ھەرێمی کوردستان لە لێواری تێکچوندایە

Tuesday, 11/06/2019, 12:06

10216 بینراوە


ھەرێمی کوردستان زۆر قۆناغی نەھامەتی تێپەڕاند لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا و لە ھەر قۆناغێکیشدا بە ئومێدی ڕۆژی گەشتر کۆمەڵگا ھەوڵی نەفەس درێژی دەدا تا سەرەتای قۆناغێکی گەشتر بێنێتە ئاراوە بەڵام ئەوەی لەماوەی ئەو ٦ ساڵەی ڕابردوودا ڕووبەڕوی ھەرێم کرایەوە ھێزی لە گەل بڕی ھەر لە پەلکێشکردنی داعشەوە بگرە بۆ سەر کوردستان و ڕیفراندۆمە پلاناویەکە تا بەو شکستە ئابوریەی کە کۆمەڵگای خستە سەر ساجی عەلی .
ھاتنی داعش بۆ کوردستان ئەجێندای تورکی لە پشت بوو بە ھەمان ئەو پلانەی کە دژی ڕۆژئاوای کوردستان داعش ئاراستەی شاری کوبانی و ناوچەکانی جزیرەی ڕۆژئاواو کەرکوک و شەنگال و مەخمور کران بە مەبەستی لاوازکردنی کورد و کۆڵدان و ھەزمکردنی سیاسەتی عێراق و تورکیا تا بە ئاراستەی ئەجنداکانی ئەواندا ھەنگاو بنێت و بەو شێوەیەش ئامانجەکانیان پێکا ھەر لە سەردەمی جەنگی داعشدا عێراق کوردی لاوازکرد و ئابوری کوردستانی تێکشکاند تا لە ١٦ ئۆکتۆبەردا لە سەدا ٥٥ ی خاکی کوردستانی خستەوە ژێر ڕکێفی خۆی ، لەلایەکی دیکەوە لە باکوری کوردستان شارەکانی وەک شیرناخ ، نسێبین و سوری ئامەد و چەند شوێنێکی دیکە خاپور کران و ھەزاران سیاسی و چالاکوان و ڕۆژنامەوانی کورد خزێنرانە زیندانەکانەوە و لە ڕۆژئاوای کوردستان سەرەڕای ئازاد کردنەوەی کوبانی بە ھەمان پلانی تورکیا عەفرین تا بەم ساتەش داگیر کراوە ، ئەمانە سەرجەمیان بیر ھێنانەوەی ئەو ڕاستیانەن کە تورکیا و داگیرکەرانی کوردستان پلانیان کرد بۆ لاواز کردنی کورد بەڵام مەخابن بەناو سیاسی وڕۆشنبیرەکانی ئەو ووڵاتە ئەزمونیان لەو پلانە وەر نەگرت چونکە لە ئێستادا بە ھەمان نەفەسی قۆناغی سەردەمی داعش و بگرە زۆر ئاشکراتر پلانێکی سێ کوچکەیی ئێران عێراق و تورکیا دژ بە کورد بەڕێوە دەچێت و لەشکر کێشی تورکیا بۆ ناو خاکی کوردستان و چاوترساندن و کوشتنی گوندنشینان بە بۆردومانەکان و ھەڵمەتی پاکتاوی کورد لە کەرکوک و دوروبەری و بە سوتاندنی دەغڵ و دانی جوتیاران و تۆقاندنیان و ھەڕەشەی چۆڵکردنیان لە جێ و واریان پێماندەڵێت کە تورکیا بۆ لەبار بردنی ئەو ئەزمونە و لاوازکردنی کورد لە باشوری کوردستان و دەستوەردانی کۆمەڵگا لە ڕێگای خوێندنگا تایبەتەکان و فیلم و ڕاگەیاندنەکانەوە دەسەڵاتداران ئاراستە دەکات بە بێ ئەوەی نوزەیان لێوە بێت سەرجەمیشیان بە پاساوێک پەردە پۆش دەکرێت کە گوایا گەر تورکیا نەبێت نەوت لە کوێوە بفرۆشین ؟ 
منیش دەپرسم ئایا ئەو نەوتە بۆ کورد دەفرۆشرێت یان بۆ دەسەڵات ؟ 
ئایا گەر نەوت نەفرۆشین کە سەرچاوەیەکی دارایی بەھێزە بۆ تورکیا ھێندەی ٦ ساڵی ڕابردوو کارەساتی ئابوری بەسەر کۆمەڵگادێت ؟ 
ئەوەی لە ئێستادا لە سنوری زاخۆ تا دەگات بە چیای ئاسۆس ڕوودەدات تەنھادژ بە پەکەکە نیە بەڵکو دژ بە ھەبون و ستاتۆی کوردە لەم ھەرێمە ، لەکەدار کردنی ، بێھیواکردنی ، قبوڵکردنی تورکمان بونی کەرکوک ، شێواندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی ، دروستکردنی ڕک و کینە و بێ ئیرادەیی و بێ باوڕی
 گەمەی موچەکەی بەغدادیش لایەکی دیکەی پلانەکەیە  کە سەرجەمیان لە ڕێگای دەسەڵاتدارانی کوردەوە جێ بەجێ دەکرێت .
لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئەم ھەرێمە لە جیاتی داننان بە ھەڵەکانی ڕابردوودا و گرتنە بەری سیاسەتێکی راست لە بەرژەوەندی گەلی بەشمەینەتی دوای ئەنفال و کیمیاباران ئەمجارە بە ھەمان رک و کینەی حیزبایەتی و قۆرغکردنی دەسەڵاتەکان و دەستبەسەرداگرتنی ئابوری ھەرێم ھەرچی گەمەی قێزەونە بەکاری دەھێنن و لە ژێر ھەژمونی تورکی داگیرکاردا ھەرێمۆکەکەیان گەیاندۆتە سەر لێواری مەرگ .
بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو سیاسەتە بەرژەوەندیخوازیە دەکرێت لە ئێستادا ھەر تاکێکی ئەو کۆمەڵگایە تەنھا بە یەک ھەنگاو شکست بەم سیاسیانە بھێنێت ئەویش بریتیە لەوەی کە بۆ بە دەست ھێنانی بڕێک دەستکەوتی مادی با نەبینە داردەستی حیزبەکان گەر ھەریەک لە ئێمە بەرژەوەندی بەدەست ھێنانی بڕێک ماددەی کەسی ڕەتکەینەوە بێگومان ئەو ھێزانەش ناتوانن یاری بە چارەنوسی ئێمە و نەوەکانی داھاتومان بکەن و بگرە ناچار دەبن بە گەڕانەوە بۆ خواستەکانی گەل پێم وایە ئەوە سەرەتاییترین ھەنگاوە کە تاک بە تاکی کۆمەڵگای ئێمە بەرجەستەی بکات لە خۆیدا .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە