ئەزموونی پێنج مەیموونەکە و بە بەرهەمهێنانی گەمژەیی

Monday, 06.03.2019, 8:18

3952 بینراوە


ئەینیشتاین: دوو شت هەن کە بێسنوورن ... گەردوون و گەمژەیی مرۆڤ!
-----
دەڵێن، چەند زانایەک پێنج مەیموون دەخەنە ژوورێک کە لە ناوەڕاستیدا پلیکانەیەکی (پەیژە) تێدایە، لە بەرزایی پلیکانەکەدا هەندێک مۆزیان بۆ دادەنێن.
هەرکاتێک یەک لە مەیموونەکان سەردەکەوت بۆ هێنانی مۆزەکان، زاناکان هەڵ دەستان بە ئاوڕشێنکردنی چوار مەیموونەکەی دیکە بە ئاوێکی گەلێک سارد.
پاش هەندێکی کەم وای لێهات، هەر مەیموونێک هەوڵی سەرکەوتنی پلیکانەکەی بدابووایە بۆ هێنانی مۆزەکان، ئەوا لەلایەن ئەوانەی دییەوە دووچاری لێدان و ئازاردان دەبووەوە، بۆ ئەوەی دیسانەوە ئەو ئاوە ساردەیان پێدا نەکرێتەوە.
پاش ماوەیەک بینییان کە هیچ یەک لەو مەیموونانە، لە ترسی ئاوە ساردەکە نەدەوێرا بۆ مۆزەکان بچێت، هەرچەندە ئاشکراشە کە مەیموون چەندە حەزی لە مۆزە.
لە داوی ئەمە، زاناکان هەڵسان بە گۆڕێنی یەک لەو مەیموونانە بە مەیموونێکی دیکەی نوێ، مەیموونە نوێیەکە هەر کە چاوی بە مۆزەکان کەوت، خێرا سەرکەوت بۆ پەلاماردانیان، بەڵام چوارەکەی دیکە یەکسەر هێنایانە خوارەوە و کەوتنە تێهەڵدانی، مەیموونە نوێیەکە پاش ئەوەی چەند جارێک لێی درایەوە، تێگەیشت کە نابێت بۆ مۆزەکان بچێت، گەرچی هۆیەکەشی نەدەزانی.
پاش ئەمە زاناکان دیسانەوە دانەیەکی دی لە مەیموونە کۆنەکانیان گۆڕییەوە بە یەکێکی نوێ، ئەمەشیان وەک مەیموونە نوێیەکەی پێشوو هەمان شتی بەسەرهات. ئەوەی جێی سەرنجە مەیموونە نوێیەکەی جاری یەکەم لەگەڵ سێ مەیموونە کۆنەکانی دیکە، بەشداری دەکرد لە لێدانی مەیموونە نوێیەکەی جاری دووەم، بەبێ ئەوەی بزانێ بۆ ئەو کارە دەکات؟
بەم شێوەیە ئەم هەڵسوکەوتانە چەندبارە دەبوونەوە، تا وای لێهات هەموو مەیموونە کۆنەکانیان گۆڕی بە مەیموونی نوێ.
دواجار ئەو ژوورە پێنج مەیموونی لەخۆ گرت کە هیچ یەکێکیان ئاوی ساردی بەر نەکەوتووە، کەچی بەبێ ئەوەی هۆیەکەی بزانن، ناهێڵن هیچ مەیموونێک لە مۆزەکان نێزیک ببێتەوە.
ئەگەر بۆمان بکرێت پرسیار لەو مەیموونانە بکەین، بۆ زانینی هۆکاری لێدانی ئەو مەیموونەی کە دەچێتە سەر پلیکانەکە؟
بێگومانین کە هەموویان پێکەوە دەڵێن: نازانین بۆچی، ئەمە لە پێشینانەوە بۆمان بەجێماوە! ...
ئەگەر چاوێک بگێڕین بە کۆمەڵگەکەمان و کۆمەڵگە هاوشێوەکانی ئێمەدا، ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بەکردەنیی لە کار و کردەوەی ڕۆژانەماندا بەڕێوە دەچێت. ئەم جێماوەی پێشینان و گەمژاندن بە بیروڕا کۆنەپارێز و دواکەوتووە چەقبەستووەکان، لە زۆربەی بوارگەلەکاندا بەدی دەکرێن وەک؛ ئاین و ئاینزاکان، ئایدۆلۆژیا و سیاسەتکردن، گەلێک لە دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان و بیروڕا جیاجیاکان.
بەبێ هەستپێکردن و بوونی ئاگایی و هۆشیاریی، کوێرانە نەریتە کۆنەکانمان دەپارێزین، بەبەردەوامی داکۆکییەکی سەرسەختانە لە بیروڕاکانمان دەکەین، تەنیا ئەوەی کە ئێمە هەمانە ڕاستیی ڕەهان و هیچ گومانێکمان لێیان نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی هەرە زۆری ئەو بۆچوونانە بڕیار و هەڵبژاردەی خۆمان نەبووە، بگرە لە پێشینانەوە بۆمان بەجێماوە، لەسەریان ڕاهاتووین و وایان لێ کردووین بە هەموو شێوەیەک بجەنگین بۆ مانەوەیان. تاکە یەکجار پرسیاری ئەوەمان لەخۆمان نەکردووە، ئایە ناشێ لەوەی ئێمە باشتر هەبن؟ هەرگیز هەوڵ نادەین بۆ زانینی بیروڕای خەڵکانی دی، هیچ بەراوردێکی ڕاسگۆیانە و بێ بوونی بیروڕای پێشینە ناکەین، لە نێوان دابونەریتی خۆمان و ئەوانەی دیکە. 
بە سەرنجدانمان لە ئاینەکان، دەبینین هەمیشە بە پلەی یەکەم دێن، بۆ هێشتنەوەی بیروڕای پێشینە و مێشکشۆردنەوەی نەوەکانمان، هەر لە منداڵییەوە وا پەروەردەیان دەکەین کە ئاینی ئێمە گشت ڕاستییەکان لەخۆ دەگرێت و تاکە ئاینی ڕاستەقینەیە. ئاینەکانی دیکە هەڵەن و زۆربەیان دەستکردی مرۆڤن، یانیش ساختەکارییان تێدا کراوە، جگە لە ئەفسانە و چەند بیروباوەڕێکی پڕوپووچ هیچی دی نین. دواڕۆژ و چوونە بەهەشت تەنیا بۆ ئێمەیە، لایەنگرانی ئەوانیش گومڕا و سەرلێشێواون، چارەنووسیان دۆزەخ و سووتانی هەتاهەتایە دەبێت.
بەداخەوە ئەو خۆبەڕاست زانین و دژایەتیکردنی یەکدی و نەبوونی مرۆڤدۆستی، وای کردووە مێژوو پڕ بێت لە کارەسات و کوشتن و بڕین. ئەم بیرتەسکییە و تێگەیشتنە ترسناکەی ئاین، بەبێ پسانەوە نەوە لە دوای نەوە دەگوێزرێنەوە، بیروڕاکان پیرۆز دەکرێن و دەخرێنە ناو بازنەیەک و هێڵی سووریان بۆ دەکێشرێت، بەشێوەیەک لە مێشکدا دەچەسپێن و جێگیر دەبن کە دەرکێشانیان گەلێک سەخت و دژوار بێت، بۆیەش لەلای زۆربەماندا تا مردن دەمێنن و گۆڕانیان بەسەردا نایێت. 
کاتێک لە خێزانێکی موسڵمان لەدایک دەبین، بمانەوێ، یان نەمانەوێ، دانی پێدا بنێین، یان نا، دەبینە هەڵگری ئەو ئاینە. کەسمان لەخۆمان پرسیوە، ئەگەر من موسڵمانم، ئایە بە بیرکردنەوە و بەکارهێنانی مێشکم پێی گەیشتووم، یان باوەڕ و ئاینی پێشینان و باب و باپیرانمە؟ بۆچی موسڵمانم هیندۆسیی نیم، بۆ باوەڕم بە ئەڵڵا هەیە، بە براهما و شیڤا نییە؟ گەر من لە ئەوروپا، یان خێزانێکی دیکەی جوگرافیای ئاینێکی جیاوازی وەک، جووەکان و کریستییانییەکان پەروەردە بوومایە، ئایە هەر هەمان ئەم ئاینەی ئێستەم دەبوو؟ کێ لە ئێمە هەوڵ دەدا لە باوەڕ و ئاینی کرستیانەکان و جووەکان تێ بگات، کامەمان پاش خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە، ئینجا بڕیاری داوە؟ ئەو ئاینانە بەهەڵە دادەنێین، بەبێ ئەوەی خۆمان هەڵەکانمان دەستنیشان کردبێ، بەو شێوەیە ئاینەکانیان دەناسین کە ئاینی ئێمە پێمان دەڵێت، نەک بەوەی ئەوان پێناسەی خۆیان دەکەن.
ئەوانەی بە گەڕان و بیرکردنەوە ئاینێک هەڵ دەبژێرن، ژمارەیان یەکجار کەمە، کاتێکیش کەسێک ئاینی دەگۆڕێ و دەچێتە سەر ئاینی دی، یان دەبێتە بێئاین، لەبەر بوونی ترس و تۆقاندن و لەدەستدانی کەسوکار و کۆمەڵگەکەی، بیروڕاکانی دەرنابڕێ و بەنهێنی دەیان هێڵێتەوە. لە ڕاستییدا دەبێ دان بەوەشدا بهێنین کە بۆ هەموومان کارێکی سەخت و ئەستەمە بکارین، یان بواری ئەوەمان هەبێت لە گشت ئاینەکان بکۆڵینەوە. خۆ ئەگەر واشمان لێ هات بزانین ئاینەکانی دیکە چین و هەڵەکانیان دیار بکەین، دیسانەوە نابێتە بەڵگەیەک بۆ بەلاوەنانی ئەو ئاینانە لای پەیڕەوکارانیان، ئەوانەی هەریەکەیان بە ملیۆنان لایەنگرانیان هەن، خاوەنی چەندین زانا و فەیلەسوف و بیرمەندن، هێندەش دەبەنگ نین، ئەو هەڵانەیان بەرچاو نەکەوتبێت؟ بەڵام لەبەرئەوەی ئاینداران بەبەردەوامی وایان کردووە کە کۆمەڵێک لێکدانەوەی نوێ و واتای جیاجیا بە دەقە ئاینییەکانیان بدەن، بۆیە توانیوویانە هەڵەکانیان بشارنەوە، بەمەش خۆیان بگونجێنن لەگەڵ هەلومەرجی ئەمڕۆی ژیان و پێشکەوتنی زانستەکان.
ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بدەین، ئەم جێماوەی پێشینان، نەک تەنیا لە ئایندا، بگرە لە ئاینزا و مەزهەبەکانی یەک ئاینیشدا هەر هەیە. شیعەی هەمان ئاین، سووننەی پێ نامووسڵمان و گومڕایە، گەرچی بە ئاشکراش دەری نەبڕێت. ئەو بەگەمژەکردنە بەڕێوە دەبات و لە ماڵەوەدا منداڵەکانی وا فێر دەکات، کەسێکی شیعەی وڵاتێکی دووری نەناسراو، بە دۆست بزانێت و پێی چاکتر بێت لە سوننەیەکی دراوسێی هاونیشتمان. ئەم ڕقوکینە و دوژمندارییە لەلای مەزهەبەکانی کرستیانەکان و ئاینانی دیکەش، وای کردووە چەندین کێشەی مەزنیان لێ بکەوێتەوە لە مێژوودا.
مرۆڤ گەلێک جار بەبێ ئەوەی بەچاکی هەستی پێ بکات، خۆی بەشدار دەبێ لەو مێشک شۆردنەوەیە، بەوەی هەر کاتێک بیرکردنەوە و گومانێکی لەلادا دروست ببێت، لەترسی گۆڕینیان هەوڵ دەدا دووری خاتەوە لە بیر و هۆشی. زۆربەمان بە سەدان پرسیار لەلاماندا بێ وەڵامن، کەچی لەخۆمان ڕانابینین، بەرەوڕووی ڕاستییەکان ببینەوە و دان بەهەڵەبوونی خۆمان و پێشینەکانمان بهێنین، بەمەش هەمیشە لەسەر ئەوانە بمێنینەوە کە بۆمان داندراون، دواجار هەمان ئەمانە بەبێ دەستکاریکردن بۆ نەوەکانمان بگوێزینەوە.
لەبەر بوونی ئەو هۆکارانە، چارەسەر ئەوەیە بوێرانە بە گشت بیروباوەڕەکانی پێشینەکانماندا بچینەوە و هەڵسەنگاندنێکی ڕستگۆیانە بکەین بۆ دابونەریتەکانمان. دەبێ بزانین ئەوانەی بۆ ئێمە بەجێ ماون مەرج نییە، هەموویان ڕاست بن، بیروڕا و ئاینی ئێمەش شیاوی هەڵەبوونی هەیە.
پێویستە لەسەرمان، نەوەکانمان فێرە ڕێزگرتن بکەین لە ئاین و ئاینزاکان و بۆچوونی جیاواز، پێداگرین لەسەر پێکەوەژیان و واتا مرۆییە مەزنە جیهانییەکان، جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە مرۆڤەکان گشتیان یەکسانن، چاکە و ڕەوشتبەرزی ببێتە پێوەر نەک، ئاین، نەتەوە و ... هتد.
دەبێ واز لە بەکافرکردن و گومڕاییبوونی خەڵکانی دیکە بهێنین، چونکە ئێمە کاتێک منداڵەکانمان تێدەگەینین کە ئەوانی دیکە دوژمنی ئاینمانن، خوا ڕقی لێیان دەبێتەوە و سزایان دەدات و دەیان خاتە دۆزەخ، ناشبێت چاوەڕێی ئەوەیان لێ بکەین، ڕێز و خۆشەویستییان هەبێت بۆیان! 
ڕاستە منداڵەکانمان هی ئێمەن، بەڵام بەو شێوەیەش نییە، بەتەواوی بیانکەینە کۆپییەک لەخۆمان، لە گشت شتێکیشدا ئێمە بڕیاردەر بین و بواریان بۆ نەڕەخسێنین، بتوانن بە ئازادی بیروڕاکانیان هەڵ ببژێرن. ئەرکی هەموومانە نەوەیەکی وا پێبگەینین، بکارن بوێرانە نەخشەی ژیانیان بەدەستی خۆیان دابڕێژن، لە دەست نیشانکردنی ڕێچکەی خوێندن و کار و پێشەی دواڕۆژیان. 
ئامانجی هەر سەرەکییمان ئەوە بێت لە خوێندنگەکاندا، گرینگیی تەواو بە زانست بدرێت، هاوکات ئەو وانانەش لەبیر نەکرێن کە تواناکانی داهێنان لەلای خوێندکاران پتر دەکەن، وەک، هونەر، موزیک و وەرزش، ئەوانەی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، هیچ کاتێک بەپێی پێویست بایەخیان پێ نەدراوە. وانەی ئاین ئەگەر بشمێنێت، باشترە لەسەر بنچینەیەکی خواناسی و ئاینناسی بخوێندرێ، هەردەم بەدوای خاڵە هاوبەشەکانی ئاینەکاندا بگەڕێین بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکان، دوور لە چاندنی ڕقوکینە و بیروباوەڕی تووندڕەویی، یان باسکردنی کووشتن و ملپەڕاندنی ئەوانەی باوەڕیان بە ئاین و خواکەی ئێمە نەبووە!
زۆربەی ئەو کێشانەی ئاین دروستیان دەکات لە کۆمەڵگەکاندا، بە بیروڕا و هزرێکی سێکۆلاریزمیی چارەسەر دەکرێن، ئەوەی کە ڕووبەرێکی فرەوان بۆ سەرجەم بۆچوونە جیاوازەکان دەستەبەر دەکات. لە سیستەمی سێکۆلاریزمییدا بنەمای هاووڵاتیبوون لە پێش هەموو پێناسیەکەوە دێت، ئەم سیستەمە بەیەکسانی دەڕوانێتە گشت بیروڕا و ئاینێک، هەر یەکێک مافی دەربڕینی دیدگەی تایبەتیی خۆی پێ دەدرێت و دەتوانێ خاوەنی تێگەیشتنێکی سەربەخۆ بێت. ئایندار بەتەواوی ئازادە لە بەڕێوەبردنی ئەرک و فەرمانی ئاینەکەی، بەڵام زۆر گرینگە بزانێت، لەو کۆمەڵگەیەدا کەس بۆی نییە، ئاکار و کلتوور و پیرۆزییەکانی ئاینەکەی خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت. 
بابەتی ئێمە لێرەدا پتر پرسە ئاینییەکان دەگرێتەوە، بۆیە نامانەوێت بەفرەوانی باسی بوارەکانی دیکە بکەین. بەڵام لەبەرئەوەی ئاین و دەسەڵاتی سیاسیی پێوندییەکی پتەویان لەگەڵ یەکدا هەیە، گەلێک جار وەک دوو ڕووی یەک دراو بەدی دەکرێن، لە زۆربەی هۆکار و دەرەنجامەکانیشدا هاوشێوەن، ناچار دەبین بەکورتی ئاماژە بەو لایەنەش بدەین.
ئەم بابەتەی گەمژاندن و هێشتنەوەی بیروڕای پێشینە لە کۆمەڵگەی ئێمەی کورددا، ئەوەندە بە زەقی بەدیار دەکەوێت کە نەکارین چاویان لێ بپۆشین. لە باشووری کوردستان بەتایبەتیش لە بواری سیاسەت و حیزبایەتییدا، کێشەیەکی مەزنی بەرپا کردووە کە هەموومان بەدەستییەوە بناڵێنین. لەبەر نەبوونی هۆشیاری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی، وەک باب و باپیرانمان، بەردەوامین لە چەپڵەلێدان و پیاهەڵگوتن بە سەرۆک و سەرانی حیزبەکەمان. ناپرسین ئەوەی ئەو حیزبە دیکات چەندەی ڕاستە، تا کەی ئەو شێوازەی بەڕێوەبردن درێژەی دەبێ، ئەو کەموکوڕییانەی هەن چیمان پێ دەڵێن؟ ئایە ناکرێت سوود لەو هەموو هەڵە کووشندەیە یەک لەدوای یەکانەی مێژوومان وەربگیرێت، بۆ هێنانەدی سیاسەتێکی نوێخواز و هاوچەرخانە، لەسەر بنچینەی سیستەم و مۆدێلێکی چاکتر؟ 
دیرۆکی کورد هەمیشە پڕ بووە لە کێشە و گرفت، بەهۆی بوونی بیروڕای کۆنەپارێز و بەجێماوی ڕۆژگاری دەسەڵاتی دەرەبەگ و سەرۆکی خێڵ و ئاغاکان. لەم سەردەمەشدا هەر لەیەکەم ڕۆژی بوونی دەسەڵاتی کورد، حیزبی خێڵ و بنەماڵە زۆر بەخێرایی تەشەنەی کرد، ڕۆژ بەڕۆژیش زیاتر دەچەسپێ و باڵ دەکێشێت بەسەر بوارگەلەکانی ژیاندا. ئەوەی سەربە حزبی باوک و برایە، ڕاستەوخۆ بۆی بووەتە نموونەی حیزبێکی وا کە شیاوی بەهەڵەبوونی تێدا هەرگیز نەبێتەوە. ئەمە وای لەو جۆرە کەسانە کردووە، بەوپەڕی دڕندەیی داکۆکی لە حیزبی باوان و پێشینان بکەن، تا ڕادەی خۆبەکووشتدان، یان لەناوبردنی نەیار و بەرهەڵستکارانیان.
وەک ئەوانەی لە بابەتی ئایندا لێیان دواین، لەلای ئەمانەشدا هیچ کامەیان، تاکە یەک جار هەلێکی بەخۆی نەداوە، بۆ لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنێکی ژیرانە بۆ کار و بەرنامەی ئەو حیزبەی، تا بزانێت حیزبی بنەماڵە و کەسوکارەکەی، چەندە لە بەرژەوەندی گەل و نەتەوەکەی کار دەکات. هەر لە منداڵییەوە بەبێ ئەوەی خۆی بڕیاری لەسەر دابێ، زەبر و زەنگی حیزب، ترساندن و هەڕەشەی ئەندامانی خێزانەکەی، چەواشەکاریی میدیا و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن، وایان لێ کردووە هەڵەکان نەبینێت و کوێرانە دوایان بکەوێ، هیچ کاتێکیش بیرنەکاتەوە بۆ گۆڕین، یان داهێنانی بیروڕا و بۆچوونێکی نو‌ێ و جیاواز لەوەی کە بۆی بەجێماوە.
سەرانی ئەو حیزبانە وڵات، وەک موڵکێکی بنەماڵە و خێزانەکەیان مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن، هەردەم لە هەوڵی خۆسەپاندن و قۆرخکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانن، بە هەموو شێوەیەک ڕێگری دەکەن و بوار نادەن بە دروستبوونی حیزب و ڕێکخراوەی نوێ و ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاستەقینە، دەیانەوێت سەرتاپای جومگەکانی دەوڵەت لە دەستی کەسانی خێڵ و بنەماڵەکەی خۆیاندا کۆبێتەوە. ئەمانەش بوونەتە هۆی ئەوەی گشت پلە و پایەیەکان بۆ کەسانێک بن کە نەزان و ناشایستە، بێئەزموون و نەشارەزان، ئەوانەی پابەندن بە نەریتە گشتییەکانی کۆمەڵگەکەیان و هەرگیز فێرە ئەوە نەکراون، ببنە خاوەن کەسایەتییەکی ئازاد و سەربەخۆ، بتوانن ڕەخنە لە هەڵەی پێشینان بگرن، بەمەش سیاسەتە چەوت و پڕ لە گرفت و کەموکوڕییەکانی پێشینان درێژەیان هەبێ. ئەم شێوازە لە دەسەڵات دوورە لە هەستی نەتەوایەتی و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی ئاواتەکانی گەل، بۆیە هەمیشە دژی پێشکەوتنە و دەیەوێت کۆمەڵگە داخراو بێ، جەماوەریش هەردەم بەگەمژەیی بمێننەوە و هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونەدات. نەوەی بەرپرسان وا پەروەردە کراون کە تاکە مەبەستیان لە سیاسەتکردن، پڕکردنی گیرفانی خۆیان و پتربوونی سامانی بنەماڵەکەیان بێت، بێگومان ئەم تاوانەش بووەتە دەرەنجامێک بۆ بەرپابوونی چەندین کێشەی مەزنی وەک، بە فیڕۆدانی سامانی نیشتیمانیی، کزبوونی تەواوی گەشەی ئابووریی، بڵاوبوونەوەی هەژاریی و برسیەتی و دابەزینی ئاستی ژیان و گوزەرانی خەڵک.
لێرەشدا چارەسەری بە چاکسازییەکی ڕاستەقینە دەکرێت، لە تەواوی دامودەزگاکانی حوکمەت، بەوەی کە ببێتە هۆکاری نەهێشتنی فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتی گەندەڵکاران و لێپرسینەوە و دادگاییکردنیان. ئەمەش بە هەڵبژاردنە دیموکراسییە پاک و بێگەردەکانی دوور لە ساختەکاریی دەبێت، بۆ دەستنیشان کردنی کەسانێکی چاک و شایستە و خاوەن ماف، ئەوانەش دەستیان بگاتە دەسەڵات کە پسپۆڕ و زیرەکن لە بوارە تایبەتییەکانی خۆیاندا. دەرەنجام بەبوونی پڕۆسەی بەمۆدێرنکردن و پەیڕەوکردنی سیستەمێکی نوێ، بەلەبەرچاوگرتنی ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتووەکان، ئەوانە بتوانن کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی دابمەزرێنن، یەکسانی و دادپەروەریی تێدا دابین کرابێ و گشت مافێکی هاوڵاتیان پارێزراو بێت. گومانیشمان لەوەدا نییە، هێنانەدی ئەو هیوا و ئاواتانە، کردارگەلێکی سادە و ئاسان نین، بەبێ کەسانی ڕۆشنبیر و هۆشیاریی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، لەڕێی شۆڕش و ڕاپەڕینێکی جەماوەریی ژیرانە و هاوسەردەمییانە، بەدەست نایەن. 
دواجار ئەرکی هەموومانە و دەبێ لەو بابەتانەدا بڕیار بدەین، یان ئەوتا هەتا ماوین نەبینە خاوەن بیرکردنەوەی خۆمان، کوێرانە و گەمژانە دوای ئەوانە بکەوین کە بوونەتە پاسەوانی بیر و هۆشمان، یانیش یاخیبین و دەست بەسەرکەوتنی پەیژەکە بکەین، هەتا نەبین بە مەیموونی شەشەم!
------------
پێویستە ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە بدەین، ئەگەر ئەم ئەزموونە بەکردارەکیش ئەنجام نەدرابێ، دیسانەوە هیچ لە گەیاندنی پەیامە پڕواتاکەی کەم ناکاتەوە.
دارا سلێمان

سەرچاوە:




(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 5/5)