ئازادی ڕادەربڕین و حوکمی بنەماڵە

Saturday, 01/06/2019, 9:18

31777 بینراوە


کاتێک کەسەیری مێژوی حوکمڕانی ئەو دوو حزبەی دەسەڵات دەکەیت لە بیست وھەشت ساڵی ڕابردوو بەڕوونی بۆت دەردەکەوێت کەئەو عەقلیەتەی ئەمانە حوکمڕانی ھەرێمیان پێ کردووە عەقلیەتێکی خێڵەکی دواکەوتوو بوە ھەربۆیە لەو ماوە دوورو درێژە جگە لە شکستی سیاسی وئابوری وئیداری و کۆمەڵایەتی شتێکی نوێیان بەرھەم نەھێناوە.
  پاش ئەوەی کۆمێنتێک لەلایەن کاک شاسوار عبدلواحید شەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە نوسیبوی ڕۆژێک دێت کوڕەکانی تاڵەبانی وەک مفەوەز شەماڵ (کە یەکێک بوو لە زاڵمترین کەس لە سنووری سلیمانی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا) لەسەرای سلێمانی ھەڵدەواسرێن چاوەڕێ دەکرا کاردانەوەی کوڕەکانی تاڵەبانی پەنا بردن بێت بۆ یاسا ئەگەر ھیچ تەشھیرو زێدەڕۆییەک لە نوسینەکە ھەبێت کەمن پێم وایە جگە لەدەربڕینی ڕای جیاواز ھیچ شتێکی ئەوتۆی تیا نیە کە ببێتە سوکایەتی وتەشھیر، شاسوار لەگەڵ چەند خۆبەخشێکی تری نەوەی نوێ دەستبەسەر کرا لە لایەن دادوەری ئاسایشەوە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکرا و خرانە زیندانی تاکە کەسیەوە، کە ئەمرۆ ڕێکەوتی ٢٠١٩،٥،٣١ بەکەفالەت ئازادکران . پێش دەستگیرکردنیان،  وەڵامەکەی قوباد جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم زۆر بەزمانێکی زبرو لەئاستێکی زۆر نزمدابوو بەجۆرێک باسکردن لەبەکارھێنانی ڕێگای عەشایەری و شوبھاندنی بەرامبەرەکەت بەسەگ ئەو پەڕی بێ مستەوایی وبێئەتەکێتی لەجەوھەری ئەو پیاوە دەر دەخات، ڕێک وەک ئەو قسەیەی عەلی وەردی ڕووە دەشتەکیەکەی قوباد لە مەوقیفێکی لەو جۆرە بەتەواوی دەرکەوت کە بە خۆدەرخستنی خۆی کەسێکی زۆر تەکنۆکراتە. دوای ئەوە ئەگەر ورد بیتەوە لەقسەکانی وبەراوردی بکەیت لەگەڵ قسەی زۆر بەی سیاسیەکانی تر بۆت دەردەکەوێت کە لەماوەی ڕابردوو دۆخی حوکمڕانی لەو ھەرێمە لە چ کارەساتێکدا بووە.
لەدوای خۆپیشاندانەکانی ھەولێر لەبەھاری ساڵی ڕابردوو سەرۆکی باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن کەنێچیروان بارزانی سەرۆکی حکومەتە لەجیاتی ئەوەی بەڵێنی سزادانی ئەوانە ڕابگەیەنێت کەتوندوتیژیان بەرامبەر خۆپیشاندەران کردوەو بە شەق وپێلەقە لەمامۆستای خانەشینیان داوە دێت دەڵێ بە دەمانچەوچەقۆ ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی بێگوناھی پایتەخت دەبینەوە. ئاخر خۆ ھەر ئەو عەقلیەتە خێڵەکیە بوو بۆ ماوەی دووساڵ دەرگای پەرلەمانی داخست و ھەر ئەو عەقلیەتە خێڵەکیەی ئەو لاش بوو بە بیکەیسی و ودۆشکە تەقەیان لەگردەکە ( شوێنی مەکۆکی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان ) کردوو وێنەی سەرکردەیەکی گەورەی وەک خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفایان کون کون کرد، بەڵێ ھەر ئەو جۆرە عەقلیەتانە بوون چەندین ڕۆژنامەنوس ونوسەرو ئازادیخوازی ئەم ھەرێمەیان خەڵتانی خوێن کردو بەھەزاران ھاوڵاتی ئەم ھەرێمەیان لەشەڕی ناوەخۆ بەکوشتندا. بۆیە لێرەوە بۆت دەردەکەوێ کەئەمانە ھەرگیز باوەڕیان بەسەروەری یاسا نەبوەو نابێت و ناشیانەوێت لەگەڵ گۆڕانکاری سەردەم خۆیان بگۆڕن بەڵکو لەگەڵ ھەر ڕووداپێشھاتێک ئۆتۆماتیکی ئەوان دەگەڕێنەوە دۆخی ڕاستەقینەی خۆیان وڕووە دەشتەکیەکەیان دەردەخەن 
ئەوەی شاسوار عبدلواحید دەڵێ ئەگەر لەئێستادا مەحاڵ بێت بەڵام بەتەواوی بۆ داھاتوو ڕاستە ھەر سەرکردەیەک زوڵم لەمیللەتەکەی خۆی بکات وسەروەت وسامانی بۆخۆی ببات وبەزەبروزەنگ وترس وتۆقاندن بیەوێت درێژە بە مانەوەی خۆی لە حوکمڕانی بدات چارەنوسی لە صەدام وقەزافی وبن عەلی وئەوانی تر باشتر نابێت بۆیە ئەگەر بەشێک لەبەرپرسانی پارتی ویەکێتی لەسەر ئەو شێوازە سیاسەتکردنە بەردەوام بن دەبێت چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەش بکەن .
 ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە باکی نیە بە دزینی سەروەت و سامانی وڵات، ھەربۆیەشە، ڕێگە لە ھەموو دەنگێکی ئازاد دەگرێت کە ناڕازیبێت بەو فەرمانڕەواییە تۆتالیتارییە لە کوردستان. ھەر دەنگێکی ناڕازی لە کوردستان بەتوندترین شێوە سەرکوت دەکرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە