کچم سایە، ئێستاش درەنگ نییە بگەڕێیتەوە!

Wednesday, 19/06/2019, 22:44

24811 بینراوە


نامەیەک بۆ سایە کریم...
 کچم سایە، من تا ئەم چرکە ساتە تۆم نەدیوەو  نازانم سەر بە کام خێزانی دەربەدەری، کە بە ئومێدی گەڕان بە دوای ژیانێکی باشتردا، بۆ خۆیان و بۆ تۆو خوشکەکانی ترت، کاڵای غەریبیان کردە باڵای خۆیان، تەنانەت نازانم راست و دروست خەڵکی کام شاری کوردستانی و لە کام وڵات ئەوروپی ژیان بە سەر دەبەیت، تەنانەت ناشزانم بە ڕاست تۆ ناوت سایە کەریمە یان ناوەکەشت وەک ژیانەکەی ئێستات هی خۆت و شایستەی خۆت نییە، بەڵام سایە ڕیک وا دەزانم ئەوەی بە سەر تۆدا هاتووە، ڕێک بە سەر کچەکەی خۆمدا هاتووە، ڕێک بە سەر برازاکەم یان خوشکەزاکەمدا هاتووە. هیچ کەسێکیش ئەمە بە دوور نەزانێت و دەکرێت ئەم کارەسات و وەیشوومە بە هەردوو دەست لە دەرگای ماڵەکەی بدات. من دڵنیام تۆ ئەگەر  ڕێکەوت تووشی بکردایەیت بە تووشی کچێک یان کوڕێکی خەباتکاری ڕێگای ئازادی و عیشق و سەربەرزی مرۆڤەوە، ئەوا ئێستا خەباتکارێکی سەرسەختی ئەو مەیدانانە دەبوویت، بەڵام ڕێکەوت وا بووە لە تەمەنێکی کەمدا ڕێکەوت بە لاڕێیدا بردوویت و لە چنگی ڕەشی کۆمپانیا سێکسییەکاندا گیرساویتەوە کە ئیستا دەیبینین. 
کچەکەم بە لایک و دەست خۆشی برسییەکانی سێکس هەڵ مەخەڵەتێ، ئەوان برسییانە، کە تێر بوون، تف لە خۆت و سێکسیشت دەکەن. کچەکەم  لە یەکێک لە ڤیدیۆکانتا دەڵێت من ئازادم و خۆم گەورەم و ١٩ ساڵم دەتوانم بریار لە سەر ژیانی خۆم بدەم، بەڵی تۆ ئازادیت کە ئازادانە عیشق بکەیت، کەسێکت خۆش بوێت و کەسێک خۆشی بوێیت، لانەی هاوسەرێتی دروست بکەن ئەگەر پێتان باش بوو، منداڵ دروست بکەن.پێگەوە گۆرانی بۆ ژیان بچڕن، بەڵام ئازاد نیت لەوەی ئازادی خەڵکی تر زەوت بکەیت و لە قەفەسیان بنێیت. ئایا بیرت کردۆتەوە کە ئازادی تۆ لەوێدا کۆتایی دێت کە ئازادی دایکت، باوکت، خوشکەکانت دەست پێدەکات، تەنها بۆ یەک چرکە بچۆرە ناو ناخی دایک و باوکە داماوەکەت، هەر ئێستا دەم و چاویان خستۆتە ناو هەردوو چنگیان و تەنانەت ئازادی چوونە ناو کۆڕو کۆمەڵیشیان نەماوە، تەنها بیر بکەرەوە کە رەنگە ئێستا ئەو گەنجەی بە تەمای خوشکە گەورەکەت بێت و نیازی بووب و نیازی بووبێت هێلانەی هاوسەری لە گەڵا دروست بکات، پاشگەز بووبێتەوە لەوەی ژیانی هاوسەری لە گەڵ خوشکەکەتدا گرێ بدات، بیر لەو پەستانە بکەرەوە کە خستووتەتە سەر خێزان و خاڵ و مامت، تۆ تەنها بیر لە خۆت دەکەیتەوە، ئەی ئەوان؟! هەست ناکەیت بۆ بە دەستهێنانی ئازادی خۆت ( بە حساب ئازادی خۆت) ئازادی و ژیانی دەورووبەرت تێک داوە؟!
گوڵە ناسکەکەم، کچە ئەزیزەکەم، ئەوەی پێی دەڵێیت ئازادی، ئازادی نییە، بەڵکو کۆیلەیەتی ژنە، کۆیلەیەتی سێکسییە، بە کاڵا کردنی لەش و سێکسی تۆیە ، دەبوو تۆ وەک کچێکی هۆشمەند، دژی بوەستیتایەتەوەو خەباتت بکردایە لە دژی. سەرمایەداری هەموو کایەکانی ژیانی مرۆڤی کردووەتە کاڵاو کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکات، بە هەست و نەستە تایبەتەکانی تۆشەوە، سەرمایەداری هەر لە فوتبۆڵەوە تا دەگاتە ئەسپ سواری و مەلەوانی و ڕاو ڕاوێن و جومبازو ......هتد ، کردووەتە سەرچاوەی بزنس بۆ قازانج کۆکردنەوە، خۆشی و شادی لەو یارییانەدا ( کە مرۆڤایەتی هەزاران ساڵ خۆشی لێ بینیوە) هەڵ لوشیوەو تەنها لە ڕیگەیانەوە وازانج کەڵەکە دەکات، سەرمایەداری نیزامێکی بێ مۆراڵەو تاکە مۆراڵی سەرمایەداری قازانج کۆکردنەوەیە، سەرمایەداری گیڤارا تیرۆر دەکات و وەک دوژمنی سەرسەختی خۆی بە دونیای دەناسێت،  بەڵام دواتر وێنەکەی دەدات لە تیشێرت و لە ڕێگەی فرۆشتنی ئەو فانیلانەوە ملیارەها دۆلار کەڵەکە دەکات.
کچەکەم سایە، تۆ بەم کارەت نەک ئازادیت لە دەست دا، بەڵکو بۆ هەتایە خۆت کرد بە کۆیلەی کۆمپانیا سێکسییەکانی سەرمایەداری و ژیانت خۆتت وێران کرد، ئەمرۆ دەتکەن بە بووکەڵەی سێکس و سبەینێش ئالوودەی مادە هۆشبەرەکانت دەکەن، بە دەست خۆت نییە، ئەوە پرۆسەیە هەر ئەوەندەی ئیمزات دا لە بەڵێننامەی بە کاڵا بوونی هەست و نەستەکانت، ئیتر هەنگاوەکانی دواتر خۆی لە خۆیەوە دێت و ڕوودەدات. بۆیە کچم وەک باوکێکی دڵ بە ئازار (کە درۆ ناکەم ئەگەر بڵێم هێندەی باوکی خۆت بە ئازارم بۆت) ئەم قسەیەم لێ وەربگرە، ئێستاش درەنگ نییە بگەڕێیتەوە باوەشی کۆمەڵگاو باوەشی دایک و باوکە دڵ پڕ لە خەمەکەت، شەقێک لە کۆیلایەتی سێکسی هەڵ بدەو باوەش بکەرەوە بۆ ئازادی و بۆ عیشق و بۆ سەربەرزی، تۆ مرۆڤیت و گەنجیت و جوانیت، شایستەی ژیانێکی ئازادو  سەربەرزانەیت، نەک کۆیلایەتی سێکسی. درەنگ نییە کچم، بروا بکە ئێستاش درەنگ نییە بگەڕێیتەوە دڵنیاش بە لە گەڕانەوەتدا لەشکرێک لە خەڵکی باش دەبینیت وەستاون بۆ یارمەتی دانت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە