سێزان و گەڕانەوە بۆ ئۆردەر

Saturday, 01/06/2019, 15:06

21947 بینراوە


پۆل سێزان ( 1839-1906 )  فەرمانبەری بانک دەبێت، کوتووپڕ میراتێکی  بۆ دەمێنێتەوە لە باوکیەوە، ئیتر واز لە کاری بانک دەهێنێت و دبێتە هونەرمەندێکی  شیوەکاری لەسەردەمی ئەمپرێسسیۆنیستەکاندا،  ماڵەکەی بەرامبەر بەشاخی سانت ڤیکتوار بوە لە خواروی فەرەنسا . پۆل سێزان، هەشتاو حەوت جار شاخی سانت ڤیکتواری نەخشاندوە، دواجار توانی لەو شاخەدا شتێک بدۆزێتەوە، ئەویش هێڵی هەندەسی و چوار گۆشەیی بو لە سروشت خۆیدا، کە بوە بنەمای سەرهەڵدانی بزوتنەوەی کیوبیست.
 کاتێک بینەرێک سەیری تابلۆیەک دەکات، بە بێ سەرنجدان و لێکۆڵینەوە بە ئۆتۆماتیکی دەڵێت ؛ ئەوە تێڕوانینی هونەرمەندە بۆ ئەو شکڵە، نەخێر ئەوە تێڕوانین نیە، ئەوە گواستنەوەی ناخی هونەرمنەدە، نەخشکردنی ناخی خۆیەتی لەو شکڵەدا،  ئیتر ئەگەر ئەو شکڵە مێینەیەک بێت، ئاسپێک یان دار بەڕویەک.  ئەگەر سێزان ئەو دیمەنەی لەو شاخەدا بینی، لەبەر ئەوەی کە لەناخی خۆیدا لەوەوبەر بیرۆکەیەکی نامۆ چەکەرەی کردبوو بەڵام نەی دەزانی چیە و چ شکڵێلکی گەرەکە.  بۆ ئەوەی شکڵێکی بداتێ، شکڵێک بکات بە بەری ئەو بیرۆکەیەدا، بەبەری ئەو ڕۆحە نامۆیەدا، وەک چۆن یەزدان لە ڕۆحی خۆی شکڵی مرۆڤی دروست کرد. سێزانیش دەبوایە ئەو بیرۆکەیەی  بەراورد بکات لەگەڵ هیزی سروشتا، بی گونجێنێت لەگەڵ ئەو شاخەدا کە هێزو توانای سروشتە؛ ئەگەر لە مندا هەبێت کەواتە لەویشدا بونی هەیە و بە پێچەوانەشەوە. خۆ بەرلەوەی ئەو نەخشە بکات نەیدەزانی کە ئاخۆ ئەو بیرۆکە نامۆیە چ شکڵێک وەردەگرێت. 
 لەدوای ئەوەی هونەرمەندە ئەمپرێسیۆنیستەکانی پێش ئەو لە ماڵەکانیان هەتنە دەرەوە و ڕاوسەتەوخۆ بەرامبەر بە سروشت رەسمیان دەکرد، وەک جانگاوەرەکانی شەڕیکی سەخت هەریەکەیان بە جۆرێک، بە چەکێک؛  گۆگان سەری خۆی هەڵگرتو ڕۆشت لە جەزیرەیەک لە تایتی ژیانێکی دوور لە شارستانی هەڵبژارد، ئێوارەیەکی بارانو تۆفان، گۆگان بەو دارستانانەدا وەک شێت، سەرگەردان، ملی دەناو خەمەکانی وەک مۆتەکە سواری بوبون، لەسەر تابلۆیەک نوسیبوی ؛
 ئێمە کێین و لە کوێوە هاتوین و بۆ کوێ دەچین ؟
 هەر یەکە لەم هونەرمەندانە بەجۆرێک باسی سروشتیان دەکرد، هەندێک لەوانە وایان دەبینی کە ئەو شکڵەی کە ئێمە دەیبینین لە راستیدا هیچی تر نیە جەگە لە ملوێنەها گەردیلە پێکەوە،  شکڵێک پێک دەهێنن، مانێی هونەرمەندیش دەیبینی کە ئەو ڕەنگەی وایدەبینن کە ڕەشە لە بەردەم خۆردا جۆرێکی ترە، لەبەردەم خۆردا شکڵ و ڕەگەکان ڕەنگدانەوەی دەوروبەریانن، کەواتە هیچ شکڵێک ڕەسەن نیەو خاوەنی  خاسیەتی خۆی نیە. ڕەنگەکان، شکڵەکان لەبەردەم روناکیدا راستیەکی ترمان بۆ ئەدرکێنن؛ بەیانیان، نیوەڕوان، ئێواران، ڕەنگو شکڵەکان جیاوازن لەبەردەم روناکیدا، کەواتە یەک هەقیقەت نیە و چەند هەقیقەتێک بونیان هەیە.  وەک من چۆن بونەوەرێکی کۆمەڵایەتیم، خودی خۆم سەربەست نیە.
 ڤانگۆگ وای باوەڕبو کە ئەتوانێت گوڵەبەڕۆژەکەی لەوەی سروشت جوانتر بێت، لەزەردی خۆر درەوشاوەتر بێت، کەوتبوە جەنگێکی سەخت لەگەڵیا، نەی دەزانی چۆن لەگەڵ ئەو سروشتەدا خۆی بگونجێنێت، بۆیە سێزان لەبەردەم شاخی سانتڤیکتواردا وەهای باوەربو کە دەتوانێت لەو شاخەدا، لەسروشت خۆیدا چارەسەرێک بدۆزێتەوە، دەرگایەکی نوێ بکاتەوە هەتاوەک و دەروازەیەک بۆ مرۆڤایەتی والابکات و لێوەی دەرباز بێت، مرۆڤایەتی پەیڕەوی بکەن، وەک موسا دەتوانێت قانونێکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی بنوسێتەوە .  جەگە لەوەی کە شاخ شکڵێکی سروشتە لەهەمان کاتا هێز و توانای سروشتمان پیشان ئەدات، سەرکەوتن بەسەریا جۆرێکە لە گەیشتن بە ئامانجێک، خۆ ئەگەر وەک سێزیفیش بەردێک لە لوتکەیەوە تلێربکەینەوە و سەرلەنوێ دەست پێ بکەینەوە.
 پاش ئەوەی سەرپەلیەکانمان دەگەنە لوتکە، هەمو ڕێگایەک تاقی دەکەینەوە، مۆراڵو قانون دەخەینە ژێر پێمانەوە، نائومێدی پێمان دەگاتەوە، دێینەوە سەر زەوی بەدوای ئەرکی سەرشانماندا دەگەڕیین، لەو ئان و ساتەدا  سەرەی سێزان بوو کە بتوانێت لەو شاخەدا چارەسەرێک بدۆزێتەوە، تابلۆیەک نەخشبکات وەک موسا پێمان بڵێت کە لەهێزێکی سەروی خۆیەوە بۆی هاتگە، نوسراوە لەسەری ؛ تۆ بۆت نیە مرۆڤێک بکوژیت، لەناو شکڵەکانی سروشتا ئۆردەرمان هەس.........تاد.
سێزان هەرگیز نەی وتوە و کە ئەو نەخشی کیوبیست دەکات، وەک چۆن سوریالیستەکان هەرگیز نەخشی سوریالیستیان نەکردوە، پاش ئەوەی کیوبیست یان سوریالیست دەکەین ئەوسا ناوی لێ دەنێین، ئەی کەواتە پێش ئەوەی ناوێکی هەبێت، پێش ئەوەی شوناسێکی هەبێت لە کوێ بوو ؟ سێزان خۆیشی نەیدەزانی لەکوێ بوو، بەڵامم ئەزمونی هونەرمەندەکانی پێش ئەو، ئەو میراتەی بۆ جێ هێشتبوو؛ مادام ئەوان  نەیان دەزانی چۆن لەگەڵ ئەو سروشتەدا خۆیان بگونجێنن، وەک چۆن کاتێک کابرایەکی بودیست لەژێر دارێکدا دانیشتوە بەرامبەر بە دەریایەک، سەیری گەنجێکی ئەمەریکی دەکات بە خۆیی و سێرفەکەیەوە لەگەڵ ئەو دەریایەدا شەڕ دەکات، هێزی خۆی تاقی دەکاتەوە، سیزانیش بەهەمان شیوە سەیری هونەرمەندەکانی پێش خۆی ئەدا، وەک مرۆڤێکی بودیست سەرنجی لەخۆیی لەو گەنجە ئەدا کەلە سەر شەپۆلی دەریادا شەڕ لەگەڵ سروشتا دەکات. ئەی کەواتە ئەگەر ئەو گەنجە وەها بجەنگێت لەگەل ئەو سروشتەدا من چلۆن بکەم ؟ من چۆن لەگەڵیا خۆم بگونجێنم هەتاوەکو بەهارمۆنی پێکەوە بتوانین بژین ؟
 هەمو تەنێک وەک هەمو مرۆڤێک لەژێر کاریگەری قانونێکدایە، قانونێک حوکمی دەکات، کەواتە مادام من لەکۆسمۆسدام لەگەل ئەو شاخەدا لەهەمان جیهاندام، ئەو لەمنە و منیش لەوم . لەدەرئەنجامی دوو جیهان؛ جیهانی دەروە و جیهانی ناوەوە، ناخی سێزان و ناخی ئەو شاخە لەبەردەم تیشکی خۆردا، لەبەردەم هەقیقەتێکی ئەبەدیدا.
 من چۆن لەگەڵتا هەڵسوکەوت بکەم ؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە