کوردستان بەرەو سیستەمی خێڵەکی- پەرلەمانی

Thursday, 23/05/2019, 13:00

25320 بینراوە


لە سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراسیدا خەڵکانیک کە دەچنە پێشبرکێ و خۆپاڵاوتن بۆ پۆستێک ، هەر کەس بە جوهد و توانای خۆی و ئەو ڕێکخراو یان حیزبەی کاری تیدا دەکات ، کار بۆ زۆرینە دەکەن کە دەنگی پی بدەن ، نەک پێش وەخت بریاری هەموو کۆمەڵانی خەڵک یان حیزبە فەرمانڕەواکان لەسەر ناویک ڕێک کەوتبن کە تەنها کەس دەبێت زۆرینە دەنگی لەسەر بدات ئەبێت ئەوە بێت کە دیاری کراوە ، لەم حاڵەتدا هیج پێویست بەوە ناکات نە هەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەو پۆستە نەکەسیش  جگە لە ناوی دیاری کراو  گەمژانە شەڕی ئەو پۆستە بکات و خۆی بکات بە  مورەشیح و بچێتە مەهزەلەی کێبرکێیەکەوە کە بە ئاشکرا دەزانیت ج کەسیک مسۆگەر کراوە بۆ ئەو پۆستە.
سەتا چاویک بە لیستی ناوی کەسانی کیبڕکێی سەرۆکایەتی هەریم بخشێنیت ، جگە لە گاڵتە کردن بە دیموکراسی و پەرلەمان و حوکمەتی کوردی هیچ مانایەکی تر نابەخشێت بۆت.
گەر دیقەتی  بەیاننامەو لیستی ناوەکان بدەیت ئیتر بەسە بۆ ئەوەی لە ماهیەتی  هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەریم بگەیت.
سەرەتا هەر بەیاننامەکەی دەرکردنەکەی کێبڕکی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و ، نووسینی ناوی نێچیرەوان بارزانی لە ڕیزبەندی لیستی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم وەک یەکەم ناو ، هیچ گومان نامێنێت کە سەرۆک هەر خۆی دەبێ و بەس.
گەر سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمای کوردستان هی هەموو خەڵکی کوردستان بوایە، دەبا هێندە جورئەت و ئازایەتیان تیادا بوایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕیزبەندیەکەیان هیچ نەبوایە بە گوێرەی ڕیزبەندی ئەلفا بێ دابنایە ، کە لە حاڵەتدا هەم زانستی وهەم بۆ بواری زمانەوانی و ڕیزمانی جوانتر بوو، هەم کەمێک عەدالەت و یەکسانی لەناو کێبڕکی کەراندا  بەدی دەکرا .
کەمێک گومانیان لەسەر خۆیان لادەبرد ئەگەر ڕیزبەندەکە بەم جۆرە بوایە، کە بە حەرفی ئەبجەدی خاڵبەندی دەکرا واتە
1- ئومێد عبدولسەلام قادر
2- محەمەد حمە صاڵح حمر
3- هیوا عبدولله خدر
4- نێچیرڤان ادریس مصطفی بارزانی
5- ڕێبوار عزیز مصطفی
--------------------------------
دیارە نە پەرلەمان پەرلەمانە و نە ماڵباتی بارزانی قەبوڵیانە ناویان لە لیستەکاندا لە ژێر ناوی خەڵکی ترەوە بنووسرێت، هەر چۆن کاتی خۆی لە گەرمەی شەڕی ینک و پدک دا ئەو کاتە فرانسۆ حەریری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پدک پەرلەمانی کوردستانی شوبهاند بە مەیدانی حەیوان دیارە تا ئەم ساتەش هەر هەمان فکرە و لایەن وەک مەیدانی ئاژەڵ وایە نەک جیگەیەک بۆ یاسا و ڕێسا و بەڕێوەبردنی دەسەڵاتو دەوڵەتداری.
جا عەقڵیەتێک  تەقەبولی  هێندەی نەبێت کە ناوەکەی دوای ناوی کەسێکی تروە بێت ، دەتوانی و دەکرێ ئەم کەسایەتیە  بانگهێشتی ئەو پەرلەمانە حیزبیە بکرێت و موحاسەبە و لێپرسینەوە  لە کارەکانی بکرێت،  کە زۆرینەی پەرلەمتاران سەر بە حزیبەکەی خۆی بن..
جاری پێشوو هەرچەندە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم بێ کەموکوڕی و خەوش نەبوو ، دوو حیزبە سەرەکی و گەورە و بڕیار بەدەستەکەی ئەو کاتە کەوتنە بانگەشە بۆ مەسعود بارزانی و هەموو سامانی ووڵات و ئیعلام و رۆژنامەکان لە خزمەتی مەسعود بارزانیدا بوون ، کۆمەڵێک تەزویراتی ئەملاولاش ئنجا توانرا نزیکەی لە ٦٩٪  ی بۆ کۆبکەنەوە و،  ببێتە سەرۆکی هەرێم . دواتر ئیسپات بووکەلەبەر ئەوەی هەڵبژاردنەکە گوماناوی بوو، نەیتوانی بۆ ساتێکیش وەک سەرۆکی هەموو هەرێم خۆی نمایش بکات و بە ئازادانە سەردانی شارەکانی کوردستان بکات.
هەڵبژاردنی سەردەمی مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەو هەموو کێشەو کەموکوڕیانەدا زۆر لەم هەڵبژاردنەی نێچیرەوانی ( برازا و زاوا ) ی رەوایەتی زیاتر هەیە.

سەردەمی هەڵبزاردنی مەسعود بارزانی بۆ باشتر بوو؟
یەکەم: مەجالی کەشف بوون نەبوو کە کێ دەنگ بە کێ دەدا و سەرۆک شەنسی تاڕادەیەک نەبوو و زۆر دڵنیا نەبوو کە دەنگی زۆرینە دەهێنێت، چونکە دەنگدان و بڕیاردان لەناو هەموو ماڵەکانەوە دەردەچوو.
دووهەم:. سەرۆکی هەرێم زیاتر خەڵک دەیناسی و دەزانرا تاڕادەیەک  کەسایەتیەکی چۆنە و چی لە باردایە ، گەر کرا بە سەرۆکی هەرێم، چونکە دەبوایە شار بە شار بگەڕایە و بانگەشە و لێدوانی بدایە و قەناعەتی بە هەموو خەڵک بکردایە کە تا دەنگی پێ بدەن و ببێتە جێگەی متمانەی هەووان.
سێهەم: مونافیسەکان زیاتر مەجالی ئەوەیان هەبوو ململانێی یەکتر بکەن و عەیب و عاری لاینەی بەرامبەر بدرکێنن و ، دواتر بەرچاوڕوونی زیاتر بە خەڵکی دەنگدەر دەدرا کە دەنگی بۆ کێ بێت.
ئەم جارە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم کارێکی باش بوو بۆ هەڵبژاردنی لە پەرلەمانەوە ، چونکە دەکرا پەرلەمان هەموو کاتیک موحاسەبەو لێپێچینەوەی لەگەڵ بکردایەو سەحبی سیقەیان لی سەندایەتەوە لە کاتی ئەنجام نەدانی ئەرکەکانی دا  بە  دادوەرانە، وەک داوا دەکرا کە تارادەیەک سەرۆکیکی تەسریفاتی بوایە ، دوور لە جەند دەسەڵاتیک کە پیی دراوە کە دەکرا ئەو دەسەڵاتانە لە نێوان حوکمەت وپەرلەماندا دابەس بکرایە ، نەک سەرۆکایەتی هەرێم تاقە دەسەڵاتو خاوەن بەدەستی دەزگا و جومگە زۆر گرنگەکانی هەرێم بێت ، وەک بواری هێزی چەکداری و ئەمنی و دارای.
لە کاتێکدا کە کەسایەتیەکە دیاری کراوە کە کی دەبێت و دەنگدانی پەرلەمتاران دەبیت بۆ کێ بێت ، ئنجا تۆ بێیت چەند ناوێک لەگەڵیدا دیاری بکەیت ، گوایە ئەمانە دەچنە کێبڕکێی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم و ، تەواو ئەمە گاڵتە کردنە بە کۆی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان.
ئاخر سێ لایەنی زۆرینەی ناو پەرلەمان کە دوو مانگ پێش ئەم دەنگدانە ڕێک بکەون کە دەنگ بە کێ دەدەن لەناو پەرلەمانداو ، لە بری ئەم مەهزەلە دیموکراسیە چەند پۆستێک لە حوکمەتدا وەرگیرابێت ، ئیترچ پێویست دەکات خەڵکی گێل یان دروستکراو بێن و، ببن بە مونافس بۆ سەرۆکایەتی هەرێم .
هەموو دەزانین کە بە چ سەفەقەیەکی سیاسی،  پارتی دیموکرات رازی بووە و چەند وەزارەت و پۆستی ئیداری بەخشیەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان و ینک.
جا ئێستە هاتوون خۆتان هێندە گێلن یان خەڵکی کوردستان بە گشتی بە گێل دەزانن ، کە دڵنیام خەڵک گێل نیە و باش لەم گەمە سیاسیانەتان گەیشتووە! کە چەند ناوێکتان لەژێر ناوی نێچرەوان بارزانیەوە داناوە کە بە حساب دەچنە کێبڕکێ و ململانێ کردن بۆ بەدەست هێنانی سەرۆکایەتی هەرێم!
گۆڕان و یەکیەتی بەمە زیاتر هەر وەک چۆن کاتی خۆی ینک شەرعیەتیان بە مەسعود بارزانی سەرۆکی ناشەرعی هەرێمی کوردستان دەدا، ئەو کاتە بزووتنەوەی گۆڕان تانەی لە ینک دەدا کە هاوکاری مانەوەی مەسعود بارزانیە بە ناشەرعی لە سەر کورسی سەرۆکایەتی هەرێم.
بزووتنەوەی گۆڕان جاران چەکیکی گەورە و هێزی موعارەزە بوون ئەمەی وەک تانە و عەیبە دەدا بە ڕووی ینک داو ، هەم بەمەش عاتیفە و سۆزی خەڵکێکی زۆریشی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو، بەڵام ئەم جارە لەبەر خاتری چەند وەزارەتێک و پۆستی ئیداری لەسەر ئەم مەهزالە و گاڵتە کردن بە دەوڵەتداری و کاری پەرلەمانتاری هەمان دەوری جارانی ینک دەگێڕێت و بەمەش بزووتنەوەی گۆرانی خستە ژێر کۆمەڵی پرسیاری گوماناویەوە.
لە هەلبژاردنی ناو خەڵکدا کە هەموو کۆچەو شەقامەکانی کوردستانی دەگرتەوە ، نەک وەک ئێستە لە هۆڵێک و بە ئامادە بوونی نزیکەی ١٠٠ سەد کەسێکی حیزبی و نەیاندەتوانی کۆنترۆڵ هەموو ئەندامان و لایەنگرانتان بکەن لە پرۆسەی دەنگدان لەناو خەڵکەوە، بەڵام ئەم جارە کە دەچێتە ناو پەرلەمانەوە زۆر بەباشی هەم پارتی و هەم ئێوەش دەتوانن کۆنترۆڵ ئەو چەن ئەندام پەرلەمانتەان بکەن و ئیجباریان بکەن وهەڕەشەیان لی بکرێت ، خۆشحاڵ بن یان نا دەبێت دەنگ تەنها بە ناوێک بدەن کە لە دەرەوەی پەرلەمان و،و لە سەفەقەتی کۆبوونەوە حیزبیەکاندا لەسەری ڕێکەوتوون و هیچ ڕێگایەکی تر لەبەردەمیان نیە !
لەم حاڵەتەدا هەر ئەندام پەرلەمانێکی بزووتنەوەی گۆڕان و ینک گەر دەنگی بە پاڵێوراوەکەی پارتی نەدا، ئەوا هەم وەک حیزب و بە پێی یاساو عورفی حیزبایەتی بۆتان هەیە موحاسەبەی ئەو ئەندام پەرلەمانەتان بکەن کە لە بڕیاری حیزبی لای داوە و لەوانەشە وەک خائینی حیزبی لە قەڵەمی بدەن و ، تاوانباری بکەن کە لە پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبی لای داوە.
هەمان کاتیشدا  ماڵباتی بارزانی و پدک  بە پەیمان شکێن ناوزەنتان ،  ئەگەر محاسەبەی ئاشکرای ئەو ئەندام پەلەمانە نەکەنە کە دەنگیان بە پاڵێوراوەکەی پارتی نەداوە، بۆیان هەیە ئەو پلەو پۆستە ئیداریانەی کە لە بری سەرۆکایەتی هەرێم پێی بەخشیون و ڕیککەوتوون لەسەریان ، لێیان  پاشگەز بێتەوه.
لە حاڵەتێکدا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتی هەرێم سوودی دەبوو، کە دوور لە دەسەڵاتی حیزبی و ڕێکەوتنی پێشوەختەی ژێربەژێر بۆ دەنگدان لەسەر کاندیدێکی دیاری کراو!  دەکرا ببیتە مایەی گۆرانکاری و دەستخۆشی ، نەک پەرلەمانێک لەبەری سیستەمی دیمکراسی ببیتە دیەواخان و سیستەمی حوکمڕانی خێڵەکی بەرهەم بێنێت.
ئەم جۆرە دەنگدانە بۆ سەرۆکی هەرێم هەموو ڕیگەکانی ململانێ و خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم داخستووە و ئیتر هەر لایەنێک بە تەزویرات و هاوکاری موخابەراتی ووڵاتانی دراوسێ توانی زۆرینەی کورسیەکانی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بکات ، ئەوە بە مسۆگەری سەرۆکایەتی هەرێمیش هەر لە خۆی دەبێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە