خودا کێیە؟ گفتوگۆ لەگەڵ ژۆن سولێ

Thursday, 06.27.2019, 8:14

2454 بینراوە


وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین
لە خۆرئاوادا زۆرجار تۆیژینەوەی زانستی بوێرانەی ئەو توێژەرانە فەرامۆشدەکرێن و دەسڕدرێنەوە کە دوور لە دیدی باو، قسەیان لەسەر ئایینە یەکتاپەرستیەکان کردووە. ئەم فەرامۆشکردن و خۆلێ گێلکردنانەیش تەنها یەک مانایان هەیە: نقوومبوونی ئەو جیهانە لە دەریای ئایدیۆلۆژیی یەهودیزم و مەسیحیەتدا و بێدەسەڵاتیە درێژخایەنەکەیان لەوەی کە بتوانن لە ئەفسانە ئەقڵچەوسێنەوەرەکانی ئەو ئایینانە، ڕزگاریان بووبێت. ژان سولێ سەر بە یەکێک لەو بیریارە دەگمەنانەیە کە ڕاشناڵانە لە دیاردەی ئایینییان کۆڵیبێتەوە و لە ڕوانگەی مێژوویەوە توند و بێبەزییانە ئەو کتێبانەیان توێ توێ شیکارکردووە کە گوایە پیرۆزن و موقەدەس. سولێ وەک گفت و وتەگەلێک مامەڵەی ئایینەکان ناکات کە هاتبێتنەخوارەوە و لە ئاسمانەوە بۆ مرۆڤ نێردرابن، نا، بەڵکو تەنها وەک ئەدەبێکی مرۆیی دەیانبینێت و هیچی تر. ئەو زۆربەی ژینی سەرقاڵی وەگێڕان و خوێندنەوە، شیکارکردن و پشکنینی دەقەکانی ئایینە یەکتاپەرستیەکان بووە بە زمانە ڕەسەنەکانی خۆیان. کۆی هەوڵي بەردەوامەکانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بە دوور لە چاوی خەڵکی، چەند بەرهەمێکی زۆر ورد و بێپێچ و گرێیان لێ سەوزبووە کە لە کتێبە گەورە و زەبەلاحەکەیدا بە ناونیشانی (توێژینەوەیەک دەربارەی بنچینەکانی تاقە خودایی) بڵاوبووەتەوە و لە سێ بەش پێکهاتووە: یەکەمیان، بەساختەخوڵقاندنی یەکتاپەرستی (٢٠٠٢)، دووەمیان، یاسای موسا (٢٠٠٣) و سێهەمیشیان، ژین و مەرگ لە تەوراتدا (٢٠٠٤). لەساڵی ٢٠٠٩ یشدا کۆی دەرەنجامەکانی ئەو توێژینەوانەی بە ناونیشانی (توندوتیژیی ئایینە یەکتاپەرستیەکان) بڵاوکردەوە. هەر لە ساڵی ٢٠٠٩ یشدا کتێبێکی بە ناونیشانی (خودا کێیە؟) دەرکرد، دوا کتێبیشی کە ساڵی ٢٠١٦ چاپکرا بریتی بوو لە: (خودا و من، چۆن دەبین بە ئاتیست و بۆ هەروایش دەمێنینەوە).
وەک بە ناونیشانی کتێبەکانیدا دەردەکەوێت، سولێ هەندێک مەلەفی زۆر هەستیاری وروژاندووە و چەندەها گریمانەی دژ بە هۆشیاری باو خستۆتە بەرچاو کە بوونەتە هۆی ئەوەی زانکۆ خۆیانی لێ بێبەری بکات و ئەو دەزگایانەی بڵاوکردنەوەیش کە هەژموونیان بەسەر بازاڕدا هەیە و قۆرخیانکردووە، دەستنووسەکانی ڕەتبکەنەوە، ئەمە جگە لەوەی لەلایەن ئەو سەنتەرانەی ساختەکارانە پێیان دەوترێت بنکەی لێکۆڵینەوە و ئەو دەزگای ڕاگەیاندنایشەوە کە گوایە خولیای ئازادی و هەمەرەنگیی فیکرین، بەردەوام فەرامۆش و وەلاخراوە.
- لە ناونیشانی کتێبەکەتدا (خودا کێیە؟)، مەبەستت لە بەکارهێنانی وشەی خودا چی بوو؟
سولێ: لەو ناونیشانەدا (خودا کێیە؟)، مەبەستم لەو تاقە خودایە بوو کە لەلایەن جولەکە، مەسیحی و موسوڵمانەکانەوە بە چەندەها ناوی جۆراوجۆرەوە (ئیلۆهیم، گەد، ئەڵا)، پەرستراوە. خەڵکی هەموو باوەڕیان وایە کە دەزانن خودا کێیە، ئەو خودایەی کە سەرەتا بۆ ئیبراهیم و پاشتریش بۆ موسا دەرکەوت، وەک ئەوەی کە لە دۆگمی هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستیەکەدا دەیبینین. بەڵام من هەر لە بەشی یەکەمی ئەو کتێبەمدا بە ناونیشانی (هەندێک ڕاڤەی هەڵە بۆ خودای تەورات) ڕوونیدەکەمەوە کە وا نیە، بەتایبەتی کە پاش ڕوونکردنەوە و توێکاریکردن دەیسەلمێنم کە هەر دوو کەسایەتی ئیبراهیم و موسا ئەفسانەیی بوون و ئەو خودایەیشی کە گوایە دەیاندوێنێت و قسەیان لەگەڵ دەکات – وەک ئەوەی کە تەورات دەیڵێت – خودا نەبووە، بەڵکو خودایەکە تایبەت بە گەلی یەهود لە پاڵ ڕستێک خودای تردا.
- ئایا دەکرێت ناو، شوێن و مێژووی لەدایکبوونی خودای تاکوتەنها بزانین؟
سولێ: خۆی یەکتاپەرستی ڕاستەقینە یان تاکوتەنیایی خودا بەو مانایەی کە جگە لەیەک تاکەخودا، هیچ خودایەکی تر بوونی نیە، بیرۆکەیەکە بەر لە سەدەی چوارەمی پ.ز، بوونی نەبووە. بیرۆکەی خودای تاکوتەنها (تاقە خودا) لە داهێنانی گەلی یەهودە کە دۆخێکی مێژوویی دژوار دەژیان و لەبەر هەڕەشەی لەناوچوونی شوناسیاندا بوون. خۆی ناوی نیشتمانیانەی خودای گەلی یەهود (یەهوە) بووە و پێیان وا بووە مەزنترین خودایە، بەڵام باوەڕیان بەوە نەبووە کە تاقە خودایە. هەر ئەوەیش نا، بەڵکو پێیان وا بووە کە یەهوە هاوەڵ یا ژنێکی هەیە بە ناوی (ئەشیرا). لێ پاشتر بۆیاندەرکەوت ئەو خواوەندەی کە گەلی یەهود دەپارێزێت، زۆر بێدەسەڵاتترە لەوەی کە بتوانێت لە سەرەتای سەدەی شەشەمی پ.ز دا لەبەردەم هێرشی بابلیەکاندا بەرگرییان لێبکات، بەتایبەتی کە پەرستگای ئۆرشالیم دەڕوخێنن، فەرمانی نەفیکردن بەسەر هەڵاوێردەکەیدا دەدەن و دەربەدەر دەبن. دواتر و پاش ٥٠ ساڵ، کاتێک گروپە هەڵاوێردەکەی یەهودیەکان لە لایەن فارسەکانەوە ڕزگاردەکرێن و دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئۆرشالیم، لێ جگە لە دامەزراندنی دەوڵەتۆچکەیەک بەبێ سەربەخۆیی، بەبێ سوپا و بەدوور لە بوونی هەر جۆرە خۆشگوزەرانیەک، هیچی تریان نابێت. ئەوان لە چوارچێوەی ئیمپراتۆریای مەزنی فارسیدا دەژین کە تا میسر درێژبۆتەوە، کەواتە چۆن باوەڕ بەوە بکەن کە خوداکەیان (یەهوە)، مەزنترینی خوداکان بووە؟
- کەواتە تاکخودایی، بایۆگرافی و مێژووی خۆی هەیە. ئایا بەشداری بنەڕەتییانەی تۆ لە نووسینەوەی بایۆگرافی ئەو خودا تاکوتەنیایەی یەکتاپەرستەکاندا چیە؟
سولێ: من پێم وایە بەشداریەکەی من لە ڕاڤەکردنەکەمدا پشتی بە هەندێک هۆکاری مرۆیی بابەتیانە بەستووە، نەوەک پەنای بردبێتە بەر هیچ چەشنە پاڵنەرێکی هێزی دەرە سروشتی دەربارەی ئەوەی کە چۆن و بۆچی و بەتایبەتی لەو کاتەدا گەلی یەهودی ئەو بیرۆکە شۆڕشگێڕانەیەیان بۆ هاتووە دەربارەی ئەوەی کە تەنها یەک خودا بوونی هەیە. زۆر بە کورتی، خۆ فارسەکانیش خودایەکی نیشتمانییان هەبووە، خودایەکی تایبەت بە خۆیان کە ئاهورامەزدایە و پێیان وا بووە مەزنترین خوداوەندە، خوڵقێنەری ئاسمان و زەویە و بەڵێنی بە گەلەکەی داوە کە بەسەر جیهاندا زاڵیان بکات. ئەمەش خۆی هەمان ئەو دۆگمەیە کە یەهودیەکان لەبارەی خوداکەیانەوە هەیانبووە و باوەڕیان پێیبووە. هەربۆیە چەندە مێژوو جەختی لە دروستیی باوەڕی فارسەکان کردبێتەوە، هێندەیش دۆگم و باوەڕی یەهودیەکانی بە خوداکەیان، بەدرۆخستۆتەوە. هەربۆیە یەهودیەکان تا واز لە خوداکەی خۆیان نەهێنن و شوناسی خۆیان لە دەستنەدەن، لە قۆناغێکی دیاریکراودا باوەڕ بە خۆیان دەهێنن کە هەردوو یەهوە و ئاهورامەزدا هەمان خوداوەندن و جگە لەیەک تاقە خودا، هیچ خودایەکی تر بوونی نیە.
- بە ڕای ئێوە، ئایا گرنگترین درۆیەک کە دەربارەی خودای یەکتاپەرستەکان بەربڵاوە، چیە؟
سولێ: بێگومان گەورەترین درۆی هەڵبەستراو بریتیە لەو مانایەی کە بە گێڕانەوەی تەوراتی بەخشراوە و دەگێڕێتەوە کە پاش ئەوەی موسا ڕوو بە ڕوو لەگەڵ خودادا لە شاخی سینا، ٤٠ ڕۆژ بەسەردەبات، لەو سەرەوە بە خۆی و دوو تابلۆی بەردینەوە دێتەوە کە خودا بە دەستوخەتی خۆی و بە زمانی عیبری ١٠ فەرمایشتەکەی لەسەر نووسیوە، تۆزێک پاشتر لەوەیش، موسا بە زمانی عیبری ئەو فەرمایشتانەی تری کۆپیکردووە کە خودا لەسەر پەڕە و بەرگی زۆر تەنک، بۆی نووسیونەتەوە. ئەمەیش خۆی درۆیە، چونکە ئەوەی کە قسەی لەگەڵ موسا کردووە، خودای تاک و تەنها نەبووە، بەڵکو یەهوە بووە، خودای نیشتمانیی یەهودیەکان کە بێ هیچ ئایدیایەکی پێشوەخت ئامادەکراو، زۆر بە ئاسانی لە دەقی عیبرانیی تەوراتدا دیارە و خۆی دەنوێنێت. لەوەیش زیاتر بڕۆین، ئەو گریمانەیە بۆیە درۆزنانەیە و ڕاست نیە چونکە زمانی عیبری لە سەردەمی موسادا وەک ئەوەی کە گوایە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی سیانزەیەمی پ.ز، زمانێکی نووسراو نەبووە، بەڵکو نزیکەی پاش ٤ یان پێنج سەدە لەو کاتە، نووسراوەتەوە. کەچی سەرباری هەموو ئەو درۆ شاخدارانەیش، دەبینیت ئەو چیرۆکە خەیاڵیەی وەک سروشێکی دامەزرێنەرانە پێشکەشکراوە، سەرچاوەی هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستیەکەیە.
- باشە، ئەی دەرەنجامی ئەو درۆ هەڵبەستراوانەی یەکتاپەرستی و تاک و تەنهایی خودا چیە، ئایا هیچ کاریگەریەکیان لەسەر ژیانی مرۆڤ و مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە بەگشتی؟
سولێ: یەکتاپەرستی، دەمارگیریی و نالێبووردەیی هێنایە ناو ژیانی مرۆڤایەتیەوە. بۆچی؟ کاتێک کەسێک باوەڕی وا بێت جگە لە یەک تاکە خودا زیاتر، کە هاوکات واتای یەک تاکە ڕاستی و یەک چاکەیش دەگەیەنێت، هیچ خودایەکی تر بوونی نیە، ئەو کەسە خۆبەخۆ و تەنانەت لە ڕووی لۆژیکیشەوە باوەڕی وا دەبێت کە هەموو ئاینەکانی تر هیچ نین جگە لە ڕستێک هەڵە و خورافات. ئەم جۆرە هزر و مێنتاڵتیە شتێکە کە تەنانەت دەرەنجامەکانی لە پەیوەندیەکانی نێوان هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستیەکان خۆیشیاندا دەبینین. بە ئاشکرا دەبینین کە باوەڕدارانی هەر یەک لەو ئایینانە باوەڕیان وایە کە تەنها ئەوە خۆیانن خاوەن تاکە ڕاستیین دەربارەی ئەوەی کە دەبێت شێوەی ڕاستەقینەی پەرستنی خودا چۆن بێت. هەر یەک لەو ئایینانە، دوو ئایینەکەی تر بە لەئاینهەڵگەڕاوە (هێرتیک) دەزانن کە دەبێت بەناوی هەمان ئەو خودایەی کە گوایە لە نێوان هەر سێکیاندا هاوبەشە، دژایەتی بکرێن. ئەمەیش تەواو پێچەوانەی ئەو ئایینانەیە کە فرەخودان.
- گەر بەئەرک نەبێت، ئایا دەتوانیت تۆزێک فراوانتر بۆمان لێکبدەیتەوە؟
سولێ: ناکۆک و پێچەوانە بەو یەکتاپەرستیە و دەرەنجامە نەرێنیەکانی، گەر بۆ نمونە لە ئایینێکی فرە خواوەندی وەک گریکەکان بکۆڵینەوە -وەک ئەوەی کە من لە هەردوو کتێبەکەمدا (توندوتیژیی یەکتاپەرستی) و (زەردەخەنەکەی هۆمیرۆس) دا کردوومە - دەبینین لە جیهانێکی ئایینیدا کە لە فرە خواوەندی، بۆچوون و سایکۆلۆژی جیاواز و هەر دوو ڕەگەزەکە دروستبووبێت، کەس ناتوانێت بەسەر مرۆڤیدا بسەپێنێت بەتەنها ڕێز لە یەک باوەڕ و ئەو کۆمەڵە فەرمایشتانەی باوەڕەکە بگرێت کە دەبێت لە پێناو پیادەکردنیان لە واقیعدا، بەکاربهێنرێن. تەنانەت دەسەڵاتی (زیۆس) خۆیشی کە شای خواوەندەکان بووە، لەلایەن چەندین خواوەندی ترەوە ڕێگیری لێکراوە، دوور نەڕۆین لەلایەن (هیدرا) ی ژنی خۆیەوە لە سەرەتادا. هەر لەم دەروازەیەیشەوەیە دەتوانین لەو نهێنیە تێبگەین کە بۆچی میللەتی یۆنانی خاوەنی ئەو مانا ڕێژەگەراییەن کە بێگومان بەرەو تۆلێرانت و قبوڵکردنی جیاوازیمان دەبات. فەیلەسوف (پرۆتاگۆراس) کە لە ئەتینای سەردەمی پیرکلس دا زۆر بەناوبانگ بووە، نووسیویەتی: ((چاکە شتێکی فرە ڕەنگە)). هەر بۆیەیشە کە تەنها بۆ تاکە یەک جاریش چیە، نابینیت لەناو گریکیەکاندا ململانێیەک بە ناوی خودا یا دۆگمێکی ئایینیەوە هەبووبێت.
- جارێک نووسیبووت کە خۆگێلکردن و چاوپۆشین لە توندوتیژیی ئایینە یەکتاپەرستیەکان کوێربوونێکی ئیرادیە و بەمەبەست. ئایا دەتوانیت زیاتر ئەوەمان بۆ ڕوونبکەیتەوە؟
سولێ: وەک دەزانیت کۆی خەباتگێڕانی هەر سێ ئایینە یەکتاپەرستیەکە، هەموو ئەوانەی کە لەلایەکەوە دەڵێن توندوتیژی لە هەموو ئایینەکاندا هەر هەبووە و لەلایەکی تریشەوە دەڵێن، ئەو توندوتیژیەی لەلایەن ئایینە یەکتاپەرستیەکانەوە پەخشکراوە هیچ نیە جگە لە لادان لەو دۆگمە ڕەسەنەی کە لە جەوهەری خۆیدا ئاشتیخوازە، لە لایەن هەموو هەوادارانی ئەو جۆرە بۆچوونانەی کە باسمکردن، دژایەتیەکی زۆر دڕندانەی ئەو بیرۆکەیە دەکرێت کە دەڵێت: ناتوانیت توندوتیژی لە باوەڕکردن بە بوونی یەک تاکە خودا، داببڕیت و لێی جیابکەیتەوە، بەڵکو هاوشانیەتی و پێویستیشی پێیەتی. من خۆم ڕام وایە، ئەوانەی کە ئەم قسانە دەکەن نە گەمژەن و نە هەڵگەڕاوە لە ئایین، نا، بەڵکو بە ویست و مەبەست دەیانەوێت خۆیان لەو شتانە گێلبکەن کە دەشێت دۆگم و باوەڕە ئایینیەکانیان وەک بەخشەری مانایەک بە ژیانیان، وێرانبکات.
- تۆ چۆن لە سێکیولاریزم تێدەگەیت؟
سولێ: سێکیولاریزم یەکێکە لە پرەنسیپە سەرەکیەکانی یاسای فەرەنسی، کۆرپەلەی فەلسەفەی ڕۆشنگەریی فەرەنسی و شۆڕشی ١٧٨٩ یە. هەر لە ڕێگەی یاسای (جیاکردنەوەی کەنیسەکان لە دەوڵەت) یشەوەیە کە ساڵی ١٩٠٥ شێوەیەکی فەرمی بەم پرەنسیپە دەبەخشرێت. ئامانجیش لەو پرەنسیپە کۆتاییهێنان بوو بەو هاوەڵیەی کە لە نێوان عەرش و سەربڕگەدا، هەبوو، هەروەها کۆتاییهێنان بە هێزی کەنیسەی کاتۆلیکی کە لە سیستمی کۆندا خۆی بە خودا و خاوەنی مافی یەزدانی، دەزانی. پاشتر لە ساڵی ١٩٠٥ دا یاساکە لە ئامانجە سەرەتاییەکانی یەکەمی بەرفراوانتر کرا تاوەکو هەموو ئایینەکان بگرێتەوە، هەر بۆیە لە یاساکەدا دەیخوێنیتەوە کە سێکیولاریزم واتای جیاکردنەوەی کەنیسەکان لە دەوڵەت، نەوەک کەنیسە بەتەنها. دیارە مەبەست لە سێکیولاریزم بەرپاکردنی جەنگ نیە لە دژی ئایینەکان، بەڵکو دانانی سنوورێکە بۆیان تاوەکو بەرپاکردنی توندوتیژی بەناوی ئەم یان ئەو ئایینەوە، ببێتە کارێکی نەکردە و مەحاڵ.
وەکو خۆم، من بە دڵ و گیان لەگەڵ پرەنسیپی سێکیولاریزم دام. من دەتوانم سێکیولاریزم وەک پرەنسیپێک کە بە داخەوە زۆرجار لە دەرەوەی فەرەنسا بە هەڵە تێیدەگەن، وا پوختبکەمەوە: دەوڵەت ڕێگە بە پیادەکردنی هەموو ئایینەکان دەدات و دەیشیانپارێزێت، بەو مەرجەی کە دەستوەرنەدەنە دەسەڵاتی سیاسی، قبوڵیان بێت لەگەڵ ئایینەکانی تردا هەڵبکەن و بژین و جیاکاری لە نێوان هیچ ئاینێکیشدا نیە. هاوشانی ئەمەیش، دەبێت ئازادیی ویژدان وباوەڕ هاوەڵ و هاوشان بێت لەگەڵ ئازادیی فیکر و ئازادیی ڕادەڕبرینێکدا کە دەوڵەت ڕێگەیان پێدەدات و پارێزگاریشیان لێ دەکات. ئا بەو شێوەیەیش دەبینیت کە هەموو تاکێک مافی خۆیەتی بەهەر ئامرازێک بووە، ڕەخنە لەهەر جۆرە ئاینێک بگرێت. چونکە دواجار ئازادی و ڕەخنە دوانەیەکن کە پێکەوە لکاون و لەدایکبوون، نایشکرێت لەژێر هیچ جۆرە ناوێکدا لە یەکتری جیابکرێنەوە.
- بۆچی میدیای فەرەنسی بەردەوامە لەسەر بێدەنگیکردنێکی زۆر گوماناوی بەرامبەر بە بیروبۆچوون و کتێبەکانت؟
سولێ: ئەو تێزانەی کە من پێشکەشیان دەکەم و ئەو دەرەنجامانەیشی کە پێیاندەگەن و دەریاندەخەن، باوەڕی زۆر میدیاکاری لەقکردووە و توشی شۆکیکردوون، بە ڕادەیەک کە لە جیاتی ئەوەی بێن بە دژە ئارگیومێنت وەڵامی ئارگیومێنتەکانم بدەنەوە، وایان پێباشترە بە بێدەنگی هێرشبکەنە سەرم: بێدەنگی وەک چەکی ترسنۆکەکان. دیارە تیایشیاندایە کە خۆیان کۆنترۆڵکردووە تا بەشێک لە خوێنەر و بینەرەکانیان لەدەست نەدەن، وەک ئەوەی لە دڵی خۆیاندا بڵێن: کتێبەکانی پڕن لە لوغم و دینامێت، باشترە خۆمانیان لێ بە دوور بگرین. ئێدگار مۆران، کە ئەنترۆپۆلۆگێکی بەناوبانگی فەرەنسیە و لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراوە، بۆی نووسیبووم: ((هێندەی ئەوەندەی کە دادپەروەریت و لەسەر هەقیت، منیش هێندەی ئەوە، خۆمم لێ بە دوور گرتوویت)).

سەرچاوە:



چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)