شکاندنی گۆشەگیری سەر(ئۆجەلان) بەرهەمی خەباتی مانگرتووانە

Saturday, 08/06/2019, 10:30

9029 بینراوە


لە بابەتێکی پێشوومدا بابەتێکم بە ناونیشانی( مێژووی مانگرتن و زیندانیانی باکور و بێدەنگی باشور) بڵاوکردەوە، بەڵام لەم بابەتەمدا بە پێوویستی دەزانم تیشک بخەمە سەر مێژووی بەرهەمی خەباتی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی.
بەبیری خوێنەران دێنمەوە لە بابەتی پێشووم کە لەسەرەوە ئاماژەم بە ناونیشانەکەی کردووە، باسی مانگرتنی چەند کەسایەتییەکم لە ڕووی مێژووییەوە کردبوو کە لە بەندیخانەکاندا بە هۆکاری سیاسی مانیان لە خواردن گرتبوو، لەوانەش(حەمید عوسمان) کە خەڵکی شاری هەولێر بوو لەسەردەمی ڕژێمی پاشایەتی زیندانی کرابوو، هەروەها پۆلێک تێکۆشەری باکوری کوردستان( کەمال پیر، محەمەد خەیری دوورمووش، عەلی چیجەک، عاکیف یەلماز) لە ساڵی ١٩٨٢ زیندانی کرابوون دواتر شەهیدبوون.
سەرەتا بە گرنگی دەزانم ئاماژە بە خاڵێک بکەم، ئەویش ئەوەیە مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کە لە سەرەوە ناویان هاتووە، هەموو ئەوانەی لەو سەردەمەدا وەک زیندانییەکی سیاسی مانیانگرتبوو لە بارودۆخێکی زۆر هەستیار و لە ژێر ئەشکەنجەیەکی زۆر دژواردا ئەو چالاکیەیان ئەنجامدابوو، لەو سەردەمەدا پێشکەوتنی تەکنەلۆجی وەک ئێستا نەبوو، ئینتەرنێت و مۆبایل نەبووە، ڕاگەیاندن وەک ئێستا نەبووە، بیستنی دەنگیان لە ژوورە تاریکەکان کارێکی ئاسان نەبوو.
بەرهەمی خەباتی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە ڕووی مێژووییەوە بە مانگرتنی کۆچکردوو(حەمید عوسمان) دەستپێدەکەم. 
کاتێک حەمید عوسمان بە تۆمەتی سکرتێری حزبی شیوعی عیڕاق لەسەردەمی شا فەیسەڵی دووەم شای عیڕاق، لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا زیندانیکرابوو، لە ناو بەندیخانەدا ماوەی نۆزدە ڕۆژ مانگرتنی لە خواردن دەستپێکردبوو، شا فەیسەڵی دووەم زانیاری لەسەر مانگرتنەکەی ناوبراو هەبوو، بۆیە بەمەبەستی کۆتایی هێنان بە مانگرتنەکەی حەمید عوسمان، ڕۆژێک شا بە یاوەری ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ئەوسای عیڕاق سەردانی گرتووخانەکە دەکات، سەردانی ئەو بەشە دەکات کە چەند ژوورێک لە تەنیشت یەکترن، شا فەیسەڵ بە زمانی عەرەبی بە ئەنقەست سڵاوی لە زیندانیەک کردبوو کە لە ژوورێک بەندکرابوو، دوای ئەو سڵاوی لە زیندانییەکی تر کرد کە لە ژوورەکەی تری تەنیشتیەوەبوو، کاتێک حەمید عوسمان هەستدەکات شا فەیسەڵ بەرەو ژوورەکەی ئەو دێت کە ژووری ژمارە یەک بوو، بە تۆمەتی سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی عیڕاق تیایدا بەنداکرابوو زنجیرێکی ئەستور لە قاچی کرابوو، بانگی پاسەوانێکی بەردەم ژوورەکەی خۆی دەکات و پێی دەڵێ( بڕۆ بە شا فەیسەڵ بڵێ، سڵاو لەمن نەکا، بە من نەڵێ مەرحەبا، گاڵتە بەخۆی نەکا، چونکە وەڵامی نادەمەوە) پاسەوانەکەش خێرا بەرەو ڕووی شا فەیسەڵ دەچێت و پەیامەکەی پێڕادەگەیەنێت، شا فەیسەڵ تووڕە دەبێت، دەڵێ من تایبەت بۆ ئەوە هاتبووم سڵاو لە حەمید عوسمان بکەم، ئەگەر وەڵامی بداباوە دەستبەجێ ئازادم دەکرد! شا بە تووڕەیی دەڕوا. دواتر حەمید عوسمان لە بەرواری(١٩٥٤/٦/١٦) گرتووخانەی شکاند دەربازبوو، گەڕایەوە کوردستان لە ڕێگای هەولێرەوە گەیشتەوە شاخ ماوەی دوو مانگ بە نهێنی لە گوندی(گرتک) لە دۆڵی ڕوستێ نزیک چیای هەڵگورد مایەوە.
سەبارەت بە زیندانیانی سیاسی باکوری کوردستان(کەمال پیر، محەمەد خەیری دوورمووش، عەلی چیچەک، عاکیف یەلماز) کە لە چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٨٢ لە بەندیخانەی شاری ئامەد مانگرتن لە خواردن تا مردنیان ڕاگەیاند، ئەو چالاکیە تەنیا مانگرتن نەبوو، بەڵکو بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی داپڵۆسین و ئەشکەنجەی دژوار و قڕکردنی زیندانیانی سیاسی و تەواوی گەلی کوردبوو کە لە سەردەمی سەرۆک کۆمار(کەنعان ئیڤرن) و فاشیستەکانی کۆدەتای دوازدەی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠ دژ بە گەلی کوردی باکوری کورستان لە تورکیا پەیڕەو دەکرا. کەمال پیر خۆ ڕاگر بوو، بە جەللادەکانی ناو زیندانەکانی دەگووت، یەک ووشە لە من نابیستن دڵتان پێیخۆش بێت. خەیری دوورمووش پێش شەهیدبوونی ماڵئاوای  لەهەڤاڵانی کرد، گووتی، لەسەر گۆڕەکەم بنووسن من قەرزداری گەلەکمم! کەمال پیر دوای پەنجا و پێنچ ڕۆژ مانگرتن، خەیری دوورمووش دوای پەنجا و هەشت ڕۆژ، عاکیف یەلماز دوای شەست و شەش ڕۆژ، عەلی چیچەک دوای شەست و حەفت ڕۆژ شەهیدبوون. ڕێبەری پەکەکە(عەبدوڵا ئۆجەلان) سەبارەت بەو پۆلە شەهیدە ووتەیەکی هەیە دەڵێ" چواردەی تەمووز بۆ گەلەکەمان و ئەو گەریلایانەی دەیانەوێت لە ڕوحی پەکەکە تێبگەن و سەربکەون، ڕێبازی تێکۆشانە"
 شەهید(ساکینە جانسز- سارا) وەک زیندانییەکی سیاسی ژن،هەروەها(مستەفا قەرەسو) کە ئێستا ئەندامی کەجەکەیە، بەهەمانشێوە بەشداری ئەو بەرخۆدانە مێژووییە ببوون، بەرخۆدان و چالاکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە گرتووخانەی ئامەد لەو کاتەوە تا ئێستاش بووە بە یەکێک لە هێڵە بنچینەییەکانی تێکۆشانی سیاسی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باکوری کوردستان.
دوای سی و حەفت ساڵ، ئەو مانگرتنە سەرتاسەرییەی کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگە تا نووسینی ئەم بابەتە بەردەوامە، حەفت هەزار زیندانی سیاسی کورد لە نۆڤێمبەری ساڵی ڕابردوو بە پێشەنگایەتی لەیلا گیوڤەن دەستی پێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، درێژەدانە بە تێکۆشانە مێژووییەکەی مانگرتووانی چواردەی تەمووزی ساڵی ١٩٨٢.
چۆن مانگرتنی حەمید عوسمان لە باشوری کوردستان و عیڕاق، عەرشی پاشایەتی هەژاند، شا فەیسەڵی ناچارکرد سەردانی ناو زیندان بکات، چۆن مانگرتنی(کەمال پیر، خەیری دوورمووش، عاکیف یەلماز، عەلی چیچەک) و ساکینە جانسز، مستەفا قەرەسو ئیڕادەی فاشیزمی دەولەتی تورکیان تێکشکاند و سنورێکیان بۆ قڕکردنی کورد دانا، نەخشەی سەرکەوتنیان داڕشت، بوونە بنچینەی هێڵی تێکۆشان، بەهەمانشێوە مانگرتنی ئەمجارەش بەرهەمدار دەبێت و گۆشەگیری تێک دەشکێنێت و فاشیزم لە ناودەبات.
 ڕۆژی دووی ئایاری ٢٠١٩، دوو پارێزەری(ئۆجەلان) سەردانی ئیمڕاڵیان کرد و دیداریان لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامدا، بەڵام مانگرتووان هەر بەردەوامبوون لە مانگرتنەکەیان و لە(١٠) ی ئایار، گروپێکی پازدە کەسی زیندانیانی سیاسی مانگرتن تا مردنیان ڕاگەیاند بەگشتی(٣٠) کەس لە چالاکی مانگرتن تا مردن بەشدارن، ئەوەش دەسەڵاتی فاشیزمی حکومەتی تورکیای زیاتر تەنگەتاو کرد، بۆیە لە ١٦ ی ئایاری ٢٠١٩، وەزیری دادی دەوڵەتی تورک(عەبدولحەمید گول) لابردنی قەدەغەی دیداری(ئۆجەلان) ی ڕایگەیاند، گووتی، لەمەودوا پارێزەران دەتوانن سەردانی ئیمڕاڵی بکەن، ئەوەش ئەگەر بەکردار جێبەجێبکرێ پارێزەران و خزم و کەس دەتوانن سەردانی(ئۆجەلان) بکەن. ئەو لێدوانەی وەزیری دادی تورک تێکشکان و پاشەکشەی فاشیزمی دەولەتی تورکە بەرامبەر بە خۆڕاگری و قوربانیدانی خەباتی زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مانگرتوو، هاوکات سەرکەوتنێکی تری مێژووی خەباتی زیندانیانی سیاسی و چالاکوانانی مانگرتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە