گوتنی ڕاستی باجی دەوێت

Monday, 27/05/2019, 22:11

7539 بینراوە


لەگەڵ من دەڵێت ئەم دەسەڵاتە دزە ، گەندەڵن ، مافیان، مرۆڤ کوژن،، خەڵك برسی دەکەن،، نۆکەری بێگانەن ،دوایی دەست دەکات بە بەرگری!!ئێ کەوابێت تۆ بەرگری لەدزو مافیاو مرۆڤ کوژو مرۆڤ چەوسێنەر دەکەیت، کەوابێت تۆش بەشێکی لەم سیستەمە، گفتوگۆی چیت لەگەڵ بکەم یان بەرگری لەکامە بەھا دەکەیت؟
من ھەموو کات کۆمەڵگەم بە بنەما گرتووە چونکە لێدان و ڕووبەڕوو بوونەوەی بێ چەك و تووندوتیژی  لە ھێزی دیکتاتۆر و فاشیزمەکان ھۆشیارکردنەوەی تاک و کۆمەڵگەیە،ئەوان ھێزی خۆیان لە گەمژە کردنی تاک وەردەگرن ،  پێموایە زۆرینەی تاکی کۆمەڵگەی باشور تووشی چەقبەستوێکی سەیر بووە!
چەند جارێک ئەوەم نووسیوە بۆیە چەند بارەی دەکەمەوە چونکە پێموایە ڕێك زۆرینەی تاکی باشور تووشی ئەم دۆخە دەروونیە بووە، لە زانستی دەروونناسی نەخۆشیەکی دەروونی ھەیە ناوی( Stockholmsyndrom)بە کوردییەکەی دەبێتە(کۆنیشانی ستۆکھۆڵم)
ئەم نەخۆشیە لە شۆک دروست دەبێت ئەگەر ھەڵە نەبم ساڵی ١٩٧٤  کاتێک چەند دزێك ھەڵدەکوتنە سەر بانکێك لەشاری ستۆکھۆڵمی سوید و سەرجەم کارمەندانی بانکەکە دەستبەسەر دەکەن بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك وەک بارمتە دەیانھێڵنە و لەو ماوەیە خەریکی ڕێککەوتن دەبن لەگەڵ پۆلیس، لەم چەند ڕۆژەدا بارمتەکان تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن.
یەکێك لەنیشانەکانی ئەم نەخۆشیە ئەوەیە ،ھەستکردن بە وەی کە دوژمنەکانیان کەسانی چاکن و دەیان پارێزن و تەنانەت گەر مرۆڤێك بێت و ھەوڵ بدات ڕزگاریان بکات لەدەست دوژمنەکان ئەوە بارمەتەکان بەرەنگاریان دەبنەوەو دوژمنەکانیان دەپارێزن!!! دۆخی ئەوانەی ئێستا بەرگری لەو ستەم لێکراوانەی کۆمەڵگە دەکات ڕێك لەئێمەمانان دەچێت ھەم دزەکان دوژمنی ئێمەن ھەم بارمەتەکانیش، ئەگەرچی من باوەڕم بەوەیە کە پێش ئەوەی شەڕ بۆ مافی کەس بکەم  ئەوە شەڕ بۆخۆم و مافی خۆم و کەڕامەتی مرۆڤ بوونی خۆم دەکەم و ئینجا کاری ئەخلاقی و ویژدانی خۆم دەکەم بەرامبەر بە کۆمەڵگە و ئەوە بە منەتیش نیە و بەڵکو ئەرکە دەبێت ھەموو ئەوکەسانە ھەڵسن بەم ئەرکە کە ھەست بەئازاری ویژدان و ئەخلاق دەکەن،من دەمەوێت بپرسم چوار موچەت بۆ ھاتووە لە حکومەتی ناوەندی عێراق ، ھەرێم بەئاشکرا غەدرت لێدەکات و قوتی منداڵەکەت نادات، تۆ بێدەنگی و ڕەخنەی ئێمە مانانیش دەکەن کە بەرگری لە تۆ و ئەم   چینە چەوساوە دەکەین؟  من چەندین جار تووشی ئەم دۆخە بوویمەوە کە لەچەندین لاوە ھێرشم دەکرێتە سەر وەکو ئەوە وابێت ئەوە منم تاوانبارو و دزو گەندەڵ و مافی خەڵکم خواردبێت،، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوە ڕاستەوخۆ بەنووسین و ووتن پێیان ووتم تۆ لەئەوڕوپای خۆت بژیت وازبێنە لێرە؟! ھەڵبەتە ئەوانەی دەیلێم مرۆڤە ستەم لێکراوەکانن کە لەجۆرێک بووینە قوربانی لەسەدەی ٢١ باوەڕناکەم کۆیلەکانی سەردەمی فیرعەونەکان لەم جۆرە دۆخە ژیابن! دە تۆ ئێستا لەخۆت بپرسەو بۆ یەک خولەک بیرکەوەو پێم بڵێ (تۆ چیت دەوێت لەخۆت و ژیان) .
ئەم چەقبەستوویەو بێ ئیرادەییەو دوو ڕووییە تاکەی؟  دەبیرکەوە ، بیرکردنەوە واقعی خراپ بە باش دەگۆڕێت..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە