چیا و نما له‌و خوێنه‌ به‌رپرسن یان KNN؟

Tuesday, 06.11.2019, 22:50

6135 بینراوە


ناكرێت بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌ر ته‌له‌فۆنێكی بۆ بكرێت، و یه‌كسه‌ر ده‌یان گه‌نجی خوێن گه‌رمی چه‌كدار له‌ گرده‌كه‌ كۆبكاته‌وه‌ و بڵێت هه‌ڕه‌شه‌م له‌سه‌ره‌. 
له‌ ١٧ی شوباتی ٢٠١١، ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگه‌ی له‌ هێزه‌كانی پارتی نه‌گرتایه‌ و له‌ تاسڵوجه‌ رێگه‌ی له‌سه‌ر دانه‌خستنایه‌، ئێستا سه‌دان گه‌نجی تری گۆڕانخواز بوبون به‌ قوربانی. 
له‌ ١٧ی شوبات دوای ئه‌وه‌ی گۆڕانخوازان چونه‌ سه‌ر لقی ٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی داگیركردنی گردی زه‌رگه‌ته‌ هێزی جوڵاند. ئه‌و شه‌وه‌، كۆچكردو نه‌وشیروان موسته‌فا و به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی نه‌وه‌ی یه‌كه‌می بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سلێمانییان به‌ جێ هێشت و له‌ پێنجوین گیرسانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی له‌ ده‌وری گردی زه‌رگه‌ته‌ مانه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك گۆڕانخوازی دنیا نه‌دیده‌ بون كه‌ هاندرابون و چه‌كداركرابوون و ئه‌گه‌ر پارتی هێرشی بكردایه‌، بێ شك و گومان، ئێستا ده‌یانیان لێ شه‌هید كرابو.
ساڵی ٢٠١٨ و پاش ته‌واو بونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌ست به‌جێ ئاگرێكی تری له‌ تۆپخانه‌ی (KNN)وه‌ كرده‌وه‌ و هاواری كرد كه‌ ته‌زویر كراوه‌ كه‌ دواجار نه‌یانتوانی ئه‌و تۆمه‌تانه‌یان بسه‌لمێنن و له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی بۆ دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی، به‌ڵگه‌یه‌كی شایانیان ده‌ستنه‌كه‌وت له‌سه‌ر بابه‌تی ته‌زویر.
ئه‌و شه‌وه‌ی مانگی ٥ی ساڵی پار، به‌ هه‌مان شێوه‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هێرشی كرده‌ سه‌ر یه‌كێتیی و داواشی له‌ گۆڕانخوازان كرد بچن بۆ گرده‌كه‌ و مه‌زاری نه‌وشیروان موسته‌فا و ماڵه‌كه‌ی و گرده‌كه‌ی بپارێزن. گۆڕانخوازان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستانه‌وه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرت و قاوغه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ی خۆیان فڕێدا و چونه‌ گردی زه‌رگه‌ته‌ و خۆیان ئاماده‌ كردبوو په‌لاماری باره‌گاكانی یه‌كێتیی و پارتی بده‌ن له‌ سلێمانی. كه‌ یه‌كێتیی به‌مه‌ی زانی، له‌ڕێی لێپرسراوی هێزه‌كانی (٧٠)ه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گۆڕان كرا و گۆڕان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ جوابی دایه‌وه‌ و شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ دروست بو. كه‌ ئه‌وجاره‌ گۆڕانخوازان و هێزه‌كانی به‌رامبه‌ریان به‌ بێ ئافات لێی ده‌رچوون. هه‌ندێ شوشه‌ شكا و هه‌ندێ رایانكرد و هه‌ندێ وێنه‌ی خۆیان له‌ كاتی خراپدا بڵاو كرده‌وه‌.
ئه‌م جاره‌ش هه‌مان تاس و حه‌مامه‌. ده‌ڵێن بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پشت به‌ستو به‌ میدیای تر و سه‌رچاوه‌ی درۆی ئاژاوه‌چی نزیك له‌ پارتی كه‌ به‌ ناوی یه‌كێتییه‌وه‌ راپۆرت بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌واڵێكی ناڕاستی بڵاو كردۆته‌وه‌. ده‌ڵێن سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی له‌و هه‌واڵه‌ ناراسته‌ ناره‌حه‌ت بوه‌ و داوای له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردوه‌ به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هه‌واڵی ناراست بڵاو نه‌كه‌نه‌وه‌.
له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكاته‌وه‌، دیسان داوایان له‌ كوڕی فه‌قیر و هه‌ژار كردوه‌، خۆیان ببه‌ستن و به‌ چه‌ك و فیشه‌كی خۆیان و به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌زمونیان هه‌بێت و له‌ هێزێكی رێكخراوی فه‌رمی دا رێكخرابن، ده‌یان سه‌دان چه‌كداریان له‌ سه‌رتاسه‌ری كوردستانه‌وه‌ بانگی گرده‌كه‌ كردۆته‌وه‌ تا بچن و پارێزگاری بكه‌ن له‌و گرده‌ی تاپۆكه‌ی به‌ باخه‌ڵی كاكه‌ چیا و كاكه‌ نما نه‌وشیروان دایه‌. 
ئه‌م جاره‌ش چه‌كداره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاژاوه‌یان ناوه‌ته‌وه‌ و به‌ ناوچه‌ی زه‌رگه‌ته‌دا ته‌زویع بوون و نیوه‌شه‌ویان له‌و گه‌ڕه‌كه‌ تاڵ كردوه‌ و به‌پێی پۆلیسی سلێمانی، هه‌وڵیانداوه‌ بچنه‌ ناو نه‌خۆشخانه‌ی د.ئه‌نوه‌ر شێخه‌ و هێزه‌كانی سكیوریتی رێگه‌یان پێنه‌داون. زۆرێك چه‌ك كراون و زۆرێك ته‌قه‌یان كردوه‌ و گه‌نجێكیش به‌ ناحه‌ق خوێنی رژا و شه‌هید كراوه‌.
رێبەند فەرهاد
شه‌هیده‌كه‌ی به‌رده‌م گردی زه‌رگه‌ته‌، خوێنی له‌ ناحه‌ق رژا و ئۆباڵه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ به‌رپرسیارێتی كاره‌ هه‌ڵه‌كانی خۆیان هه‌ڵناگرن و له‌ جیاتی به‌ خۆدا چونه‌وه‌ و خۆ راست كردنه‌وه‌ و هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارێتی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان شه‌ڕی خۆیان بكه‌ن، هه‌ر تاو نا تاوێك داوا له‌ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی هه‌ژاری ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌ن چه‌ك هه‌ڵبگرن و بچن گرده‌كه‌ بپارێزن!
كه‌س نازانێت ئایا ئه‌م گرده‌ چی یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌م هه‌مو گه‌نجه‌ خوێنی بۆ بده‌ن. ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه‌ خوێن به‌خشینه‌، بۆچی سه‌ركرده‌كانی گرده‌كه‌ خوێنی بۆ ناده‌ن. بۆچی خۆیان ناچن پارێزگاری له‌ بنه‌ماكانی بزوتنه‌وه‌كه‌یان بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی تر دا سازش له‌سه‌ر ئه‌خلاق و بنه‌ماكانیان ده‌كه‌ن. بۆچی پێویسته‌ به‌رگری كردن له‌ ١٢٠ دۆنم زه‌وی تاپۆ كراو ببێت به‌ دیارده‌ و بۆچی دیارده‌یه‌كی وا ناشرین و ناشارستانی هه‌بێت له‌م شاره‌دا كه‌ هه‌ر كه‌س هه‌ندێك توڕه‌ بو یان هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی كرد، په‌نا ببات بۆ چه‌ك و چه‌كدار و خۆشی وه‌كو به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچێت. په‌ندێك هه‌یه‌ ده‌ڵێ له‌گه‌ڵ گورگ نان ده‌خوات و له‌گه‌ڵ مه‌ڕ شین ده‌كات. 
كاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ KNN به‌ خۆی دا بچێته‌وه‌ و كاكه‌كان نما و چیاش له‌ ئاستی به‌رپرسیارێتی دابن به‌رامبه‌ر رۆحی هه‌ژاران. ئه‌گه‌ر باوكی هه‌ژاران نه‌یتوانی هه‌ژاره‌كان بپارێزێت، با كوڕه‌كانی یاری به‌ رۆحی هه‌ژاران نه‌كه‌ن.




(دەنگدراوە: 14 . زۆرباشە: 4/5)