرین کە بڕوای بە دادگاکانی کوردستان نەمابێ؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە