ئایا جەنگ لەدژی کۆماری سێدارە بەرپادەکرێت؟

Sunday, 26/05/2019, 11:43

8723 بینراوە


تاسیستەمی سەرمایەداری هەبێت، تا ئەوکاتەیش جەنگ و وێرانکاری بونی دەبێت. چونکە خودی سەرمایەداری یانی جەنگ،تاقازانج و چەوساندنەوەی چینایەتی بەردەوامی پێ بدات. ئیتر ئەوەی کەی و چ ساتێک جەنگ دەکرێت،ئەو ساتە پەیوەست بەو قۆناخ و قەیران و ململانێیانەوە کەدەوڵەتان هەیانە لەنوخۆداو لەگەڵ دەرەوەیشدا.
کێبەرکێی بازاڕی ئازاد،قۆناخێکە لەقۆناخی قۆرخ کاری و داگیرکاریدایە،بۆیەش هەر ئەو قۆرخکاریە دەبێتە دەرئەنجام و هۆکارێک بۆ جەنگ و گەڕان بەشوێن داگیرکاریدا.
لەم سەدەیەدا،وڵاتانی ڕۆژهەڵات و باکوری ئەفریقاو چەندین جێگەیتر،مەیدانێکی لەبارو کراوەن بۆ خاڵی کردنەوەی قەیرانەکان و لەوێیشەوە بەرپاکردنی جەنگ و درێژەدان بەقۆناخی گێژاو.
لەدوای کۆتایهاتنی بلۆکی شورەویەوە لەسەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا،تائێستایش بۆ چرکەیەکیش جەنگ نەوەستاوە،بەڵکو بەردەوامی هەیە.
کێبەرکێ و هەڵپەی ساغ کردنەوەی کاڵاکان و ڕاکردن بۆ بەچنگ خستنی مادەی خاو بەنرخێکی هەرزان بۆ بەکارهێنان و بەرهەمهێنانەوەی بۆ کاڵاو فرۆشتنی لەبازاڕەکانداو،دواتر،کۆکردنەوەی قازانج لەدوای فرۆشتن،گوژمێکی واخێرای بەخۆیەوە دیوە کەلەمێژووی مرۆڤایەتیدا وێنەی نەبوە. ئەو زیادە بەرهەمەی بونی هەیەو بەردەوام بازاڕەکان جمەیان دێت لەکاڵا جۆراوجۆرەکان و بەپێی هێز هاوسەنگی خواست و خستنەڕو نیە،لێرەدا، لەئەنجامی کێبەرکێکاندا،کشانەوەو داکشان و قەیران دروست دەبێت. ئالەم کاتانەشدا،جەنگ،چەکێکی کاریگەرە بۆ ساغ کردنەوەی گەلێک کاڵا کەلەئەنبارەکاندا خەوێنراون.
بەهاو ناوەڕۆک و ناواخنی سیستەمی سەرمایەداری کەلەسەر بنچینەی چەوساندنەوەی چینایەتی دامەزراوەو پایەکانی داگیرکاری و قۆرخ کاری و چۆنیەتی ئەوەی تاچەند دەتوانیت خۆت بەپێوە ڕابگریت لەبەرانبەر هەیمەنەو هێزی ئەوی بەرانبەردا،وەستاوە.
ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکان لەوڵاتانی جیهاندا،لەنێو بازاڕو ڕەحمەتی ئەم سیستەمە دڕندەیەدایە،بۆیەش لەهەر کۆمەڵگەیەکدا کەبڵێین جەنگ لێوەی دورە یان نزیکە،پەیوەستە بەئاستی چونەپێشی مەدی هۆشیاری سیاسی گشتی کۆمەڵگەو ئەوەی گەر لەنێو وڵاتێکی گەشەسەندودا جەنگ ڕوبدات،کێ زیاتر لێی زەرەرمەند دەبێت،چینی کۆمەڵایەتی زۆرینە یان چینێکی کەمی دەسەڵاتدار،بێگومان لەوکاتەدا،چینی کەمایەتی دەسەڵاتدار. چونکە کۆمەڵگەی پێگەیشتو،ڕێگەنادات بەچینەدەسەڵاتدارەکە بەئارەزوی خۆی یاری بەچارەنووسی بکات.
جالەم سەدەیەدا، وڵاتانی ڕۆژهەڵات و بەشێکی زۆر لەوڵاتانی ئەفریقاو ئەو وڵاتانەی لەڕوی گەشەی ئابوری و هۆشیاری گشتی کۆمەڵگە هێشتا لەدوان،مەیدان بۆ جەنگ و کاول کاری ئاسانترە،تالەوڵاتێکی گەشەکردودا دەست ببرێت بۆ جەنگێک.
ئەم قۆناخەی ئێستاو گەرمی و گرژیەکانی نێوان دەوڵەتی کۆماری سێدارەو ئیمپریالیزمی ئەمریکی،تادێت ڕو لەسەرەو مەیدان گەرم کردن بۆ جەنگ تادێت برەوی پێدەدرێت. هەردو زلهێز،لەناوخۆدا لەقەیراندان،بەتایبەتیش دەوڵەتی کۆماری سێدارە،چونکە تادێت ئابوری و بەرهەمهێنان تێیدا ڕو لەخوارەو ژیانوگوزەرانی زۆرینە بەرەو داڕمانی تەواو دەچێت. لەوەها ساتێکدا،تەقینەوەی جەماوەری بەکارێکی چاوەڕوان کراو دێتە ئەژمار،گەرچی ڕژێمیش تەواوی سەرکوتگەریەکانی خۆی بەکاربهێنێت،هێشتا ناتوانێت لەکاتی تەقینەوە گەورە جەماوەریەکەدا خۆی بەپێوە ڕابگرێت. بۆیەش لەم ڕێگەیانەوە،تائەندازەیەک پێدەچێت گەر لەڕوی دەرونی و ڕیکلامیشەوە بێت،دەوڵەتی ئاخوندەکان وانیشانی ناوخۆ بدەن کەدەتوانن جەنگ بکەن گەر ئەمریکا بتوانێت هێرش بکاتە سەریان.(گەرچی دەوڵەتی ئاخوندەکان،هەڕەشەکانی تەنها پەیوەست نیە بەهێزو باوەڕی خۆیەوە،هێندەی پشت ئەستورە بەئیمپریالیزمی ڕوسی و چینی بەپلەی یەک،پێدەچێت جۆرێک لەگەرەنتیشی وەرگرتبێت لەو ڕوەوە).
دەوڵەتی ئاخوندەکان،لەماوەی چل ساڵی تەمەنیدا،خۆی گەیاندۆتە قۆناخی ئیمپریالیزمێکی ڕۆژهەڵاتیانەو هیچ دەوڵەتێکی ناوچەکە چارەکێکی ئەو ئیمپراتۆریەتە ئاخوندەییە توانای نیە،گەرچی هێشتا خاوەنی چەکی ناوەکیش نیە بەشێوەیەکی فەرمی. ئەو خۆ پڕچەک کردن و پەلهاویشتنەی بۆ داگیرکاری وڵاتانی چواردەور،بۆخۆی کردویەتیە ژمارەیەکی گەورە لەناوچەکەدا. جالێرەدایە،گەر جەنگ ڕوبدات،هاوشێوەی جەنگی کەنداو یان سوریاو ئەفغانستان و یەمەن نابێت،بەڵکو جەنگێک دەبێت،خودی زلهێزان و جیهانیش دابەش دەکاتە نێو دو بەرەوە. (کاتێک ئیمپریالیزمی ئەمریکا هێرشی کردە سەر گەلی عێراق و ڕژێمە دەستکردەکەی خۆی کەصدام حسێن ڕابەری بو،توانی لەماوەیەکی کەمدا زۆرترین وڵاتانی جیهان بخاتە نێو بازنەکەی خۆی و تێچوی جەنگەکەیش لەئەستۆ بگرن). بەڵام،دەوڵەتی ئاخوندەکان،نەوەک ڕژێمەکەی صدامە وەنە بەشێوەی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدە،وەنەخەڵکی ئێران هاوشێوەی خەڵکی عێراق و سوریاو یەمەن و لیبیاو ئەفغانستانە.
بۆیە،گەر جەنگ بەرپابکرێت،جەنگێکی وێران کاری زەبەلاح و لانی کەم کۆی دەوڵەتانی ناوچەکە دەبنە مەیدانی جەنگ،ئەوە،لەکاتێکدا،گەر جەنگ بەرپاببێت و گەلانی ئێران،ڕانەپەڕن لەدژی ڕژێمە سەرکوتگەرەکەی خۆیان و دەست نەبەن بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی خۆیان.
هەرچۆنێک شرۆڤەو لێکدانەوە بکرێت،ئاستی پێگەیشتویی گەلانی ئێران،کەزۆرینەکە پێک دەهێنن،خاوەن مێژوویەکن لەبەرپاکردنی شۆڕشدا،بۆیەش،ئیمپیالیزمی ئەمریکیش نایەوێت جەنگێک بکات گەدواجار لەبەرژەوەندی نەشکێتەوەو نەبێتە هۆکارێک بۆ سەرکوت کردن و دامرکاندنەوەی هێزی بەرپاکردنی شۆڕشی چینەچەوساوەکان لەئێراندا.
جەنگ،تاکە ڕێگەیە بۆ ئیمپریالیزم و سەرمایەداری،تابتوانێت خۆی لەکەوتن پێ بپارێزێت.
بۆ چینەچەوساوەکانیش،بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی تەنها چەکێکە کەدەتوانێت خۆی و کۆی مرۆڤایەتیش ڕزگار بکات لەدەست ئەم سیستەمە هاڕو دڕندەو چەوسێنەرو قازانج پەرستە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە