"گۆڕان" وەک بزووتنەوەیەکی بێ-سەر

Saturday, 01/06/2019, 8:39

23299 بینراوە


عەبدولڕەزاق شەریف لە بەشی پێنجەمی زنجیرە نووسینەکەیدا بە ناونیشانی "ئیتر قسە دەکەم" (بڕوانە "کوردستانپۆست") ناڕاستەوخۆ دەروویەک لەسەر کێشەیەکی کرۆکی ئاوەڵا دەکات کە کێشەی بەرپرسی سەرەکیی پارت یان بزاوتە لەنێو کوردەکاندا. ئەم کێشەیە دەرفەتمان دەداتێ تا ڕادەیەکی گونجاو لە کەسێتیی نەوشیروان مستەفا نزیک بکەوینەوە.
دژەتێرۆری پارتی بڕیار بۆ گرتنی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتی ی گۆڕان دەردەکات (؟)، ئەویش ڕاستەوخۆ پەرچەکردار دەنوێنێت: عەبدولڕەزاق شەریف و شۆڕش حاجی بۆ وەڵامدانەوەی مەسعود بەرزانی ڕادەسپێرێت. گرنگ بۆ ئێمە لەم بەشەی نووسینەکەدا ئەوەیە کە گەرچی لەو کۆبوونەوەیەی نێوانیاندا بڕیار دەدرێت کە شۆڕش حاجی سەعات سێ ی پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ببەستێت، ئەوجا بە دوویدا لە میدیای گۆڕانەوە وەڵامی ئەو ڕەفتارە ساویلکەیەی بەرزانی بدرێتەوە، کەچی شۆڕش حاجی سەعات سێ ی پاشنیوەڕۆ بە پێچەوانەی فەرمانی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکەیەوە لێدوان دەدات، بەوەش "هەتوانی ساڕێژکردنی برینەکانی پارتی و بارزانی کرد، ئامادەیی کاک نەوشیروانیشی بۆ چوونە دادگا دەربڕی". ئەم کارە هەمووان توشی شۆک دەکات. ئەوجا کاتێک عەبدولڕەزاق شەریف و تیمەکەی دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە کە پێیان سپێررا بوو، ئەوا تاقمی "خڕ" داوا دەکەن ئەو حەملەیە لەدژی بەرزانی ڕابووەستێنرێت، جگە لەوە دەبێژن کە مەرج نییە بە قسەی نەوشیروان مستەفای ڕێکخەری گشتی بکرێت. ئەوان بۆ ڕێکخەری گشتی ڕووندەکەنەوە کە فشاری هاوڕێیانی خۆیانیان لەسەرە، تەنانەت درۆیان بە دەمی ئەوەوە کردووە و گۆتوویانە کە گۆیا ئەو خۆی لەو فشارانە بۆ سەر پارتی و سەرۆکەکەی ناڕازییە، هەروەها عەبدولڕەزاق شەریف لە کۆتاییدا ناوی هەموو ئەو کەسانەی پێ دەڵێت کە هەڵوێستی بەو جۆرەیان وەرگرتووە، ڕێکخەری گشتیش وەک وەڵامی ئەو جۆرە ڕەفتارەی ئەوان دەبێژێت کە "ئەوانە هەموویان بەرژەوەندییان لەگەڵ پارتی و هەولێردایە، نایانەوێ لە خۆیانی تێکبدەن، ترسنۆکن و ...".
ئایا ئەم ناکۆکییانە چیمان پێ دەبێژن؟ سەرەتا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان لە دروستبوونییەوە "بێ-سەر" بوو، ئەوەش بوو بەهۆی سەرهەڵدانی شێواوی لە "گردەکە"، ئەوجا لە ڕووی سیاسییەوە فرەکوێخاییەکەی نێو "یەکێتی" بوو بە مۆرکی ئەویش.
ئێمە هەروەها دەبینین، کە گەرچی ڕێکخەری گشتی دەیزانی، تەنیا خوازیارانی گۆڕانکاریی سیاسی لەگەڵیدا خەبات ناکەن، بەڵکو هاوکات بەرژەوەندچییان لە دەوری کۆبوونەتەوە و تەنانەت درۆ بە دەم خۆیەوە دەکەن، بەڵێ تەنانەت سەرپێچیی فەرمانەکانی دەکەن بۆ ئەوەی پارتی لە خۆیان تووڕە نەکەن، کەچی ئەو هێشتا هەر ڕێی دەدا کەسانی ئەوها دژبەر لە بزووتنەوەی "گۆڕان"دا بمێننەوە، نەک ئەوەش، بەڵکو تەنانەت پۆستی دیاریان هەبێت!
ئایا ئەم جۆرە وەرگرتنەی هەڵوێست سەر بە سیاسەتە؟ بێگومان سەر بە سیاسەتی دێمۆکراتیانەیە؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە گەرەکە بە نموونەی ئەم بەشەی نووسینەکەی عەبدولڕەزاق شەریف ڕووبکەینە پرسی "ئۆتۆرێتی" (authority)، چونکە لە نێوەندی ئەو ڕەوشەدایە کە نووسینەکە بەهەندی وەرگرتووە.
تێگەی ئۆتۆرێتی دەمانخاتە بەردەم پرسیار لەبارەی رۆڵوەرگرتنی بەرپرسی یەکەم، کە دەشێت بەرپرسی گەل، پارت، بزووتنەوە و هتد بێت. ئاشکرایە ناونیشانی بەرپرسە سەرەکییەکان تا ئەمڕۆ بریتین لە سەرۆک، سکرتێری گشتی، ڕێکخەری گشتی. لێ هەرسێکیان ڕەوانبێژین. سەرەتا گومانی تێدا نییە کە مەسعود بەرزانی سەرۆکی کورد نییە، ئەوجا گەر کەوتبێتە سەر کەڵکەڵەی بوون بە سەرۆک، ئەوا بە حوکمی کەسێتییەکەی، هەروەها بە حوکمی دۆخگۆڕییە کۆمەڵایەتییە کوردییەکان، هیچی دیکە نییە جگە لە خەونێک؛ هاوکات دۆخ و پێگەی مەسعود بەرزانی، وەک سەرۆکی پارتەکەی، "نزیکەی" هیچ جیاوازییەکی لە پێگەی میرێکی بابانی نییە کە لەنێو خۆی خانەوادەکەیدا بە ناحەزان دەوری درابوو و تەنانەت ڕووی دەدا لەدژی ئەو دەستیان لەتەک بێگانەدا تێکەڵ دەکرد. هەروەها جەلال تاڵەبانی هەر گاڵتەی بە "نازناو"ی (نەک پێگەی ناونراوی) سکرتێری گشتی دەهات، چونکە ئەو "بۆ خۆی و پیاوەکانی دەوری زۆر زوو گەیشتبوو بە ناوی مامجەلال"، کە ئیدی کتومت وەک شێخێک سەروەر بوو بەسەر پارتەکەی خۆیدا بەبێ ئەوەی هەرگیز ڕەچاوی پەیرەوپرۆگرامی ئەو پارتە بکات.
لێ ڕەوشەکە لای بزووتنەوەی "گۆڕان" بە حوکمی پەیوەندییە نوێکان و هاتنی نەوەی نوێ بۆ نێوی و هتد کەمێک جیاواز بوو، هێندە نەبێت کە کەسێتیی نەوشیروان مستەفا خۆی بوو بە ئاستەنگ لە بەردەم شکۆفەی ئەو بزووتنەوە دێمۆکراتیخوازەدا کە هەر خۆی ئەندازیاری سەرەکیی پرۆگرامەکەی بوو. ئاخر گەرچی ئەو ڕێکخەری گشتی بوو، لێ هاوکات ئۆتۆرێتی ی نەبوو، بەڵکو کارەکتەرێکی سلێمانی-تەقلیدیانەی هەبوو، ئەمەش ڕێی پێ نەدەدا وەک سیاسەتمەدارێک چالاک ببێت کە وەک "سەر" لەتەک تیمێکی ڕاستەوخۆ هاوکاریدا ستراتیژیی بزووتنەوەکە "دابڕێژێت و بیسەپێنێت" – کەواتە "جڵەوی بگرێت". لە بنەڕەتدا "گۆڕان" بوو بە پەنگ، چونکە بێ-سەر بوو. بەمەش ڕووندەبێتەوە، کە بۆچی نەوشیروان مستەفا "دەستەوستان" بوو لە بەردەم ئەو هەموو شێواوییەدا کە لە "گردەکە" هاتبوونە ئاراوە، ئەوە هەر لە مەرایی و خۆبردنە پێشەوە و درۆی ئاشکراوە تا دەگات بە تەڵە و بوختان و چاڵهەڵکەندن بۆ یەکدی. کێشەیەکی دیکەی کەسێتیی نەوشیروان مستەفا ئەوە بوو کە جارێک هاوخەباتێکی ڕەخنەییانە دەریبڕی: "ئەو هەردەم دەبێژێت 'دەبوو ئاوامان بکردایە'، ڕۆژێک لێمان نەبیست ببێژێت: 'دەبێت ئەوا بکەین'". کەواتە لەپاڵ ئەوەدا کە نەوشیروان مستەفا ئۆتۆرێتیی نەبوو، هاوکات ستراتیژیی لە سیاسەتکردنیشدا نەبوو، بەڵکو ئەویش هاوشێوەی سیاسەتکارانی دیکەی وڵاتەکەی "تاکتیکگەرا" بوو و تاکتیکییانە هەوڵی بۆ ئەنجامدانی کارەکییانەی ئەو پرۆگرامە دەدا کە خۆی ئەندازیاری سەرەکیی بوو. لێ هەر ئەم تاکتیکگەراییە لە کۆتاییدا بوو بە گورزێک لە خودی بزووتنەوەی "گۆڕان"، چونکە بەبێ ستراتیژی، یان بە واتایەکی دی ببێژین: بە هەڵپە و هەڵچوون و داچوونی پسیکۆلۆژیانەوە هاتە مەیدانی سیاسەتکردنی پەرلەمانییەوە، وەک سەرەنجامی ئەو هەڵپانەش هەر زوو لەم لا یان لەو لا فریو درا، بەڵێ تەنانەت تێهەڵدانی خوارد، ئەویش بێکەرامەتانە ملی لە بەردەم تێهەڵدەراندا کەچ کرد.
لە بنەڕەتدا نەوشیروان مستەفا بە ناوبانگی دێرینی خۆی وەک پێشمەرگە گەیشت بەو ئاستە کە ئیدی بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ نێو مەیدانی سیاسەتکردن، بێگومان ئەمجارە وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەیەک بە پرۆگرامێکی دێمۆکراتییانەوە بەبێ ستراتیژیی سیاسی. لێرەدا هەمان هەڵوێستی سیاسیانەی جەلال تاڵەبانی ی مامۆستای دووبارە دەبێتەوە، کە لە کرۆکەوە بەم شێوەیە بەرجەستە دەبێت: "من" لێرەم، ئەوەتام، تۆش فەرموو وەرە مەیدانەوە بۆ لای من. فەرموو ببە بە میدیاکار، پەلەمانتار، باخەوان، شۆفێر، ئەندازیاری کارەبا و هتد، هەر پۆستێک دەخوازیت دەتدەمێ. تەواو. ئەمە بریتییە لە کاری حیزبایەتی. ئەوجا مۆرکێکی دیکەی ئەم تێگەیشتنە لە سیاسەت ئەوەیە کە بارەگای سیاسەتکردنیش هاوشێوەی دیوەخانی ئاغا دادەمەزرێنرێت. ئێمە هەمان شێوەی بارەگای سیاسەتکردن لە "گردەکە"ی نەوشیروان مستەفاش دەبینین: ڕۆژانە خەڵک پەیتا پەیتا دێن بۆ ئەوێ، هاتنی زۆرینەیان مەرامی خۆیی لە پشتەوەیە، ئەویش پێشوازییان لێ دەکات و لەگەڵ هەڵسانیاندا بۆ ڕۆیشتن بەڕێیان دەکات و هتد.
بێگومان گەرەکە تێگەی ئۆتۆرێتی ڕوونبکەینەوە تاکو ڕێ لە بەهەڵەتێگەیشتن بگرین. ئێمە ناتوانین ئۆتۆرێتی وەک دیکتاتۆری ڕاڤە بکەین، واتا وەک مورادیف بۆ یەکدی دایان بنێین. هەروەها ئەوەش ڕاست نابێت گەر بیکەین بە ئاوەڵناوی "ئۆتۆریتێر"، وەک چۆن بۆ نموونە لای ئادۆرنۆ تیۆریی "کەسێتیی ئۆتۆریتێر"مان هەیە کە ئەو بۆ نزیککەوتنەوە لە کەسێتیی فاشیستی گۆڕانی پێدا. لە بنەڕەتدا مەسەلەی ئۆتۆرێتی لە سیاسەت یان لە کاری بەڕێوەبەرایەتیدا بریتییە لە "دەسەڵاتی ڕێزلێگیراوی بەرپرسی یەکەم لە لایەن هاوکارانییەوە"، یان لە لایەن گەلی خۆیەوە، لێ ئەو خۆیشی بێ چەند و چوون داوای ئەو جۆرە هەڵوێستە لە ئەوان دەکات، چونکە گەر ئەوها نەبێت، ئەوسا ناتوانێت کارەکییانە کار بۆ ئامانجەکانی پارتەکەی یان وڵاتەکەی بکات. جگە لەوە ئەو کوڕی خێڵ نییە و باوکی لە زایینییەوە وەک میراتگری ئایندە پێی بگەیەنێت، ئەوجا دەستوپێوەندەکانی خۆی بخاتە بەردەم کوڕەکەی، بەڵکو ئەو وەک کوڕی شار هاتۆتە نێو سیاسەتەوە و تێیدا بەرزبۆتەوە. بۆیە گەر ببێت بە بەرپرسیاری پلە یەکی پارتەکەی، ئەوا دەبێت لە گشت ڕوویەکەوە شایستەی ئەوە بێت، بەوەش بتوانێت ئەرکەکانی ڕابپەڕێنێت. لەم ڕوانگەیەوە گەر بەڕێوەبەری فەرمانگەیەک ئۆتۆرێتیی نەبێت، ئەوا ناتوانێت کاروبارەکانی ئەو فەرمانگەیە بە گونجاوی بەڕێوەبەرێت. گەر بەرپرسی یەکەمی بزووتنەوەیەکی سیاسی ئۆتۆرێتیی نەبێت، ئەوا ناتوانێت ڕێ لە تەشەنەی سەرەڕۆیی و فرەکوێخایی و تەنانەت بەڵتەجێتی لەنێو حیزبەکەی خۆیدا بگرێت، کە دەشێت هەموویان لە ئایندەدا ببن بە مەترسی بۆ پرۆگرامی سیاسیی بزووتنەوەکە - ئەو بزووتنەوەیە، کە دەشێت بە گفتی گەورەوە هاتبێتە مەیدانی سیاسەتکردنەوە و هاوکات بۆ بڕێکی زۆری دانیشتوانی وڵاتەکەی بووبێت بە مایەی هیوای گۆڕانکاری – وەک لای بزووتنەوەی گۆڕان. لە بنەڕەتدا چۆن کاتی خۆی جەلال تاڵەبانی بۆ پیاوەکانی دەوری، تەنانەت بۆ زۆر کەسی دیکەی پارتی دیکە، "برا گەورە" بوو، نەوشیروان مستەفاش لە لایەن هاوکارانییەوە وەک برا گەورە دەنرخێنرا.
عەبدولڕەزاق شەریف درەنگ دەستی کرد بە نووسینە زنجیرەییەکەی بەو مەبەستە کە پەیوەندییەکانی نێو "گۆڕان" لە سەرەوە هەڵبداتەوە. لە بنەڕەتدا دەبوو هەر زوو دوای مردنی نەوشیروان مستەفا، بە هاتنی عومەری سەید عەلی بۆ جێگەکەی، ئەوجا دوای تاپۆکردنی گردەکە لەسەر دوو کوڕەکەی، یەکسەر "گۆڕانخوازانی ڕاستەقینە" بییان کردایە بە فەرتەنە - گەر "گۆڕانخوازی ڕاستەقینە" بوونایە. گەر ئەو دەمە ڕاستەوخۆ هەڵوێستی بەو شێوەیە وەربگیرایە، ئەوسا دەبوو بە ئاستەنگ لە بەردەم پەرلەمانتارانی ئەمڕۆی "گۆڕان"دا کە نەتوانن هێندە ئاسان خیانەت لە بزووتنەوەکەیان و دەنگدەرانی بکەن، واتا ترسنۆکانە ڕێ خۆش بکەن بۆ ئەوەی ماڵی مەلا مستەفا سەرجەم پۆستە هەستیارەکانی هەرێمەکە"یان" وەربگرن.
بەڵێ گەر گۆڕانییەکان گۆڕانخواز بوونایە، ئەوسا سەر جادەکانیان دەگرت و وازیان نەدەهێنا تا ئەو تاقمە و ڕێکخەری گشتیی نوێ گردەکەیان چۆڵ دەکرد، جا گەر تەنانەت بەو ڕێیەوە هەبوونی "هەرێمەکەیان" بکەوتایەتە مەترسییەوە. ئاخر گەر کوردەکان لە پەیوەندیی دێمۆکراتییانەدا نەژین، ئەوا هەرێمیان پێویست نییە. گەر باندەکانی مافیا حوکمی ئەو بەناو هەرێمەی ئەوان بکەن، ئەوا هەبوونی زیادەیە. گەر باندەکانی مافیا ببێژن، کە نابێت هەرێمێک هەبێت گەر ئەوان تێیدا دەسەڵاتدار نەبن، ئەوا دەبێت وەڵامیان بدرێتەوە، کە نابێت هەرێمێک هەبێت گەر ئەوان لە نێویدا مافی هەناسەدانیان هەبێت. کەواتە گەرەکە دێمۆکراتی و هەبوونی هەرێمێک وەک پێشمەرجی یەکدی دابنرێن: گەر ئەمیان نەبێت، نابێت ئەویدیکەشیان هەبێت. لێ بەمە هاوکات ڕووندەبێتەوە، کە نووسینەکەی عەبدولڕەزاق شەریف هێندە درەنگ نەهات، چونکە لایەنگرانی پرۆگرامە (نەک ڕێبازە!) دێمۆکراتییە پەرلەمانییەکەی نەوشیروان مستەفا کەم نین، کەواتە دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و ئاشکرا درێژە بەو پرۆگرامەی ڕێکخەری گشتیی کۆچکردوویان بدەن.
لەنێو "گۆڕان"دا دەرک بە تووڕەبوونێک دەکرێت، کە هاوکات دەچەپێنرێت. کەسانی تووڕەبوو زۆر جار پاساو دەهێننەوە، کە گۆیا ئەوان لە ترسی تێکچوونی "بار و دۆخەکە" خۆیان دەگرن. لێ ئەوان سەهوون، چونکە ئەم پاساوەی ئەوان لە بنەڕەتدا دەستکەلای دەسەڵاتدارانی بەناو هەرێمەکەیە کە قەمەکەی پێ فریو دەدەن. کوردەکان پێویستیان بە ژیانێکی ئاسوودە و دادپەروەرانەیە، ئەوجا گەر تەنانەت هەرێمێکی ڕاستەقینەیان هەبێت و نەتوانێت ئاسوودەیی و دادپەروەرییان بۆ فەراهەم بکات، ئەوا وەک گۆتمان هەبوونی پێویست نییە. جگە لەوە سێ کوردستانی دیکە هەن کە لە ڕووی خەباتی ڕزگاریخوازییەوە لە شکۆفەی بەردەوامدان، کەواتە لە نزیکی ئەو کەسانەوە کە خۆیان بە میراتگری دێمۆکراتییە پەرلەمانییەکەی نەوشیروان مەستەفا دادەنێن، هەڵچوونی مەزن لەگۆڕێیە، ئەوانیش گەرەکە هەوڵی هاوشانی لەتەک ئەواندا بدەن – بێگومان گەر وەک نەوشیروان مستەفا نیشتمانپەروەر بن و هاوکات لە لایەنی خۆیانەوە گۆڕانخواز بن. بۆیە زۆر ئاساییە گەر لایەنگرانی ڕێکخەری گشتیی کۆچکردوو تووڕەبوونیان وەربگۆڕن بۆ هەڵوێستی ئاشکرا کە ئیدی جێی لاوانەوەی "هۆ ڕەوانشاد هۆ ڕەوانشاد، سەرگەردانین ئەی ڕەوانشاد!" بگرێتەوە. جگە لەوە لاوانەوەی ئەوان بە ڕاستی جێی گومانە، زۆرتر لە هەڵوێستی ئەو عەوامە دەچێت کە بۆ ڕێگریکردن لە گلەیی ئەم و ئەو دەچن بۆ پرسەکان و فاتیحایەک دادەدەن. گەر ئەو کەسانە بەڕاستی دەیانەوێت درێژە بە میراتی دێمۆکراتیخوازانەی نەوشیروان مستەفا بدەن، گەرەکە واز لە پیاهەڵدانی "ڕەوانشاد" بهێنن و ڕەخنەییانە کەسێتیی ئەو بنرخێنن. ئاخر ئەو بزووتنەوەیە کە ئەو بە تەمەنی پیری و نەخۆشی بەریخست، پێویستە ئەمڕۆ بە ئاڕاستەی سەرەتاکانی بەرخستنی بنرخێنرێتەوە، تاکو پاشان توخمیانە لە ئەمڕۆوە "درێژەی پێ بدرێت". ئاشکرایە بەبێ پاکسازییەکی بزووتنەوەکە لە بەرژەوەندچییانی شەیدای سامان و ناوبانگ ئەوە ڕوونادات.
هەروەها گەرەکە ڕاشکاوانە پرسێکی دی پەیوەند بە نەوشیروان مستەفاوە بکرێت بە بابەتی پێوەخەریبوونی ڕەخنەیی. مەبەست لەوەیە کە دەبێت بۆ ژیاننامەی نەوشیروان مستەفا هەروەها ڕەچاوی ئەو پرسیار و بەرپەرچانە بکرێت کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتییەوە بەرانبەر ئەو بەرزکراونەتەوە. ئاخر لێرە هیچ شێوەیەکی ترس پێویست نییە، چونکە مەسەلەکە لێرە وەک لای خیانەتکاران نییە کە جاش بوون و خۆیان بێشەرمانە دەکەن بە پێشمەرگە. نەوشیروان مستەفا پێشمەرگە بوو. ئەو دەبێت وەک پێشمەرگە بنرخێنرێت، بە هەموو لایەنەکانییەوە. ئەوجا، هەر لەم پەیوەندییەدا، ئەو کەسانە کەم نین کە دەبێژن نەوشیروان مستەفا یادوەرییەکانی پێشمەرگایەتیی بە ئارەزووی خۆی نووسیونەتەوە، یان چەندین ڕەوشی سیاسیی بۆ بەرژەوەندیی خۆی جیاواز داڕشتۆتەوە، ئەوجا پرسی دیکەی گرنگ هەن کە گۆیا بە لایاندا نەچووە. ئەمانەش دەبێت لە هەر خەریکبوونێکدا بە کەسێتیی نەوشیروان مستەفاوە بەهەند وەربگیرێن.
گەورەیی نەوشیروان مستەفا لە دروستکردنی ناتەباییدایە. بۆیە هۆزان و هۆنینەوە و لاوانەوەی وەک "ڕەوانشاد"، "باوکی هەژاران"، "دڵسۆزی گەل و وڵات" و هتد، بێڕیشەن. ئەو کەسانە کە خۆیان بە میراتگری تێگەیشتنی ئەو بۆ دێمۆکراتی دەزانن، گەرەکە بێباکانە ئاڕاستەی سیاسیی خۆیان دەربخەن – گەر بە ڕاستی ئەوهان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە