تادێت دۆخی ناوچە داگیرکراو و وازلێهێنراوەکان خراپتر دەبن

Monday, 03/06/2019, 7:57

4705 بینراوە


ھەتا دێت دۆخی ناوچە دااگیرکراو و  وازلێهێنراوەکانی کەرکوک و خانەقین بەرەو ئاڵۆز بوونی زیاتر دەچێت ، بەرپرسانی کوردیش پێیان وایە دۆخی ئەو ناوچانە گەیشتۆتە لێواری تەقینەوەو چیتر لەوە زیاتر بەرگەی ئەم بار و دۆخە گرژە ناگیرێت .
فراکسوێنە کوردیەکانی نێو پەرلەمانی عێراقیش ، لە ڕاگەیاندراوێکدا ، ئاراستەی ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کردووە ، وشیاریان داوە لە کۆچی بە کۆمەڵی کوردان لەو ناوچانە و بە تایبەت سنوری خانەقین لە پارێزگای دیالە . 
شێرکۆ میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ، باس لە دۆخی ناوچەکە  دەکات، كە لە لێواری تەقینەوەیەکی گەورەدایە ، دانیشتوانی ئەو ناوچانە چیتر توانای ئارام گرتنیان نەماوە .
پەرلەمانتارەکەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا 4 ھاوڵاتی کورد لە خانەقین کوژران و سەدان دۆنم زەوی کشتوکاڵیش سوتێنراون ، ھەر ئەو ئەندام پەرلەمانە لە درێژەی قسەکانیدا " وتی دەبێت دامەزراوە فەرمییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بێنە سەر خەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو ناوچانە" .
لە ڕاگەیەندراوی فراکسوێنە کوردییەکانی نێو پەرلەمانی عێراق دا ، باس لەوە کراوە بە بەردەوامی ھەوڵی شێواندن و زیان پێگەیاندنی جوتیارانی کورد دەدرێت ، بەو ھۆیەوە زیاتر لە 40 ھاوڵاتی و کارمەندی ھێزە ئەمنیەکان شەھید کراون 
ھەروەھا دەغڵ و دان ھاوڵاتیان دەسوتێنرێت و زەوی زارەکانیان بۆمب ڕێژ دەکرێت ، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە لە ئێستادا ھەمووان لە دۆخێکی ناھەمواردا دەژین و لە بەردەم مەترسی بە جێھێشتنی بە کۆمەڵی ناوچەکە و زەوی و زاری جوتیارانداین .
دەغڵ و دانی ژمارەیەک جوتیار لە لایەن عەرەبەکانی ناوچەکەوە دروێنەکراوە و ھەوڵی بە زۆر دەکردنی کوردەکان لە گوندی پەڵکانە ی سەر بە ناحییەی سەرگەڕانیش دراوە .
ھەر لە درێژەی قسەکانی دا وتی لە ڕۆژانی داھاتوودا وەکو پەرلەمانتاران لە گەڵ ھەرسێ سەرۆکایتیەکەی عێراق دا دەنیشن و کێشەکان ڕوو بە ڕوو باس دەکەین ،
تەنگ ھەڵچنین بە کوردەکانی ناوچە داگیرکراو و وازلێهێنراوەکان گەیشتۆتە ئاستێک ، کە جۆرێک لە یەکدەنگی لە نێوان فراکسوێن و حیزبە کوردییەکاندا بۆ بەرنگاربوونەوەی فشارەکان دروستبووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە