پیرۆزە کوردستانپۆست خۆی پۆشتەتر دەکات

Thursday, 27/06/2019, 8:19

13611 بینراوە


کوردستان هێشتا لە چەرخی تاریکییدایە، ئاسان نییە تاکی ئەو کۆمەڵگایە دەرک بەوە بکەن کە چۆن مافیان پێ شێل کراوە! بۆ لە ڕەوڕەوەی مێژوودا لە دواوە ماون!؟ چۆن ڕێبەرەکانیان پرسی ئەوانیان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی بەکارهێناوە!؟ هەر ڕۆژەی لەژێر دەستی دیکتاتۆرێکدا چەوساونەتەوە، تا ئەمڕۆ وڵاتەکەیان داگیرکراوە، بووە بە مەیدانی میلیشیا و گروپی چەکداری نافەرمیی و دەیان سوپای فەرمیی بیانی و گەماڕۆداروە بە سوپای تورک و عەجەم و عەرەب. دوای ئەو هەموو قوربانیەی ئەو میللەتە بەخشی ئەمڕۆ بۆتە خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسی گەندەڵ کە دیارترین تایبەتمەندیی دزینی سامانی گشتی و کۆنتڕۆڵکردنی بیرە نەوتەکان و دەوڵەمەندکردنی توێژێکی کەمی دەوری خۆیانن. 
 زۆربەی وڵاتانی دنیای سێیەم کە ڕیژەی نەخوێندەواری و هەژاری لە ئاستێکی بەرز دایە، کە کوردستان یەکێکە لەوان، ئەو جۆرە کۆمەڵگایە، یان داگیرکراون یان لەژیر سیستەمێکی دیکتاتۆری، پاشایەتی و بنەماڵەیی بەڕێوە دەچن، کە تێیدا دەستور، یاسا و داد باڵا دەست نییە، کێ بەهێزە مافی بێهێز پێشێل دەکات، دەست ڕۆیشتووەکان ئەوانەن کە لە دەوروخولی ئەو کەسانەن کە لە دەسەڵاتدان، لە دامودەزگا حکومییەکان باڵا دەستن.
لە باشووردا بواری میدیا وەک هەر یەکێک لە بوارەکانی دی لەلایەن دەسەڵاتداران قۆرغ کراوە، بە دەرامەتی گشتی، لەسەر قوتی خەڵک میدیا و کەناڵی تەلەفزیۆنی زەبەلاح دامەزراوە، یان لەلایەن دوژمنی دەرەکییەکانی پرسی ئەو میللەتە، کەناڵی تەلەفزیۆن و ماڵپەڕی سیخور دامەزراون و پڕکراون لە عاج وباجووج، نمونەی ئەو جۆرە کەناڵانە لە باشووردا گەلێک زۆرن. لە ئەنجامدا دنیای میدیا لەلایەن کۆمەڵێک قەڵەمفڕۆش داگیرکراوە، ڕۆڵی سەرەکییان هەیە، بە زەبری پارە ئاشەکەیان دەگێرن، لەلایان ئاغاکانیان ئارستە دەکرێن، چی لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتە ئەوە بە میللەت دەگەیەنن، میللەت بە بابەتی لاوەکیی، تەرفیهی غافڵ دەکەن . 
ئەم جۆرە میدیایە لە باشووری وڵات بۆتە هۆی ئەوەی کە  میدیاکاران بە لارێدا بچن، چاولێکەری کوێرانەی میدیای لاواز بن، کادیری ڕاگەیاندن بە تایبەتی لەنێو ژنان بە شێوەیەکی سەقەت پەروەردە بن، بۆ نمونە پیشەی بێژەری، بۆ ژنان لە چوارچێوەی بێژەری دەرچووە، زۆربەی بێژەرەکانی کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی دەسەڵاتدارانی باشوور بە هەڵە لە پیشەی بێژەری تێگەیشتوون، وا تێگەیندراون بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک دەبێت لە جۆری جلوبەرگ پۆشین، دەرکەوتن لە شاشەکاندا ڕۆڵی ئیغرا ببینن. بە شێوەیەکی گشتی لە باشووردا، میدیا ئەرکیی سەرەکیی لە دەستداوە، نەبووە بە گوێ و چاوی میللەت، ڕۆڵی نییە لە بەجەماوەرکردنی گرفتە سیاسی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا، نەبۆتە ئامرازێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیارترین دیاردە کە ئەویش دزینی سامانی گشتییە لەلایەن سەرانی پارتە زەبەلاحە باشوورییەکان، قۆڕغکردنی دەرامەتی نەوت، کڕینی بزنس و باڵاخانە نەک تەنیا لە باشوور بەڵکو لە هەرچوار مشقی دنیادا. 
میدیای باشوور ڕۆڵی نییە لە ڕۆشەنبیرکردن و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە. یەکخستنی دەنگەکان لەسەر پرسە هەستیارەکانی وەک پرسی مرۆڤایەتی نیشتمانی و نەتەوەیی. هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە مەترسیە دەرەکییەکان. پەنجە خستنە سەر ئەو دیاردە خراپانەی کە لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا سەرهەڵدەدەن و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێر دەبەن. میدیای باشوورییەکان خۆیان لە قەرەی ئەوە نادەن کە ئەوە وەبیر خەڵک بهێنەوە کە ئەوان میللەتێکی ژێردەستەی وڵات داگیرکراوان، هەرگیز خاکی ژێر دەستە نابێت بە خاوەن سەڕۆک و سەڕۆک وەزیران، خاوەن سوپایەکی تۆکمەی فەرمیی و دەوڵمەند بە باشترین شێوەی تەکنەڵۆژیا و بیانکردنی ژێرخان و سەرخانی بە شێوەیەکی تەندروست.  
جگە لە میدیا حزبییەکان ئەو میدیانەی ناوی خۆیان ناوە میدیای سەربەخۆ، زۆربەیان بە پارە کڕاون، ئاراستە دەکرێن سەرنووسەرەکانیان بەنهێنی لەژێر دروشمی بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەتایبەتی دوای جاردانی مەسەلەی ڕیفراندۆم لە پیرمام بوون بە ڕاوێژکار، بۆ خۆ دەرخستن و چەواشەکردنی خەڵک وەک دەنگی ناڕەزا لە کەناڵە زەبەلاحەکانی کوردستان بە خەڵک دەناسێندرێن!؟ ئەگەر سەرنجێک لە زۆربەی ماڵپەرە ناسراوەکانی کوردستان بدرێت دەردەکەوێت کە بابەتەکان، وتارەکان، نووسەرەکان، هەواڵەکان هەمووی کۆپی یەکترن!
لە باشووری کوردستاندا چەندێک پێویستە کە دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەیەکی فەرمی خۆی بناسێنێت، ڕێبەرایەتی دەنگی ناڕەزا بکات، دە هێندە ئەو دەڤەرە پێویستی بە میدیای ئۆپۆزسیۆن هەیە، کە بتوانێت بەبێ وچان تەکان بە جوڵانەوەی میدیا بدات، جیاواز بێت لە هەموو ئەو میدیانەی کە بە زەبری پارە و بۆ بەرژەوەندیی ئاشەکەیان بەگڕ خستووە، ببێت بە سەکۆیەکی ئازاد هەموو قەڵەمە بوێرەکان و دەنگە ئازادەکان لەخۆی کۆبکاتەوە. کاتێک کە هەر تاکێک سەردانی ماڵپەرەکەیانی کرد، دەرک بەوە بکات کە ئەمە کۆپی هەمان ماڵپەر، سەرنووسەر، نووسەری سەر بە دەسەڵات و سێبەر نییە بەڵکو کۆمەڵێک قەڵەمن یەکیان گرتوە و یاخین لە هەموو ئەو گەندەڵیانەی کە لە باشووری وڵاتدا پەیڕەو دەکرێن، بویرانە دەنووسن و دەنگ هەڵدەبرن، بە پارە نەکڕاون، سەریان بۆ پۆست و بەرژەوەندیی نەوێ نەکردوە، سەرەڕای کەموکورتییەکان، گلیی و ڕەخنەکان بە نەفەسێکی درێژ لە بواری میدیادا ماندوون و  لەسەر گیرفانی خۆیان درێژەیان بە خەباتی میدیایی خۆیان داوە و خەرێکی خۆ تازەکردنەوەشن وەک "کوردستان پۆست". 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە