ناسری سوبحانی، زانا بوو، یان نەزان؟

Monday, 17/06/2019, 20:27

14339 بینراوە


شەو بەو شێوەیەش تاریک نییە، بەڵکو ئەوە ژوورەکەی تۆیە کە تاریکترە لە شەو،  بۆ تێگەیشتن لە شەو، دەبێ ژوورەکەت جێ بهێلیت و بێیتە ناو شەو، دەنا یان دەترسی لە شەو یان وا دەزانی زۆر تاریک و گەورە و پیرۆزە یانیش مەترسناکە شەو، بەڵام لە ڕاستیدا، شەو نە تاریکە، نە ترسناکە، نە مەزنە، شەو شەوە، بریتییە لە بڕێکی کات، کە خۆر بەر ئەو بەشەیەی زەوی ناکەوێت و لەوێدا دەبێ بە شەو، شەو ئەوەیە! 
کلیلی گەورەکردنی هەموو شتەکان، شاردنەوەیانە، هەر ئەوەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی ڕاهیبەکان خۆیان دەمامکدار بکەن، تا لێلی و ناڕوونیان کە سەرچاوەی گەورە بوونیانە، بپارێزن، بەتاڵ بوونەوەی سحری ڕێبەر و سەرۆک و ئاین و هەموو جۆرە بتێک، تێگەیشتنە لێی، هەمیشە دەروێشەکانیش توانای تێنەگەیشتن لە خوایەکانیان بە مەزنێتی دەزانن، ئەوە بۆ شاگردەکانی ئۆجەلان ڕاستە، بۆ موسلمانان کە سەبارەت بە قورئان دەدوێن هەر ڕاستە، بۆ مارکسییەکان کە باسی مارکس دەکەن هەر وەتر، هەموو ئەوانەی کە کۆیلەن، تێنەگەیشتن بناغەیانە، کلیلی کۆیلە بوونیان تێنەگەیشتنە، بۆ پاراستنی کۆیلە بوونیش، دەست بە تێنەگەیشتنەوە دەگرن و تێگەیشتنیش بە هێزێکی شەیتانی خراپەکار ناوزەند دەکەن. 
ناسری سوبحانی، بریتییە لە مرۆڤێک کە کوردێکی ڕۆژهەڵاتییە، لە سەدەی بیستەم کە سەدەی ڕابردوو دەکات، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژیانی بەسەر بردووە و کاری کردووە، زۆربەمان بیستوومانە، کە بە پەنهانی و ڕێزەوە ناوی ئەو کابرایە دێت، وەک ئەوەی باسی ئەستێرەیەک بکەن کە هەموو قافلەیەکی کاروانچیانی ونبوو دەخاتەوە سەر ڕێگەی ڕاست و بە ئاوەدانیان دەگەینێتەوە، هەمیشە وەک نهێنیێک و بابەتێک کە هی نیقاش و ڕەتکردنەوە نییە، ناسری سوبحانی دێتە بەرباس. 
سەرەتا دوو شت هەن، کە دەبێ بیزانین، 
یەکەمیان ئەوەیە کە ناسری سوبحانی، کار و گوفتار و نوسینی، تەنها لەسەر ئاینی ئیسلام بووە، کەسێکی مەزهەبی بووە، وەک زانستێکی ئەبستراکت مامەلەی لەگەڵ ئاین نەکردووە، بەڵکو خۆی کەسێکی تا سەر ئێسقان ئاینی بووە، کە موسلمانی سونە مەزهەب بووە، ئینجا لەسەر باوەڕییەکانی ئەو مەزهەبە کاری کردووە، بە هیچ شێوەیەک، هیچ گۆڕانکاری و نوێکاریێکی لە بنەماکانی نەکردووە، تەنها دوپاتی کردوونەتەوە و ئەوانەی کۆنی کردووە بە بەڵگە بۆ ئەوەی لەو سەردەمەدا قەوانی کۆن لێداتەوە، هەموو زانستەکەی، بریتییە لە کار کردن لەسەر حەدیس و قورئان و فیقه، لە ڕووی ئایدۆلۆژی سیاسیشەوە، سەر بە ئیخوان بووە و دەتوانین بە ڕێبەری ئیخوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بیناسێنین، لەسەر ئەو بنەمایە کاری کردووە و تەڤ گەڕاوە. 
دووەم شتە کە دەبێ شی بکرێتەوە، ئەوەیە کە ناسری سوبحانی لە لایەن حوکمەتی ئیسلامی ئێرانەوە، لە 
ساڵی (1990) ئیعدام کراوە، واتا کە ئێمە باسی ناسری سوبحانی دەکەین، بە باوەڕی ئیسلام، ئێمە باسی شەهیدیێک دەکەین، کەسێک کە خوێنی ڕژاوە، ئەوەشی کە زیاتر دەبێتە شایەت و بەڵگە بۆ ئەوەی کە ناسر هەم زانا بووە و هەم لەسەر حەق بووە، ئەو مەسەلەی خوێنەیە، کە خوێنی ڕژاوە، لێرەدا دەچمەوە بۆ لای نیچە، کە دەڵێ (درۆزنترین شایەتی حەقیقەت، خوێنە، تەنانەت خوێن نەک هەر درۆزنە، بەڵکو شێوێنەریشە، لە کوێ خوێن هەبوو، لەوێ بە زەحمەتیێکی زۆر، حەقیقەت دەست دەکەوێت)، بۆیە، ئەوەی کە ناسر چی وتووە و ئەوەی کە ناسر کوژراوە، دوو بابەتن بە یەکەوە نابێ پەیوەست بکرێن، ئەوەشی کە ناسر وتوویەتی، بەهۆی ئەوەی کە کوژراوە، ڕەوا نابێت! 
ناسری سوبحانی، لای ئیسلامییەکان، بە زانایێکی گەورە ناسراوە، کە خاوەن بیر و باوەڕی خۆی بووە، وتەی خۆی هەبووە لەسەر پرسە گرنگەکان، با بزانین ئەو پرسە گرنگانە، چین، هەندێک نموونە دەخەمە ڕوو، کە ئەوانە زانست و بۆچوونی زانستی زانای گەورە، ناسری سوبحانین! 
1- ناسر سەبارەت بە حەدیس و حەدیسی قودسی و قورئان بیر و ڕای هەیە دەڵێ : 
فەرموودە و حەدیسی نەبەوی: یانی حەدیسێک - کە پێغەمبەر بیڵێت - ماناکەی دەخرێتە زیهنی خودی پێغەمبەر(د.خ)، دەربڕینەکەش خۆی وەک بەشەر هەڵی دەبژێرێت.. کەوابوو مەفهومەکەی هەر لە لایەنی خواوە دێت، بەڵام دەربڕین هی خۆیەتی. (کەواتە) لە ڕووی مەفهومەوە حەدیس خواییە و هەروەک قورئان پەیڕەوکردنی واجیبە، بەڵام لە ڕووی دەربڕینەوە لەبەر ئەوەی وەک بەشەرێک بەیانی کردووە، ئیتر ئەو حاڵەتە ئیعجازییەی نییە کە قورئان هەیەتی.

سەرچاوە/ ڕەشنووسی وانەکانی زانستی (اصول الفقە) بە زمانی عەرەبی، ناصر سوبحانی، لا: 190. 
2-ناسر لای وایە، کە حەدیس تەواو کەری قورئانە، بەڵگەشی  ئەو ئایەتەیە ( أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ ) 
سەرچاوە/ هەمان سەرچاوەی بەری، لا: 191. 
3- ناسر سەبارەت بە پۆڵێنبەندی فەرموودە، خاوەنی بیر و باوەڕی خۆیەتی و لەو زانستەش دەستی خۆی وەشاندووە، لەو بارەیەوە دەڵێت: 
فەرمودە لەڕووی پلەی بەهێزیی و لاوازیی (مەتن و سەنەد)ییەوە، یان (صەحیح)ـە -کە ئەوە بەرزترین پلەیانە- یان (حەسەن)ـە کە مەرتەبەی دووەمە، یان (زەعیف)ە، یان هەندێ شتیش هەن فەرمودە نین، بە فەرمودە دانراون و پێیان دەڵێن: ( موضوع - هەڵبەستراو)، کە ( هەڵبەستراو) ئەصڵەن نرخ و ئەرزشی نیە، دەبێت تەنها بۆ ئەوە ڕیوایەت بکرێت باسی هەڵبەستنەکەی بکرێت. (زەعیف)یش بۆ ئەوە ناشێت کە پشتی پێ ببەسترێت، بە تایبەتی کاتێک ئەو مەوزوعەی فەرمودەکە باسی دەکات، لە قورئاندا ئەصڵەکەی باس کرابێت و ئەو ببێتە ڕوونکردنەوە بح گۆشەیەک لە ئایەتەکە."
سەرچاوە/ ڕەشنووسی وانەکانی خواناسیی، ناصر سوبحانی، لا: 512. 
4-یەکێک لەو داهێنان و زانستانەی کە دەستێکی باڵای تێدا هەیە مامۆستا ناسر، ئەوەیە کە لای وایە، سەحابە ئەوە نییە کە تەنها محمد پێغەمبەری دیبێت، بەڵکو دەبێت، ڕەفاقەتی کردبێت و لەگەڵی گەڕابێت و هاودەمی بووبێت، ئەوجار سەحابەیە، نەک هەر بە دیتنێک ببێت بە سەحابە و قسەی لە دەم وەربگیرێت، چونکە بە دیتنێک سەحابە دروست نابێت، بەڵکو بە هاو دەمی، وەک دیارە لەو مەسەلەدا، ناسر  ئیجتیهادی هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک لە گەورە زانایان و ئەوە بیر و باوەڕ و بۆچوونی خۆیەتی، هەندێک زانای تریش لە پێش ئەوەوە هەن، هەمان بۆچوونیان هەیە. 
سەرچاوە/ مذکرة في علوم الحدیث ، ناسر سوبحانی،  لا: 30. 
5- مامۆستا پێی وابووە، کە قورئان توانای نەسخ کردنی حەدیسی هەیە، بەڵام حەدیس قورئانی پێ نەسخ ناکرێتەوە، بەڵگەشی بۆ ئەوە ئایەتی 106ی سورەتی بەقەرە بوو:
 مَا نَنسَخْ مِنْ آيَةٍ أَوْ نُنسِهَا نَأْتِ بِخَيْرٍ مِّنْهَا أَوْ مِثْلِهَا ۗ أَلَمْ تَعْلَمْ أَنَّ اللَّهَ عَلَىٰ كُلِّ شَيْءٍ قَدِيرٌ (106).
6-ساڵی (1985ز) بە سەرپەرشتی (یوسف قەرەزاوی) لە سەنتەری ( بحوث السیرة والسنة النبویة) لە زانکۆی قەتەر پرۆژەی کۆکردنەوەی هەموو حەدیسەکان ڕادەگەینرێت، کە کۆ بەرهەمی پێغمەبەر محمدە، بە ناوی ( مشروع موسوعة الحدیث النبوي)، مامۆستا ناسر یاداشتنامەیەکی بۆ ئەو برادەرانە نوسی و بۆی ناردن، کە دواتریاداشتنامەکە لە دووتووێی کتێبێک کۆ کرایەوە بە ناوی (مذکرة في علوم الحدیث) کە دەزگای بەرهەم چاپی کردووە، لە زنجیرەی (3)ی بەرهەمەکانی ناسری سوبحانی. 
بۆ زانیاری زیاتر، دەتوانن، بڕواننە، ئەو بەرهەمانەی لەسەر ئە کابرایە هەن، یانیش ئەوانەی کە خۆی نوسیونی و لە کتێبخانە ئیسلامی و عەلمانییەکان، دەست دەکەوێت، وەلێ لە  ئەنجامی خوێندنەوەیان یەک ئەنجام دەکەوێتە دەست، ئەویش ئەوەیە کە مامۆستا هیچی لە هیچ نەزانیوە و بە نەزانییەوە خەریک بووە، بە هەموو شێوەیەک دژی پێشکەوتن و نوێ بوونەوە و کرانەوە و مافەکانی مرۆڤ و جوانییەکانی سروشت بووە، ناسر و هاوشێوەكانی بەشێکن لەو میراتەی کە بووە هۆکاری پەیدابوونی (انصار الاسلام) لە  نۆوەدەکان و هۆکاری ئەوەی سەدان گەنجی کورد لەناو داعش خۆیان بدەن بە کوشت، کچانی کورد موحەجەبە بن و ڕۆڵێکی پاسیڤ و مارژینالیان هەبێ لەناو کۆمەڵگادا، گەنجانی کوردیش، سەریان قال بکەن بە هەمان ئەو زانستە زۆر موهیمەی مامۆستا ناسر سەری پێ قال کردبوو، کە جگە لە لێدانەوەی قەوانێک کە دژی سروشتی مرۆڤ و هێز و غەریزەکانی جەستەی مرۆڤ زیاتر، شتێکی تر نییە! 
مامۆستا، گوناحە، کە وای زانیوە، ئەو خانووەی لە لمی دروست کردووە، دەکرێ ژیانی تێدا بکرێ، ئێرانیش لەسەر ئەو بیرۆکەیە ئیعدامی کردووە، وابزانم لە شوێنێک سەبارەت بە زانایانی بواری کۆمەڵناسی و دەرونناسی و فیزیا و بیرکاری، وتوویەتی: ئەوانە زانا نین، زانای زانستی دنیایین، ئێمە مانان زانای زانستی حەقیقەت و دینین، کە هی ئەم دنیایە و ئەو دنیاشە، زانای ڕاستەقینە ئێمەین، ئەوانەی ئێمەن.
دەڵێن گوایە، مامۆستا ڕەددی داروینیشی داوەتەوە، بەڵام پێویست ناکات بچین بیخوێنینەوە، ئەوەتا بینیمان، کە شەوەکەی ناسری سوبحانی مانگە شەوە و دەستی کەشفە، بۆیە لەوە زیاتر نە پێویست دەکات و نە لازمیشە. 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە